خێزانی بارزانی وەک قوربانی کاتێک مستەفا بارزانی وەک سەرکردەیێکی سەربازی دەمرێ

0

فارۆق هۆمەر

ئەو بێ لە جەنگ شتێک دەربارەی دونیا فێر نەبووە. ژیانی گەنجی و پیری هەموو لەنێو راکەڕاک و هەڵاتنا دەباتە سەر و منداڵەکانیشی هەر لەنێو گەمە و یاری جەنگا گەورە دەکات. لە شوێنێکەوە کورد بە سروشتی خۆیان هەم شاعیر و هەم سیاسین، هەموو کوردان رۆژگارێک یان شاعیربوون یان سیاسیبوون، یان لە هەردوو بوارەکەیان داوە. مستەفا بارزانی لەو بەرەیەدایە کە سیاسیبوون و بە خێزان سیاسەتیان هەڵبژاردووە و بەو جۆرەی خۆیان تێدا دیوەتەوە بۆیان لواوە و تێشیدا سەرکەوتوبوون. مەسعود بارزانی وەک منداڵێک لەناو ڕۆژگاری جەنگی کۆماری مهاباددا لە دایک دەبێ و لەگەڵ گەورەبوونیا یاری بە کەلوپەلی سەربازی دەکات و تا ئەمڕۆ شەقێکی لە تۆپێک هەڵنەداوە، یاری موشێن و پەتپەتێن و چاوشارکێی و بازبازێنی نەکردووە. ئەوە چ منداڵییەکە مرۆڤێکی بەدبەخت، هەر لە ساواییەوە میللەتێک وەک ئەزبەنی و سەرۆک لێیان روانیووە و ژینی سروشتی مرۆیی خۆی تێنەپەڕاندووە. کاتێکیش مەسعود بارزانی وەک مرۆڤێکی کوژراو لە سروشتی خۆی گەورە دەبێت، ئەو منداڵانەی دییان، کە دێن بە هەمان شێوە گەورە دەکات و چۆن خۆی منداڵی لێسەندراوەتەوە، ئاواش منداڵییی لە گشتیان دەسەنێتەوە. مرۆڤی کوژراو، پێی وانییە کە ئەو کوژراوە و پەی بە شتێک لە دەرد و بیمارییەکانی خۆی نابات. ئەو چێژ لە جەنگ و سیاسەت و ژیانی شاخ دەکات، لەوەش زیاتر شتێکی دی پێ نییە بۆ منداڵەکانی بگوازێتەوە. مرۆڤێکی لەو جۆرە چ لە شاخ بێت و چ لە شار، چ لە ئەشکەوت بێ و چ لە کۆشک منداڵیی و گەنجی نییە. ئەو جیاواز له منداڵانی دی کە هەنگاو هەنگاو قۆناخەکانی منداڵی دەبڕن، دەگاتە تەمەنی پیری. ئەو لەسەر بێشکەیە و لەپاڵ بێشکە دایک و باوکێک ئامادەن، لەڕێی لایلایە و لاواندنەوەوە پێیدەڵێن، میللەتێک چاوەڕێی تۆیە کوردستانیان بۆ رزگار بکەیت. هەستە زوو گەورە بە و سنگت دەرپەڕێنە، سەرت بەرز ڕابگرە و ئەو کڵاشینکۆفە هەڵبگرە و بەرەو کەرکوک بکەوە ڕێ. کەرکوک مەگەر تەنیا تۆ بۆت بکرێ ئازادی بکەی. ئیدی ئەو منداڵە وەک پیرێک دێتەدەرێ و وەک پیرێک دەژی و وەک پیر و کۆڵەوارێکیش دەمرێ. ئەو دیمەنەش بۆ خۆی کۆمیدیا نییە و تراژیدیای خێزانێکە وەک سەرۆکی نەتەوەیی لە دایکدەبن. ئەو خیزانە تا کەی دەبنە قوربانی، بەردەوامە و درێژەی هەیە. ئەمڕۆ خێزانێک لە وێنەی ئەو خێزانەی بارزانی نادۆزینەوە، لە کۆی جیهاندا نمونەکانی لەو جۆرە کۆن بوون و بوونەتە مێژوو. ئەوەتا ئێمە هەرچی