گۆڕانی پێکهاتەی چینی کرێکار و فۆرمە نوێیەکانی نامۆبوون لە سەرمایەداریی دیجیتاڵیدا

پێشەکی
یەکێک لە داهێنانە گرنگەکانی نەریتی مارکسیستی توانای شیکردنەوەی سەرمایەدارییە بە شێوەیەکی دینامیکی وەک سیستەمێک کە بەردەوام فۆڕمی نوێی ئیستغلالکردن و زاڵبوون بەرهەم دەهێنێت.
لە سەردەمی پیشەسازیدا دابڕانی کرێکار لە بەرهەمی کارەکەی میحوەرێکی سەرەکی نامۆبوون بوو.
بەڵام لە سەردەمی دیجیتاڵیدا، نامۆبوون ڕەهەندی نوێی بەدەستهێناوە:
لە پرۆسەی ئەلگۆریتمییەوە تا تاکگەرایی پەیوەندییە کارییەکان.
ئەم نووسینە بە پشتبەستن بە چوارچێوەی تیۆری مارکس و دووبارە خوێندنەوەی لە ڕوانگەی بیرمەندانی هاوچەرخەوە،لە دوو میحوەر دەکۆڵێتەوە:
گۆڕانی پێکهاتەی چینی کرێکار و فۆرمە نوێیەکانی نامۆبوون.
1- گۆڕانی پێکهاتەی چینی کرێکار: لە پرۆلیتاریای پیشەسازییەوە بۆ پرۆلیتاریای دیجیتاڵی مارکس پرۆلیتاریای وەک چینێک پێناسە کرد کە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان نین و بە ناچاری هێزی کرێکاری خۆی دەفرۆشێت.
ئەم پێناسەیە هێشتا دروستە، بەڵام نموونە و فۆرمەکانی گۆڕاون.
1.1. لە پرۆلیتاریای پیشەسازییەوە بۆ پرۆلیتاریای پەرشوبڵاو
پرۆلیتاریای کلاسیک (Braverman, 1974): هاری براڤەرمان لە کتێبی (Labour and Monopoly Capital)دا نیشانی دا کە چۆن دابەشکردنی کار و کۆنترۆڵی بەڕێوەبردن لێهاتوویی کرێکارانی پیشەسازی تێکدەدات و لە کارگەکاندا چڕیان دەکاتەوە.
پرۆلیتاریای نوێ (ستاندینگ، ٢٠١١): لە چەمکی پرێکاریاتدا، گای ستاندنگ جەخت لەسەر سەرهەڵدانی چینێک دەکاتەوە کە هیچ ئاسایشی کار و مافێکی دامەزراو و هیچ ناسنامەیەکی چینایەتی جێگیر نییە. ئەم وێنەیە لەگەڵ کرێکارانی پلاتفۆرم و فریلانسەر و تەنانەت کارمەندانی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیاش دەگونجێت.
1.2. نموونەی کۆنکرێتی
کرێکارانی پلاتفۆرم: شۆفێرانی تاکسی ئینتەرنێت یان کوریەری ئەمازۆن خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی دیجیتاڵی (پلاتفۆرم) نین، بەڵکو لە کێبڕکێیەکی بێکۆتاییدا کاردەکەن کە ئەلگۆریتمەکان زاڵن بەسەریدا.
کرێکارانی پڕۆژە (فریلانسەر): وەک ستاندنگ دەڵێت، ئەم کرێکارانە بەردەوام ناسنامەی پیشەیی خۆیان لە “بازاڕی پڕۆژەدا” دروست دەکەنەوە.
کرێکارانی مەعریفە: تەنانەت لە کۆمپانیاکانی ئایتیشدا خاوەندارێتی زانست و ئەلگۆریتمەکان لە دەستی سەرمایەدا دەمێنێتەوە. ئەم دۆخە ئەوە دەردەخات کە پرۆلیتاریا لە سەردەمی دیجیتاڵیدا تەنیا کاری دەستی نییە، بەڵکو ڕێژەیەکی بەرفراوانی “کرێکاری مەعریفە” لەخۆدەگرێت.
2. نامۆبوونی نوێ: چوار ڕەهەندی مارکسی لە سەرمایەداریی دیجیتاڵیدا
مارکس لە چوار ئاستدا پێناسەی نامۆبوون دەکات. ئەم ڕەهەندانە نەک هەر لە سەرمایەداریی دیجیتاڵیدا نەماون، بەڵکو ئاڵۆزتر و نامەعنەوتر بوون.
