بەیاننامەی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایان

0
بوودجەی ١٤٠٣ لە بژێوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشەوە دابین دەکرێت
چوارشەممە ۰۸-۰۹-۱۴۰۲ | 29-11-2023
تیمی ئابووریی ئیبراهیم ڕەئیسی لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٣دا داهاتی ماڵیاتیان لەژێرناوی “داهاتی پایدار” دوو هێندەی داهاتی سەرچاوەگرتوو لە هەناردنەی نەوت و گاز دیاری کردووە. دەوڵەتی سێزدەهەم داهاتی ماڵیاتیی ١١٢٢ ملیارد تمەن لە نەزەر گرتووە کە نزیک بە دوو هێندەی داهاتی ٦١٤ هەزار ملیارد تمەنیی نەوتە و لەچاو داهاتی ماڵیاتیی بوودجەی ئەمساڵ ۴۹/۸ لەسەد زیادی کردووە.
هەروەها لە مەجمووعدا ٤٦ لەسەدی گشت داهاتی بوودجە لەڕێگەی ماڵیاتی ڕاستەوخۆوە دابین دەکرێت کە ئەمەش لە مێژووی داڕشتنی بوودجەی ئێراندا بێوێنەیە. داهاتە ماڵیاتییەکان ڕەدیفی جۆراوجۆر لە ماڵیاتی داهاتەوە تا ماڵیاتی دارایی لەخۆ دەگرن کە بەگشتی نیشانەی ئەوەیە دەوڵەت باری دابینکردنی بوودجەی خستووەتە سەر شانی خەڵک. کردەوەیەک کە ئاکامەکەی بە زیانی ئابووری و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش تەواو دەبێت.
ماڵیاتی حقووق وەرگرەکان لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتوودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکرێت چونکە دەوڵەت پێشنیاری داوە کە ماڵیات بەپێی کۆی داهات وەربگیرێت.
هەروەها بڕی موعافیەتی ماڵیاتی لەچاو ئەمساڵ زیاد ناکرێت. بەپێی گەڵاڵەی بوودجەی ١٤٠٣ سەقف یان لانیزۆری موعافیەتی ماڵیاتی ساڵانە بەرابەرە لەگەڵ ١٢٠ ملیۆن تمەن، واتە مانگانە ١٠ ملیۆن تمەن پێشنیار کراوە کە لەچاو ئەمساڵ هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.
ماڵیاتی داهات لە گەڵاڵەی بوودجەی ئەمساڵدا بەشێوەی پلیکانی چووەتە سەرێ. ڕێژەی ماڵیات بۆ کەسانێک کە داهاتی مانگانەیان ١٠ تا ١٦ ملیۆنە ١٠ لەسەد، بۆ کەسانێک کە داهاتی مانگانەیان ١٦ ملیۆن و ٨٠٠ تا ١٧ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەنە ١٥ لەسەد، بۆ کەسانێک کە داهاتی مانگانەیان بەینی ٢٧ ملیۆن و ٦٠٠ تا ٤٠ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەنە ٢٠ لەسەد دیاری کراوە و کەسانێک کە زیاتر لە ٤٨ ملیۆن تمەن حقووقی مانگانە وەردەگرن دەبێ ٣٠ لەسەد ماڵیات بدەن.
بەپێی تێبینیی ١٦ی گەڵاڵەی بوودجەی ١٤٠٣ هەم سەقفی موعافیەتی ماڵیات و هەم نرخی ماڵیات بەپێی “مەجمووعی داهاتی کەسانی حەقیقی” دیاری دەکرێت.
بە واتایەکی تر ئەگەر کەسێک لەمساڵدا لە دوو کارگە حقووقی ١٥ ملیۆن تمەنیی وەردەگرت، داهاتی ئەو لە هەر کارگەیەکدا تا سەقفی ١٠ ملیۆن تمەن لە ماڵیات موعاف دەکرا و بۆ ٥ ملیۆنە زیادیەکە دەبوو ١٠ لەسەد ماڵیات بدات. بەڵام لە ساڵی داهاتووەوە ئەم کەسە بۆ سەرجەم داهاتە ٣٠ ملیۆن تمەنییەکەی خۆی لەم دوو کارگەیە، تەنها تا ١٠ ملیۆن تمەن موعافە و پێویستە بۆ ٢٠ ملیۆن تمەنەکەی دیکە بەشێوەی پلیکانی ماڵیات بدات.
بەپێی گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتوو، هەموو کەسانێک کە لە قەباڵ خزمەتگوزاری لە دەزگاکاندا لەژێر هەر ناوێکی وەک سەعاتی، ڕۆژمزد، قەراردادی حق‌التدریس، حق‌التحقیق، حق‌الزحمه، حق نظارت، حق‌التألیف و پاداشی شۆرای حەلی ئیختلاف، حقووق وەردەگرن، پێویستە ماڵیات بدەن.
