بەڕێزان هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان : کاک پاڤێڵ تاڵەبانی و کاک لاهور شێخ جەنگی لە لایەن ئەو کەسانەوە ئیمزای ئەم نوسراوەئەکەن
بابەت داخوازی شەفافیەت
وێڕای سڵاو و ڕێزی شۆڕشگێڕانە
وەک ئاگادارن چەند ڕۆژ پێش پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە بە ناوی سمکۆ بەنەفشی خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری سلێمانی بە تۆمەتی سیخوڕی دەزگیر کراوە . داخوازی و داواکاری ئێمە لە بەڕێزتان لە سێ خاڵ دا پێشکەشتان ئەکرێ.
۱ ـ ئەگەر ناو براو کەمترین ڕۆڵی لە سیخوڕی کردن بووە وێڕای سوپاس و پێزانین لە دەزگیر کردنی ، دخوازین بە زوترین کات دۆسیەی ناو براو ڕەوانەی مەحکەمە بکرێ تا ببێتە دەرسی عیبرەت بۆ هەموو ئەوانەی لەو جۆرە کارە قێزەونانەوە ئەتلێن.
۲ـ هەموو ئاماژەکان و گەواهی و شەهادەتی ئەوانەی لە نزیکەوە ناو براو ئەناسن وای دەر ئەخەن ، ئەم مرۆڤە دورە لەو جۆرە کردەوانە ؛ بۆیە داواکارین زۆر بە ورد بینی و وەسواسەوە چاو لەو دۆسیە بکرێت و ڕەچاوی هەندێ خاڵی تایبەتی وەک مل ملانێ و باڵ باڵێنی ناو کۆمەڵە بکرێت.
۳ ـ خۆتان کوردن و کۆمەڵگەی کوردی باش ناس ئەکەن. ئەگەر ناو براو سیخوڕیش نەبوبێ کە هیوادارین نە هەر ئەو بەڵکو هیچ کوردێ لەو کارە قێزەونەوە تێوە نەگلێ ، ئیتر ئەو مرۆڤە و تەنانەت عایلەکەیشی وەک ساجی زڕاویان لێ هاتوە و لە شکاو خراپتریان بە سەر هاتوە ؛ بۆیە داواکارین لە ئێوەی بەڕێز ئەگەر بۆتان دەرکەوت ئەمە پیلانێکی نەیارانی ناو براوە و بۆ شکان و لە گۆڕەپان وەدەر نانی ئەو تۆمەتەیان داوەتە پاڵی لە هەموو جۆرە شتێ کەڵک وەر بگرن بۆ گەڕانەوەی ئابڕو و شەرافەتی سیاسی ناو براو . لە کۆتایی دا وێڕای جەخت کردنەوە لە سەر خاڵی یەکەم پێویست بە ئاماژەی دوبارەیە ئەگەر سمکۆ کەمترین سیخوڕی کردوە ئێمە بە هیچ جۆرێ نە تەنیا داوای لێ خۆشبونی بۆ ناکەین بەلکو خوازیارین بە توندترین شێوە سزا بدرێ بەڵام ، لە هەمان کات دا سەرباری ئەوەی کە مافمان نیە پێش ڕوداو و بڕیاری دادگە بکەوین ئەڵێین ئەم کەیسە تەم و مژاوی و جێی گومانە و زیاتر لە سیناریویەکی قێزەون ئەچێ کە باڵێکی ناو کۆمەڵە دژ بەو کەسە دایان ڕشتوە. بۆیە تکاتان لێ ئەکەین زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵەی لە گەڵ بکەن. بەڵگەش بۆ ئەم ئیدەعا ئەوەیە ئەگەر ئەم مرۆڤە سیخوڕ بووە و خۆیان ئاگایان لێی بووە ، بۆ خۆیان نەیان گرت ؟ ئەگەر سەرنجتان دابێ زۆر بە دەگمەن شتی وا پێش هاتوە پارتێکی ڕۆژهەڵاتی کادێرێکی خۆی بە دەزگایەکی ئەمنی باشور بگرێ. کورد واتەنی ئەم ماستە نەک هەر مو ، گوریسێکی تیایە. سەرکەوتنی هەموو ئازادی خوازان و وڵات پارێزان ئاوات مانە و تکا ئەکەین بە زوترین کات بنەماڵەی سمکۆ و زۆرینەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات لە چاوەڕوای دەر بێنن و لە ئاکامی ئەم دۆسیە پڕ لە تاریکیە ئاگادار بکەنەوە.