ژینگە چیە و ژینگە پارێزی کێیە؟؟!

0

وەلید محەمەد ژینگە پارێز

ژینگە چیە ؟ ژینگە بریتیە لە گشت ئەو ئەو شتانەی لە دەوروبەرماندان و هەستی پێدەکەین. وەک گیاندار یان بێگیان و هەروەها لە کۆمەڵێک هێزی کیمیایی و فیزیایی و بایۆلۆجی و چەند هێزێکی تری سروشتی پێک دێت. ژینگە پارێز کێیە؟ ژینگە پارێز ئەو کەسانەن کەخۆشەویستیان بۆ ژینگە هەیەو ، هەوڵی پاراستن و زیاتر پێشەوە بردنی ژینگەی ووڵاتەکەیان دەدەن، جا چ بەڕێگەی بڵاو کردنەوەی ڕێنماییەکانی تایبەت بە پاراستنی ژینگە یان هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانیان و هەڵواسینی پوستەر لە شوێنە گەشتیارییەکان و کردنەوەی خولەکانی تایبەت بە هۆشیارکردنەوەی پاراستنی ژینگە و ڕواندنی دارو گولی زیاترو چاودێریکردنیان. کێ پێویستە ژینگە بپارێزێت؟ لەسەر هەموو تاکێکی جیهان پێویستە ژینگە بپارێزن چۆنکە پیسبوونی ژینگە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکان . چۆن ژینگە بپارێزین؟ یەکەم: ناشتنی دارو درەخت و سەوزایی لەباخچەکانداو لەدەشت و زەوییەکانداو چاودێری کردنیان و پاراستنیان وەک بیلبیلەی چاومان لەسەر هەموو تاکێکی کۆمەڵگە پێویستە. دووەم: پاراستنی ووزە کەم بەکارهێنانی ووزەی کارەبا کاریگەریەکی زۆر لەسەر پاراستنی ژینگە هەیە، چۆنکە زۆربەی وێستگەکانی بەرهەم هێنانی کارەبا بەسوتاندنی گازو نەوت ئیش دەکەن و دوای سوتاندنیان دۆکەڵ و گازی دوانە ئوکسیدی کاربون بە هەوادا بڵاودەبنەوەو دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە. سێیەم: پاراستنی ئاو کەم بوونی ئاو لەسەرچاوە سروشتیەکاندا کاریگەرییەکی زۆر خرابی لێدەکەوێتەوەو دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی زیاتر، بۆیە پێویستە سیستەمی بەکارهێنانی ئاو گۆراکاری تێیدا بکرێت و لەسەر هەموو تاکێکی کۆمەڵگە پێویستە سەرچاوە ئاوییەکان بپارێزن و ئاوێکی کەم تر بەکاربهێنن، تا ژینگەکەمان پاک و خاوێنتر ڕابگرین. چوارەم: نایلون و بۆتڵە شیشەکان لە زۆر ووڵاتی جیهان کەرەستەیەکی زۆری بەکارهێنان قەدەغەیە. هۆکاری سەرەکی پیسبوونی ئاوو هەواو خاک لە کوردستان نایلون و بۆتڵە شیشەکانە ، کەتەنها یەک جار بەکاردەهێنرێن و فڕێ دەدرێن. ئەم کیس و بۆتڵانە بەهەزارەها ساڵ لە هەوادا دەمێننەوەو شی نابنەوە. پێویستە بەهیچ جورێک دەفرو کیسی یەکجار بەکارهێنان نەکەینە پێداوێستی ڕۆژانەو بنەبڕکردنیان بکەینە کولتور. پێنجەم: دروست کردنی کارگەی ڕیسایکلین پێویستە هەموو ئەو کەرەستانە کە بۆ یەک جار بەکاردەهێنرێن و شی نابنەوەو دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگەی زیاتر، کارگەی ڕیسایکلینی بۆ دروست بکرێت و دووبارە بەکاربهێنرێنەوە. شەشەم : یاسای پاراستنی زبڵ و خاشاک پێویستە پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تایبەت بەزبڵ و خاشاک دەربکات بۆ پاراستنی زیاتری ژینگە. حەوتەم: هۆکارەکانی گواستنەوە بێ گۆمان زۆر بەکارهێنانی هۆکارەکانی گواستنەوە وەک ئۆتومبێڵ …. دەبنە هۆی زیاتر پیسبوونی ژینگە چۆنکە بە بەنزین و گاز … ئیش دەکەن. هەشتەم: پرۆگرامەکانی خوێندن پێویستە ژینگە پارێزی لەپرۆگرامەکانی خوێندنی سەربەوەزارەتی پەروەردە بکرێتە بابەتێکی سەرەکی و فیرخوازان لەسەر پاراستنی ژینگە ڕابهێنرێن. نۆیەم: کردنەوەی کولێژی ژینگە پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەموو زانکۆکانی کوردستان کولێژی ژینگە بکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پێگەیاندنی زیاتری کادری ئەکادیمی تایبەت بە پاراستنی ژینگە. دەیەم: خولە ڕۆشنبیرییەکان پێویستە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ژینگە، خولە ڕۆشنبیرییەکانی تایبەت بە پاراستن ی ژینگەو ناشتنی دارو درەخت .. بۆ تەواوی هاونیشتمانیان بکەنەوە. یازدەهەم : ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان لەبەرئەوەی ئێستا لە سەرانسەری جیهان ژینگە سات بە سات زیاتر پیس دەبێت ، بۆیە پێویستە ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتی بەچاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان پێک بهێنرێت ، بۆ ئەوەی ڕێگە لەپیس بوونی ژینگە بگرێت. یان ڕێکەوتنی پاریسی تایبەت بە پاراستنی ژینگە زیاتر کارا بکرێتەوە. 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.