چارەسەری بێکاری لە گۆڕینی سیستەمی حزب سالارییە بۆ سیستەمێک کە خەڵک بەشدار بێ لە ئیدارەی دەوڵەتدا !
عەلی محەمەد ئەمین نووسەرو ڕۆژنامەنووس لەوەڵامدا دەڵێت :بەڵێ بێکاری کێشەیەکی گشتی بەربڵاوە لە کۆمەڵگای کوردستان دا، بەو دەلیلەی کەکەم خێزان هەیە ، یەکێ یان دوو یاسێ بێکاری نەبێ، بێکار بەو ناونیشانەی کە ئامادەییان هەبێ بۆ کار ، کاریان دەستنەکەوێ، تەنانەت زۆرێک لەمانەش بەتەمەن لاون و ئەگەر چەند بڕوانامەیەکیشیان نەبێ ، ئەوا بڕوانامەیەکیان هەر هەیە.
لەڕاستی دا بوونی سوپایەکی بەرین لە لەبێکاران ، هەر بەم و بەو پارێزگاوە ناوەستێ و لە هەر پارێزگایەک دا ڕێژەیەکی مەترسیدار لە بێکاری هەیە، مەترسیدار، بەو مانایەی کەلە ڕێژەی ئاسایی و ستاندارد تێپەڕیوە، ئەگەرچی بەپێی ڕاگەیاندنی زۆرێک لە دام و دەزگاو بەڕێوەبەرایەتی و ڕێکخراو و سەنتەرەکانی تایبەت بەئامار ، ڕێژەی بێکاری لە ( ١٥ / – ٢٠ / ) و زیاتریش دەبێ ، بەڵام دەکرێ بڵیین هەموو ئەمانە وەک پێویست ڕاست و درووست و هەمەگیرنین، لەگەڵ ئەمەش دا ، تەنانەت ئەم ڕێژانەش مایەی تێڕامان و سەرنج و نیگەرانین،
هاوکات وەک ئاماژەمان پێدا، ئەم ڕێژەیە لە پارێزگاو ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە، ، بەتایبەت کە هەندێک شوێن، سەرەڕای بوونی ڕێژەیەکی بەرز لە بێکارانی خۆی ، ژمارەیەکی تر لە کەسانی ئامادە بەکار ڕووی تێدەکەن، ئەم کەسانە هەندێ جار لە پارێزگاکانی تری عێراقەوە ، یا لە ئێران و سوریاو تورکیاوە، تەنانەت لە ووڵاتانی دووریشەوە دێن، زۆرێک لەمانە لەبەر باری گوزەرانی خۆیان و پێداویستی زۆریان، بە هەقدەستێکی زۆر کەم ڕازی دەبن و لە ئاکام دا هەر ئەمانە دەبن یا دەکرێنە هۆ کار بۆ بێکارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی ناوچەکە خۆی.
هۆکاری تر زۆرە لە پشت ئەم ڕێژە زۆرەی بێکاریەوە، یەکێکی تر لەوانە کە جێگای نیگەرانیە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش ، هەروەک دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بە ئێستاشەوە ، متمانە دەکەنە سەر داهاتی نەوت و کەرتەکانی تری ئابوریان بەکەم و بێبایەخ گرتووە، لەوانە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری.
بێ لەوەی کە ئەم کەرتانە جێگای کارو گرنگیپێدانیان نەبووە، هاوکات بازاڕیان سیخناخ و پڕ کردووە لە کەلوپەل و بەرهەمی ووڵاتانی دەرەوە، ئەمەش وایکردووە بەرهەمهێنانی خۆماڵی تادێت لە ئاستێکی نزم دا دەبێت و ئەو دەستی کارەشی لەم ناوەندو کەرتانەش دا کار دەکەن بەردەوام لەژێر هەڕەشەی بێکاری و لەدەسدانی ئەو دەرفەتە کەمەی کاردان ، بە کوردی و بە کورتی ، نەکەرتی گشتی و نە کەرتی تایبەتی و تێکەڵیش توانای لەخۆگرتنی ژمارەیەکی بەرچاوو کاریگەریان لە هێزی کار نیەو ئەمە جگە لەوەی کە ئەم کەرتانەش هەر هەموویان بەم ڕادە یا ئەو ڕادە ڕەچاوی یاساو ڕێسای کارو بیمە تەندروستی و کۆمەڵایەتیەکان ناکەن وزەمینەیەکی وا ناڕەخسێنن بۆ ڕاکێشانی ڕێژەیەکی زۆر لە هەموو ئەو کەسانەی ئامادە بەکارن.
