بۆچی پیشەسازیی درۆ مەملەکەتی هەراسان کردووە؟

ئەنوەر نەجمەدین
درۆ و دیماگۆگییەتی سیاسی، بەرهەمی سیستمی دەوڵەتە. هەموو درۆکانیش لە “درۆی سەربازی” دەچن: هێزە سەربازییەکان لە ئامانجە تاکتیکی و ستراتیژییەکانیاندا، پرۆپاگەندەی درۆ و چەواشەکاری دەکەنە بەهێزترین چەک بۆ سەرکەوتن. ڕکابەریی سیاسییش، بە ئامرازە بەهێز و پێشکەوتووەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیایشەوە تا بە ئەی ئای دەگات، هەمان مێتودی سەربازیی بەکاردەهێنن، بۆیە پیشەسازیی درۆ مەمەلەکەتی هەراسان کردووە. تاک، حیزب، فراکسیۆن، گروپی نەتەوەیی، گروپی چەکداری، گروپی ئاینی، لەسەروو ئەوانیشەوە کۆمپانیاکان، بانکەکان، بازاڕی بۆرسە و پشکەکان لەمپەڕ هەتا ئەوپەڕی جیهان، لە میدیای تایبەت بەخۆیانەوە، وەک تەرزە کڵۆی گەورەی درۆ دەکێشن بە سەری خەڵکیدا. بەڵام ئەم هەموو درۆیە بۆ؟
بوونی خودی دەوڵەت خۆی، بارودۆخێکی خوڵقاندووە لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگادا کە هەر لە گۆڕەپانی جەنگ دەچێت ، تاکە هۆکاریش بوونی سەرمایەدارییەکی ئێجگار دەوڵەمەند و پرۆلێتاریایەکی ئێجگار هەژارە. بۆیە ستراتیژییەتی سەرکەوتن بەسەر پرۆلێتاریایەکی تووڕەدا، دواجار چەکێکی بەهێزتری دەوێت لە پۆلیس و زیندان: درۆی قەبەی چەواشەکار!
لە ڕاستیشدا هەموو ناکۆکییەکانی تری ناو کۆمەڵگایش لەو ناکۆکییە سەرەکییەوە سەرچاوە دەگرێت.
پیشەسازیی درۆ و نوسەر و ڕۆشنبیرانیش کاریان ئەوەیە درۆ سیاسییەکان وەک ڕاستییەک نیشان بدەن. ئەمەیش نوێ نییە لە مێژوودا. هەروەک شاهیدێکی مێژوویی، کارل مارکس بەر لە ١٧٠ ساڵ لەمەوبەر دەڵێت: “هەموو ململانێکانی نێو دەوڵەت، ناکۆکیی نێوان دیموکراسییەت و ئۆرۆستۆکراسییەت و پادشایەتی، ناکۆکیی لە هەڵبژاردنەکاندا،
[[ناکۆکیی لە نێوان پارتی و یەکێتی و ئیسلامی و گۆڕان و بەرەی نوێی برجوازییشدا]]، هتد، هیچ نییە شێوەی وەهمیی ئەو ناکۆکییە بەکردەوەیە نەبێت کە لە نێوان چینە جیاوازەکاندا ڕوودەدات” (مارکس، الايديولوجية الالمانية). کاتێک ئەو ناکۆکییە قوڵدەبێتەوە، هەر بە پۆلیس و زیندان کۆنترۆڵ ناکرێت، بۆیە بەردەوام چەکێکی قورستر پێویستە: درۆ، دیماگۆگییەتی سیاسی لە هەموو هێزە سیاسییەکانەوە بەبێ جیاوازی، بەتایبەت ئۆپۆزیسیۆن.
درۆ بەجۆرێک دەبارێت بەسەر کۆمەڵگادا، کە هیچ کەسێک ڕاست و درۆی پێ جیاناکرێتەوە، ئەوە جەنگێکی بەردەوامە دژی پرۆلێتاریا.
*تێ بی نی /ئەم بابەتە لە واڵی نوسەرەکە وەرگیراوە
٢٩ / ٨ / ٢٠٢٥