هێزی رێکخراوی خەڵکی ناڕازی دەتوانێ پێدرێژکردنەکانی دەسەڵات کورت بکاتەوە و بگرە خواستەکانی خۆشی بەسەردا بسەپێنێ و سەرەنجام کۆتایی بە دەسەڵاتێك بهێنێ

0

بەردەوام هێرش دەکرێتە سەر چالاکوانانی مەدەنی وڕۆژنامەنووس وهەڵسوڕاوانی سیاسی هەر لەزیندانی کردن و هەڕەشە لێکردن و بریندارکردن وهەتا تیرۆر کردن و کوشتن وبێ سەروشوێن کردن و ڕفاندن بەهۆی ڕەخنەگرتن وکاروچالاکی یەکانەوە.بەتایبەت کەسانی ڕادیکاڵی ڕەخنەگر لەسیستەمی کۆنەخوازوچەوسێنەر ودزوگەندەڵ.لەوچوارچێوەیەشدا ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی پرسیارێکی ئاراستەی هەڵسوڕاوانی سیاسی وچالاکوانی مەدەنی و کەسانی ڕەخنەگر کردووە. چۆن دەکرێت پاشکشەبکرێت بەم جۆرە فشارانەی دەسەڵات لەکوردستان بۆسەر هەڵسوراوانی سیاسی و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی مەدەنی ؟سەرنجەکان وەک خۆی لێرە بڵاودەکەینەوە.

حسین حسن : 

بیگومان دەسەڵات لەکاتی قەیرانەکان زیاتر دەترسێ وەک لەکاتە ئاساییەکان چونکە لایەنی بەرپرسە لەدروست بونی قەیران وچارەسەرکردنیشیان، لەکاتیکا دەسەڵات کەمتەرخەمی دەنوێنێ لەجارەسەرکردنی قەیرانەکان ڕووبەڕوی نارەزایەتی خەڵک دەبێتەوە ..دیارە لەکوردستان لەبەر ئەم هۆکارە فشارێکی زۆر لەلایەن دەسەڵاتەوە خراوەتە سەر ڕۆژنامەنوسەکان وخەباتی مەدەنی بەگشتی،لەهەرێمی کوردستان هێزی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەی کاریگەر نیە ئەوەی هەشە خاوەن ئەجیندای جیاوازن هەربۆیەشە نەیان توانیوە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزبن،لەم دۆخەدا من وایدەبینم کە پێویست بێت هێزی تری مەدەنی لەجێی فشاری حزبی بخرێتەگەر بەتایبەتی ناوەندە زانستی وئەکادیمیەکان بەتایبەت زانکۆکان وخوینکاران مامۆستایان پیویستە بێتە سەرشەقام وخاوەنداری لە مافو ئازادیەکانی خەڵک بکەن لەنەوەدەکانی سەدەی ڕابدوو زۆر نمونەی زیندوی لەم جۆرەهەن کە سەلمینەری ئەوڕاستیەن. ئەمە سەرەڕای پشتیوانی خەڵکی زەحمەتکێش کە ڕۆڵی خۆی دەبێت لەسەرکوتن بۆ بەئامانج گەیشتنی داخوازیەکانی خەلک وفراوانکردنی پانتایی ئازادی ورادەربڕین. خاڵیکی گرنگ کە نابێ لەبیربکرێ دەسەڵاتی دادوەرییە کەجیگای داخە تیکەڵی سیاسەت وحزبایەتی کراوە دەبێت لەچنگی حزبوحکومەت دەربهێنرێن ورزگار بکرین تابتوانن یاساکان لەسیاقی خۆیاندا جێبەجێ بکەن نەک لەبەرژەوەندی دەسەڵاتداران،بۆیە بەڕای من ئەوستەمەی کەلەخەڵک ورۆژنامەنوسان دەکری وێڕای ئەوەی کە ستەمیکی سیاسی ستەمیکی یاسایشە.

موحسین کەریم:

