پەڕلەمانتاری دزو یاسا شکێن ناتوانێت ژیانی هەژاران چاک بکات!

0
 ريبوار ياسين فتاح
پەرلەمانتارانی کوردستان ساڵێکە تەنها سوێندێکیان خواردووەو یەکی ٦٩ ملیۆن دیناریان وەرگرتووە
ماوەی زیاتر لەساڵێکە، پەرلەمانتارانی کوردستان سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام تا ئێستا یەک دانیشتینیشیان ئەنجام نەداوە، کۆی ئەو ٩٧ پەرلەمانتارەی سوێندی یاساییان خواردوەو دەوامی پەرلەمانیان نەکردووە، بە ٩ مووچە، ٦ ملیارو  ٧٢٢ ملیۆن دیناریان وەرگرتووە
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە٢٠/١٠/٢٠٢٤ ئەنجام دراو لە ٢/١٢/٢٠٢٤دا پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خواردو مووچەیان بۆ حساب کراوە تەنها موچەی مانگی ١٢یان وەرنەگرتووە، چونکە ھیچ فەرمانبەرێک وەرینەگرتووە، بەڵام لەمانگی یەکەوە ھەتا مانگی نۆ موچەیان وەرگرتووە، لەم مانگەشدا موچەی مانگی دە وەردەگرن، کە بۆ ھەر مانگێگ ٨ ملیۆن‌و ٢٠٠ ھەزار دینار وەردەگرن لەبنەڕەتدا، بەڵام دەرماڵەیەک ھەیە پێیدەڵێن دەرماڵەی لیژنە، کە ٥٠٠ ھەزار دینارە، بەھۆی ئەوەی ھیچ پەرلەمانتارێک ئەندامی لیژنە نیەو لیژنە پێکنەھاتووە وەریناگرن، واتە ٧ ملیۆن‌و ٧٠٠ ھەزار دینار وەردەگرن، بڕی سێ سەد ھەزار دینارییان لێوەردەگیرێت بەھۆی خزمەتگوزاریی ئەو شوقەو خانوانەی تێیدا دەژین وەک پەرلەمانتار”.
بۆ ھەر ئەندام پەرلەمانێک ٧ ملیۆن‌و ٧٠٠ ھەزار دینار وەربگرێت بۆ ٩ مانگ دەکاتە ٦٩ ملیۆن‌و ٣٠٠ ھەزار دینار کە لەم خولەدا وەریگرتووە بەبێ ئەوەی لەپەرلەمان بووبێت، ٩٧ پەرلەمانتار سوێندی یاساییان خواردوەو مووچە وەردەگرن واتە ٩٧ پەرلەمانتار لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا، ٦ ملیارو  ٧٢٢ ملیۆن دینارو ١٠٠ هەزار دیناریان وەرگرتووە”.
پێویستە پەرلەمان بەزوویی کارابکرێتەوە، چونکە داخستی پەرلەمان بەبێ بوونی پاساوێک بۆتە عەیبە، ھیچ شوێنێک نیە پەرلەمانەکەی بەبێ بوونی پاساو داخرابێت، بۆ ئەمەش بەرپرسیارێتی گشتی لەئەستۆی پەرلەمنتاراندایە، دەبێت وەڵامی خەڵکی کوردستان بدەنەوە کە بونەتە خاوەنی ئیمتیازاتی مادیی‌و مەعنەویی لەپەرلەمانی کوردستان، لانیکەم ھەوڵەکانیان چین بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستانی روونکەنەوە کە چییان کردووە یان چییان پێدەکرێت”.
بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاوەنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستانە، ئۆباڵی کارانەکردنەوەی پەرلەمان دەخاتە ئەستۆی یەکێتی‌و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن.
 من خۆم باوەڕم بە سیستەمی پەڕلەمانی نیە. پێموایە هیچکات کریکاران و هەژاران لەڕێگای پەڕلەمانەوە ناتوانن دونیایەکی باشتر بۆ خۆیان و کۆمەڵگا بەدەستبێنن، چونکە پەڕلەمان تەنها بۆ پارێزگاریکردنی سەمایەداران کاردەکات و یاساکانیشیان لەبەرژەوەندی ئەوانە. بەرای من پەڕلەمان یەکێکە لە ڕێگرە سەرەکیەکانی بەردەم ئاڵۆگۆڕی شۆڕشگێڕانە لەلایەن کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە، هەربۆیە بۆرجوازی برەو بە سیستەمی پەڕلەمانی دەدات. ئەگەر لە هەندێ وڵاتیشدا پەڕلەمان یاسای لەبەرژەوەندی چینی کرێکار دەرکردبێت ، ئەوە بەهۆی یەکگرتن و ڕێکخرابونی کریکارانەوە بوە.
هەرچەندە لە وڵاتانی ئەوروپا و بەشێکی زۆری وڵاتە سەرمایەدارە پێشکەوتوەکاندا پەرلەمان کەم تا زۆر توانیویەتی چاودێری کارەکانی حکومەت بکات و کەسانی یەکەمی حزبەکان لەناوپەڕلەماندا بەشداریان کردوە و توانیویانە پابەندبن بەو یاسایانەی کە خۆیان دەریدەکەن، هەوڵدەدەن کە حکومەت ئەو یاسایانە جێبەجێ بکات، بەڵام هیچکات لە ڕێگای پەڕلەمانەوە ئاڵوگوڕێکی ئەتو ڕونادات کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کریکارو زەحمەتکێش بێت بەگشتی.

