شێروان شێروانی لە زینداندا دەتوێتەوە، کۆمەڵگاش لەناو وەهمی ناسیۆنالیزمدا خنکاوە!

زمناکۆ عزیز
مرۆڤ تووشی تەنگەنەفەسییەکی کوشندە دەبێت کاتێک دەبینێت شێروان شێروانی کەوتووەتە ناو چەرخی هاڕینی دەسەڵاتێکەوە، کۆمەڵگاش بێباکانە سەیری توانەوەی ڕۆڵەکانی خۆی دەکات.
ئەم تەنگەنەفەسییە، تەنیا کاردانەوەیەکی سۆزداری نییە، بەڵکوو خنکانی ویژدان و ئیرادەی کۆمەڵگایەکە کە لەناو دەستی ئۆلیگارشییەکی مافیاییدا دیل کراوە. شێروان، ئەو گەنجە خێر لەخۆنەدیوەی بادینان، زیاتر لە ١٣ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە. جەستەی ئەو سات بە سات لەناو زیندانەکانی جووت بنەماڵەدا دەتوێتەوە، لە کاتێکدا بێدەنگییەکی قێزەون و شەرمهێنەر باڵی بەسەر شەقامەکاندا کێشاوە.
ئەم دۆخە نە کەمتەرخەمییەکی کاتییە و نە ڕێکەوت، بەڵکوو دەرەنجامی حەتمیی ئەو وەهمە ئایدیۆلۆژی و چینایەتییەیە کە دەسەڵات بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندوویەتی. کاتی ئەوە هاتووە ئەم بێدەنگییە بشکێنین و تەنگەنەفەسییەکەمان بکەینە گەردەلوولێکی واقیعی.
١. دووڕوویی ناسیۆنالیزم: بۆچی بۆ ڕۆژاوا دەڕژێنە شەقام، بەڵام بۆ شێروان نا؟
چۆن دەبێت کۆمەڵگایەک ملیۆنێک مرۆڤ بڕژێنێتە سەر شەقام بۆ پشتیوانیی ڕۆژاوا، بەڵام نەتوانێت دەیەکی ئەوە بۆ ئازادکردنی ڕۆڵەیەکی خۆی بجوڵێنێت؟
دەسەڵاتی ناوخۆیی (جووت بنەماڵە) تەنیا ڕێگە بەو ناڕەزایەتییانە دەدات کە مەترسی بۆ سەر سەرمایە و کورسییەکانیان دروست ناکەن. کاتێک خەڵک بۆ ڕۆژاوا دەڕژێتە سەر شەقام، تووڕەییەکە ئاراستەکەی بەرەو دەرەوەیە. دەسەڵات ئەمە وەک جۆرێک لە بەتاڵکردنەوەی وزەی ڕادیکاڵی خەڵک بەکاردەهێنێت لەژێر پەردەی “هەستی نەتەوەیی”دا. بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر شێروان شێروانی، هاوکێشەکە بەتەواوی سەرەوژێر دەبێتەوە! لێرەدا، دەسەڵات هەموو هێزی پۆلیسی، میدیایی و دادگاکانی دەخاتە گەڕ بۆ سەرکوتکردنی هەر جووڵەیەک، چونکە شێروان پەنجەی خستووەتە سەر قۆرخکاریی ناوخۆیی و جەوهەری ململانێیەکی گەورەی ئاشکرا کردووە. کۆمەڵگاش بەهۆی نەبوونی هێزێکی پێشڕەوی ڕاستەقینە و سەربەخۆوە، لەبەردەم ئەم تیرۆرە ناوخۆییەدا ئیفلیج بووە.
٢. دادگا وەک جەللاد: تیرۆری نوێی سەردەشت عوسمان
مەگەر کەس هەیە نەزانێت ئەمە دادگاییکردنێکی تەواو سیاسییە؟
ئاخر لەژێر سایەی ئەم فاشیزمە ناوخۆییەدا، “دادگای سەربەخۆ” گەورەترین درۆیە بۆ خەڵەتاندنی مرۆڤە سادەکان. دەوڵەت و دادگاکانی، تەنیا ئامرازێکی سەرکوتکەرن بە دەست چینی دەسەڵاتدارەوە بۆ لەناوبردنی نەیارەکانیان.
شێروان هیچ تاوانێکی نەکردووە، ئەو تەنیا باجی بوێرییەکەی دەدات. ئەمە ڕێک و دروست هەمان سیناریۆی سەردەشت عوسمانە، بەڵام بە فۆرمێکی مۆدێرنتر و قێزەونتر!
سەردەشت عوسمانیان بە فیشەکێک تیرۆر کرد و جەستەیان فڕێ دایە سەر شەقام، بەڵام لە کەیسی شێرواندا، دەسەڵات فێڵبازتر بووە؛ ئەوان دەیانەوێت لەژێر پەردەی “یاسا” و بە چەکووشی “دادوەرە حیزبییەکان”، شێروان بە هێواشی لەناو زینداندا تیرۆر بکەن. ئەم تیرۆرە یاساییە و خنکاندنی کەسێک لەناو چواردیواردا بەناوی یاساوە، زۆر لە تیرۆری سەر شەقام مەترسیدارترە، چونکە دەیەوێت شەرعیەت بە کوشتن بدات.