بەبڕوای من تەنها لەرێگای فشاری جەماوەریەوە دەکرێت پاشەکشە بە هەوڵەکانی دەسەڵاتداران بکرێ بۆ داسەپاندنی سەرکوتی سیاسی و نەهێشتنی هیچ پەراوێزێك بۆ ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی و ئازادیی بیروباوەڕ و ڕادەربڕین لە کوردستان. فشاری جەماوەری مەرج نیە تەنها خۆپیشاندان و رژانە سەر شەقام بێت، کە بەبڕوای من ئەوە وەسیلەیەکی گرنگ و کاریگەرە لەفشارخستنە سەر دەسەڵات و ناچارکردنی بە پاشەکشەکردن لەهەر مەیدانێکدا….بەڵام رێگاو شێوازی جۆراوجۆری ناڕەزایەتی و چالاکی سیاسی و جەماوەری هەیە کە دەتوانێ لە ئاستێکی دیاریکراوی هاوسەنگی هێزی نێوان دەسەڵات و خەڵك و ئاستی ئەو هێرشەی کە دەسەڵات دەیکات بۆسەر خەڵك، کاریگەری خۆی لەسەر دەسەڵات دابنێ و ناچار بە پاشەکشەی بکات. بۆنمونە ناڕەزایەتیەکانی دژ بە دادگاییکردنی ئەو (٥) هەڵسوڕاوەی بادینان تاڕادەیەك توانیویەتی فشارێکی سیاسی گەورە بۆسەر حکومەتی هەرێم و پارتی دروست بکات، بەجۆرێك کە نێچیربارزانی و ئەدهەم بارزانی و مەسروری بارزانی ناچاربوون هەریەکەیان بەشێوەیەك هەڵویستی خۆیان لەسەر ئەو پرسە ڕابگەیەنن و نیشانەکانی ئەو فشارە لەسەر ڕاگەیاندنەکانی هەرکامیان بەئاشکرا ببینرێ. لەکاتێکدا ئەم ناڕەزایەتیە کەمترین چالاکی جەماوەری سەرجادەیی بەخۆوە بینیوە.بەڵام سەرەنجام چ چالاکی جەماوەری سەرجادەیی و چ شێوازەکانی دیکەی وەکو بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و کەناڵەکانی راگەیاندن و.. تاد. هەموویان شێوازەکانی ناڕەزایەتی گشتی و دەستەجەمعی خەڵك و جەماوەرن، نەك چالاکی فەردی … چونکە هێزێ رێکخراو و دەستەجەمعی خەڵك، لەهەر شێوازێکیدابێت دەتوانێ بەپێی قورساییەکەی کاریگەری دابنێ.. بۆیە ئەگەر بمانەوێ ئەنجامگیریەك لەم قسانە بکەین دەبێ بڵێن کە هێزی رێکخراوی خەڵکی ناڕازی دەتوانێ پێدرێژکردنەکانی دەسەڵات کورت بکاتەوە و بگرە خواستەکانی خۆشی بەسەردا بسەپێنێ و سەرەنجام کۆتایی بە دەسەڵاتێك بهێنێ کە ستەمی لێدەکات و مافەکانی لەژێرپێدەنێت.

سنوور کەریم مامۆستا و چالاکوان:

ئەوەی لە باشوری کوردستان هەیە، دەسەڵاتێکی خێڵەکی و بنەماڵەیی دوورە لە پێوانەکانی سیاسەتی دیموکراسی، ئازادی و پانتاییەکانی ئازادی بەرتەسک کراوەتەوە، مێژووی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروست بونی ئەم ستاتۆیەی ئێستا لە باشور پیادەی دەسەڵاتی سیاسی خۆی ئەکا، هەر لە دروست بوونی شەڕی ناوخۆوبەدیل گرتن، کوشتن، ڕفاندن و بێ سەرەو شوێن کردنی چەند ڕۆژنامەنوسی ڕۆژنامەی وڵات کە ژمارەیان ١٥ ڕۆژنامەنوس بوە، وە دەیان دیلی تر کە تا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە. شەهید کردنی کاوەو سەردەشت سۆران و دواهەمینیان سزادانی زیندانیانی بادینانە. بۆ پاشەکشە پێ کردن بەم جۆرە لە سیاسەتی سەرکوتکارانە، پێویستە هەوڵی فراوانکردنی پێگەی کۆمەڵگەی مەدەنێ بدرێ، ڕۆڵی پەرلەمان ئەکتیڤ بکرێتەوە، چاودێری کارەکانی دەسەڵاتی تەنفیزی بکا ناکرێ پەرلەمان بکرێتە مڵکی شەخسی و ناوەندی ململانێی حزبی و چاوداخستن لە ئاست کارەکانی دەسەڵات، ڕێخراوکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نابێ پاشکۆی دەسەڵات بن، فشار کردن لە دەسەڵات وداکۆکی کردن لە مافی گشتی ئەرکی لە پێشینەیانە. دواتر ئەرکی هاوڵاتی و خەڵکیە بەگشتی وەک ناوەندی دوەم لە دوای دەسەڵاتی تەشریعی چاودێر بن و شەقامەکان وەک ناوەندی داکۆکی و خەباتی مەدەنی بەکار بهێنن، لەگەڵ ئەوەی ئەنجامی خەباتی مەدەنی لەسەر شەقام لە چەند ساڵی ڕابڕدوو بێ ئەنجام مایەوە بەڵام ناکرێ ئەمە ببێتە هۆکاری ئەوەی پاشە کشە لە بیڕو باوەڕی دیموکراسیانەی تاک بکەین و ئەمە ببێتە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی ئەڵتەر ناتیڤی خەباتی مەدەنی بکاتە خەباتی چەکداری.

