تەنها خەیاڵێکە؛ئەگەر سەرمایەداری ڕۆژئاوا لەبەردەمی ئەوانیتردا هەرس بهێنێت؟!
تاهیر ساڵح شەریف
تا سەر ئێسقان دژی سیستەمی سەرمایەداریم لەسەراسەنسەری گۆی زەویدا. ئەم ڕژێمە، ڕژێمێکی دڕندە، چەوسێنەر پڕ لە ناعەدالەتییە، بەڵام ڕژێمێکی مێژووکردە و مرۆڤایەتی بە ناچاری دەبێت تا ماوەیەکی نادیار قەبوڵی بکات و ملکەچی بێت.
سەرمایەداری ئەو ڕژێمەیە کە لە ئەوروپا و جیهانی ڕۆژئاواوە لەدایک بووە و لانکەی مێژوویی ئەو بەریتانیا و دواتر هەموو ئەوروپا و ئەمریکایە. کیشوەر و نیمچە کیشوەرەکانیتری گۆی زەوی بە ناچاری ئەم سیستەم و شێوە بەرهەمهێنانەی سەرمایەداری ڕۆژئاوایان قەبوڵکرد. ئەگەر ئەوروپا و ڕۆژاوا لێبگەڕانایە، ئەوان هێشتا لە قۆناغی کۆیلەداری و خێڵەکی هەزاران ساڵی ڕابردوودا بوون، بەڵام ئەوان بە ناچاری شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییان قەبوڵکرد و ئابوریی سەرمایەداریی و شیوەکانیتری بەرهەمهێنانی پێش لە سەرمایەدارییان تێکەڵ بەیەکرد و سەرئەنجام دەوڵەت، حیزب و بزووتنەوە دیکتاتۆرە وەحشییەکانیان وەک سەرخانی سیاسیی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ناڕۆژئاواییانە هێنایە دەرەوە؛ ئیسلام، مەسیحیەت، جولەکە و کۆمۆنیزمی ناڕۆژئاوایی بوونە فۆرمە ئایدیۆڵۆجییەکانی ئەو شێوە بەرهەمهێنانە سەرمایەدارییە ناڕۆژئاواییە.
بە تێپەڕینی ڕۆژگار، سەرمایەداری ڕۆژئاوا بەرەو پیربوون دەڕوات. سەرمایەداری ڕۆژئاوا، دوایین مرۆڤی کامڵی مێژوویی خۆی بەرهەمهێناوە، بەڵام لەو بەرئەوەوە، مرۆڤێکی ناکامڵ و نا مێژوویی هەیە و ئەو مرۆڤە چەند ڕوویەکی ساختە، یان ڕاستەقینەی هەیە؛ کۆمۆنیزمی چینی[پێشتر ڕوسی]، ئیسلام، جولەکە، مەسیحی، هیندۆ و …. هەر یەکێک لەوانە دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت، یان دەسەڵات لەدەستبگرێت، دەتوانێت مرۆڤە مێژوووییەکەی ڕۆژئاوا بکوژێت و بۆ هەزاران ساڵ مێژووی مرۆڤایەتی بگێڕێتەوە بۆ دواوە، وەک ئەوەی کە بە دوای ڕوخانی شارستانییەتی میسر و میزۆپۆتامیا ڕوویدا!. تەنها نیگەرانی من ئەوەیە کە شارستانییەتی ڕۆژئاوا لەسەر دەستی ناڕۆژئاواییەکان بڕوخێت!.. ئەوەش مەحاڵ نییە، چونکە لە مێژوودا هەمیشە شارستانییەتەکان لەسەر دەستی هێزە ناشارستانیەتە دڕندەکاندا ڕوخاون!.
ئەو کەسەی کە تێگەیشتنێکی ماددی لە مێژوو هەبێت، دەزانێت هێزە دڕندەکان هەمیشە بەختی سەرکەوتنیان لەجەنگی دژی شارستانیدا زیاتر هەیە تا هێزە شارستانی و پێشکەوتوخوازەکان. ڕوسیا و چین، وەک ناوەندی کۆنەپەرستی جیهانی، گەورەترین مەترسی سەر شارستانیەتی ڕۆژائاوان. ڕوسیا و چین، مرۆڤە ساختە مێژووییەکەن لەبەرامبەر مرۆڤە مێژوویییە ڕاستەقینەکەی ڕۆژئاوادا. ڕوسیا و چین ناوەندی ئیستبداد و دیکتاتۆریەتی جیهانین، بەڵام سەرمایەداری ڕۆژئاوا ناوەندی دیموکراسییەکی سەدان ساڵەی تایبەت بەخۆیەتی کە مرۆڤە مێژووییەکەی لە لانەکەی خۆیدا هەڵگرتووە!. ئەگەر دیموکراسی ڕۆژئاوا لەسەر دەستی ڕوسیا و چیندا هەرەس بهێنێت، مرۆڤە مێژووییەکەش دەبێت بەژێر کەلاوەکەی ئەوەوە. هیوادارم هەرگیز ڕوخانی شارستانییەتی میسر و میزۆپۆتامیا لە ڕۆژئاوادا دووبارە نەبێتەوە.. دیسان هیوام وایە ئەم شارستانییەتەی ئێستای ڕۆژئاوا بگۆڕێت بۆ شارستانیەتێکی مێژووی بەرزتر و گەشەکردووتر تا مرۆڤایەتی لە ژێر سایەیدا بحەسێتەوە و مرۆڤە مێژووییە ساختەکەش بەهێواشی بخاتە گۆڕستانی مێژووەوە!.