لە هیچ هەڵبژاردنێکدا خەڵک سوودی لە هیچ شتێک نەبینیوەو تەنانەت نەبۆتە تەجروبەیەکیش بۆیان چونکە تەنانەت لە پرۆسەکەشدا هیچ دەورێکیان نەبووە!!
هاوڕێیانی ئازیز لەدۆسی یەی ئەم جارەی ماڵپەری ئەڵتەرناتیڤی شورایی بۆ گفتوگۆکردن چەند پرسیارێکمان ئاراستەی چەندین هاوڕێ کردووە، کەتایبەتە بە ( ئایا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەی ؟ ئایا خەڵکی کوردستان سودمەند بووە لەپاش چەندین هەڵبژاردنی پەرڵەمانی ؟ باوەرت بە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی نییە ؟چۆن دەتوانرێت کۆمەڵگەیەکی باشتر بەدی بهێنرێت ؟ ئێمە ئامانجان ئەوەیە کە وەک سەکۆیەکی ئازادانە لیرەوە وەک خۆی بۆچوونی هەریەکە لەهاوڕێیان بڵاو بکەینەوە هەتاوەکو سەرجەم خوێنەران سوودمەندبن لەزانیاری بۆچوونە جیاوازەکان بە چەند بەشێک تەواوی وەڵامی هاوڕێیان بڵاودەکەینەوە .
بەشی سێ یەم
ئامادەکردنی / ئاوات ڕەسوڵ
جبار محسین نووسەرو هەڵسوڕاوی کۆمۆنیستی :دەربارەی هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمانی کوردستان لەوەڵامدا دەڵێت من هەرگیز بەشداری هیچ هەڵبژاردنێکی کوردستانم نەکردووە. لەسەردەمی بەعسیشدا بە هەمان شێوە.
لە کوردستاندا بە هیچ جۆرێک پڕ بە مانای ووشەکە دیموکراسی بوونی نەبووە و نییە. لە کوردستاندا
تەنها ئەحزابی میلیشیایی کە هەرگیز باوەڕیان بە یاسا و دامودەزگای دەوڵەتی نەبووە بەڵکو وەکو
عەشیرەتی چەکدار و ئاغا و دەرەبەگ مامەڵەیان کردووە. تەنانەت لەناو حزبەکانی خۆشیاندا هیچ
شتێک بە هەڵبژارد نەبووە. ئەوەتەی یەکێتی هەیە تاڵەبانی سەرۆکیەتی و پارتیش بارزانی. هەرچی
هەڵبژاردنێک لە کوردستاندا کراوە تەنها سیناریۆ بووە، خۆشیان بە دەمی خۆیان دەڵێن کە نە
هەڵبژاردنێکی پاک کراوە کە تەزویرو ئەنجامی دروست بدات بە دەستەوە، نە ئەنجامەکانیشیان ڕێز
لێگرتووە. پاشان خۆیان دواتر ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی دەسەڵات چۆن بەش بکەن. ئینجا ئەگەر
دەسەڵات بە ڕێکەوتن بێت هەڵبژاردنی بۆ چییە. لەبەرئەوە لە هیچ هەڵبژاردنێکدا خەڵک سوودی لە
هیچ شتێک نەبینیوەو تەنانەت نەبۆتە تەجروبەیەکیش بۆیان چونکە تەنانەت لە پرۆسەکەشدا هیچ
دەورێکیان نەبووە ئینجا چ جای ئەنجامەکەی. بەڵکە دەنگی خەڵک تەنها بۆ قەبڵاندنی شەرعی بوونی
دەسەڵاتەکەیان بووە بەسەر خەڵکدا.
لێرەدا ئەگەر وورد بڕوانین دەبینین کە ماهیەتی دەسەڵات و بەڕێوەبەرانی هەڵبژاردن، واتە ماهیەتی
دەسەڵاتی کوردایەتی، ماهیەتی حزبە کوردیەکان کە هەڵدەستن بە بەڕێخستنی هەڵبژاردن، ئەو هەنگاوەدەخاتە بەردەممان کە هەڵبژاردنەکانی کوردستان چ ئەوانەی ڕابووردو چ ئەوانەی ئێستا ڕەت
بکەینەوە.
بەم جۆرە دەگەین بەو باوەڕەی کە دەسەڵاتی کوردایەتی هەرگیز شەرعی نەبووە و
هەڵبژاردنەکانیشیان شەرعی نین، ئازادانە نین و دژی بنەماکانی دیموکراسین چ لە بەڕێوەبردنیدا چ لە
ئەنجامەکانیدا. بەڵام ئەگەر دوورتر بڕوانین، سەیری پانتاییەکی گەورەتر لەسەر ئەم زەمینە بکەین
دەبینین هەڵبژاردنەکان لە ناوجەرگەی وڵاتانی دیموکراسیشدا هەمیشە بێ کێشەو گرێ و گۆڵ نەبوون و لەسەر ماهیەتیان نیشانەی پرسیار هەیە، دوو دڵیو دڵساردی و بێ باوەڕی لە ناو جەماوەری بەریندا
دەبینرێت. دەبینین ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا هەمیشە بەرەو خوار دەڕۆن. لە ئەمریکا نزیکە
لە سەدا بەنجا و لە وڵاتانی عەرەبی نزیک لە سەدا بیست و دە بوونەتەوە.
