کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام لە هەشتاهەمین حەفتەدا؛ پێویستە پشتیوانی لەم هەڵمەتە هەرچی زیاتر پەرەپێبدەین
سێشەممە ۱۴-۰۵-۱۴۰۴ | 05-08-2025
سزای ئێعدام بەدەر لەوەیکە لە چ شوێنێک و بەدەست چ ڕژیمێک بەکردەوە دەردێت، قەتڵی دەوڵەتی و تاوانێکی ڕێکخراوە. سەرانی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران ئەم جەنایەتە لەژێرناوی دیفاع لە ئەمنیەتی گشتی، ڕێگری لە ئەنجامدانی تاوان و دابینکردنی مافی هاووڵاتییان، بەڕێوەدەبەن.
ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەزموونی هەموو وڵاتانی جیهان نیشانی داوە کە بەڕێوەبردنی ئەم سزایە نەتەنیا کاریگەریی بەرپێگرانەی نییە، بەڵکوو دەبێتە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی لەئاستی کۆمەڵگە و کەمبوونەوەی ڕێز و حورمەتی ئینسانەکان. سەرانی ڕژیم بۆ ئەم کوشتنە لەئانقەست و ڕێکخراوە، یاسایان داڕشتووە و قازییان بۆ داناوە و جەلادیان بۆ جێبەجێکردنی حوکم دیاری کردووە.
داڕشتنی ئەم یاسایانە و پێکهێنانی ئۆرگانی دیاریکردن و بەکردەوەدەرهێنانی حوکم بە خەرجی کۆمەڵگە، بۆ ئەوان کەم هەزینەتر لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییانەیە کە بوونەتە هۆکاری تاوان و جەنایەت. لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بە جێبەجێ کردنی سزای ئێعدام ئەوپەڕی داماوی و بێتوانایی خۆی لەئاست ڕیشەکێش کردنی تاوان و ئازارە کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدات. بێگومان نیزامێک کە ئامرازی دیفاعەکەی جەلاد بێت، حورمەتێک بۆ مرۆڤ دانانێت و نابوودیی نەیارانی بە بابەتێکی ئاسایی دەزانێت و بە دیفاع لە حورمەت و ماف و ئەمنییەتی هاووڵاتییانی لەقەڵەم دەدات. کارنامەی کۆماری ئیسلامی ئەوپەڕی ئەم وەحشیگەرییە نیشان دەدات.
درێژەی شەپۆلی ئێعدامەکان نیشانەی ئەو واقعییەتەیە کە ڕژیم بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی هیچ ڕێگایەکی بێجگەلە سەرکوت، ئێعدام و ئەشکەنجە نییە. ئەم دەسەڵاتە ڕەمزی مانەوەی خۆی لە پشت بەستن بە ستراتێژی سەرکوتدا دەبینێت. تەنانەت کاتێک تاوانبارانی ئاساییش ئێعدام دەکات، ئامانجی چاوترسێن کردنی کۆمەڵگە و ترساندنی نەیارانی نیزام و بەتایبەت ئەوانەیە کە سوورن لەسەر ئەوەیکە بەشێوەی شۆڕشگێڕانە ڕژیم بڕووخێنن. بەڵام سەرەڕای هەموو بێبەزەیەتی و وەحشیگەرییەک کە ڕژیم دەینوێنێت، شەپۆلی ئێعدام و سەرکوت، کۆمەڵگەی چاوترسێن نەکردووە و خەبات لەدژی سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر گەشە دەکات.
کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام لە هەشتاهەمین حەفتەدا و لە ٤٨ زیندانی ئێراندا، لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە لە ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی وێڕای ڕێزگرتن لە ١١٩هەمین ساڵڕۆژی ئینقلابی مەشرووتە، پشتیوانیی تەواوی خۆی لە زیندانییانی سیاسی واحیدی ٤ی قزڵحەسار ڕاگەیاندووە. لەم بەیاننامەیەدا هاتووە:
“هەشتاهەمین حەفتەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام لە کاتێکدا دەستپێدەکەین کە لە حەفتەی ڕابردووەوە هەتا ئێستا لانیکەم ٣٠ کەس لە زیندانییان لەوانە دوو ژن ئێعدام کراون و ئێعدامێکیش لەبەرچاوی خەڵک جێبەجێ کراوە و چەرخەی توندوتیژی و ئێعدام بێ پسانەوە درێژەی هەیە. حەفتەی ڕابردوو، لە کردەوەیەکی ئەوپەڕی وەحشیانە و دژەئینسانیدا، حکوومەت ئەنگوستی سێ بەندکراوی لە زیندانی ورمێ پەڕاند. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا بە توندی ئەم کردەوەیەی ئیدانە کرد و دەسەڵاتی دادوەری بە “چەرخ دەندەی ماشێنی ئەشکەنجە” ناوبرد. ڕاپۆرتدەری تایبەت، خانمی مای ساتۆ، ئەم کردەوەیەی “نامرۆڤانە و تێکەڵ بە سووکایەتی” وەسف کرد”.
