ڕۆژی جیهانیی ژن و ئاسۆی یەکسانیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاندنی کۆمەڵە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژن

0
٨ی مارسی ئەمساڵ لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر سێبەری شەڕ و
ناسەقامگیرییەکی قووڵدایە. لە دۆخێکی ئاوا ئاڵۆزدا و لەم ڕۆژە مێژووییەدا جێگەی خۆیەتی کە زیاتر تیشک بخەینە سەر ئەو ڕاستییەی کە ژنان لە زۆربەی شەڕ و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکاندا یەکەم قوربانی و زیانمەندی بێدەنگ و سەرەکی بوون. شەڕ و ناسەقامگیری تەنها ژیانی ژنان ئاڵۆز ناکات، بەڵکوو زۆرجار مافە بنەڕەتییەکانیانیش دەخاتە مەترسییەوە. لە هەمان کاتدا دەبێ ئەو ڕاستییەش زەق بکرێتەوە کە لە کوردستان، ژنان لە مێژووی هاوچەرخدا، بە تایبەت دوای شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»، بوونەتە یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیەکان. ئەم شۆڕشە نیشانیدا کە ژنان تەنها قوربانیی ستەم و نایەکسانی نین، بەڵکوو توانای ئەوەیان هەیە ببن بە هێزی سەرەکیی گۆڕان و بناغەی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر.
بە شانازییەوە کۆمەڵە لە ماوەی مێژووی خەباتی خۆیدا، بەشێکی گرینگ و کارا بووە لە خەباتی مافخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژنان لە کوردستان و ئەمڕۆش و لە دۆخی هەستیاری ئێستادا، کۆمەڵە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ کە دەوری خۆی بە شێوەیەکی کاریگەر بگێڕێت لە دروستکردنی ئەو بەستێنەی کە بتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ گەیشتن بە کوردستانێکی یەکسان و دادپەروەر. کوردستانێک کە لە دوای نەمانی دەسەڵاتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بتوانێت بناغەی سیستەمێکی دیموکراتیک و یەکسانیخواز دابنێت.
لە دۆخی هەستیاری ئەمڕۆدا، ئەرکی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ژنانە کە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی بگرنە ئەستۆ. پێویستە هەر لە ئێستاوە کار بکرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو خەسارانەی کە تا ئێستا سیستەمی تونداژۆ و دژە ژنی کۆماری ئیسلامی لە ژنانی داوە. ئەم خەسارانە بەهۆی دۆخی شەڕ و ناسەقامگیرییەوە دەتوانن زیاتر و قووڵتر ببن، بۆیە پێویستە هەوڵێکی هاوبەش و بەرنامەدار بدرێت بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان. یەکێک لە هەنگاوە هەرە گرینگەکان بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی مافەکانی ژنان، بەدامەزراوەیی کردنی ڕۆڵی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردانی سیاسییە. هەروەها پێویستە بەرنامەیەکی ڕوون و سیاسەتێکی دیاریکراو دانرێت بۆ دڵنیابوون لە یەکسانیی لە داهاتووی کوردستاندا. بێگومان بێ بەشداریی کاریگەر و بەردەوامی ژنان لە ڕێکخستن و بڕیاردان، هیچ پڕۆژەیەکی دیموکراتیک ناتوانێت بە شێوەیەکی تەواو سەرکەوتوو بێت.
کۆمەڵگەی کوردستان هاوکات لەگەڵ خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی، دەبێ خەبات بۆ ڕیشەکێش و بن بڕ کردنی هەموو جۆرە ستەم و نایەکسانییەکی دیکەش بکات. بۆیە یەکسانیی ڕەگەزیی دەبێ ببێتە یەکێک لە ئاجێندا سەرەکییەکانی خەباتی کۆمەڵگە.لە ڕاستیدا، کوردستان کاتێک دەتوانێت گەیشتن بە ڕزگاریی ڕاستەقینە و تەواو تاقی بکاتەوە کە بناغەکانی یەکسانیی تێیدا بە باشترین شێوە دامەزرابن و لە باڵاترین ئاستدا جێگیر کرابێت. کۆمەڵگایەک کە تێیدا هەموو ئینسانەکان، بە ڕەگەز، ڕەنگ و ناسنامە جیاوازەکانەوە، دەرفەتی یەکسان بۆ پێشکەوتن و پشکووتنیان هەبێت و بتوانن لە ژیانێکی ئاسوودە و شایستە بەهرەمەند بن.
شکۆدار بێت ٨ی مارسی، ڕۆژی جیهانیی ژنان
ژن، ژیان، ئازادی
کومیتەی ناوەندیی
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٨ی مارسی ٢٠٢٦
Leave A Reply

Your email address will not be published.