دەگەڕێین، خێزانێکی وا لە جیهانی ئەمڕۆدا نادۆزینەوە و تەواو دەگمەنە، ئەگەر ئەم گواستنەوە و پشت لە دووی پشت هاتنە تاوەکو راپەڕین سروشتێکی سادەی بە خۆوە گرتبێ، ئیدی لێرە بەدوا سروشتێکی ناجۆر و خراپ و نەخۆش. ئەو خێزانە لە رابردوودا لە شاخبوون و لە ئەشکەوت ژیاون، ئەمڕۆ لە شارن و لە کۆشکدان، کەچی هێشتا سەرقاڵی ئەوەن منداڵیییان لە منداڵەکانیان بسەننەوە و هەر لە بێشکەوە دەیانهێننە ناو سیاسەتەوە و وایان مەشق دادەدەن کە سیاسەت لەبەرکردنی چاکەتوپانتۆڵ و بۆینباخ، لەسەر کورسی دانیشتن، لەسەر فەرشی سوور رۆیشتن و بە سنگدەرپەڕینەوە تەوقە کردن بێ لەگەڵ سەرۆکی ووڵاتان و کەسانی خوار لە خۆیانەوە. لە چ شوێنێکی دونیای ئەمڕۆ سیاسەت و سەرۆکاییتی پشتاوپشت له باوانەوە گواستراوەتەوە بۆ نەوەکانیان، ئایا سیاسەت نوشتەنوسین و کاری شێخایێتییە باوک بیدات بە کوڕی خۆی، یاوەخود خوێندن و تێکۆشین و تایبەتمەندی و ئارەزوو و رەنجی تاقەتپروکێنی تاکە کەسییە؟ ئەم منداڵانە هەر لە سەرەتاوە لە ژینی منداڵی خۆش و تامدار، گەنجی پڕ لە سەرکێشی و پڕ لە شەوقی مرۆیی دوور دەخرێنەوە و تاکوتەریک دەخرێنە بەردەم مەشقێکی نامرۆیی کە لە ووڵاتانێکی پڕ لە مافی منداڵان و مرۆیی بە تاوانی مرۆیی گەورە دەدرێنە قەڵەم. کاتێک مستەفا بارزانی، ئەو ئاوە بۆ کوڕەکانی دەڕێژێت ئیدی ئەوانیش بۆ ئارین و ئارۆن و ئەوانی دی دەڕێژن. تا ئەمڕۆ ئەو تاوانە درێژەی هەیە دەرهەق بە خێزان و بنەماڵە و لێرەش بەدوا کەسێکی هوشیار نە لە خانەوادە، نە لە حیزب، نە لە کوردستانێکی گەورە و لە جیهانێکی فراوانیش پەیدا نەبووە ئەو نەریتەیان بۆ رێک و دروست دابڕێژێتەوە و پێیان بڵێ دونیا تەنیا سیاسەت نییە و سەرقاڵبن بە شتێکی دییەوە لە چەشنی هونەر و زانست و بوارە مرۆییەکانی دی. ئێوە بەرلەوەی میللەتێک داخان بکەن و ووزەی لەبەر ببڕن، خێزانێکی خراپ و ترسناکتان بەبەر هێناوە. ئێوە بەرلەوەی میلڵەتێک پیر و نەخۆش و نادروستبکەن، خۆتان بە پیری و نەخۆشی و نادروستی دەژین. دەی تۆ بڵێی کاتی ئەوە نەهاتبێ ئەو منداڵانە ئازاد بکرێن و چیدی لە منداڵییەوە بە گوێچکەیاندا نەسرپێنن کە ئێوە جیاوازن. تۆ بڵێی رۆژێک ئەو منداڵانە لە کۆشکەکان بڕۆنە دەرێ و سەرقاڵی ژیانی سادەی خۆیان بن و ئازادبن لە داهاتووی خۆیان. ئەرێ بەراست ئەم گوناهە بەرانبەر بە منداڵان تا کوێ دەڕوات؟ کەی ئەو دەرگا ترسناک و پڕ لە نەخۆشییە دەکرێتەوە و منداڵانی بارزانیش بەسروشتی وەک مرۆڤ دەژین؟

Leave A Reply

Your email address will not be published.