پێوستە کۆمەڵگەی جیهانی و هێزەکانی هاوپەیمان پێش بە دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی بگرن

0
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:
ڕاگەیاندراو
– بۆ بیروڕای گشتی!
– وڵاتان و کۆڕ و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی!
– ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ!
هەروەک ئاگادارن رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا بۆ چەندەمین جار لە زاری کاربەدەستانی سیاسی و نیزامیی خۆیەوە هەڕەشەی پەلاماردانی کەمپی پەنابەرانی کوردی ئێرانی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستانی کردووە. هەروەها هەواڵ و بەدواداچوونەکان دەریدەخەن کە ڕێژیم لە ئامادەکارییەکانی بۆ سنووربەزاندن و هێرشێکی دیکە بۆ سەر پەنابەرانی سیاسیی کوردی دانیشتوو لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق بەردەوامە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێ دەیەی ڕابردوودا سەدان پەنابەر و چالاکی سیاسیی کوردستانی ئێرانی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا تێرۆر کردووە، لە چالاکیی لاوان و منداڵاندا بۆمبی تەقاندووەتەوە و لە چوار ساڵی ڕابردووشدا چەند جار بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر کەمپی پەنابەرانی سیاسیی کوردستانی ئێران، کە بەداخەوە بەو هۆیەوە دەیان کەس خەڵکی سیڤیل و پەنابەر کوژراون و بریندار بوون.
لە دۆخی ئێستاشدا کە کاربەدەستانی ڕێژیم تەنانەت بەئاشکرا کات و زەمەنیشیان بۆ شەپۆلێکی دیکە لە هێرشەکانیان دیاری کردووە، لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیەندراوەوە داوا لە وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی، ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت حکوومەتی عێراقی فێدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی ئەواندا نیشتەجێن دەکەین، ئاگاداری ئەو پلانە نیزامی و ئەمنیەتییانەی کۆماری ئیسلامی بن کە بەڕێوەن.
داوا دەکەین هەموو لایەک بە هەموو توانا و زەرفییەتی دیپلۆماسی و ڕێکارەکانی دیکەی بەردەمیان هەوڵەکانیان بۆ پێشگرتن لە هەرجۆرە هێرشێکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پەنابەرانی کوردی ئێرانی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا بخەنە گەڕ. لەگەڵ ئەوەشدا به‌ له‌به‌رچاوگرتنی واقعییه‌تی هێژمۆنی و ده‌ستڕۆیشتوویی ئێران له عێراق به‌تایبه‌تی له ئاستی ئاسمانیدا، سەرنجی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌تی وڵاته یه‌كگرتووه‌کانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمان لە عێراق بۆ بەرپرسایەتییەکانیان بە مەبەستی هه‌نگاوی به‌کرده‌وە دژی ده‌ستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی و پێشگیری له دووپاتبوونه‌وه‌ی جینایه‌تەکانی ڕادەکێشێن.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیەندراوەوە جارێکی دیکەش بە پێداگری لەسەر سیاسەتە درووست و ئوسوولییەکانی خۆی کە تەبا لەگەڵ هەموو بەها و بایەخە نێونەتەوەیی و جیهانگیرەکانە، ته‌بلیغاتی کۆماری ئیسلامی بۆ پاساودانی دەستدرێژییەکانی لە وڵاتی دراوسێی و جینایەتە یەک لە دوای یەکەکانی لەدژی پەنابەرانی سیاسی به‌رپه‌رچ دەداتەوە و ڕه‌تی ده‌کاته‌وه. لەڕاستیشدا ئه‌‌وه خودی کۆماری ئیسلامییه که به زاڵکردنی کەشی میلیتاریستی و گرتنەبەری سیاسه‌تی سه‌رکوت ته‌نانه‌ت له به‌رانبه‌ر چالاکانی مه‌ده‌نی و خه‌ڵکی بێدیفاع لە خۆپێشاندانە هێمنانەکانیشدا، ته‌واوی ئێران و به‌تایبه‌ت کوردستانی نائه‌من کردووه. وەک ئەزموونەکانی ڕابردووش پێشانی داوە کۆماری ئیسلامی بە درێژەدانی ئەو سیاسەتەی نە دەتوانێ قەیرانەکانی نیوخۆی چارەسەر و، نە کورد و باقی نەتەوە مافخوازەکان و سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی ئێران ملکەچ و بێدەنگ بکا و، لەکۆتاییدا سەرکەوتن هەر بۆ گەلانی ئیران و هەموو ئازادیخوازانی ئەم وڵاتەیە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی بەڕێوەبەری
١٨ی خەرمانانی ١٤٠٢
(٩ی سێپتامبری ٢٠٢٣)
Leave A Reply

Your email address will not be published.