 

بەڵام پەڕلەمانی کوردستان هیچ پەیوەندی بەو سیستەمەوە نیە کە ناو نراوە پەڕلەمان. ئەوەی لەکوردستان هەیە پەڕلەمان نیە، بەڵکو دەزگایەکی کارتۆنیە و هیچ دەسەڵاتێکی نیە. “پارتی و یەکێتی”پەرلەمانیان بۆ ئەوە دروستکردوە کە بە جیهان بڵێن ئێمە لە ڕێگای دەنگدانەوە و بە شێوەیەکی دیموکراتی دەسەڵاتمان گرتوە. چونکە خۆشیان باشدەزانن، ئەوەی دروستیان کردوە پەڕلەمان نیە، بەڵکو دیوەخانێکە و کۆمەڵێك موریدی حزبەکانی تێدایە و مۆر لە سیاسەتەکانی ئەوان دەدەن. چونکە ئەگەر سەرانی یەکێتی و پارتی پەڕلەمانیان بۆ گرنگ بوایە بێگومان بێجگە لەوەی کە کەسانی یەکەمی حزبەکان تیایدا بەشدار دەبوو، ئەوکاتە لەبەر کەسە نزیکەکانی خێزانی بەرزانی و تالەبانی بەر موریدە لاکەوتەکانی دەرجە سێیی حزبەکان نەدەکەوت.
پەڕلەمانتارەکانیش خۆشیان باش دەزانن کە پەڕلەمان هیچ دەسەڵات و گرنگیەکەی نیە لای حزبەکانیان، بۆیە ئەوانیش پەڕلەمان وەک چاخانەیەک سەیردەکەن، بێجگە لەوەی کاتی بەتاڵی خۆیانی تیابەسەردەبەن، پارەیەکی باشیشیان لێ دەست دەکەوێت.
هەربۆیە بەشێوەیەکی یاسایی کەوتونەتە دزینی سەروەتی خەڵکی هەژاری کوردستان، ئەویش بەیاساییکردنی موچەیەکی خەیاڵی بۆ خۆیان، کە موچەکەیان ٢٠ قاتو ٣٠ قاتی مووچەی ئەو مامۆستایەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەوانی فێری نوسین و خوێندنەوە کردوە. یاخود موچەکانیان ٤٠ قاتو ٥٠ قاتی کرێی کرێکارێکی ژینگەپارێزە کە ئەگەر ئەوان نەبن ژیان لە خەڵك هەراسان دەبێت. پەڕلەمانتاران و دەسەڵاتدارانی حزبەکان باش دەزانن کە ئەم جیاوازی موچەیە بەو شێوەیە لەهیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا وجودی نیە. جا بۆیە ئەگەر پەرلەمانتارێک ئەوە بەهەقی خۆی بزانێت کە خۆی مانگانە بەیاسایی موچەیەکی خەیاڵی وەرگرێت و چەندەهای تریش بەدزی و چەپڵەلێدان بۆ دزە گەورەکان وەرگرێت، بیگومان نەک هیچکات لەبەرژەوەندی خەڵکی هەژاری کوردستان نایەتەدەنگ، بەڵکو ئەویش کەسێکە لە دزەگەورەکان و ئەگەر لەوان تاوانبارتر نەبێت وەک ئەوان تاوانبارە، چونکە بەئاشکرا بەجیهان دەڵێت ئێمە دەوڵەتێکی دیموکراتین و کێشەکانمان لە پەڕلەمان چارەسەر دەکەین و دەتوانین “دەبە ئاو و قۆندەرە ” بگرینە سەرۆک پەڕلەمانەکەمان!