٣. لێدانی شادەماری ئابووری: نافەرمانیی مەدەنیی جەماوەری
ئۆلیگارشیی حوکمڕان لە پاڕانەوە و بەیاننامە ناترسێت، بەڵکوو تەنیا لە زمانی قازانج و زیان تێدەگات. بۆ ئەوەی ئەم تووڕەییە بگۆڕین بۆ زەبرێکی واقیعی، دەبێت شەڕەکە ببەینە ناو جەرگەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دەسەڵاتەوە.
کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگا ژمارەی زۆری خۆی وەک چەکێکی شۆڕشگێڕانە بەکاربهێنێت و لە ڕێگەی نافەرمانیی مەدەنیی جەماوەرییەوە بڕیاری بڕینی شادەماری ئابووریی ئەم سیستەمە بدات. ئەمەش بە ڕێکخستنی کەمپینی بەرفراوان بۆ پێنەدانی باج، بایکۆتکردنی پارەی ئاو و کارەبا، و ڕەتکردنەوەی پێدانی هەر سەرانەیەک بە حکومەتێک کە جگە لە زیندان و سەرکوتکردن هیچ خزمەتگوزارییەک نادات. تەنیا کاتێک گیرفانەکانیان هەڕەشەی تێدەکەوێت و دەبینن دەسەڵاتەکەیان لە خوارەوە ئیفلیج کراوە، تێدەگەن کە مانەوەی شێروان لەسەریان چەندە قورس دەکەوێت.
٤. جووڵاندنی کارتی تاراوگە و گەمارۆی نێودەوڵەتی
دەبێت ئەم خەباتە مەیدانییە لە ناوخۆوە گرێ بدەینەوە بە بەرەیەکی بەهێزی دەرەکییەوە. دەسەڵاتی ناوخۆیی باکی بە ڕای گشتیی کوردستان نییە، بەڵکوو تەنیا لە ئابڕووچوونی دیپلۆماسی لەبەردەم ئەو وڵاتانە دەترسێت کە پارە و شەرعیەتی پێ دەدەن. لە تاراوگە، مەوادی مرۆیی و یاسایی تەواومان لەبەردەستدا هەیە. ئەو کەس و لایەنانەی کە ئێستا لە دەرەوە خەریکی جووڵاندنی کەیسەکانی گەندەڵین دژی بەرپرسانی هەرێم لە دادگاکانی ئەوروپا و ئەمریکادا، دەبێت ئەم تۆڕە یاسایی و دیپلۆماسییانە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی دەنگی شێروان و زیندانیانی بادینان بەپەلە بگەیەننە دادگا نێودەوڵەتییەکان. دەبێت ئەو تیرۆرە بێدەنگەی ناو چواردیوارەکان بکرێتە کابوسێکی یاسایی بۆ جووت بنەماڵە، و ماسکی “دیموکراسییەت”یان لە پایتەختەکانی ڕۆژئاوا بەتەواوی لەسەر دەموچاو داماڵرێت.
٥. مانگرتن لە خواردن: مانەوە لە ژیان گەورەترین تۆڵەیە لە جەللاد!
کاتێک سەیری چەکی مانگرتن لە خواردن دەکەین، هاوکێشەکە لە قوربانیدانی شەخسییەوە دەگۆڕێت بۆ پرسێکی تەکتیکی و شەڕێکی گەورەتر. دەسەڵات ڕێک ئەوەی دەوێت کە شێروان بە بێدەنگی لە زینداندا بپووکێتەوە و بمرێت، بۆ ئەوەی دواتر بیخەنە ئەستۆی “تێکچوونی باری تەندروستی”.
ژیان و جەستەی تێکۆشەرێک موڵکی شەخسیی خۆی نییە، بەڵکوو چەکێکی زیندوی دەستی بزووتنەوەکەیە. بەردەوامبوون لە مانگرتن تا مەرگ لەبەردەم دەسەڵاتێکی فاشیدا کە کۆمەڵگاکەی لە دەرەوە ئیفلیج کراوە، خزمەتکردنە بە سیناریۆی جەللاد. بۆیە شکاندنی مانگرتنەکە لە کاتی گونجاودا، نەک هەر شکست نییە، بەڵکوو باڵاترین بڕیاری ئازایانە و شۆڕشگێڕانەیە. شکاندنی مانگرتن پاشەکشەی تەکتیکییە. ئەمە تەسلیمبوون نییە، بەڵکوو بڕیارێکە بۆ مانەوە وەک کابووسێک بەسەر سەری دەسەڵاتەوە. دەبێت بە شێروان بگوترێت: مەرگی بێدەنگی تۆ ئاواتی ئەوانە، بەڵام مانەوەت لە ژیاندا گەورەترین زەبر و تۆڵەیە کە دەتوانیت لە جەللادەکانی بدەیت؛ بژی بۆ ئەوەی شایەتحاڵ و چەکی بەردەوامی ئەم شەڕە بیت!