ڕۆڵی چەپەکان وەک چاکترین مەکینەی پەرلەمانتاریزم،نەبوونی بەدیلێکی شۆڕشگێرلەهاندەری سەرەکی بوو خەڵکی بێ هیواکرد و ڕێگری لەگەشەی بزووتنەوەی چینایەتی کرد !

0

لەگۆشەی چاوپێکەوتندا سەبارەت بارودۆخی کرێکارو زەحمەتکێشانی عێراق و کوردستان هەروەها سەبارەت چارەسەر وچ بکرێت بۆئەوەی ئەنجامی سەرکەوتوو ئاکامی ناڕەزایەتی کرێکاری وجەماوەرییەکان لەهەمان کاتیشدا ڕێکخراوو حیزبەکان چ کارەن  کە دەچنە پەڕلەمان بۆچی بێ کاریگەرن لەڕوویی باشکردنی ژیانی کرێکاران وخەڵکی زەحمەتکێشەوە ؟ بۆ وەمدانەوەی هەریەکەلەمانە دیدارێکمان ئەنجامدا لەگەڵ یەکێک لەنووسەرو سیاسەتمەدارەکان ئەوێش بەڕێز ئەنوەر نەجمەدین . بفەروون لەگەڵ خوێندنەوەی بابەتەکە. 

ئامادەکردنی /ئاوات ڕەسوڵ 

 

ئەڵتەرناتیڤی شورایی  : بۆچی ناڕەزایەتی خەڵک ناتوانێت سەرکەوتوبێ لەهێنانەدی داواکارییە ڕەواکانیدا، ئایا پەیوەندیی بە هەبوونی دەسەڵاتی چەوسێنەرەوە هەیە لەکوردستان و عێراق؟

ئەنوەر نەجمەدین :خۆڕێکنەخستنی خودی پرۆلێتاریا لە شوێنی کاردا، خۆفرۆشتنی حوسالەکانی پرۆلێتاریا بە دوژمنە چینایەتییەکانی، دەنگدانەوەی شکستەکانی خەباتی ٢٠١٩ ی عێراق و ٢٠٢٢ و ٢٠٢٥ ئێران، یاریکردنی ئۆپۆزیسیۆن بە چارەنوسی بزووتنەوەی شۆڕشگێری بەتایبەت لە (گۆڕان)ەوە، جوڵەی بێهودەی مامۆستایان و قوتابیان لە سنووری دروشمی نەقابی و داخوازیی پیشەییدا، ڕۆڵی چەپەکان وەک چاکترین مەکینەی پەرلەمانتاریزم، نەبوونی بەدیلێکی شۆڕشگێر لە گۆڕەپانەکەدا، هاندەری سەرەکی بوو لەوەدا کە خەڵکی هیواکانیان بە ئۆپۆزیسیۆن و بزووتنەوەی هاوشێوەی ڕۆژاڤادا هەڵبواسن، ئۆپۆزیسیۆن و چەپ و ڕۆژاڤایش هیچ نەبوون ڕێگری گەشەی بزووتنەوەی چینایەتی نەبێت لەم ناوچەیەدا.

ئا ئەمانە هۆکاری سەرەکیین لە گەڕانەوەی ناوبەناوی بزووتنەوەی چینایەتییدا -بەتایبەت لە ئێران و عێراقدا بە کوردستانەکەیەوە.

ئەڵتەرناتیڤی شورایی  : زۆر جار دەگوترێ خەڵک پێویستە ڕێکخراوبکرێت، هاوڕای لەم بۆچوونە؟ ئەمە چۆن دەکرێ و پێویستە کێ ئەنجامی بدات؟ ئاکامی ناڕەزایەتی یەکان چۆن بەرەو باشتر دەچێ؟

ئەنوەر نەجمەدین : هەتا ئێستا خەڵکی زەحمەتکێش ئامرازێکی شۆڕشگێرانەیان نەدۆزیوەتەوە لە ڕێرەوی خەباتیاندا بۆ برەودان بە بزووتنەوەکەیان.

 

هەموو خۆپیشاندانێک بە زوویی پاشەکشە دەکات و هیچ ئاسۆیەکی چوونەپێشەوەی لەبەردەمدا نابێت، ئەگەر بەخێرایی لیژنەی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەکان دانەمەزرێنرێت و لە بزووتنەوەیەکی فراواندا ڕێکنەخرێت.

