لە کوردستان ئۆپۆزیسۆنی ڕێکخراو بوونی نیە !!
لەماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی هەفتانە دووجار دۆسیەکی تایبەت گفتوگۆی لەسەر دەرکرێت دۆسییەی ئەم جارەمان سەبارەت بە بارودۆخی هەنوکەی کوردستان و هەڵسەنگاندنی ئۆپۆزسیۆن بوون و ئەرکەکانی ئۆپۆزسیۆن لە کۆمەڵگەدا؟ هەروەها ئایا لە کوردستان ئۆپۆزسیۆن بونی هەیە وەک لایەنێکی کاریگەر بۆ هێنانەدی ژیانێکی باشتر ؟ ! لە دۆسییەی ئەم هەفتەیەی ئەڵتەرناتیڤی شورایی دا سەرنجەکان بۆ ئێوەی ئازیز دەخەینە ڕوو .
ئامادەکردنی /ئاوات ڕەسوڵ و عمر چاوشین
بەشی یەکەم

هاوڕێ کاسترۆ ،چالاکوان و هەڵسوڕاوی مەدەنی ، لە وەڵامی پرسیاری ، بەکێ دەگوترێت ئۆپۆزسیۆن؟
دەڵێت، لەڕاستیدا مەهامی ئۆپۆزسیۆن دیارە ،کەبەهێزێک دەگوترێت لەدەرەوەی دەسەڵات کاربکاتوو چاودێری وڕەخنە لەنارێکیەکانی حکومڕان بگرێت. بەڵام بەداخەوە لەهەرێمی کوردستان مەهامی ئۆپۆزسیۆن گۆڕاوەو شەریکی دەسەڵاتە .
بۆیە بەوانە دەگوترێت ئۆپۆزسیۆن هەڵپەی دەسەڵاتیان هەیەو بەبێ گۆڕانکاری. بەداخەوە جۆرێک لەئۆپۆزسیۆن هەیە کەئامانجی بەرژەوەندیەکی پۆڵێنکراوە لەچوارچێوەی بەرژەوەندی کەسی وخێڵ و حزبدا.
ئەگەر ڕاستیت دەوێت لەکوردستان ئۆپۆزیسۆنی ڕێکخراو بوونی نیە، بەڵام دەکرێت خەڵکی ئۆپۆزسیۆن هەبێت ، وەک تاک. لەبەرئەوە دۆخی هەرێم دۆخێکی بەرژەوەند خوازە لەحزبەوە بگرە تاوەکو تاک ، دەکرێت بڵێین بۆیە هەمووی لەچوارچێوەی بەرژەوەندی تایبەتدا دەخوڵێتەوەو جۆرێکە لەفۆڕمی حکومڕان.
بەگەشتی فۆڕمی حکومڕانی وئۆپۆزسیۆن هەردووکیان کارلەسەر وێرانکردنی کۆمەڵگا دەکەن هەریەکەوە بەدیوێکدا، ئەمەش ئامانجەکانی گۆڕانکاریەکان دەکوژێت،بۆیە دۆخی هەرێم لەدۆخێکی وەستاودا جێگربووە خەڵکیش بەتەواوەتی بێ ئومێدکراوە لەسەردەستی ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنەوە…
ئەڵتەرناتیڤی شورایی بەکێ دەگوترێت ئۆپۆزسیۆن؟

هاوڕێ ئیبراهیم حسێن نوسەرو هەڵسوڕاوی کۆمۆنیستی وڵام دەداتەوەو نوسیویەتی : ئۆپۆزسیۆن بەو کەس و هێزانە دەگوترێت کە لە دەرەوەی دەسەڵاتن و لێی ناڕازین، یان دەیانەوێت گۆڕانکاری یان چاکسازی تێدا بکەن، یان بە تەواوی بیڕوخێنن و خۆیان حکومەت و کابینە پێکبهێنن.بێگومان پرۆسەی ئەم گۆڕانکارییە و میکانیزمەکانی دەکرێت بەپێی بارودۆخی تایبەتی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و هاوسەنگیی هێزەکان جیاواز بێت.
بۆ نموونە، لەو وڵاتانەی کە نەریتی پەرلەمانییان هەیە و هەڵبژاردن میکانیزمێکی جێگیرە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم بابەتانە، گواستنەوەی کابینەکان و دەسەڵات لە حیزبێک یان هاوپەیمانییەکی حیزبییەوە بۆ حیزب و هاوپەیمانییەکی دیکە، ئاساییتر و بێ کێشەتر بەڕێوەدەچێت. بەڵام لە ، وڵاتانی تردا کە پرۆسە سیاسی و مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان سەرکەوتوو نەبوون، دەکرێت گۆڕانکارییەکان بە شێوازی توندوتیژتر بەڕێوەبچن.