2.1. نامۆبوون لە بەرهەمی کار
کلاسیک: کرێکاری پیشەسازی بێبەش بوو لەو بەرهەمەی کە دروستی دەکرد.
مۆدێرن: ئەمڕۆ بەرهەمی کاری فیکری وەک نەرمەکاڵا یان ئەلگۆریتم، دەبێتە موڵکی تایبەتی کۆمپانیاکە و تەنانەت بۆ کۆنترۆڵکردنی خودی کرێکاریش بەکاردێت. ئەم دۆخە نموونەی ئەوەیە کە دەیڤید هارڤی پێی دەڵێت “کەڵەکەبوون بە زەوتکردن”.
2.2. نامۆبوون لە پرۆسەی کار
کلاسیک: کرێکار ژێردەستەی ڕیتمی هێڵی بەرهەمهێنان بوو.
مۆدێرن: کرێکار کەوتۆتە ژێر “ستەمکاری ئەلگۆریتمی”، پرۆسەیەک کە تێیدا داتاکان بەدواداچوون بۆ ڕەفتاری کرێکار دەکەن و بەهایان پێدەدەن. براڤەرمان ئەم دیاردەیەی لە ئاستی “کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتی” شیکردەوە، بەڵام لە سەردەمی دیجیتاڵیدا ئەم کۆنترۆڵە بەرزکراوەتەوە بۆ ئاستێکی تەواو و نەبینراو.
2.3. نامۆبوون لە سروشتی مرۆڤ
کلاسیک: داهێنان لە کاری دووبارەبووەوەدا کورتکرایەوە.
مۆدێرن: ئایدۆلۆژیای نیولیبراڵ بە دروشمی “ئەوەی خۆشت دەوێت بیکە” هێڵی نێوان کار و ژیان کاڵ دەکاتەوە.
کرێکار نەک هەر ئیستغلال قبوڵ دەکات، بەڵکو بە بەشێک لە شوناس و شێوازی ژیانی خۆی دەزانێت. ئەمەیە کە هارڤی ناوی دەبات “ناوخۆکردنی لۆژیکی سەرمایە لە مێشکی تاکدا”.
2.4. نامۆبوون لە کرێکارانی تر
کلاسیک: پێشبڕکێ بۆ هێشتنەوەی کارێک لە کارگەدا.
نوێ: پلاتفۆرمەکان کێبڕکێ بە شێوەیەکی پێکهاتەیی بەرهەم دەهێننەوە. شۆفێران لەبری هاودەنگی شەڕ بۆ بەدەستهێنانی نمرەی بەرزتر دەکەن. فریلانسەرەکان لە “مارکەی کەسی”دا کورت دەکرێنەوە. کارکردن لە دوورەوە پەیوەندییە ئۆرگانیکەکان و ئەگەری پێکهێنانی سەندیکای کرێکاری لەناو دەبات.
پوختە و ئەنجام
سەرمایەداریی دیجیتاڵی بە گۆڕینی پێکهاتەی چینی کرێکار و قووڵکردنەوەی نامۆبوون، پرۆلیتاریایەکی پەرشوبڵاو و تاکگەرایی و بێ سیاسی دروست دەکات. بەڵام ئەم پڕۆژەیە هەرگیز تەواو نییە.
دژایەتییە ناوخۆییەکانی سەرمایەداری- قەیرانە خولییەکان، پەرەسەندنی نایەکسانی و ناسەقامگیری بازاڕە دیجیتاڵییەکان- دەبنە بزوێنەری بەرهەمهێنانەوەی هۆشیاری چینایەتی.
لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە سەرمایەداریی دیجیتاڵی قۆناغێکی نوێی هەمان دژایەتی بنەڕەتییە: دژایەتی نێوان کار و سەرمایە. هەرچەندە فۆرمەکانی ڕێکخستنی چینایەتی گۆڕاون، بەڵام ئەگەری بەرخۆدانی نوێ، لە سەندیکاکانی پلاتفۆرمەوە تا تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی کرێکارانی دیجیتاڵی، بە زیندوویی ماوەتەوە. لێرەدایە کە “پڕ و بڵاوترین پرۆلیتاریا” دەتوانێت ببێتە “یەکگرتووترین پرۆلیتاریا”.
نوسینی / سۆهایل ئەسفەندیاری
وەگێڕانی / ئاوات ڕەسوڵ
ئەیلوولی ٢٠٢٥