لە وڵاتانی ئەوروپای جەرگەی دیموکراسیشدا بەرەو لەسەدا شەست چوون. لە زۆرینەی هەرە زۆری ولاتانی دیموکراسیدابە مەجبوری یاسای ئەوە داڕێژراوە کە براوە لەسەر حسابی ڕێژەی بەشدار بوو حساب دەکرێت نەکلەسەر ڕێژەی هەموو خاوەن مافی دەنگدان. واتە هیچ هەڵبژاردنێک هەڵناوەشێتەوە تەنانەت ئەگەر ڕێژەی کەمتر لەسەدا پەنجاش بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن. لە هەڵبژاردنەکانی میسردا لە دوای ڕوخانی حوسنی موبارەک، خەڵک زانیان ئیخوان موسلیمەکان دەستیان بەسەر هەموو جومگەیەکی کۆمەڵگادا گرتووە، بەشداری هەڵبژاردنیان نەکرد.
بەم جۆرە تەنها ئیخوانەکان بەشداریان کرد و ئیتر بوونە زۆرینەو حکومەتی میسریان کەوتە دەست. دواتر ئینجا کە حوکمی عەسکەر هات هاوکێشەکەیان پێچەوانە کردەوە ئینجا ئیخوانیەکان ناڕازی بوون ووتیان ئێوە هەر دەنگی خۆتان بەدەست هێناوە!
لەجەزائیر نزیک بە لەسەدا ١٠ بەشداریان کردو بەم جۆرە حکومەتی جەزائیر لە جێی خۆی مایە. لە
نەرویج گەورەترین حزب تەنها بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ بۆ ٢٧ دەنگ دێنن کەچی بەزۆرینە حسابن و
حکومەت دەگرنە دەست.
هەڵبژاردنی بۆرژوازی بەو جۆرەیە کە باسم کرد. ئیتر لە هەموو جیهاندا ڕیسوا بووەو کەس ئومێدی پێ نەماوەو ئەوەی بەشدار دەبێت لە ناچاریدا بۆ بەرگرتن بە ئەگەرە ڕەشەکان بەشداری دەکەن. لینین ١٠٠ پێش ئێستا ئەم ڕاستییەی نیشانداوەو ڕوونی کردۆتەوە کە چۆن دیموکراسی بۆرژوازی تەنها بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی کەمینەی سەرمایەدارانە بەسەر زۆرینەی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشاندا، ئەو دەڵێ دیموکراسی بۆرژوازی یەعنی دیکتاتۆری بۆرژوازی بەسەر پرۆلیتاریادا. ئەمە ئەو ڕاستیەیە کە ئەمڕۆ ئێمە بە ئاسانی دەتوانین پەنجەی بخەینە سەر.
لە مێژوودا هەڵبژاردن توانیویەتی گەمەیەکی سیاسی بێت بۆ چونە پێشەوەو ملدان بە دەسەڵاتی
سەرمایەداران بە داخوازی کرێکارو خەڵکی هەژار. بەڵام لە ئێستادا هەڵبژاردن ئەو دەورەی لەدەستداوە. ئەمە نەک بۆ کوردستان بەڵکو بۆ زۆرینەی وڵاتانی جیهان.
با بگەڕێینەوە کوردستان. لە کوردستاندا نەک هەڵبژاردن خودی دەسەڵاتیش و ئایندەی ئەو کۆمەڵگەیەش لە ژێر ڕەحمەتی گۆڕانکاریە ئیقلیمی و جیهانیەکاندایە. ڕێی تێدەچێت جەنگی ناتانیاهو بە وەکالەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا سبەینێ کوردستانیش بگرێتەوە. ئەو کاتە نەک پەرلەمانی کوردستان بەڵکو دەسەڵاتی میلیشیای حزبەکانیش دەکەوێتە ژێر مەنگەنەی ئەم هەڕەشەیەوە.
هەمووی لەناو گڕو دوکەڵی جەنگدا بێ نرخ و جێگەوڕێگە دەبن. لە ئێستادا خۆ پاراستن لەو جەنگە دەبێ جێگەی بیرکردنەوەی خەڵک بێت. پشت لە زەوی دانی حزبە چەکدارەکانی کوردستان کە ٣٠ ساڵە خەڵک دەچەوسێننەوە.
