پێگە و گرینگیی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری لە بارودۆخی سیاسیی ئێستادا

0

یەکشەممە ۲۶-۰۹-۱۴۰۲ | 17-12-2023
 
ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە زیاتر لە یەک ساذ لە دەستپێکی تێدەپەڕێ هەروەک ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ بەشێوەی بابەتی هاوسەنگیی هێزی بەقازانجی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕیوە و زەمینەی گونجاوتری بۆ گەشەی خەباتی کرێکاری و جەماوەری فەراهەم کردووە.
لەڕاستیدا ئاخێزی سەرانسەری ژینا بەستێنی گەشەی خەباتی ئابووری و سیاسیی کرێکاران و ئاخێزە ناڕەزایەتییەکانی دووبارە ئامادە و بەهێز کرد.
ئه‌م ئاخێزه‌ نیشانی دا كه‌ شه‌پۆلی خرۆشاوی‌ خه‌باتی سیاسی لە جەرگەی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و بۆشایی چینایەتی چلۆن دەتوانێ ئاراسته‌ی ده‌روونیی كرێكاران بۆ خه‌بات، پته‌وتر بکات.
مانگرتنی کرێکارانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، فوولادی ئەهواز، ناڕەزایەتیی خانەنشینان و مانگرتنی شکۆمەندی کرێکارانی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان لە درێژەی ئەم ڕەوتە و لەم هاوسەنگییە تازەیەیەدا هاتووەتە ئاراوە.
درێژە و پەرەستاندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوو، لە چەند بوارەوە گرینگە.
یەکەم – گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری لەماوەی مانگەکانی ڕابردوو و بەتایبەت یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتیی خانەنشینان، ناڕەزایەتیی بەردەوامی کرێکارانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی و مانگرتنی کرێکارانی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان بەڕوونی نیشانی دەدا کە شەپۆلی ئێعدامەکان و ڕەشبگیریی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، تەهاجوم بۆسەر ژنانی بێ حیجاب و تەعەڕوزی بەرنامەڕێژیکراو و سازماندراو بۆسەر بزووتنەوەی خوێندکاری نەیتوانیوە بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران چاوترسێن بکات.
ئەم بزووتنەوەیە نیشانەی ئەوەیە کە کرێکاران دەمێکە لە ژیان بە ڕەواڵی پێشوو فاسلەیان گرتووە و نایانهەوێ وەک ڕابردوو تاڵان بکرێن.
دووهەم – شەپۆلی ئەم دوایانەی ناڕەزایەتیی خانەنشینان و داهێنانی بەرێوەبردنی یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتی کە چەند مانگە ئیدامەی هەیە نیشانەی ئەوەیە کە ئەم خەباتە چووەتە قۆناغێکی تازەوە. خانەنشینان بە پێداگری و بە گوڕوتینی خەباتکارانە و بە داهێنانیان، بە باشترین شێوە ڕێگای گەڕانەوە بۆسەر شەقامیان بە بەشە مەحروومەکانی کۆمەڵگا نیشان داوە.
خانەنشینان بە ڕێپێوان و هەڵگرتنی پارچە و پلاکارد کە خواستەکانیان لەسەر نووسیوە، بە وتنەوەی دروشمی بەهێز و ڕێپێوان تا شوێنی کۆبوونەوە، بە وتاری سیاسی و بەسۆز، سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسلامی سەرمایەداران دەبەنە ژێر پرسیارەوە. خانەنشینان بەم پەیگیری و ئیبتکاراتەی خۆیان لەناو جەماوەری ناڕازی بەڵام خامۆش، جەسارەتی هاتنە مەیدان پێک دێنن.
خانەنشینان نیشانی دەدەن کە چۆن دەبێ عەمەل بکەن بۆ ئەوەی هێزە سەرکوتگەرەکانی دوژمن نەتوانن بە ڕاحەتی ئیعتڕازاتی خەیابانی و خۆپیشاندانیان بکەنە مەیدانی تێکهەڵچوون و شەڕ.
سێهەم – پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران لە حاڵێکدا کە هێڵی هەژاری لە تاران گەیشتووەتە ٣٠ ملیۆن تمەن لە مانگدا، نیشانەی پڕبوونی پەیمانەی سەبر و تەحەمولی کرێکارانە. گەشەی مانگرتن و ناڕەایەتیی کرێکاران حەتمی و چارەهەڵنەگرە. چونکە نە ڕژیمی ئیسلامی وڵامێکی بۆ داخوازیی کرێکاران هەیە و نە کرێکاران هیچ ڕێگایەکیان بۆ پاشەکشەکردن هەیە. لە جەریانی مانگرتنی کرێکارانی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان پەیامی هەر دوو بەرەی ئەم نەبەردە ڕوون و ئاشکرا بوو.
