ئەگەر ئەم پرسانە نەمان جولێنێت ئەی چی تر پێویستە؟
هیوا عومەر
لەبارەی بنیاتنانی ژیانێكی تردا دوای بڵاوكردنەوەی زنجیرەیەك وتار لە بارەی #بزافە كۆمەڵایەتییە كۆن و تازەكان و ژینگەی دروستبوونی ئەم بزافە كۆمەڵایەتییانە لەسەر ئاستی ناوەخۆ و جیهانی، دواتر لە هەفتەی پێشوو رەشنوسی پرۆژەیەكەم بەناوی “لە پێناو بنیاتنانی ژیانێكی تر، پرۆژەیەك بۆ (بزاڤە كۆمەڵایەتییەكان و هێزە چەپ و كۆمۆنیست و ئازادیخوازان)” بڵاوكردەوە . خستنەروو و جەختكردنەوە لەم دەستپێشخەرییە نە لە روانگەیەكی زاتییەوەیەو نە لەو دیدەشەوەیە كەئەمەیە دار عساكە، یان بە عقلیەتی رەچەتەی ئامادەكراوبێت، بە پێچەوانەوە لەرووی زاتی زیانەكەی دیارە، لە دۆخی باڵا دەستی عقڵیەتی تاك ڕەهەندی و سیاسەتی پڕاگماتیكی . ئەوەی خراوەتەروو تەنیا هەوڵێكە لەكۆی هەوڵەكانی تر بۆ بیركردنەوە و پێداچونەوە بەكارەكانمان بە دیدێكی رەخنەییانە و تازەكردنەوەی ژیانی سیاسی و فكری و رێكخستنەكان و بینینی بزافە كۆمەڵایەتییە تازەكان . ناكرێت تۆ هێزێكی #چەپ بیت و مێژوویەكی دوورودرێژت هەبێت و خاوەنی سەركردایەتیكردنی چەندان راپەڕین و تێكۆشانی جەماوەری بیت لە مێژووی رابردووی ئەم وڵاتە، بەڵام ئەمرۆ بە رۆڵی پەراوێزی رازی بیت تا ئاستی كیانێكی بێ هیوا. لەوەش خراپتر بەگومانەوە مامەڵە لەگەڵ هەر هەوڵێك بكەیت كە لە ئەزموونی تۆ نەچێت!، لەولاشەوە بەیەقینیەوە پێت وابێت هەقیقەتی رەها لەو تایپە لەكاری فكری و سیاسی و تەحزوبەدا كە دەمێكە دەقت پێوەی گرتووە و ئەنجامەكەشی پاشەكشەی زیاتری ماف و ئازادییەكانی خەڵك و رەوت و حزبەكەشت بێت . ناكرێت هەستیاری دۆخەكە لەبەرچاونەگرین، تائاستی مەترسی لە دایكبوونی جۆرێك لە فاشیزم نەبینیت لە منداڵدانی قەیرانەكانی سیستەمی سیاسی ئابوری و غیابی ئاسۆیەكی چارەسەری . لەم رۆژانەدا كە یادی 30 ساڵەی #ڕاپەرینی گەلی كوردستان دەكەینەوە هەموومان ئاماژەكانی گەرانەوەی هەرێم بۆ چوارگۆشەی یەكەم دەبینین، بەڵام لای ئەو كەمینەیەی ٣٠ساڵە حكومرانە تەنانەت ئامادە نییە دان بە قەیران و شوناسەكەشیدابنێت، لەو لاشەوە هەر جۆرە چالاكییەكی جەماوەری و هەناسەیەك هەبێت دایدەپڵۆسێت، تەنانەت هیچ لایەنێك لە دەرەوەی خۆیان ناتوانێت بە چالاكییەكی جەماوەری یادەكانی راپەرین و ئاداریش بكاتەوە، ئەمە ئەگەر گەرانەوە نەبێت بۆ چوارگۆشەی یەكەم و زەمینەی لە دایكبوونی فاشیزمێكی تر، ئەی چیەو چی ناو لێدەنێین ؟ . وەك هەندێك لەناو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتیش بە ئاشكرا بانگەشەی ئەوە دەكەن( پلۆرالیزم ) فرەیی سیاسی زیانی بە تەواوكردنی قۆناغی رزگاری نیشتمانی كوردستان گەیاندووە . دوای٣٠ساڵ لە بەردەوامی تاقی كردنەوەی ئەو هێزانەی بەرپرسی یەكەمی ئەم دۆخەن هێشتا كاتی ئەوە نەهاتووە بیر لە پرۆژەی بەدیل بكرێتەوە؟، لەكاتیكا بەردەوامی قەیرانەكان و لە دایكبونی بزافە كۆمەڵایەتیەكان و ئاستی نارەزایەتی چین و توێژەكان، جۆرێك لە بارێكی بابەتی دروستكردووە، بەڵام ئەوە لایەنی خودی #چەپ و كۆمۆنیست و ئازادیخوازانن ( حزبەكان) ە، لە دۆخی پەراوێزی دان و هیچ ئاماژەیەكیش نابینیت بیرلە خۆتازەكردنەوەو پرنسیپەكانی بنیاتنانی رێكخستنی كۆمەڵگا و ژیانی سیاسی خۆشمان بكەینەوە . #پرسیار گەلێك رووبەرومان دەبێتەوە وەك : ئێمەش بەرپرسیار نین لە ئاستی ئەم قۆناغە؟ . كاتی ئەوە نەهاتووە هێزە چەپەكان پێداچوونەوەیەكی جدی بەخۆمان ورۆڵمان لە كۆمەڵگادا بكەین ؟ . لەمرۆدا چیمان پێیە بۆ كۆمەڵگاكەمان، تەنانەت بۆ ئەندام و رێكخستنەكان و لاینگرانمان كە هەر رۆژەی دەكەونە بەردەم كاریگەری لاینەكانی تر لە غیابی بون و كاریگەری ئێمەدا ؟ . دەكرێت تا ئەو ئاستە لاموبال و خەمساردبین، رازیبین بەوەی كاریگەریمان نەك بەسەر كۆمەڵگاوە بەڵكو بەسەر ئەندام و لاینگرانیشمانەوە لاواز یان نەمابێت ! . ئەگەر ئەم پرسانە نەمان جولێنێت ئەی چی تر پێویستە رووبدات تا وامان لێبكات بەخۆماندا بچینەوە و تۆزێك بجولێین ؟ .