دژ بە ھێرش و پیلانی رژیم و سەلەفیەکان بۆ دارسەیران و مەریوان بوەستین
چەند ڕۆژ لەوەپێش ژمارەیەک سەلەفی بە چەکی سارد و گەرم دەیانھەوێ لاوێکی دارسەیرانی بکوژن و بە توندی برینداری دەکەن. تا ئێستا ھیچکام لەو تاوانبارانە نە دەسگیر کراون و نە لێپێچینەوەیان لێکراوە.
ئەو ڕوداوە بە ھۆی چەندین دیاردەی دیکەی لەو چەشنە لە مەریوان ڕق و توڕەیی خەڵکی لێکەوتەوە و دەستیان دایە ناڕەزایەتی. چەند جاری دیکەش چ لەسەر سنوری باشماخ و پتر لە ساڵێک لەمەوبەر ئەو ڕەوتە توندئاژۆ سەلەفییە بە چەک ھێرشیان کردۆتە سەر خەڵک و تەنانەت لە سەیرانگاکان ئازاری کچان و ژنان داوە و لە چەشنی داعش سیاسەتی ترس و تۆقاندن بەکار دێنن.
ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی ھەم بەرانبەر بە تاوانی سەلەفیە میلەو داعشەکان بێدەنگن، ھەم ھەر دەرفەتێک دەقۆزنەوە بۆ سازدانی کێشە و شەڕ لە نێو خەڵکی مەریوان. دوێنێش بە ھێزێکی زۆر گەڕەکی دارسەیرانی مەریوانیان گەمارۆ دا و ھەموو شاریشیان میلیتاریزە کرد تا ڕێگا بۆ تەراتێنی سەلەفیە ئاژاوەگێڕەکان خۆش بکەن.
ئەو جۆرە ڕەفتارەی ھێزی رژیم چ لە مەریوان و چ لە جوانڕۆ لەم ساڵانەدا بەرچاو بووە و بۆ خەڵک ئاشنایە و بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی خەڵکی شارەکان و دەست ئاواڵەکردنی سەلەفیەکانە و لە ڕاستیدا پیلانی ھاوبەشی پێکەوەییانە. ئێمە داوا لە خەڵکی دارسەیران دەکەین ھێمنی خۆیان بپارێزن و نەکەونە داوی پیلانەکەی رژیم، لە ھەمان کاتدا بە شێوەی مەدەنی ناڕەزایەتی خۆیان ڕابگەیەنن. داوا لە خەڵکی مەریوان و بازار و ڕوناکبیران و کەسایەتییە خاوەن پێگەکانی شار دەکەین پشتی خەڵکی دارسەیران بگرن و دژ بەو ھێرشانە بۆ سەریان بوەستن.
ناڕەزایی ھەموو شار بە کاربەدەستانی رژیم بگەیەنن و کار بکەن بۆ وەی دەستی سەلەفی و پیلانگێڕییان کورت بکرێتەوە. ئێمە بە ھەموو کۆنەپەرەستان و ڕەوتی سەلەفی ڕادەگەیەنین کە شۆڕشی کوردستان و بزوتنەوەی جەماوەری شار چیتر ئەو جۆرە کردەوە قیزەونانەیان لێ قبوڵ ناکات. داوایان لێدەکەین نەبنە ھاوپیمان و جێبەجێ کەری پیلانەکانی ڕژیم و ئاسایشی شارۆمەندان تێک نەدەن و لە بەڕەی خۆیان زیاتر پێ دانەکێشن.
دڵنیاین لە درێژەی ئەو کردەوانەیاندا دەکەونە بەر ڕق و توڕەیی ھەموو خەڵکی کوردستان. کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵک چیتر ئەو ھەموو تەجاوز و پیلانە دژ بە خۆیان قبوڵ ناکەن و کۆمەڵە و هەڵسوراوانی سیاسی و مەدەنی وەک هەمیشە بۆ پتەوترکردنی یەکریزی و له ریزی پێشەوە جەماوەر پاشەکشە بەو خەون ئاڵوزانە دەکەن که له سێبەری کۆماری ئیسلامی خۆیان حەشار داوە. داوا لە ھەموو خەڵک و شار و دێھاتەکانی کوردستان دەکەین دژ بەو پیلانانەی حکومەتی ئیسلامی و سەلەفیەکان ناڕەزایەتی دەرببڕن و بە ھەر جۆرێک بۆیان دەکرێ لە خەڵکی مەریوان و دارسەیران پشتیوانی بکەن.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
۱۳ی گوڵانی ۱٤٠٠