جێگری بەڕێوەبەری سەرمایەی هێزی ئینسانیی کارخانەی زەوبی ئاهەن ڕایگەیاند کە “ئێمە ناتوانین داخوازیی کرێکاران (تەنانەت لە چوارچێوەی یاسای کار) واتە بردنەسەری حەقدەست بە نیسبەتی تەوەرۆم و دابینکردنی سەبەدی مەعیشەتی کرێکاران دابین بکەین”.
مەبەستی ئەوە بوو کە ناڕەزایەتیی کرێکاران بە سەرکوت وڵامی پێ دەدرێتەوە.
کرێکارانیش لە بەیاننامەیەکدا ڕاشکاوانە تەئکیدیان کرد کە “گاردی ویژە و باتۆم ئیتر کاریگەر نییە”. هەروەها ڕایانگەیاند: “لەبیرتان نەچێ چەرخەکانی ئەم سەنعەتە بە دەستی ئێمە دەسووڕێ و بە دەستی ئێمەش ڕادەگیرێ”.
مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران بەتایبەت لە بارودۆخێکدا کە لەگەڵ دامرکانی ئیعتڕازاتی خەیابانی، چالاکانی چینی مامناوەند ڕووحیەی دڵساردی و بێهیوایی پەرەپێدەدەن، ڕۆڵێکی چارەنووسسازی لە زیندوو ڕاگرتن و بەهێزکردنی گوڕوتینی خەبات و پاشەکشە کردن بە هەوڵەکانی ڕژیم لەپێناو ئەمنیەتی کردنی کۆمەڵگا هەیە.
لە بارودۆخێکدا کە بەشێکی بەرین لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی بۆ گۆڕینی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی چاوی هیوایان لە بەند و بەست لەسەرەوە و لە دەخاڵەتی دسەڵاتە ئیمپریالیستەکان بڕیوە، درێژەی بێ پسانەوەی خەباتی کرێکاران ئەو خاڵە بەهێز و ئومێدبەخشەیە کە ورەی خەباتکاری پەرەپێدەدات و هێوای ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بەهێز دەکات.
چوارەم – هەر ئەم ڕەوتەی هەتا ئێستای خەباتی کرێکاری نیشانی دەدات کە بزووتنەوەی کرێکاری لە ڕەوتی ئەو ڕووداوانەی کە لەبەردەم کۆمەڵگادان وشیارانەتر حەرەکەت دەکات. ئەمجارە لە هەر ئاخێزێکی جەماوەریدا، بزووتنەوەی کرێکاری نەک لە دەوری داخوازیی ناڕوون، بەڵکوو بە خواست و داخوازیی سەربەخۆی چینایەتیی خۆیەوە دێتە مەیدان.
لە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی خەباتدا لەو جێگەوە کە خەباتی ئابووری و خەباتی سیاسیی کرێکاران پەیوەندی و کاریگەریی بەرامبەریان لەسەر یەکتر هەیە، خەباتی ئابووریی کرێکاران بەکردەوە لەگەڵ خەباتی سیاسییان ئاوێتە دەبێت.
کرێکارانێک کە یاسای حەقدەستی وەزارەتی کاری ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران بەڕەسمی ناناسن، کرێکارانێک کە سیاسەتی خسووسی سازی واتە یەکێک لە سیاسەتە نێئۆلیبڕاڵە سەرەکییەکانی ڕژیم دەبەنە ژێر پرسیارەوە، کرێکارانێک کە لەسەر مافی ئازادیی ڕێکخراوەی سەربەخۆی کرێکاری و ئازادیی کرێکارانی زیندانی و بەندکراوانی سیاسی پێداگری دەکەن، موعەلیمانێک کە خوێندن و دەرمانی بەخۆڕایییان کردووەتە سەرلەوحەی خواستەکانیان، بەکردەوە سنووری خەباتی ئابوورییان تێپەڕاندووە و داخوازییەکانیان لەگەڵ خەباتی سیاسی ئاوێتە دەبێت. لەڕاستیدا بەشی پێشڕەوی چینی کرێکار ئاڵای خەبات دژبە فەلاکەتی ئابووری کە خواستی زۆربەی خەڵکی ئێرانە گرتوویەتە دەست.