تەنها ئەندامانی هەیئەتی زانستیی زانکۆکان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و پەروەردە و قازییەکانی دادگوستەری ئەم حوکمەیان بەرناکەوێت و ماددەی ٨٥ی یاسای ئیسلاحی ماڵیاتی ڕاستەوخۆ کە ساڵی ١٣٩٤ پەسندکراوە دەیانگرێتەوە. بەپێی ماددەی ٨٥، داهاتی ئەم کەسانە تا ١٢٠ ملیۆن تمەن لە ماڵیات موعافە و لە ١٢٠ ملیۆن تمەنەوە تا ٧٤٠ ملیۆن تمەن ١٠ لەسەدیان ماڵیات بەردەکەوێ و لە ٧٤٠ ملیۆن تمەن بۆ سەرێش دەبێ ماڵیاتی ٢٠ لەسەدی بدەن.
دەوڵەت ماوەیەک پێشتریش گەڵاڵەی “ئیسلاحی یاسای ماڵیاتی ڕاستەوخۆ”ی بۆ مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ناردبوو کە تێیدا زۆرێک لە موعافیەتە ماڵیاتییەکانی لابردبوو و یان کەمی کردبوونەوە. بەپێی ئەم گەڵاڵەیە، کەسانی حەقیقی خاوەن مەرج پێویستە وێڕای پێشکەشکردنی ئیزهارنامە ماڵیات بەپێی مەجمووعی داهاتیان بدەن.
لە بەشێکی دیکە لە داهاتە ماڵیاتییەکانی بوودجەی ساڵی داهاتوودا خاوەنانی زەوی مەسکوونی، ئیداری و تجاری کە ئەرزشیان زیاتر لە ٢٥ ملیارد تمەن بێت، پێویستە ٠.٢ لەسەد ماڵیات بدەن.
گەڵاڵەی بودجە ساڵی داهاتوو هەروەها وەزارەتی ڕێگا و شارسازیی ئەرکدار دەکات کە لە هەموو وەسیلەکانی هاتوچۆ کە لە ڕێگا سەرەکییەکاندا هاتوچۆ دەکەن، لەبری هەر کلیۆمیتر حەرەکەت و بەپێێ جۆری ئۆتۆمبێل عەوارزیان لێ وەرگرن و بیخەنە حیسابی سازمانی ڕاهداری و هاتوچۆی جادەیی لەلای خەزێنەداری گشتی. بەپێی گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٣، بۆ ئۆتۆمبێلەکانی سەرووی ٣ ملیارد تمەن ماڵیاتی یەک لەسەدی لەبەرچاوگیراوە.
بەپێی ئەم گەڵاڵەیە موعامەلە و نەقل و ئینتقالی سەنەدی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە قەرزی ماڵیاتییان هەیە لە نووسینگەکانی تۆمارکردنی ئەسناد و بەڵگەی ڕەسمیدا قەدەغەیە و مۆڵەتی دانی ئەم ماڵیاتە “لانیزۆر” تا کۆتایی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٣ ڕاگەیەندراوە.
هەروەها لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتوودا، داهاتی واگوزاریی دارایی سەرمایەیی، ١٦ لەسەد دێتە خوارێ.
لە بەشی واگوزاریی دارایی ماڵیدا داهاتی سەرچاوەگرتوو لە فرۆش و واگوزاریی جۆرەکانی ئەوراقی ماڵی ۳۶/۱ لەسەد زیاد دەکرێت و دەگاتە ٢٥٤ هەزار و ٦٠٠ ملیارد تمەن. بەڵام لە بەشی داهاتی سەرچاوەگرتوو لە فرۆشی سەهامی شیرکەتە دەوڵەتییەکان، ڕەقەمی پێشنیارکراو لە گەڵاڵەی بوودجە کە لە ساڵی ١٤٠٢دا ١٠٦ هەزار ملیارد تمەنە لە بوودجە ساڵی داهاتوودا بۆ ٦٠ هەزار ملیارد تمەن کەم دەکرێتەوە.
هاتنەخواری ئەم داهاتانە کە هەر هەموویان لەژێرناوی “گەڵاڵەی مولدسازیی داراییەکانی دەوڵەت” لە جەریاندا بووە نیشانی دەدات ئەم گەڵاڵەیە کە بە ئامانجی بردنەسەری داهات و جوبرانی کەسریی بوودجەی دەوڵەت پەسند و جێبەجێ کراوە، بەرەوڕووی شکست بووەتەوە.
دەوڵەت لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتوودا بۆ ڕێگری لە خۆدزینەوە لە ماڵیات، ئیجازەی بە سازمانی ئوموری ماڵیاتی داوە لەڕێگەی بانکی مەرکەزییەوە دەستی بە سیستمە بانکییەکان ڕابگات.