تێکۆشان بۆ چارەسەری بێکاری نەبووەتە تێکۆشانی گشتی جەماوەری لەکۆمەڵگای کوردستان دا ؟ بەڕای من لە بارودۆخی ئێستادا، ناکرێ بێکاری وەک کێشەیەکی ترسناک بە جیا لە کێشەکانی تر باسبکرێ و چارەسەری بۆ دابنڕێ و پێمانوابێ لە ماوەیەکی کەم دا هەموو کرێکاران و کەسانی بێکارو ئامادەبەکار کۆدەبنەوەو ڕێکخراودەبن و بە فشاری خۆیان بێکاری لە ڕیشەوە چارەسەر دەکەن، ئەمەش بۆ کۆمەڵێ هۆکار دەگەڕێتەوە ، کە وێڕای کێشەی بێکاری کۆمەڵگای کوردستان بەدەست کێشەگەلێکی ترەوە هاوشان بە کێشەی بێکاری دەناڵێنێ ،
بۆ نموونە چارەنووسی کوردستان هێشتا ڕوون نیەو هەریەک لەدەسەڵاتداریەتی ناوەندو دەوڵەتە هەرێمیەکانی وەک تورکیاو ئێران … دەستیان تێوەرداوەو دەسەڵاتدارێتی کوردستانیش بەگشت حیزبە پێکهێنەرەکانیەوە ، لەسەرەتای دەستبەکاربوونیانەوە بۆ ماوەی زیاتر لە ( ٣٠ ) ساڵ سیاسەتێکی ئابوری شکستخواردوویان گرتووەتە بەر و هاوکات سەرەڕای بێکارکردن و بێکارخستنەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان قۆرغکردنی بازاڕو بازرگانی لە لایەن خۆیان و بەرپرسە باڵادەستە کانیانەوە ، زۆرێک لە مافەکانی هاوڵاتیانی کوردستان و ئازادیە سیاسی و کۆمەڵاتیەکانیان پێشێلکردووەو لەسێبەری ململانێی هەمەلایەنەی خێڵەکیانەی نێوان حیزبە سەرەکیەکان و تەنانەت بەناو ئۆپۆزسیۆنیش دا بارودۆخێکی نالەبار جێی گرتووە، کە بەردەوام نوقڵانەی داهاتوویەکی ڕەشترو ترسناکتر لە بارودۆخی ئێستا ئەدا ، بە داخەوە تا هەنووکەش وێڕای ناڕەزایەتی بەر فراوانی خەڵکی کوردستان ، هێشتا خۆشخەیاڵی و تەوەهوم لای زۆرێک بە حیزب و لایەنەکان هەر هەیە، بڕێکی زۆریش لە ناڕازیەکان ، لەبەرئەوەی هێندە دەستیان بڕاوە بە گفت و وەعدی ناڕاست و فریودەرانە دەسبەرداری خەبات و تێکۆشانی ئامانجدارانە بوون ،
دەبێ ئەوەش بڵێین ، دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە گشتی ، بەتایبەت ڕاگەیاندنی لایەنە سەرەکیەکانی پێکهێنەری حکومەتی هەرێم ڕۆڵێکی یەکجار چەواشەکارو بەلاڕێداکەریان بینیوەو ئەوەشی خۆ بە ئۆپۆزسیۆن و چاکسازیخواز دەزانێ هێندەی تر بارودۆخەکەیان شێواندووەو یا خۆیان، یاخود دەسەڵاتدارێتی بەغدایان کردووەتە فریادڕەس و ئەوەی گرنگی نەبێ لایان خەباتی سەربەخۆی خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراوە بە دروشم و داواکاریە ڕەواکانیەوە، هەر هەموو وەک ئەوانی تر هەڵپەی بەشە سامان و داهات و پلەو پایەو پۆست و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانن.
