تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی داوادەکات نەخۆشخانەی بێشکان بخرێتە خزمەتی نەخۆشی کۆرۆناوە
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست تۆڕەکەمان کەوتوە، نەخۆشخانەی بێشکان بۆ کۆرۆنا لە دەربەندیخان بۆ ماوەیەکی کەم پێشوازی لە نەخۆش دەکات.
بە گوێرەی سەرچاوەیەکی تۆڕەکەمان، نەخۆشخانەکە تەنها لە کاتژمێر نۆ بۆ یانزەی نیوەرۆ کاردەکات. پێش و پاش ئەو کاتانە ئیتر کارەکانی نەخۆشخانەکە رادەگیرێت.
سەرچاوە ئاگادارەکەی تۆڕەکەمان ئەوەیشی وت کە نەخۆشەکانی کۆرۆنا ڕەوانەی فریاکەوتنی دەربەندیخان دەکرێن. نەخۆشخانەی فریاکەوتنیش لە لای خۆیەوە ئەو نەخۆشانە ئیحالەی سلێمانی دەکات.
بەشێک لە چاودێران دەڵێن کە نەخۆشخانەکە وەکو تاقیگەیەکی لێهاتوە و لە پشکنین زیاتر هیچی تری تیا ناکرێ. بۆ نمونە تەنانەت بوتڵی ئۆکسجینیشی تیا نیە.
ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی داوا دەکەین بە زووترین کات نەخۆشخانەکە بخرێتە خزمەتی نەخۆشەوە. هەروەها پێویستە هیچ نەخۆشێک ئیحالەی سلێمانی نەکرێ و هەر لە دەربەندیخان چارەسەر بکرێت. هاوکات پێویستیش ناکا کە نەخۆشی کۆرۆنا رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن بکرێ چونکە ئەو جۆرە کارە دەبێتە هۆی گواستنەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٣/٣١
