سەرکوتکردنی هاوڕەگەزخوازان هێمایەکی دیکەی ستەمگەریی دەسەڵاتدارانی کوردستانە.
ئێمە لە ”ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین” دژ بە هەموو جۆرە پێشێلکردنێکی ماف و ئازادییەکانین و هەمیشە بە پێی پێویست و پێڕاگەیشتن پەیامی خۆمان هەبووە و دەبێ لە بەرانبەریان.. هەر بۆیە خۆبەخۆ دژ بە پێشلکردنی ماف و ئازادییەکانی هاوڕەگەزخوازانیشین. وەک چۆن هاوسەرگیریی یان پێکەوە ژیانی سێکسیی نێوان (ژن و پیاو) مافێکی رەوایە، بە هەمان شێوە هاوسەرگیریی یان پێکەوە ژیانی سێکسیی نێوان (پیاو و پیاو) و (ژن و ژن)یش مافێکی رەوایە. ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە ئایدیۆلۆژیا هزر و تێڕوانینە جۆراوجۆرەکانەوە نییە تا بە پێی بەرژەوەندییەکانیان و لە رێی (دابونەریت و نێرسالاریی و دین و دەسەڵات)ەوە ئەو مافە بە هەندێک بدەن و بە هەندێکی نەدەن.. بەڵکە ئەوە مافێکی سروشتیی و گەردوونییە چ بۆ (ژن و پیاو) چ بۆ هاوڕەگەزخوازان، واتە دروستبوون و هەبوونی حەزی سێکسیی (مێ بۆ نێر) و (نێر بۆ مێ) هەروا (مێ بۆ مێ) و (نێر بۆ نێر) هەروا (نێر بۆ مێ و نێر) و (مێ بۆ نێر و مێ) لە لای مرۆڤ دروستبوون و هەبوونێکی سروشتیی و بایۆلۆژیی و دەروونییە.. رێگرتن لە هەر یەکێکیان لە لایەن ئایدیۆلۆژیا و هزر و تێڕوانینەکانەوە سەرکوتکردن و پێشێلکردنی سادەترین و سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکانی مرۆڤە و دەبێ کۆتایی پێ بهێندرێ. هەر لەو روانگەیەوە ئێمە زۆر بە توندیی ئەو ئۆپەراسیۆنەی دەستگیرکردنی هاوڕەگەزخوازان سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین کە بە بڕیاری (لێژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی) و بە رەزامەندیی (دادوەری لێکۆڵینەوەی سلێمانی) لە لایەن (هێزەکانی سلێمانی)یەوە لە (١ی نیسانی ٢٠٢١)ەوە دەستیپکردوە و ١٧ ئەندامی (ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی)ش پاڵپشتیان کردوە. هەڵبەتە ئەو فەرهەنگە سەرکوتگەرییەی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردن و راوەدونانی هاوڕەگەزخوازان و لەشفرۆشان پەیوەندیی بە خەڵکە ئازادیخوازەکانی دەڤەری سلێمانییەوە نییە بەڵکە ئەوە سیاسەتی نێرسالاریی و کۆنەپارێزیی دەسەڵاتە مافیایی و گەندەڵکارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگایەکەیە و سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فەرهەنگەی کە (بابی هەژاران!) لە پاش راپەڕینی ١٩٩١ بە کوشتنی ژنان بە بیانووی لەشفرۆشیی دەستیپێکرد و (شازادە قوباد تالەبانی) بە دروشمی (پیاو بە توندوتیژیی بەرانبەر ژنان رابگرە!) و پەرلەمانتار (هاوڕێ مەلا ستار) بە پێناسەکردنی حکومەت بە (حکومەتی مێینە!) درێژەی پێدەدەن! دیارە دەسەڵاتە داپلۆسێنەرەکەی هەولێریش هەر لە چوارچێوەی هەمان ئەو فەرهەنگە دەخولێتەوە و بە هەردوو لایان هەموو خەڵکی کوردستانیان لە نێو گێژاوی کۆنەپەرستیی دینیی و نێرسالاریی و دابونەریتە داڕزیوەکان نوقم کردوە.. ئەوە سەرەڕای برسیەتی و خراپیی خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بە مرۆڤ. هەرچەندە وەک ئەوەی لە هەر دیاردەیەکی نوێی نێو کۆمەڵ کە سیستەمێکی گەندەڵکار بەڕێوەیدەبا خراپ بەکارهێنان هەیە.. لە نێو هاوڕەگەزخوازانییش خەڵکانێک هەن خراپەکاریی دەکەن و دەستدڕێژیی سێکسیی ئەنجامدەدەن تەنانەت هاوڕەگەزبازنێکیش کە بەرپرسن و پێگەی بەهێزیان لە نێو دەسەڵات و حیزبەکان هەیە بە زەبری هێز و ئەو پارەیەی لە گەندەڵکاریی وەدەستیانهێناوە دیاردەی هاوڕەگەزخوازیی لە پێناو حەزە سێکسییە چڵێسەکانیان بەکاردەبەن و لەکەداری دەکەن، کەچی بەداخەوە ئەو خراپەکاریی و لادانانە پەردەپۆش دەکرێن و (رۆشنبیران و میدکار و رێکخراوە) بە ناو ئازادییخوازەکانیش زۆر بە کەمیی خۆ لە قەرەی ئەو پێشێلکاریانە دەدەن یان هەر سەرکوتدەکرێن و ناوێرن هەڵوێستی راست و دروست دەرببڕن.. لەولاشەوە میدیای سیێبەر و دەرباری دەسەڵات و حیزبەکان پرسەکە بە پێی بەرژەوەندییە چەوسێنەرییەکانی خۆیان دەجوولێنن و بەکاریدەهێنن. بەڵام ئەوانە هیچیان ناتوانن لە مافە رەوایەکانی هاوڕەگەزخوازان کەم بکەنەوە و دەستگیرکردن و هەر جۆرە توندوتیژییەکیش لە بەرانبەریان تەنیا نیشانەی ستەمگەریی دەسەڵاتداران دەردەخا.. ئاخر ئەوان هیچ زیانێکیان بۆ ئاسایش و رەوتی ژیانی خێزانیی و رەوشت و بەهای کۆمەڵایەتی نییە و تەنیا دەیانەوێ لە ماف و ئازادییەکانی خۆیان بەهرەمەند بن.. بەڵکە ئەوە سیستەمەکە و پارتیەکانن بە دەسەڵاتداران و بەرهەڵستکارەکانیانەوە هەرچی ئاکار و رەوشتی جوان و چاک و پاکی خەڵکی کوردستان و مرۆڤایەتی هەبوون هەموویان لەنێوبردن! ئازادیی بۆ هاوڕەگەزخوازان و سەرجەم خەڵکی کوردستان کە رۆژانە بە شێوە و شێوازی جۆراوجۆر ماف و ئازادییەکانیان پێشێلدەکرێن.
ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین
٦\٤\٢٠٢١