سەبارەت بەسەندیکاو ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی کرێکاران ، بەتایبەت بێکاران، هەموو دەزانین زۆرێک لەو سەندیکاو ڕێکخراوانە سێبەرو وابەستەن و هەریەکە لە هەوڵی خزمەتکردن و جێبەجێکردنی سیاسەتی چەواشەکارانەی حیزب و لایەنە خۆسەپێنەکاندان.
بەدڵنیایی سوپایەکی بێکار لەناو ژنان دا هەیە، وێڕای ئەو هۆکارانەی کە پیشتر باسمانکرد ، ژنان بەهۆی ژنبوونیان و زاڵی بیروبۆچوونی پیاوسالاری کۆنەپەرستانەو داب و نەریتی دوواکەوتووی کۆمەڵگاوە بەشێکی زۆر لە ژنان دەرفەتی کاریان پێ نابڕێ ، ئەگەر بەشێکی کەمیشیان بەهرەمەندبن لەکار ئەوا ڕووبەڕووی هەقدەستی کەم و توندوتیژی وتەنانەت دەرکردن لەسەرکاریش دەبنەوە ، جێگای نیگەرانیە ، سەرەڕای کۆمەڵێک مافی گشتی کە پێویستە لێی بەهرەمەندبن ، زۆرێکی تر لە مافە تایبەتیەکانیشیان بەکەم دەگیرێ و پێشێلدەکرێ ، وەک مافەکانی کاتی دووگیانی و مناڵبوون وخزمەتگوزاری تەندروستی.
سەبارەت بە چارەسەری بێکاری، وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەم پێدا ، ئەم کێشەیە پەیوەستە بە کۆمەڵێ کێشەی ترەوەو لەسایەی سیستمێکی ستەمکارو شکستخواردوودا جێی گرتووە، سیستمێک کە هەموو جومگە هەستیارەکانی کۆمەڵگا، وەک سیاسەت و ئابوری و پەروەردەو فێرکردن و مێژوو کەڵتورو هونەرو ئەدەبی .
شێواندووە، هەموو ئەمانە وادەخوازن کە خەبات دژی بێکاری پەیوەستبێ بە خەباتی ڕەوای باقی چین و توێژە ستەملێکراوەکانی کۆمەڵگای کوردستان ، دەبێ وەک خەباتێکی گۆشەگیرو دابڕاوو بەرتەسک چاوی لێنەکرێ ، بگرە ببێتە داینەمۆو بزوێنەرو جۆشدەری خەباتی سەرجەم ستەملێکراوان بۆ بەدیهێنانی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لەسیستمی حوکمڕانی دا و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی کە یەخەگیری سوپایەکی بەرین لە ستەملێکراوان بوون .
