ئەنفال – تاوانێک کە مێژوو هەرگیز لە بیر ناکات

0

وەلید محەمەد سلێمان

 

ئەنفال ئەو تاوانە گەورەیە بوو کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی فاشیستی ئەنجامدرا، بۆ کۆمەڵکوژی و سڕینەوەی گەلی کوردستان. تاوانی ئەنفال لە شوباتی ساڵی 1988 دەستی پێکرد و تا 6ی مانگی ئەیلولی هەمان ساڵ بەردەوام بوو.

تاوانی ئەنفال پێشتر بەرنامەی بۆ دانرابوو. ڕژێم سەردانی ناوچەکانی کرد بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و ڕێکخستنی هێرشەکان. دواتر هێرشەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیک جێبەجێکران. ئەم تاوانە بە چەندین قۆناغ ئەنجامدرا کە هەر یەکێکیان ناوچەیەکی فراوانی کوردستانی گرتەوە، لەوانە:

قۆناغی یەکەم: ئەنفالی دۆڵی جافایەتی دوای ئەوەی ڕژێمی بەعسی فاشیستی لە17ی تشرینی یەکەمی1987ی سەرژمێری دانیشتوانی عێراقی ئەنجامدا، لە پاش چوار مانگ یەکەم قۆناغی ئەنفال لە کوردستان لە شەوی 23ی شوباتی 1988دا لەدۆڵی جافایەتی دەستی پێکرد، کە ئەم شوێنانەی گرتەوە (دوکان، بنگرد ، چوارتا، قەڵاچولان، سەرچنار، سورداش، زێی بچوک، ئەزمەڕ، سوسێ، ماوەت، سەرگەڵوو و بەرگەڵو)، لە18ی سێی 1988ی کۆتایی بەم قۆناغەی ئەنفال هات.

قۆناغی دووەم: ئەنفالی قەرەداغ لە 22ی ئازاری 1988ی تاوەکو نیسانی 1988ی خایاند، ئەم شوێنانەی گرتەوە (چیای گڵە زەرد، بازیان، قەرەداغ، دەربەندی خان، زەرایەن، عەربەت …).

قۆناغی سێیەم: ئەنفالی گەرمیان لە حەوتی نیسانی1988ی تا بیستی نیسانی 1988 بوو. ئەم قۆناغە لە هەموو قۆناغەکانی تر کارەساتبارترو زیانبەخشتر بوو، چونکە 70 بۆ 80 هەزار کەس لەم قۆناغەی ئەنفالدا بێسەروشوێن کران. ئەنفالی گەرمیان ئەم شوێنانەی گرتەوە (دوزخورماتوو، کفری، کەلار ،دەربەندیخان، چیاکانی قەرەداغ، تەکیە، چەمچەماڵ، قەرەهەنجیر، قادرکەرەم، سەنگاو، ئاخجەلەر …).

قۆناغی چوارەم: ئەنفالی حەوزی زێی بچووکە لە سێ تا هەشتی پێنجی1988ی خایاند، ناوچەیەکی فراوانی لە باکووری ئەو رێگا گشتیەی گرتەوە کە شاری کەرکوک بەشاری سلێمانی دەگەیەنێت، هەروەها باشووری رێگای نێوان کۆیە-دەریاچەی دوکانیشی گرتەوە. ئەم قۆناغە ئەم شوێنانەشی گرتەوە (شوان، شیخ بزێنی، دەشتی کۆیە، گۆپ تەپە، عەسکەر، دێگەڵە، ئاڵتون کۆپری …).

قۆناغەکانی ئەنفالی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم: لە پانزەی مانگی پێنج تا 26ی ئابی 1988ی خایاند کە دۆڵی نێو چیاکانی شەقڵاوە و ڕواندزی گرتەوە، کەتێدا ڕژێمی بەعس گوندەکانی (بالیسان، بالوکاوەو، قەتێی …) کیمیا بارانکرد. لەم قۆتاغەدا زیاتر لە 52 گوندی ناحیەی خەلیفان و خۆشناوەتی و ڕەواندوز وێرانکران. هەروەها، ناوچەکانی چۆمان، شاخی قەندیل ڕانیە،چوارقوڕنە،هیزۆپ،شاخی باوەجی گرتەوە.