 

پەرلەمانتارانی کوردستان خۆیان ئەو یاسایانەی دەریدەکەن باوەڕیان پێی نیە و یەکەمین کەسانێکن کە یاساکە پێشێل دەکەن. بە گوێرەی یاسای هەموارکراوی ژمارە ١٥ی سالی ٢٠٠٨ ی پەرلەمانی کوردستان هیچ پیاوێک بۆی نیە زیاتر لە ژنێک بهێنێت مەگەر ئەوەی کە ژنی یەکەم نەخۆش یان نەزۆک بێت و پیاو توانای دارایی هەبێت و بەڵێنی دادپەروەری بدات لە نێوانیان و لە سەروی هەموشیەوە دەبێت ژنی یەکەمی رازی بێت، بۆیە ئەگەر ئەو هۆکارانەش هەبێت و ژنی یەکەم رازی نەبێت ئەوا هێشتا پیاو ناتوانێت ژنی دوەم بهێنێت. بەڵام سەرۆکی یەکێک لە حزبەکانی بەشداربوو لەپەڕلەمان و ٧ ئەندام پەڕلەمانی ئەم خولە ژنی دوەم و سێهەم و چوارهەمیان هیناوە. خۆیان یاساکەی خۆیانیان پێشێلکردوە. هەروەها بەگوێرەی بڕیاریک کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەرچوە داربڕین بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، چەندەها کەسی هەژار بەم بڕیارە سزادراون، بەڵام پەڕلەمانتارێك لە ناوچەی شارباژێڕ بۆ هەنگوینی سروشتی بە سەدان داری بڕیوە، لەلایەن پۆلیسیشەوە هیچ لێپرسینەوەیەکی لینەکراوە. چونکە ئەندام پەڕلەمانە و حەسانەی هەیە.
پەڕلەمانتارانی عێراقیش زۆر لەوانەی کوردستان دزترو گەندەڵترن. ئەوەتا ئەوانیش بە گوێرەی ئەو یاسایەی کە خۆیان دەریان کردوە موچەیەکی چوار دەفتەر دۆلارییان بۆ خۆیان داناوە. زۆرجار دەنگەکانیشیان دەفرۆشن بەپارەیەکی خەیاڵی بە کوتلەو لایەنە سیاسیەکانی دیکە. سەرەڕای ئەمانەش هەندێکیان لە بازرگانی لەشفرۆشیەوە تێوەگلاون کە دەنگێکی دزە پیکراو کە لەبەینی دوو پەڕلەمانتاری عێراقی لەسەر کوتلەی “سائیرون “ی سەر بە “موقتەدا سەدر” ، رویداوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو کراوەتەوە، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە!

 

لەم بارەیەوە چەندەها نمونە هەیە کەدەیسەلمێنیت نە حزبەکان نە پەڕلەمانتارەکان لەبەرژەوەندی خەڵکی هەژاری عیراق وکوردستان کار ناکەن. هەربۆیە دەبێت خەڵکی عێراق و کوردستان گوی لە درۆی ئەم حزبانە نەگرن باوەڕ بە بەڵێنەکانیان نەکەن ، چونکە ئەمانە ئەو کەسانەن بەڵێن بە خەڵکی دەدەن کە ژیان باشتردەکەن، بەڵام دەبینین کابینە لەدوای کابینە ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە خراپەوە بۆ خراپتر دەڕوات. هەربۆیە نابێت هیچ چاوەڕوانیەکیان لەپەڕلەمان هەبێت، چونکە لەڕێگای پەڕلەمانە هیچ ئاڵوگۆڕێک ناکرێت تەنها چەند کەسێک دەچنە پەڕلەمان و ژیان و گوزەرانی خۆیان باش دەکەن و دەبن بە دەهۆڵکوتی حزبەکانیان. تەنها ڕێگایەک کە خەڵکی عێراق و کوردستان ڕزگاردەکات یەکگرتن و کۆبونەوەیانە لەدەوری یەکتر و هەوڵدانە بۆ لەناوبردنی هەمو ئەو سیستەمەی کەئەمرۆ لە عێراقدا کاری پێدەکرێت بە پەرلەمانیشەوە!
Leave A Reply

Your email address will not be published.