بەبێ خۆڕێکخستن، چینە هەژارەکە وەک هێزێکی پرشوبڵاوی ترسێنراوی چەواشەکراوی مەعنەوییەت داڕوخاو، دەبێتە کۆمەڵە تاکێک کە پەنا بۆ مۆدێرنیزم و سیکۆلاریزم و داخوازییە برجوازییەکان دەباتەوە و خۆی ڕادەستی حیزب و هێزەبرجوازییەکانی وەک نەوەی نوێ دەکات.

 

ئەڵتەرناتیڤی شورایی  : ئایا حزبەکان چ کارەن و هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆچی بێ کاریگەرە لە کۆمەڵگەی عیراقی و کوردیدا؟

 

ئەنوەر نەجمەدین :  خەباتی خودی چینە زەحمەتکێشەکە خۆی لەماوەی دەیەیەکی ئەم دواییەدا، نموونەیەکی پێشکەش نەکرد لە خەبات دژی سەرمایە لە شێوە چینایەتییە بەرزەکەیدا، گەرچی بەحەق بزووتنەوەی پرۆلێتاری ئێران چوونەپێشەوەی بەخۆیەوە بینی و مەترسیی گەشەسەندنی گەیشتە ئەو ئاستەی ئەمریکا و ئیسرائیل بەشداریی بکەن لە وەستاندنیدا لە ڕیگای جەنگێکی وەحشیگەرانەوە.

 

ئەوەیشی لە گۆڕەپانەکەدا دەبینرێت -خەباتی جووتیار و سەرمایەی بچووک دژی سەرمایەی بازرگانیی گەورە و بانکەکان، دژی مایەپووچ بوون لەبەردەم بازرگانیی دەرەوەدا- بە ئاسانی دەبێتە خۆراکی ئۆپۆزیسیۆن بۆ وەدەستهێنانی مەرامە سیاسییەکانی خۆیان لەسەر حیسابی تێشکانی بزووتنەوەی زەحمەتکێشان.

 

هەر ئا ئەو مەیلەیش بوو لە هەموو ناوچەکەدا، ڕاپەڕینەکانی لەژێر بەرگی ڕاپەڕینی میللیی و گشتییدا شاردەوە دژی ئۆرۆستۆکراسییە داراییەکان کە گەندەڵکاریی سەرچاوەی هەموو سامانەکەیانە.

 

بۆیە زۆر ئاسان توانرا زەفەر بە چینە ڕەنجکێشەکە ببرێت و بەشێوەیەکی وەختی، لە شەقامەکان دووربخرێتەوە و بەکێش بکرێتەوە بۆ ناو شانۆگەریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی.

خاڵێکی گرنگ کە نابێت لە  یاد بچێت، ئەوەیە:  کرێکارانی نەوت لە عێراقدا وەک ئێران، هەرگیز نەبونە هێزی جەماوەر، وە لەبری بەشداریی کردن لە خەباتدا، بارودۆخەکەیان بە هەلزانی بۆ داوای بەرزکردنەوەی موچەی تایبەت بە کارگەکانی خۆیان، ئەمە لەبری ڕابەرایەتی شەقام، ئەمەیش پارسەنگی هێزی لە بەرژەوەندیی دەسەڵات گۆڕی.

ئەو پارسەنگەیش لە خۆڕێکخستنی پرۆلێتاریا و بەشداریی سۆشیالیستەکانەوەیە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێرییدا بە ئامانجی لێدان لە بەرژەوەندیی سیستمی سەرمایە؛ نەک ڕیفۆرم کردنی لەژێرناوی مافی سەندیکایی و پیشەییدا کە وەک پەرلەمانتاریزم ڕێگری داخوازییە پرۆلێتارییەکان و خۆڕێکخستنی ئەو چینەیە لە کۆمیتە سەربەخۆکانی خۆیدا بۆ بەرگری لە خۆی و گەشەدان بە بزووتنەوەکەی و بەرزکردنەوەی دروشمەکانی بۆ ئاستی دروشمە سۆشیالیستییەکان.

ئەوانەیشی بە هەر ناوێکەوە ئەو دروشم و داخوازییانە دادەگرن بۆ ئاستی داخوازییە برجوازییەکان، ئەوانە هەمیشە لە خزمەتی دەسەڵاتدا دەمێننەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.