لە بەشێکی دیکە لەم گەڵاڵەیەدا پێشبینی کراوە کە لەسەر خواستی سازمانی ئوموری ماڵیاتی ئیمکانی دەستبەسەرداگرتن و هەڵگرتنی پارە لە حیسابی قەرزدارە ماڵیاتییەکان بەشێوەی سیستمی دەگونجێت. چوونەسەری جۆرەکانی داهاتی ماڵیاتی بەتایبەت ماڵیات لەسەر داهاتەکان لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتوودا جێگەی سەرەنجە.
ڕۆژنامەی “ئێعتماد” لە ڕاپۆرتێکدا چوونەسەری ماڵیاتەکانی لە گەڵاڵەی بوودجەدا “کەمەرشکێن” وەسف کردووە و نووسیویەتی کە دەوڵەت بۆ گەیشتن بەم ڕەقەمە یەکجار گەورەیە مێکانیزمێکی داڕشتووە کە نموونەیەکی دیاریکردنی ماڵیاتی ١٠ لەسەد بۆ داهاتی مانگانە ١٠ تا ١٤ ملیۆن تمەنە. هەروەک لە ڕاپۆرتەکەی “ئێعتماد”دا ئاماژەی پێکراوە ئەو ماڵیاتەی بۆ داهاتەکانی ژێر هێڵی هەژاری دیاری کراوە بەشێکی سەیروسەمەرەیە لەم گەڵاڵەی بوودجەیەدا کە نیشانی دەدات دەوڵەتی ئیبڕاهیم ڕەئیسی لە تاڵانکردنی هاووڵاتیاندا هیچ دەریغ ناکات.
بە باوەڕی زۆرێک لە کارناسان، ڕێژەی هێڵی هەژاری لە تاران زیاتر لە ٣٠ ملیۆن تمەن و لە شارەکانی دیکە بەشێوەی مامناوەند ٢٠ ملیۆن تمەنە. ئەم ڕێژەیە بە مانای ئەوەیە کە ئەگەر بنەماڵەیەکی سێ تا چوار کەسی لە تاران داهاتی مانگانە کەمتر لە ٣٠ ملیۆن و لە شارەکانی دیکە داهاتی کەمتر لە ٢٠ ملیۆنی هەبێت، توانای دابینکردنی “زەرووریترین” خەرجییەکانی ژیان لەوانە خۆراک و پۆشاک و پەروەردەی منداڵ و دەرمانی نابێت.
لە وەها بارودۆخێکدا دەوڵەت بە بێ بایەخدان بەم ئەرقامە، بۆ داهاتەکانی ژێر ٣٠ ملیۆن تمەنیش ماڵیاتی پێشبینی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە ئەگەرچی دەوڵەت ڕایگەیاندووە کە داهاتی ژێر ١٠ ملیۆن تمەن ماڵیات نایگرێتەوە بەڵام لانیکەمی حەقدەست لەمساڵدا نزیکەی ٨ و نیو ملیۆن تەمەنە و پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی دهاتوو بگاتە نزیک دە ملیۆن تمەن. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە ڕێژەی لانیکەمی حەقدەست، بنەمای پێدانی حقووق بە کەم داهاتترین توێژەکان لەوانە کرێکاران و خانەنشینانە، لەئاکامدا دەوڵەت بەکردەوە هەموو ئەو توێژانەی کە لەئێران تەنانەت کەمترین داهاتیشیان هەیە ماڵیاتی بۆیان دیاریکردووە و هیچ حقووق وەرگرێکی لە دانی ماڵیات موعاف نەکردووە!‌ بەڵام لە بەرامبەردا وەرگرتنی ماڵیات لە توێژە پڕداهاتەکان سەرکەوتوو نەبووە. گەڵاڵەکانی دەوڵەتە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ وەرگرتنی ماڵیات لە توێژەکانی وەک پزیشکان، پارێزەران و سەرمایەدارانێک کە لەڕێگەی مافیای حکوومەتییەوە داهاتی نجوومییان هەیە بەردەوام بەرەوڕووی شکست بوونەتەوە.
بەشێکی زۆر لە بۆنگا ئابوورییەکان کە لە دەستی مافیا گەورەکانی سەربە دەسەڵات، لەوانە سپای پاسداراندان لەڕێگەی ڕانتی حکوومەتییەوە بە ئاسانی لە دانی ماڵیات خۆدەدزنەوە. لە وەها بارودۆخێکدا بەکردەوە سیاسەتی ماڵیات وەرگرتن تەنها داهاتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کردووەتە ئامانج. کارناسان لەئاست ئەم شێوەیە لە دابینکردنی داهاتی ماڵیاتیی بوودجە هۆشداریان داوە و لەو باوەڕەدان کە نەتەنها هەموو داهاتە ماڵیاتییەکان دەستەبەر نابن بەڵکوو بەهۆیەوە ڕکوود و هەژاریش لە ئێران پەرە دەستێنێت.
شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایانی ئێران
٦ی سەرماوەزی  ١٤٠٢
Leave A Reply

Your email address will not be published.