ئەمە ئەو شتەیە کە لە وڵاتانی ناوچەی کاری هەرزاندا بەهۆی سروشتی توندوتیژی ئەو پرۆسە و گۆڕانکارییانەوە ڕوویداوە؛ سەرەڕای ئەوەی کە ئەم گۆڕانکارییانە شۆڕشگێڕانە نەبوون و ئەو هێزانەش کە داوای ئەم گۆڕانکارییانەیان دەکرد هیچ گۆڕانکارییەکی شۆڕشگێڕانەیان لە ئەجێندادا نەبوو، بە خۆیان گوتووە شۆڕشگێڕ و بە شۆڕشگێڕ ناویان براوە.
بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردایەتی و حیزبەکانی ساڵانێکی زۆر خەباتی چەکداری و توندوتیژیان بە ناوی شۆڕشگێڕی ناوبرد، لەکاتێکدا هەموو ئەوەی دەیانویست و دەیانەوێت بەشداریکردنە لە دەسەڵاتی ئێستادا و هیچی تر نییە. بە کورتی، هەر هێزێک دەتوانێت بە خۆی بڵێت ئۆپۆزسیۆن و مافی خۆشیەتی کە ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵبژێرێت، بەڵام باس و کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنی چییە و ڕەخنەی لە چییە و دەیەوێت چی بگۆڕێت؟
بە واتایەکی تر، کێشەکە ئەوەیە کە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی کام چینی کۆمەڵایەتی دەکەن. خودی ئۆپۆزسیۆن بوون مۆڵەتی ئازادیخواز بوون بە هیچ هێزێک نادات، تەنانەت ڕەنگە ئەو ئۆپۆزسیۆنە لە هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار کۆنەپەرستتر بێت.
نموونەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ، لە خودی یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکرات کۆنەپەرستتر و دوورترن لە ئازادیخوازی ، لە ویست و هەوڵی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بۆ ژیانێکی باشتر و کۆمەڵگەیەکی ئازاد.
ئەڵتەرناتیڤی شورایی /ئۆپۆزسیۆن ئەرکی چییە لە کۆمەڵگەدا؟
ئیبراهیم حسێن نوسیویەتی ، ئەمەش دیسانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ماهییەت و بەرنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندیی چینایەتیی ئەو ئۆپۆزسیۆنە لە ململانێی چینایەتیی بەردەوامدا، کە لە کۆمەڵگەدا بوونی هەیە. بۆ نموونە، ئەگەر مەبەست ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی بێت، ئەوانە ئەرکی تایبەتی خۆیان هەیە و هەوڵ دەدەن تا ئەو جێیەی بکرێت کۆنەپەرستیی زیاتر بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن، یاسای کۆنەپەرستانەتر دژی ئازادی و مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک جێبەجێ بکرێت، ژن زیاتر بچەوسێنرێتەوە و مەدەنییەت و سێکولاریزم زیاتر سەرکوت بکرێن.
نەوەی نوێ و گۆڕان و ئەمانە خۆیان لەدایکبووی هەمان زەلکاوی کوردایەتین و دەیانەوێت پشکی زیاتریان لە سامان و دەسەڵاتدا هەبێت و ناڕازین لەو پشکەی هەیانە، بۆ ئەم ئامانجە کۆنەپەرستی و بۆرژوازییانەی خۆیان دەیانەوێت چینی کرێکار و چینە زەحمەتکێشەکان بەدوای خۆیاندا ڕابکێشن.
بەم مانایە، ناڕەزایەتیی ئەوان دژی چەوساندنەوە نییە، دژی بنەمای چینایەتی بوونی کۆمەڵگە نییە و ئامانجیان ڕزگاریی مرۆڤایەتی لە چەوسانەوە نییە، کۆمەڵگەیەکی ئازاد نییە، یەکسانییەکی ئابووری بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە نییە و ڕزگارییەکی سیاسیی بنەڕەتی نییە کە ئیرادەی خەڵک لە چارەنووسی سیاسییاندا بە بنەما وەربگرێت. بەپێچەوانەوە، بۆ ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە بوونی چەوساندنەوە شتێکی سروشتییە بۆ بوونی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی، و هەموو ئەوەی دەیانەوێت دابەشکردنەوەیەکی “دادپەروەرانە”ی دەسەڵاتە کە تێیدا پشکی ئەوانیش لەم چەوساندنەوەو دەسەڵاتەدا بەو ئەندازەیە بێت کە دەیانەوێت.