پێنجەم – ئەگەرچی ناڕەزایەتیی بەردەوام و لێبڕاوانەی خانەنشینان بەتەواوی ڕێکخراوە، و ناڕەزایەتی ئیدامەداری کرێکارانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی ئاستێکی باڵا لە ڕێکخراوبوون نیشان دەدات، و مانگرتنی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان بە ١٨ هەزار کرێکارەوە بە بێ ئاستێکی باڵا لە چالاکیی ڕێکخراو قابیلی تەسەور نییە. بەڵام پێویستە ئەوەش بوترێ کە تەنانەت خۆبەخۆترین ناڕەزایەتییەکانیش تا ئاستێک خاوەنی ڕێکخراو و ڕێبەرین.
ئەم ئەزموونانە و گشت ئەزموونی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران و جیهان نیشانی دەدات کە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری بەستێنێکی زۆر گونجاوی بۆ ڕێکخراوبوونی چینی کرێکار پێکهێناوە. ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتی و سەربەخۆ لە دەوڵەت بەرهەمی خەباتە.
ڕێکخستنی چینی کرێکار لە بۆشاییدا ناکرێ. مانگرتن کە ئامرازی خەباتی بەکۆمەڵی کرێکاران و خوێندنگەی پەروەردەکردنی چینی کرێکار و پێشڕەوانی ئەم چینەیە، لە هەمان حاڵدا ئامراز و مێکانیسمێکە کە کرێکاران لە ئاستی جەماوەریدا لە زەروورەتی ڕێکخراوبوون ئاگادار دەبنەوە.
کرێکارانی حەوت تەپە لە جەرگەی خەبات و مانگرتنی شکۆمەندی خۆیان بە بەڕێوەبردنی بەردەوامی کۆبوونەوەی گشتیی یان مەجمەعی عموومی وەک پایە ڕێکخراوی شۆرایی، بە دەخاڵەتدانی ڕاستەوخۆی کرێکاران لە بڕیاردان، بە هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان بۆ بەدواداچوونی خواستەکانیان، نیشانیان دا کە پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکان بابەتێکی مومکین و عەمەلییە.
کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی لە جەریانی خەباتدا دەرەجەیەکیان لە سازمان پەیدا کرد، مامۆستایان و خانەنشینان لە جەریانی ناڕەزایەتییەکانی خۆیان ڕێکخراوی سەرانسەری خۆیان پێکهێنا و بەهێزتریان کرد. ئەم ئەزموونانە نیشانی دەدەن کە کرێکاران نابێ ێپکهێنانی ڕێکخراوی چینایەتی و جەماوەری و سەربەخۆ لە دەوڵەت بۆ دوای ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی هەڵگرن، بەڵکوو پێویستە هەر ئەمڕۆ بۆ پێکهێنانی ئەم ڕێکخراوانە قۆڵ هەڵماڵین.
بەڵام ئەزموونی ئێران و ئەزموونی گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا پێمان دەڵێ کە هێنانە گۆڕی داخوازیی سەربەخۆ بەتەنیا ناتوانێ سەرکەوتنی بزووتنەوەی کرێکاری و بەشوێنیدا بزووتنەوی جەماوەری، زەمانەت بکات.
لێرەدا ئەوەیکە ڕۆڵێکی چارەنووس سازی هەیە ئەوەیە کە چینی کرێکار نەتەنیا بە خواستی سەربەخۆوە بەڵکوو بە ڕێکخراوی سەربەخۆ و بە ستراتێژی سۆسیالیستیی ڕوون و بە نەخشەڕێگای خۆیەوە بێتە مەیدان، بەجۆرێک کە پێشتر وێنەیەکی ڕوونی لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی چیانەیەتیی خۆی هەبێت.
بۆ چینی کرێکار زەروورییە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەوانە بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاران و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بزووتنەوەی دیفاع لە ژینگە و باقیی بزووتنەوە ناڕەزایەتییە پێشڕەوەکان لەگەڵ خۆی یەکگرتوو و هاوڕێ بکات و بێگومان ئەم بابەتەش بە بێ تەحەزوبی کۆمۆنیستیی ڕێبەران و هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی چینی کرێکار لە پانتایی کۆمەڵایەتیدا مومکین نییە.
١٥ی دێسامبری ٢٠٢٣
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
Leave A Reply

Your email address will not be published.