کاوە نادر قادر – چاودێری سیاسی وەڵامی پرسیاری ئایا لەقۆناغی ئێستادا بێکاری بۆتە کێشەیەکی گشتی لەکۆمەڵگای کوردستاندا ؟ ئەگەر بۆتە کێشەیەکی گشتی بۆچی خودی چارەسەری بێکاری نەبۆتە تێکۆشانێکی گشتی جەماوەری ؟ گووتی :
لەراستیدا بێ کاری و کەم درامەتی و شتگرانی و قات و قڕی، دەمێکە لەباشووری کوردستان بوونی هەیە، بەڵام کێشەی ژیانی دیکە ، لەسەرووی هەموویان ، بێ کارەبی ، بێ ئاوی ، ناجێگیری مووچە دانەن بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ، ژن کوژی و کێشە کۆمەڵاتییەکانی دیکە ،……. ئەو کێشانەی کردۆتە بەشێک لە وروژاندنی رۆژانە لە راگەیاندنەکان و کردیتیە هەواڵی گواستراوی ناو خەڵک، بێ کاری و باروگوزەران خراپی خەڵکی وا بەهێز نەکردووە، لەلای دیکە نەبوونی هێزێکی سیاسی کە بێتن تەبەنی ئەو خەمانەی خەڵک بکا و بە بەرنامەڕێژی کاریان بۆ بکاو خەڵکی هەژار و بێ دەرامەت لەدەوری خۆی کۆ بکاتەوە، ئەمە کێشەی سەرەکی ئەو کۆمەڵگەیە، دەبێ پێشڕەو هەبێ و بەرنامەڕێژی بۆ داخوازییەکان هەبێ تا خەڵک تەیار بکرێ بۆ ئەو مەبەستە. بۆیە ئەو بێکارییەی کە ئێستا لە کۆمەڵگەدە دیاردەیەو بوونی هەیە، نەی توانییە هەژموونگەرایی خۆی بەسەر دەسەڵاتدا بکات، تاوەکوو چارەسەری ئەو دیاردەیە بکاتە گشتگیر لەناو خەڵکا. لەلای دیکە، دەسەڵاتی خۆماڵی هەریمی کوردستان، لەو دەسەڵاتانیە کە دەخوازێ کۆنترۆلی خەڵک بکا نەک لە کۆمەڵگە هەڵقولا بێ وئەرک وماف بۆ هاوڵاتیان دەست نیشان بکات. بۆیە ئەوەندە مافەی کە بەهاوڵاتی دەدات بە مەرحەمەتی خۆی دەزانێ بۆ خەڵک، بۆیە نەگوێ لە داخوازی گەل دەگرێ و نەگرنگی بەو داخوازیانە دەدات.
سەبارەت بە ئایا لەقۆناغی ئێستا چۆن دەتواندرێت چارەسەری کێشەی بێکاری بکرێت ؟ کاوە نادر لەم بارەیەوە گوتی :
بێکاری تەنیا کێشەیەک نییە لەکۆمەڵگەی کوردستاندا هەبێ وتا هەوڵ بدرێ چارەسەریەکی بۆ بدۆزرێتەوە ، لە راستیدا کێشەکە لە بونیادی هزری سیاسی و جۆر و هزری ئیداری و تێگەیەشتنی کێشەکانی کۆمەڵگە لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمە، ئەو مەسەلانەش هی هەر ٣٢ ساڵەی حوکمڕانیەتیانە ، نەک کابینەیەکی دیاری کراو . بۆیە زەمینەسازی لە لایەن دەسەڵات و نەبوونی پێشڕەوێکی سیاسی کە بتوانێ ئەو خەڵکە ستەمدیدەیە لە لایەنی مافەکانی نەتەوەیی و چینایەتی ، کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە .
بەڵام ئەوە ناگەیەنێ، کە دەسەڵات چەندە بەهێز بێ و میللەت شپڕزە بێ لەلایەنی سیاسیی و رێکخراوەیەدا ، چارەسەر نەبێ، یاساکانی سروشتی ومیکانیزمی گۆڕانکاری ناو کۆمەڵگە بکوژێ ، ئەوەی پێیان دەکرێ ، هەر هێنندەیە دوای بخەن و کەمێک بە بە ئاستەونگەوە سەرهەڵبداو رێچکەی خۆی بگرێ .
بۆیە چارەسەر لە گۆڕینی سیستەمی حزب سالارییە بۆ سیستەمێک کە خەڵک بەشدار بێ لە ئیدارەی دەوڵەت، نەک تەنیا پێکهاتبێ لەوانەی حزبین و حزبایەتی تەسک دەکەن و بڕیارو چارەسەر بەپێی بەرژەوەندی حزبی بدەن.
