“یاسا لەژێر پێڵاوی حیزبدا

0
ريبوار ياسين فه تاح
دۆسیەی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی گەورەترین و ڕوونترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان (بە دیاریکراویش لە زۆنی زەرد)، دەزگای دادوەری تەنها ئامرازێکە بەدەست دەزگا ئەمنییەکان و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ تەسفیەکردنی ڕەخنەگران. لەبری ئەوەی یاسا پارێزەری مافی هاووڵاتییان بێت، بووەتە چەکێک بۆ سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و تۆڵەسەندنەوەی سیاسی. چیرۆکی شێروانی نیشانی دەدات کاتێک دەسەڵاتێک شکست دەهێنێت لە بێدەنگکردنی قەڵەمێک بە پارە و هەڕەشە، پەنا دەباتە بەر سیناریۆی دروستکراو و دادگایەکی “پێشوەختە بڕیاردراو” بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە لە زینداندا بیهێڵێتەوە.
سەرەتای ئەم شانۆگەرییە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ دەستی پێکرد، کاتێک شێروانی و چەند چالاکوانێکی تری بادینان (کە کاریان لەسەر ئاشکراکردنی گەندەڵی دەکرد) دەستگیرکران و لە شوباتی ٢٠٢١دا بە تۆمەتی هەڵبەستراوی “تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” سزای ٦ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا. ئەم دادگاییکردنە پڕ بوو لە پێشێلکاری، لەوانە بەکارهێنانی دانپێدانانی ژێر ئەشکەنجە و ڕێگریکردن لە پارێزەران. دوای ئەوەی بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی ماوەی سزاکەی کەمکرایەوە و بڕیار بوو لە ئەیلوولی ٢٠٢٣ ئازاد بکرێت، دەسەڵات سیناریۆیەکی نوێی بۆ دروست کرد؛ لە تەممووزی ٢٠٢٣دا، بە تۆمەتی “ساختەکردنی پەنجەمۆری هاوڕێکەی (گوهدار زێباری)” بۆ داواکارییەکی ئازادکردنی مەرجدار، ٤ ساڵی تری بەسەردا سەپێندرا، سەرەڕای ئەوەی گوهدار خۆی ڕایگەیاندبوو کە ڕەزامەندیی پێشوەختەی دابوو. ئەمە سەلماندی کە دادگا تەنها بیانوو دەهێنێتەوە بۆ مانەوەی لە زیندان.
سیناریۆکان بەمەش کۆتاییان نەهات؛ لە مانگی ئابی ٢٠٢٥، تەنها چەند هەفتەیەک پێش ئەوەی شێروانی لە سزای دووەمی ئازاد بکرێت (کە بڕیار بوو لە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ بێت)، دادگای کەتنی بنەسڵاوە بەپێی ماددەی ٢٢٩ی یاسای سزادانی عێراقی، سزای ٤ ساڵ و ٥ مانگی تری بەسەردا سەپاند، ئەمجارەیان بە تۆمەتی بێبنەمای “هەڕەشەکردن لە ئەفسەرێکی زیندان”. (ڕێکخراوی CPT و لێژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان CPJ دووپاتیان کردەوە کە ئەم دادگاییکردنە تەنها پشت بەستبوو بە شایەتیی خودی ئەفسەرەکە و پاسەوانەکان، و ژینگەی دادگاکە بە تەواوی سەربازی کرابوو بۆ تۆقاندنی پارێزەران و بنەماڵەکەی ). پارێزەرەکەی ئاشکرای کرد کە پێشتر هێزە ئەمنییەکان داوایان لە شێروانی کردووە کە لە بەرامبەر ئازادکردنیدا واز لە ڕەخنەگرتن بهێنێت، بەڵام کاتێک ڕەتی کردووەتەوە، ئەم سیناریۆ و سزایە “پێشوەختەیە”ی بۆ دەرکراوە.
مانەوەی شێروان شێروانی لە زیندان بەم شێوازە نایاسایی و مافیاییە، تەنها سزادانی کەسێک نییە، بەڵکو پەیامێکی تۆقێنەرە بۆ تەواوی کۆمەڵگەی کوردی کە “هەرکەسێک بڵێت نەخێر، یاسای بۆ دروست دەکەین تا بیڕزێنین”. ئەی ئەو گەلەی کە دەسەڵات یاسای کردووەتە قامچییەک بەسەر پشتتانەوە؛ بێدەنگبوون لە بەرامبەر زیندانیکردنی شێروانی، بە مانای قبوڵکردنی زیندانیکردنی ئازادیی خۆتان دێت. دادگایەک کە نەتوانێت سەربەخۆ بێت و بڕیارەکانی لە ژووری تاریکیی دەزگا ئەمنییەکانەوە بۆ بنووسرێت، شایەنی ئەوە نییە ڕێزی لێ بگیرێت. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەو دەسەڵاتە بهێنرێت کە بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی، یاسا دەکاتە ژێر پێڵاوەکانییەوە!
Leave A Reply

Your email address will not be published.