بۆ نموونە، سەبارەت بە ژن و کەرامەتی ژن، چی دەڵێن؟ سەبارەت بە سێکولاریزم و پێویستیی جیایی دین لە دەوڵەت، ئازادیی ڕادەربڕین و بیرکردنەوە چ بەرنامەیەکیان هەیە؟ سەبارەت بە مافی خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق؟ بەرنامەی سیاسی و ئابوریان چیە ولەسەر بێکاری و بیمە کۆمەڵایەتیەکان چی دەڵێن?
بەڵام لەوبەری ململانێی چینایەتییەوە، ئاڵا و هێزێکی تر هەیە کە ڕەنگدانەوەی هیواو ئاواتەکانی چینی کرێکار و جەماوەری کارگەری کۆمەڵگەیە بۆ ڕزگاری لە چەوساندنەوەو بۆ ژیانێکی ئازاد و گەیشتن بە یەکسانیی ئابووری و ڕزگارییەکی سیاسی بە جۆرێک کە بتوانن خاوەنی چارەنووسی خۆیان بن. ئەمەش کۆمۆنیزمی گشتیی کۆمەڵگەیە کە ئەمڕۆ لە گرووپ و شێوازی جیاوازدا هەوڵ دەدات بۆ دەستێوەردانێکی سیاسیی کاریگەرتر لە خەباتی سیاسیدا.
ئەم چەپ و ئەم کۆمۆنیزمە گشتییەی کۆمەڵگە، تا ڕادەیەک لە هێڵی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا و بە ڕادەیەکی کەمتر لە حیزبی ئەم هێڵە، واتە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، کورت دەبێتەوە. هەرچەندە ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵتر و ئازادیخوازانەتر بێت، هێز و نفوزی ئەم هێڵە زیاتر دەبێت و هەرچەندە نفوز و هێزی سیاسیی ئەم هێڵە زیاد بکات و گەورەتر بێت، خەبات و ناڕەزایەتیی خەڵک ڕادیکاڵتر و ئازادیخوازانەتر دەبێت ونفوز کاریگەری دەلالیی سیاسیی ئەم ئۆپۆزسیۆنە بۆرژوازییە بێ بەندوبارە، کەمتر و لاوازتر دەبێت.
ئەلتەرناتیڤی شورایی /ئایا لە کوردستان ئۆپۆزسیۆن بوونی هەیە؟ ئەگەر نییە، هۆکار چییە؟
ئەو نوسەرە کۆمۆنیستە دەنوسێت ، گومان لەوەدا نییە کە هیچ کۆمەڵگەیەک نییە ئۆپۆزسیۆنی تێدا نەبێت. لە کوردستانیشدا ئۆپۆزسیۆن هەیە، بەڵام لە ڕیزی ئۆپۆزسیۆنیشدا بزووتنەوە و بەرژەوەندیی چینایەتیی دژ بەیەک بوونیان هەیە و ئەفسانەیە کە هەموویان لە یەک چوارچێوەدا دابنێین و میدالیایان پێ ببەخشین.
بەم مانایە، هەردوو جۆرە ئۆپۆزسیۆنەکە بوونیان هەیە: هەم جۆرێک لە ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی و هەم ئۆپۆزسیۆنی کرێکاری و سۆسیالیستی. ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیی کوردستان بەشێکە لە هەمان سیستەم، کاری بریتییە لە ڕاکێشانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بۆ ئامانجە بۆرژوازی و بچووکەکانی خۆی و ئەم کارەشی لە بارودۆخە هەستیارە سیاسییەکاندا کردووە. بزووتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ نموونەی ڕوونی ڕۆڵی چینایەتیی ئەم ئۆپۆزسیۆنەن بۆ بەتاڵکردنەوەی خەباتی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش لە پێناو ئامانجەکانی خۆیاندا.
ئەوان نیگەرانن لەوەی کە ئەم کەشتییە نوقم نەبێت و بزووتنەوەی چینایەتیی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش نەگاتە جێیەک کە ئەم نان و نەوایەی ئەوان کۆتایی پێ بێت. لە لایەکی دیکەی ململانێی کۆمەڵایەتی و چینایەتییەوە، یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی و دادپەروەریخوازی هەیە کە لە حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری و لە تۆڕێکی فراوانی چالاکان و ڕێبەرانی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەوڵ دەدەن بۆ پێکهێنانی جەمسەرێکی سیاسیی ڕادیکاڵی بەهێز، بۆ سەرکەوتنێکی سیاسی و بۆ بەدەستهێنانی هەر پلەیەک لە ئازادی و باشترکردنی ژیانیان. ڕوونە کە ،کردنەوەی هەر دەرچەیەک بە ڕووی ڕزگاریەکی سیاسی بنەڕەتی و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسانیەکی ئابووری جێگیردا، بەندە بە هێز و نفوزی سیاسیی جەمسەری ڕادیکاڵ و ئازادیخواز و کۆمۆنیزمی کۆمەڵگەوە.
