یاسا لە ژێر پێی حزبدا!

ريبوار ياسين فتاح
شێروان شێروانی؛ قوربانیی “دادگایەکی ڕاسپێردراو” و سیناریۆی دەزگا ئەمنییەکان.
“لێرە قەڵەمەکان سزا دەدرێن و چەکبەدەستەکان بڕیاری دادگا دەنووسنەوە!”
(شێروان شێروانی؛ قوربانیی سیناریۆیەکی سیاسی لە ژێر پەردەی یاسادا)
دادگایەک لە خزمەت کادێری حزبی؛ کاتێک “قانوون” دەبێتە کەرەستەی تۆڵەکردنەوە.
جارێکی تریش، دەسەڵاتی دادوەری لە هەولێر نەک هەر نەیتوانی عەدالەت بچەسپێنێت، بەڵکو بە شێوەیەکی ئاشکرا خۆی لە ناو ئەجێندای دەزگا ئەمنییەکان و بەرژەوەندییە حزبییەکاندا نوقم کرد. پەسەندکردنی سزای (3 ساڵ و 5 مانگ) زیندانی بۆ ڕۆژنامەنووس “شێروان شێروانی” بە تۆمەتێکی بێ بنەما و سیناریۆیەکی هەڵبەستراو، دوایین مسمار بوو کە لە تابووتی سەربەخۆیی دادگا درا.
ئەوەی لە ڕۆژی دادگاییکردنەکەدا بینرا، نەک دادگا، بەڵکو “سەربازگەیەک” بوو کە بۆ ترساندنی ئازادیخوازان دیزاین کرابوو. تیمی پارێزەران بە دەیان بەڵگەی یاسایی و لۆژیکییان پێشکەش کرد؛ لە کارنەکردنی کامێراکانی زیندانەوە تا دەگاتە نەبوونی هیچ بەڵگەیەکی مادی. بەڵام دادگای تەمیز، وەک ئەوەی فەرمانی پێشوەختەی بۆ هاتبێت، هەموو بەڵگەکانی پشتگوێ خست و تەنها بۆ ڕازیکردنی “بەرپرسێکی زیندان” و دڵخۆشکردنی سەرووی خۆی، سزاکەی وەک خۆی پەسەند کرد.
ئەم گاڵتەجاڕییە یاساییە کاتێک دەگاتە لوتکە کە دەبینین بڕیارەکە 70 ڕۆژ لە چەکمەجەکاندا شاراوەتەوە! بۆچی لە مانگی 1 دەرچووە و لە مانگی 4 دراوەتە پارێزەران؟ وەڵامەکە ڕوونە: ویستیان لە جەرگەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و شەڕی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلدا بڕیارەکە تێپەڕێنن، تا دەنگی ناڕەزایەتییەکان لە ناو ژاوەژاوی جەنگدا ون بێت.
ئەمە عەدالەت نییە؛ ئەمە “تۆڵەکردنەوەیەکی سیاسییە” کە بە پۆشاکێکی یاسایی داپۆشراوە. شێروان شێروانی تەنها قوربانیی قەڵەمەکەیەتی، بەڵام مێژوو ئەوەی لەبیر ناچێت کە چۆن دادگایەک ویژدانی خۆی بە دەزگا ئەمنییەکان فرۆشت. وەک کوردیش دەڵێت: “هەورە، دەمی گورگ چەورە”، بەڵام بزانن زیندان تەنها جەستە دەگرێت، نەک ئیرادەی ئازادی!