ڕێکار احمد نووسەرو هەڵسوڕاوی سیاسی لەوەڵامی پرسیاری، ئایا لە قۆناغی ئێستادا بێکاری بۆتە کێشەیەکی گشتی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا؟ ئەگەر بۆتە کێشەیەکی گشتی، بۆچی خودی چارەسەری بێکاری نەبۆتە تێکۆشانێکی گشتی جەماوەری؟ گوتی، ئەگەر کار وەک پێداویستییەکی گرنگی ژیانی مرۆڤ پێناسە بکرێ، ئیدی بێکاری دەبێتە پەتایەکی کوشندە و کێشە و گرفتی گەورە بۆ ژیانی مرۆڤ دروست دەکات.
کاتێک بە هۆی کارەوە بژێوی مرۆڤ و خێزان دابین دەکرێ، ئیدی بێکاری هەڕەشەیەکی ئاشکرا بۆ سەر ژیان و ئاسوودەیی مرۆڤ و خێزان دروست دەکات. بێگومان ئێستا بێکاری کێشەیەکی گشتی نێو کۆمەڵی کوردەوارییە، دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگەکان دانامەزرێندرێن و بێکار دەمێننەوە. جووتیاران لە ڕێی کشتوکاڵەوە ژیانی خۆیان بۆ دابین ناکرێ، لە گوندەکانەوە بەرەو شارەکان دێنەوە و بێکار دەمێننەوە. بازاڕی پیشەوەران کەساس بووە، بە ناچارییەوە پیشەکانیان دەگۆڕن و بێکار دەمێننەوە. وێرای ئەوانەشەوە، مخابن گەنج و لاوان لە جیاتی ئەوەی بە دوای چارەدا بگەرێن، سەری خۆیان هەڵدەگرن و بەرەو هەندەران دەڕۆن. هەندێک مرۆڤی بێکار کاتێک ناتوانێ ژیانی خێزانەکەی دابین بکات، پەنا بۆ خۆکوشتن دەبات، ڕووداوی دڵتەزێنێ لەو بابەتە یەکجار زۆرن.
ڕاستییەکەیشی بۆچی خودی چارەسەری نەبۆتە تێکۆشانێکی جەماوەری، واتە بۆچی خەڵک بۆ بنبڕکردنی بێکاری تێناکۆشن؟ ئەمە لێکدانەوە و شرۆڤەی زۆر هەڵدەگرێ. دەکرێ لەم خاڵانەدا کورتیان بکەینەوە:
1- ئەو ڕێکخراوە سیاسیانەی کە دەیانەوێ پێشەنگایەتی خەڵک، بەتایبەتیش پێشەنگایەتی چینی کرێکار و چەوساوە بکەن، خۆیان ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی جۆراوجۆر بوونەتەوە، یان بە هۆی گوشاری دەستەڵاتەوە، شیانی ئەوەیان نییە ڕێبەرایەتی تێکۆشانی جەماوەری ناڕازی بکەن.
2- دەستەڵاتداران بە شێوەیەکی لێزانانە، هەستی باوەڕ بە خۆبوونیان لە نێو خەڵک بە گشتی و لە نێوان لاواندا بە تایبەتی، بۆ نزمترین ئاست دابەزاندووە، ئەگەر نەڵێین کوشتوویانە، دەکرێ بڵێین کز و لاوازیان کردووە. سەربارەی ئەوەش، هێزە ئۆپۆزیسیۆنە ساختەکان بە دروشمی فریودەرانە و ڕەفتاری بەزیوانە، گورزی کاریگەریان لە ورەی گەلی کوردستان وەشاند و بێهیوایان کرد.
3- ڕەوشی سیاسی هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتی لە بەرژەوەندی دەستەڵاتداران تەواو بووە، ئەوان دەیانەوێ گیانی بەرگری و بەرخۆدان لە نێو کۆمەڵی کوردەواریدا بکوژن، چونکە لەو ڕێیەوە بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەپارێزێن. ئیدی لەو پەنایەوە، دەستەڵاتداران بێباکن و گوێ بە داخوازییەکانی بێکاران نادەن و هیچ بەهایەک بۆ ناڕەزایەتی خەڵک دانانێن.