“هەشتاهەمین حەفتەی کەمپەین لە هەلومەرجێکدا دەستپێدەکەین کە هێستا لە چارەنووسی ژمارەیەک لە ئەندامانی کەمپەین لە واحیدی ٤ی زیندانی قزڵحەسار هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە. ئەوان لە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژدا لەلایەن گارد و مەئموورانی ئەمنیەتییەوە هێرشیان کرایە سەر و بەتوندی درانە بەر توندوتیژی و بۆ ژووری تاکەکەسی بەندی ئەمنی واحیدی سێ ڕاگوێزران.
هەندێکیان دوای ٥ ڕۆژ گەڕێندرانەوە بۆ زیندان. بەندی سیاسی بە تەواوی ئەمنیەتی و داخراوە و چەندین کامێرایان لەوێ داناوە. چارەنووسی پێنج کەسیان لەوانە:
لۆقمان ئەمین پوور، حەمزە سەواری، ڕەزا سەلمانزادە، سپێهر ئیمامجومعە، و مستەفا ڕەمەزانی، بۆ ئێمەش ناڕوونە. زەرتۆشت ئەحمەدی ڕاغب دووبارە ڕەوانەی بەندی ئەمن کراوەتەوە.
وەزعییەتی سەعید ماسووری زۆر جێی نیگەرانییە و تەنیا ئەوەندە دەزانین کە زیندانی زاهیدان وەرینەگرتووە و لەئێستادا لە ژووری تاکەکەسی بەندی تایبەتی واحیدی یەکی زیندانی قزڵحەساردا لە بارودۆخێکی سەخت و لە بیلاتەکلیفیدا بەسەر دەبات. ئێمە، ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام، وێڕای مەحکووم کردنی هێرشی وەحشیانە بۆسەر بەندکراوان و ئازار و ئەشکەنجەیان، سڵاو و دروود دەنێرین بۆ موقاومەت و خۆڕاگریی یارانی سەربەدار و خەباتکارمان. سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە ڕەنگدانەوەی دەرد و ڕەنجی بەندکراواندا دەورونەخشیان هەیە”.
کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام لەم بەیاننامەیەدا ڕایگەیاندووە کە: “ئامانجی پەرەپێدانی ئێعدام، سەرکوت، بڕینی دەست و سەپاندنی توندوتیژیی بێسنوور و بەردەوام، شتێک نییە بێجگەلە پەرەپێدانی ترس و تۆقاندن و کپ کردنی دەنگی کۆمەڵگا. ئەو کۆمەڵگایەی کە لە شۆڕشی مەشرووتە لە ساڵی ١٢٨٥ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا، تینووی دادپەروەری و ئازادییە و لەسەر کەرامەتی ئینسانی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی پێداگری دەکات و بەهاکەشی بەردەوام بە زیندان و ئێعدام و ئەشکەنجە داوە”.
کەمپەین، لە هەموو ویژدانێکی وەخەبەر و ئازادیخواز – چ لە ناوەوە و چ لەئاستی نێونەتەوەیی – داوا دەکات کە هاواری “نا بۆ ئێعدام” لەڕێگەی پشتیوانیی چالاکانە لە کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام هەرچی زیاتر بەرز بکەنەوە. پەرەپێدانی ئەم کەمپەینە سەرەڕای هەوڵی حکوومەت و پشیتوانە ئاشکرا و نهێنییەکانی، بە هەموو ئیمکاناتەوە بخەنە دەستووری کاریانەوە.
کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی مانگی گەلاوێژ، یارانی ئێمە لە بەندی ئەمن و بەندی تایبەتی قزڵحەسار لەگەڵ ٤٨ زیندانی ئەندامی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام، مانگرتن لە خواردن بەڕێوەدەبەن.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لەناو قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی، ئیدئۆلۆژیک و حکوومەتیدا دەست و پێ لێدەدات و توانای دابینکردنی لانیکەمەکانی ژیان، نان، ئاو، بەرق و تەنانەت هەوای پاکی بۆ هەناسەکێشان نییە، شمشیری لە ڕووەوە بەستووە و هەموو ڕۆژێ خەڵک ئێعدام دەکات.
لەم بارودۆخەدا پێویستە بە هەر شێوەیەک کە دەتوانین لە هەڵمەتی “نا بۆ ئێعدام” پشیتوانی بکەین. چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان پێویستە بە پەیوەندی و هاکاری لەگەڵ یەکتر، توانا و وزەی خۆیان لەپێناو سەرتاسەری کردنەوەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری بۆ زەمینگیرکردنی ماشێنی ئێعدام و سەرکوتی دەوڵەت بەکار بێنن.
ناڕەزایەتی دژبە سزای ئێعدام و کوشتنی لەئانقەستی دەوڵەت، بەدەر لەوەیکە ئەم سزایە بۆ نابوودیی زیندانییانی سیاسی بێت یان تاوانبارانی ئاسایی، ئەرکی هەموو ئەو ئینسانانەیە کە ئاسۆی ڕزگاری لە دواڕۆژی ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی مژدە دەدەن. کۆمۆنیستەکان ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنن کە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدامن و بۆ نەمانی ئەم سزایە لێبڕاوانە خەبات دەکەن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