نەوزاد بابان :

ھەرلەسەرەتاکانی نەوەدەکانەوە ھەتا وەکو ئێستا دەسەڵاتی حزبە قەومی و میلیشیاییەکانی کوردستان بەدرێژایی ئەو مێژوە خەریکی سەرکوتگەری و کوشتن و تاوان بوون. (بەکرعلی) و (نەزیر عومەر) دوو ڕابەر و دوو ئەستێرەی گەشی بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری بون، لە وەستانەوەیاند بەڕووی ئەم دەسەڵاتە و لەپێناوی باشکردنی ژیان و ئازادی و یەکسانیدا لەساڵەکانی لەنەوەدەکاندا تیرۆکران. دوابەدوای ئەوان کاروانی تیرۆر بەردەوام بوە سەدان خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و خەڵکی ناڕازی بونەتە قوربانی وەک (سەردەشت عوسمان) و (کاوە گەرمیانی) و (سۆرانی مامە حەمە) و (بڕیار و سورکێو و گەرمیان و شێرزاد و …) دەیانی تر بێجگە لەوەی کە سەدان خۆپیشاندەریشیان بریندارکردوە و ھەموزیندانە تاریکەکانیشیان پڕکردوە لەخەڵکی خۆپیشاندەر و جەماوەری ناڕازی. وە لەنێو ھەموو ئەم تاوان و سەرکوتگەری و پێشێلکاریانەی حزبە فەرمانڕەواکاندا دادگاکان یەک کێسیشیان یەکلانەکردۆتەوە لەبەرژەوەندی خەڵک و ئازادیخوازان، بەڵام وەک ئامڕازێکی دەست حزبە میلیشیاییە فەرمانڕەواکان هەمیشە خەریکی فەرماندەرکردن بوون بۆ گرتن و سزادانی بەناو یاسایی خەڵکانی ئازادیخواز و جەماوەری ناڕازی، بۆیە دامەزراوەی دادگا لە هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ هەموو ئیدیعایەکدا بۆ سەربەخۆیی بەڵام بەهیچ شێوەیەک سەربەخۆ نەبووە و حزبەکانی فەرمانڕەوای کوردستان چۆنیان و یستبێ ئاوا بەکاریان ھێناون بەقازانجی بەرژەوندی خۆیان. داسەپاندنی سزای قورسی شەش ساڵە بەبێ بەڵگەی یاسایی بەسەر چەند ڕۆژنامەنوس و چالاکوانێکی دەڤەری بادیناندا، ئەم جارە بەڕەسمی ڕایان گەیاند کە بێ پەردە داگا و یاسا لەبەرژەوندی خۆیان بەکاردێنن لەمەودوا، هەروەک حزبی بەعس خاوەنی “مەحکەمەی سەورە” و حاکمی وەک بەندەر عەواد بوو، ئەم دەسەڵاتەش هەر هەمان ڕێچکەی گرتووە. ئەمەش زەنگێکی زۆر مەترسیدارە چونکە ئەم حزبە فەرمانڕەوایانە دەیانەوێت ڕۆژنامەنوسان دەمکوتبکەن، چالاکوانان سەرکوتبکەن لە پێناو خامۆشکردن و کپکردنەوەی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری بێکار و برسی دژ بە دزینی سەروەتوسەرمانی ئەم وڵاتە. بەرژەوەندی فەرهودکردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە و ڕاگرتنی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان لە بێکاری و برسیەتی و هەژاریدا وا دەخوازێت کە ئازادی و ھەمومافەکانمان لێ زەوت بکەن، ئەم بەناو دادگایانەشیان بۆ ئەم مەبەستە خستۆتەگەڕ، نەک بۆ جێبەجێکردنی یاسا، چونکە ئەوەی کە بێ یاسایی گەورە ئەنجام دەدات سەرانی بەرپرسی حزبە فەرمانڕاواکانن و دەبێ ئەوان بدرێنە دادگا و محاسەبە بکرێن، نەک ئەوانەی داوای موچە و نان و کار و مافی خۆیان دەکەن و ناڕەزایەتی دەنوێنن. بەرگرتن بەم کارەساتە جگە لەپەرەپێدانی ناڕەزایەتیەکان و سەراسەریکردنەوەیان، خۆڕێکخراوکردنە لەڕێکخراوە سەربەخۆکانماندا چ ڕێکخراوەی پیشەیی بێت یان ڕێکخراوەی ناوەندەکانی ژیان و کار، تا بە ڕیزێکی یەکگرتوو بەگژ ئەم دەسەڵاتە بۆرژوازیە مافیاییەدا بچینەوە.

 

 

 

 

 

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.