قۆناغی کوتایی (ئەنفالی بادینان): ئەنفالی بادینان لە25ی ئاب تا 6ی ئەیلولی1988 بەردەوام بوو، کە بەهێرشی کیمیاویی لە سنووری باکوورو باشووری کوردستان دەستی پێکرد. ئەم قۆناغە ناوچەکانی (دهۆک، زاخۆ، کانی ماسی، زێوە، دێرەلوک، ئەتروش، زاویتە …)ی گرتەوە.

مەبەست لەتاوانی ئەنفال چی بوو؟
١- داگیرکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترولی گەلی کوردستان بوون.
٢- بایەخی جوگرافیای سیاسی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە داگیرکاران هەمیشە بەچاوێکی زۆرەوە سەیری بکەن و هەموو کاتێک لە سەنگەردا بن بۆ لەناو بردنی گەلی کوردستان.
٣- گەلی کوردستان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە وەک بەربەستێک لە بەردەم یەکێتی نەتەوەیی عێراق دەبینرا، بۆیە هەموو کات وایان دەبینی کێشەی گەلی کوردستان مەترسیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق.
٤- سایکۆلۆژی سەرکردایەتی ڕژێمی بەعسی فاشیستی لەبەر گەلێک هۆی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ، هەر لە سەرەتاشەوە نیەتێکی شەرخوازیان هەبوو، ئەمەش وای کرد کەماوەی دەسەڵاتەکەیان خوێناوی بێت و هەمیشە خەریکی خوێن ڕشتن بن.

هەمیشە داگیرکەران و دۆژمنانی گەلی کوردستان هەوڵیانداوە بە دڕندەترین شێوە تاوان دژی گەلی تێکۆشەری کوردستان ئەنجامبدەن، بۆ ئەوەی خەبات و تێکۆشانیان بێدەنگ و لاواز بکەن. سەڕەرای تاوانەکانیان، هەمیشە داگیرکەران لە زەریای خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستاندا خنکاون و گەلی کوردستان هەر بە سەربەرزی مایەوە.

بەداخێکی گرانەوە، ڕژێمی بەعسی فاشیستی لەم کردەوەیەدا بەدڕندەترین شێوە ڕووبەرووی گەلی کوردستان بووە و بە یەکێک لە خراپترین هێرش بۆ سەر مرۆڤایەتی دادەنرێت. لەم شاڵاوەدا زیاتر لە 182000 کەس بێسەروشوێن کران و زیاتر لە 5000 گوند بە تەواوی خاپورو وێرانکران. ئەوەی جێی نیگەرانیە تائێستا حکومەتی عێراقی فیدڕال خزمەتی کەس و کاری ئەنفالەکانی وەک پێویست نەکردووە، قەرەبوو نەکراونەتەوە، تا ئێستا روفاتەکانیان نەگەراونەتەوە و لە بیابانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن. هەروەها کۆمەڵکوژیی لەسەر ئاستی جیهان بە جینوساید نە ناسراوە.

ئەوەی جێی نیگەرانیە، لەکاتی ئەنجامدانی تاوانی ئەنفال، هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کاریگەر نەبوو، چونکە بەرژەوەندیان لەگەڵ ڕژێمی بەعسی عێراق هەبوو. تاوانی ئەنفال گەورەترین تاوانی دژی مرۆڤایەتی بوو لەسەدەی رابردوودا، ئەم تاوانە گەورەیە لە بەرامبەر گەلێک ئەنجامدرا کە تاوانیان تەنها ئەوەبوو، لەپێناو خاک و مافەکانی خۆیان تێدەکۆشان.

تاوانی ئەنفال برینێکی قووڵ و کاریگەری گەورەیە کە هەرگیز لە یاد ناچێتەوە، بۆیە پێویستە بەردەوام لە ناو بیرو هوشیاریی نەتەوەیی و جیهانی دا بە زیندوویی بمێنێت، بۆ ئەوەی وەک نموونەیەکی ڕوون لە پێداچوونەوەی دادپەروەری و پاراستنی مافە مرۆییەکان خزمەت بکات، پێویستە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە بکرێت.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.