تاکەی بازرگانی ڕەشی کۆمپانیا بێ مۆڵەتە زیانبەخشەکان ڕاناگرن؟!
عەلی محەمەد ئەمین

ماوەیەکە گەرمتر لە جاران، باس لە پیسبوونی ژینگە دەکرێ و هۆشداری دەدرێتە هاوڵاتیان و حکومەت کە بەتەنگ پاراستنی ژینگەوەبن، بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژە بە چەندین هۆکاردەکرێت کەڕۆڵی کاریگەر لە پیسبوونی ژینگەی کوردستان دا دەبینن، یەک لەو هۆکارانەی کە پێشتریش ئاماژەی پێکراوە، ئەو سەدەها کۆمپانیا بێ مۆڵەتانەن کەلە بەرهەمهێنانی سوتەمەنی ئۆتۆمبیل و گازوایلی موەلیدەکان دا کاردەکەن، ئەم کۆمپانیانە لەلایەک بێ مۆڵەتن و لەلایەکی تریش خۆدەبوێرن لە باجدان بە حکومەت و لەلایەکی تریش پابەندی هیچ مەرجێکی سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی وکرێکاران و کارمەندانی ئەو کۆمپانیاو کارخانانە نابن و ئاماری ساڵانی پێشوو نیشانی ئەدەن، کە نەک هەر لە نێو کۆمپانیاکان دا، چەندین ڕووداوی دڵتەزێن و نەخۆشی ترسناک ڕوویانداوەو بڵاوبوونەتەوە، بەڵکو کاریگەری خراپیش کەوتووەتە سەر هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەی کە کۆمپانیاکان کاری تیادادەکەن، بێ لەمانەش، ئێستا شارەزایان و پسپۆڕانی تەندروستی و مامۆستایانی زانکۆ، بە پشتبەستن بەلێکۆڵینەوەو بەڵگە زانستیەکان، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە زۆربەی ئەم کۆمپانیایانە بەنزین و گازوایل بە کوالێتی زۆر خراپ و مەترسیدار بەرهەمدەهێنن، کاریگەری خراپی ئەمانە هەرلەسەربەکارهێنەرانیان نیەو تەنها بەزیانی مادیەوە ناوەستێت، بەڵکو ژیان و گیانی هەزاران هاوڵاتی دەخەنە مەترسیەوەو دەبنە هۆکاری چەندین نەخۆشی لەوێنەی شێرپەنجەو فشاری خوێن و نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسەو نەزۆکی ودواکەوتنی گەشەی منداڵ و چەندین نەخۆشی تر…
ئەم بارودۆخە ترسناکە، هەمووی دەرئەنجامی هەوڵی بەردەوامی کۆمەڵێ بازرگانی چاوچنۆکە بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایەی زل و زەبەلاح، خاوەنی ئەم کۆمپانیانە کەسانی نەناسراوو نەزانراو نین، شوێنی کۆمپانیاکان لەژێر زەمین و حەشارگادا نیە، بەڵکو لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێرو سلێمانی دا، دیارو بەرچاون، لەمێژە حکومەت و حیزب و لایەنە دەسەڵاتدارەکان دەیزانن و لەژێر سێبەری خۆیان دا پاراستویانن و بێدەنگەیان لێکردوون…
لەم نێوەدا، ئەرکی هاوڵاتیانی زەرەرمەند و مرۆڤدۆست و ژینگەپارێز و کەناڵە بوێرو دڵسۆزەکانی ڕاگەیاندنە ، کەنەک هۆشداری بدەنە دەسەڵاتداران، بەڵکو ببنە هێزی فشار لەسەریان، بەئاراستەی سنوردانانی پێویست بۆ ئەم بازرگانیە ڕەشەو بۆ ئەم بێڕێزی و دوژمنکاریەی کە بەرامبەر هاوڵاتیانی کوردستان و ژینگە دەکرێت….
تێبینی: بۆ نووسینی ئەم بابەتە سودم لە پەیامێکی ڤیدیۆیی ( عەلی حەمە ساڵح ) ،بەناونیشانی ( ئەم بازرگانیە ڕەشە ژیانی
هەزاران هاوڵاتی لەناو دەبات.) وەرگرتووە…
8/4/2021