لەوەڵامی ئەوەی ئایا بەشداری هەڵژاردن دەکەی ؟ پشتیوان هەڵبجەیی گوتی :بەڵێ بەشداری هەڵبژاردن دەکەم. لەبارەی ئایا هەڵبژاردنی پەڕڵەمان سوودی هەبووە بۆ خەڵک ؟ لەوەڵامدا هەڵبجەیی گوتی نەخێر پەڕلەمان سوودی بۆ خەڵک نەبووە ، تەنها بۆ پەڕلەمانتارەکان سودی هەبووە.

بنار مستەفا ڕۆژنامەنووس و چالاکەوانی سیاسی سەبارەت بە ئەوەی پاش چەندین هەڵبژاردن لە کوردستان،ئایا خەڵکی کوردستان سوودمەند بووە ؟ ئەگەر سوودمەندبووە لەچ سوومەند بووە ؟! لەوەڵامدا گوتی : پێویستی بە لێکدانەوە نییە، هەمووان بە ڕۆشنی دەبینن، کە خەڵکی لە کوردستان بچووکترین سوودیان لە هەڵبژاردن نەدیتووە. وێڕای هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن و بەڵێن و بەڵێنکاری جۆراوجۆر، دۆخ و گوزەرانی خەڵکی خراپتر بووە و هیچی بە باشتر نەگۆڕیوە.
وێڕای هەڵبژاردنەکان دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هێندە لە ئاستێکی خراپە، کە تەنانەت دەسەڵاتداران هەوڵ دەدەن شانی بەرپرسیارێتی لێ خاڵی بکەن. گۆڕان لە حکومەت کشایەوە و یەکێتی وەک ئۆپۆزیسیۆن دەردەکەوێت و پارتیش بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی شەریکەکانی لە حکومەت. ئەم مامەڵەیەی دەسەڵاتداران لەگەڵ یەکتری، ئاماژەیە بە خراپی دۆخەکە.
گەر خۆشگوزەرانییەک هەبووایە، ئەوا خۆیانیان دەکردە خاوەنی و شەریان بوو لەسەر ئەوەی کێ بەرپرسیارێتی زیاتری بەردەکەوێت. بۆیە تەنها لێدوان و کرداری دەسەڵاتداران کافییە بۆ درک کردن بەوەی چەندە ژیانی خەڵکی لە ئاستێکی نزمە.
سەبارەت بەوەی ئایا ئەوە ئەهێنێت بەشداری دەنگدان بکرێت؟ بنار مستەفا گوتی :ئەگەر دەنگدان دەرفەتی ڕەخساندنی بچووکترین ئاڵوگۆڕی هەبووایە، بێگومان دەنگدان مانایەکی دەبوو. لە کوردستان هێزی میلیشیا لە ناوچەی جیاواز حاکمن. پەرلەمان هەبێت یان نەبێت، لە دەسەڵاتی ئەوان ناگۆڕێت.
ئەمە بکردەوە سێ دەیەیە بینراوە و تەنها بابەتێکی تێۆری نییە. تەنها دەسەلاتداران دەتوانن سوود لە دەنگدانی خەڵکی وەرگرن، کە نیشانی جیهانی بدەن دەسەلاتەکەیان لە ڕێگەی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵکییەوە بەدی هاتووە، نەک هێزی میلیشیایان. کاتێک ئەمە تەنها دەستکەوتی هەڵبژاردنە، ناهێنیت خەڵکی بەشداری تێدا بکات. خەڵکی کوردستان ئەزموونێکی زۆری لەگەڵ هەڵبژاردن و دەنگداندا هەیە.
بەڵێنەکان لە شوێنی خۆاین دەمێننەوە و ژیانی خەڵکیش خراپتر دەبێت. هەڵباژردن نەیتوانیوە هیچ بگۆڕێت و لە ئایندشەدا دەرفەتی ئاڵوگۆڕ لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە هێشتا لاوازترە. بۆیە ئەوەی لەم هەڵبژاردنەشدا شایستەیە، بایکۆتێکی بەهێزی جەماوەرییە، کە بنکەکانی دەنگدان بە چۆڵی بهێڵنەوە.
سەبارەت بەوەی کە باوەڕت بەهەڵبژاردنی پەڕڵەمانی نییە ئەی چۆن دەتواندرێت کۆمەڵگایەکی باشتر بەدی بهێندرێت؟
بنار مستەفای ڕۆژنامەنووس دەڵێت :هیچ کات پەرلەمان کۆمەڵگایەکی باشتری دابین نەکردووە، لە هیچ جێگەیەکی جیهان. ئەوپەڕی هەندێ یاسای دەستکاری کردووە و هەندێ مافی فەراهەم کردووە. دەستکەوتە فراوانەکان لە ڕێگەی خەباتی جەماوەرییەوە بەدی هاتووە. کوردستانیش جیاواز نییە. گەر کۆمەڵگایەکی باشتر ئامانجمان بێت، ئەوە گرێدراوە بە ڕێکخراوکردنی کرێکاران و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە خوارەوەی کۆمەڵگا و سەربخستنی خەباتیان.