ڕۆژوو گـــرتــــن فــــەرمــــانـــی ئــاســمانــی نـیـــە
یونس ڕاوی
هەرچەندە دژی دین قسەناکات بەڵام چەند بەڵگەیەکی هێناوەتەوەو دەڵێت ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان فەرمان نیە، لەگەڵ ئەوهەموو ڕونکردنەوەو بەڵگانەدا خەڵکی دیندار بەبێ بەڵگە دژی ئەو بۆچونە بەبازاڕی قسەدەکەن .
یونس راوی: رۆژووى رەمەزان واجب نیە قورئان دەفەرموێت “یا أيها الذين آمنوا کتب عليكم الصيام کما کتب على الذین من قبلکم لعلکم تتقون”(1) واتە “ئەى ئەوانەى باوەڕتان هێناوە رۆژوو لەسەرتان نووسراوە هەروەک لەسەر خەڵکانی پێش ئێوە نووسرابوو بەڵکوو خۆپارێز دەبن” لێرە دەبینین وشەى (کتب) هاتووە، لە قورئانیشدا وشەى (کتب) بە ماناى واجب یان فەڕز نایەت.
قورئان دەفەرموێت “کتب علیکم إذا حضر أحدکم الموت إن ترک خیرا الوصية”(2) واتە “لەسەرتان نووسراوە ئەگەر یەکێکتان لەسەرەمەرگ بوو وەسیەتێک جێبێَڵێت” لێرەدا سەرجەم فوقەهاکان کۆکن لەسەر ئەوەى وەسیەت واجب نیە بەڵکوو سوونەتە، ئاخر 99% موسڵمانان بەبێ وەسیەتکردن دەمرن. هەمیسان قورئان دەفەرموێت “کتب علیکم القتال”(3) واتە “لەسەرتان نووسراوە بجەنگن” سا هەر چوار ئیمامەکە (مالیک کوڕى ئەنەس، ئەبوحەنیفەى کوڕى نوعمان، محەمەد کوڕى ئیدریسى شافعى، ئەحمەدى کوڕى حەنبەل) بەشداریان لە هیچ شەڕێکدا نەکردووە، جا ئەگەر لەمەودوا بڵییت (کتب) بە ماناى واجب دێت، ئەوا باوەڕت وایە هەر چوار ئیمامەکە و زۆربەى هەرە زۆرى موسڵمانان تەرکى واجبێکى ئیلاهییان کردووە. خۆ ئەگەر خوداى میهرەبان نیازى بوایە رۆژوو گرتن واجب بکات، ئەوسا دەیفەرموو “وجب علیکم الصيام” یان “فرض علیکم الصيام” ئاخر قورئان دەفەرموێت “والله لا یستحی من الحق”(4) واتە “خودا شەرم لە حەق ناکات”. رۆژووى رەمەزان سوونەتە، واتە ئەگەر بیگرى پاداشت دەکرێیت، ئەگەر نەیگرى پاداشت ناکرێیت. قورئان دەفەرموێت “وأن تصوموا خیر لکم”(5) واتە “ئەگەر بەڕۆژوو بوون باشترە بۆتان” بەڵام نەیفەرمووە: ئەگەر بەڕۆژوو نەبن خراپترە بۆتان. سا ئەوەى دەیەوێت ئەم خێرەى چەنگ کەوێت بەبێ ئەوەى بەڕۆژوویش بێت، ئەوا با خواردن ببخشێتە هەژاران، قورئان دەفەرموێت “وعلى الذین یطیقونه فدية طعام مسکین”(6) واتە “ئەوەى توانادارە با هەژاران نان بدات”. وەک لە کتێبەکەم(7) باسمکردووە، هەر شتێک خودا واجبى بکات بە کردنى لە قورئاندا، ئەوە جگە لە وشەى (وجب) پاداشتەکەیش دیاریکردووە، ئەو کەسەى نەشیکات سزاى حدودى دونیایی و لە قیامەتیشدا دۆزەخى بۆ داناوە جا ئەوانەى دەڵێن “پەیامهێن لە چەندین فەرموودە رۆژوو گرتنى واجب کردووە” لە وەڵامدا: پەیامێهن (درودى لەسەر) هیچ کات دژى قورئان قسەى نەکردووە، پاشان پەیامهێن مافى حەلال و حەڕام و واجب و سونەتى نیە، بەڵکو ئەمە تەنیا لە دەسەڵاتى خودایە، قورئان دەفەرموێت “یا أیها النبي لم تحرم ما أحل الله”(8) واتە “ئەى پەیامهێن بۆچى شتێ خودا حەڵاڵى کردووە تۆ حەرامى دەکەیت. #عەقڵى_موقەدەس ________________
سەرچاوەکان:
1. قورئانى پیرۆز، سوڕەتی (ئەلبەقەڕە) ئایەتی (١٨٣).
2. قورئانی پیرۆز، سوڕەتی (ئەلبەقەڕە) ئایەتی (١٨٠).
3. قورئانى پیرۆز، سوڕەتی (ئەلبەقەڕە) ئایەتی (٢١٦).
4. قورئانی پیرۆز، سوڕەتی (ئالئەحزاب) ئایەتی (٥۳).
5. قورئانى پيرۆز، سوڕەتی (ئەلبەقەڕە) ئایەتی (۱۸٤).
6. قورئانى پيرۆز، سوڕەتی (ئەلبەقەڕە) ئایەتی (۱۸٤).
7. أصول الفقه في عصر الحداثة، تأليف المستشار يونس الراوي.
8. قورئانى پيرۆز، سوڕەتی (ئەلتەحریم) ئایەتی (۱).