ئۆپۆزیسیۆنی ساختە و ئینزارێک!لە پەیوەند بە جیدالی سیاسی لەسەر ئازادی لە زۆنی زەرد
ابراهیم حسێن
٢.٣.٢٠٢١
گرتن و ڕاوەدونان و دەمداخستن و فایل دروستکردن و سازدانی دادگای نمایشی و کارتۆنی بۆ هەڵسووڕاوانی بادینان و ناوچەی زۆنی زەرد،زۆنی ترس و خامۆشی پارتی، زۆنی دیکتاتۆرییەتێکی بێچارە و دەستەپاچەیی پارتی، گۆشەیەکە لە جەدەل و دەعوایەکی کۆمەڵایەتی و ڕاستەوخۆ و بە ئیمتیاز کەیسێکی سیاسی و هەستیارە بە مانا زۆر تایبەتە سیاسییەکەی. بەمانای ئەوەی ئەگەر ئەم دەعوایە بە قازانجی جووڵانەوەی ڕەتکردنەوەی سەرکوت و دەمداخستن و بە قازانجی جووڵانەوەی ڕەتکردنەوەی بوونی زۆنی ترس و بێدەنگی و ملکەچی لە بادینان و زۆنی زەردی بۆرژوازی یەکلا ببێتەوە و ئەو زۆنە ئەوەندە گەمارۆ بدرێ لە باری سیاسییەوە کە نەتوانێ وا بە ئاسانی پەلاماری کۆمەڵگە بدا، پەلاماری هەڵسووڕاوانی سیاسی و جەماوەری و مەدەنی بدا و ئازادی بخنکێنێ، زۆر شت لە هەلومەرجی سیاسی و لە پەیوەندی دەسەڵات بەخەڵکەوە و بە مامەڵەی سیاسی هەردولا بە یەکەوە دەگۆڕێ. نەک هەر ئەوە بەڵکو گرنگتر لەوە پەیوەندی خەڵک بە کۆمۆنیزم و حیزبی کۆمونیستی کرێکاری و بە چەپی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی بێ گەڕانەوە دەگۆڕێ.ئەگەر بە کۆمەکی ئەم کۆمۆنیزمە ئەمە ڕووبدا
لەو ڕێگەیەوە زۆر شت دەتوانێ ئاڵوگۆڕی بەسەردابێت و دەرگا بەسەر دەرکەوتنی دەرفەت و حاڵەتی تردا دەکرێتەوە.ئەوەی کە لێرەدا زۆر گرنگە ئەوەیەکە ئەم هەلومەرجە ئیمکانی دەرکەوتنێکی سیاسی ڕاستەوخۆتری بۆ چەپ و کۆمۆنیزم و حیزبی کۆمۆنیسی کرێکاری هێناوەتە بەردەست، بۆ ئەوەی وەک ڕابەری ئۆپۆزیسیۆنی کۆمەڵایەتی دەربکەوێ، بۆ ئەوەی وەک ڕابەری ئەو کەیسە و کەیسەکانی تری دەعوا لە کۆمەڵگە دەربکەوێ، بۆ ئەوەی ئیتر ئۆپۆزیسیۆنی ئازادیخوازی کۆمەڵگە، ژیانخوازی کۆمەڵگە لەدەستی هێزە بۆرژازیەکانی تر دەربهێنێ و ئەو گرفتارییەی کە ئەو ئۆپۆزیسیۆنە عەلەکی و ساختە و قەڵبە بۆرژوازیە سەپاندویەتی بەسەر ئیعتیرازی کۆمەڵایەتیدا، دەرباز بکا.هەر ئێستا ماراسۆنی ئۆپۆزیسیۆنی عەلەکی و ساختەی بۆرژوازی خەریکە دەست پێدەکا بۆ قاچوقولگرتن لەو کەیسانە و خۆ پێهەڵواسینیان و لە ناوەڕۆکی ڕادیکاڵ و ڕەوا بەتاڵ کردنەوەیان و داگرتنی تائاستی چاوەڕوانی و بەرژەوەندیە سیاسییەکانی خۆیان. تاڕادەی هەڵبەستن وخەڵق کردنی کەیسی سیاسی لاوەکی تر و کرێکاری و کۆمۆنیستی کومەڵگە، دەربهێنن و ڕێگە لەوە بگرن کە کۆمۆنیزم و چەپی کرێکاریی ڕادیکاڵ و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری،بگۆڕێ بە ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی و واقیعی ئەم سەردەمە لە مێژووی کوردستاندا.دەرکەوتنی دروست و جدی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەدەرەوە و ناوەوەی کوردستان، وەک بەشێکی دیار و زیندووی جووڵانەوەکانی ئەم دواییانە، شیمانەیەکی سیاسی ئومێدە بە هاتنە ئارای تەقەلایەکی سیاسی جدی چەپگەرا و کۆمۆنیستی بۆ گۆڕان بە هێزی سەرەکی ئۆپۆزیسیۆن، بۆ چوونەناو ئەو مەیدانەی کە چارەنووسی کۆمەڵگە و هێزی تێدادەبڕێتەوە، واتە جەنگی هێز و جەنگی دەسەڵات.ئەگەر کۆمۆنیزم و چەپی کرێکاری، بتوانێ بەم دوو ئەرکە هەستێ، بتوانێ ڕابەرایەتی سەرڕڕاستی ئەو ڕەتکردنەوەگەورەیە، ئەو ئۆپۆزیسیۆنە ژیانخواز و ئازادیخوازە کۆمەڵایەتیە بێت کە لەکوردستان لە ئارادایە لەبەرامبەر سەرە گەورەکانی دیکتاتۆریەتی بۆرژوازی کوردایەتی و بتوانێ و بیەوێ قوڵە ئۆپۆزیسیۆنی ساختەی بورژوازی بێدەنگ بکات، ئەوا ئیتر نەک هەردەتوانێ دڵی کۆمەڵگە و چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش بەڵکو متمانە و باوەڕی ئەوانیش لەو جەدەلەدا بە دەست بهێنێ.
ئەگەر لەو جەدەلەدا کۆمەڵگە بەهۆ و لەڕێگەی چەپی ڕادیکاڵی خۆی، بەهۆو لەڕێگای کۆمۆنیزم و حیزبی سیاسی کۆمۆنیستی خۆیەوە،بتوانێ زۆنی زەرد و دیکتاتۆرییەت و کۆنەپەرستی بۆرژوازی کوردایەتی بە چۆکدا بهێنێ، تازە لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی کوردستان و لە خەباتی چینی کرێکار و بەشەرییەتی بێبەش دەست پێدەکا کە له هه ر تەقەلایەکی ڕوو بە ئایندەیدا ، مۆری ئەم سەرکەوتنەی پێوە دەبێ.