4- بازاڕی کوردستان بۆ کەرستەی بیانی و بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ لە سەر پشتە، بەو هۆیەوە پیشەوەران وازیان لە کارەکانی خۆیان هێناوە و جووتیاران مەیلی چاندن و کشتوکاڵیان نەماوە، جووتیاران نەک هەر قازانج ناکەن، بەڵکو زۆربەی ساڵان وێرای ماندووبوون و کارکردنیان، مایەی خۆشیان وەدەست ناکەوێتەوە.
5- بەهۆی سیاسەتی داگیرکاریی و ژێردەستەیی، کۆمەڵی کوردەواری لە شوێنی خۆیدا چەقیوە و دەستی بە تەکنەلۆژیای نوێ نەگەیشتووە، ناتوانێ کێبەرکێ لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتوودا بکات.
تێچوونی کاڵای نێوەخۆ بە بەراورد بە کاڵای بیانی کە لە بازاڕی کوردستاندا دەفرۆشرێ، یەکجار زۆرە، ئەمەش دووچاری مایەپووچیان دەکات.
6- دەستەڵاتداران دەرگەی هاوڵاتیان بە ڕووی کرێکاری بیانی کردۆتەوە، کرێکاری بەنگلادیشی، ئەریتیری و ئەسیوپیایی زۆر بە هەرزان کار دەکەن، بەو هۆیەوە دەرفەتی کارکردنیان بەرتەسک کردۆتەوە، کرێکاری کوردستان ناتوانێ بژێوی خۆی بەو ڕۆژانەیە دابین بکات کە دیتران (ئەو کرێکارانەی لە وڵاتانی دیکەوە هاتوون) وەریدەگرن.
7- ڕاستییەکەی بە هۆی خانەنشینکردنی پێشوەختە و دامەزراندنی بندیوار، خەڵک ڕووی لە تەمبەڵی و تەوەزەلی کردووە و بوێری ئەوەیان نییە دەنگی ناڕەزایی بەرز بکەنەوە و بۆ خواستەکانی خۆشیان تێبکۆشن. تەنانەت زۆرێک لە گەنج و لاوان، دەیانەوێ لاسایی شێخزادە هەڵتۆقیوەکان بکەنەوە، بۆیە ڕوو لە هەموو کارێک ناکەن و دڵیان بە داهاتی کەم ئاو ناخواتەوە. واتە لە نێو بێباوەڕیدا نغرۆ کراون.
ڕاستییەکەی بە هۆی ئەوەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بێکارن، ئیدی دەروازەی دۆزەخ بە ڕووی مرۆڤەکان کراوەتەوە؛ کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی یەکجار زیادی کردووە.
ئەگەر وەک دیاردەیەکی ڕووتی ئابووری سەیری بێکاری بکرێ، دەبێ ئەوەش بزانرێ کە بێکاری ڕەنگدانەوەی نەرێنی لە سەر لایەنی دەروونی، تەندروستی، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نەتەوەییشدا هەیە. نوسەر لەوڵامی پرسیاری، ئایا لەم قۆناغەدا چۆن دەتواندرێت چارەسەری بێکاری بکرێت؟
گوتی، بە بڕوای من، ئەگەر خواستی ڕاستیمان هەبێ و دەستەڵاتداران ناچار بکرێن، زۆر بە ئاسانی چارەی بێکاری دەکرێ.
ئەگەر حکومەت بە ئەرکی سەرەکی خۆی ڕابێ و یاسای کار جێبەجێ بکات و دەرفەتی کار بڕەخسێنێ؛ ئەگەر لە جیاتی گەمەی وەبەرهێنانی یەکەی نیشتەجێبوون کە بە خشکەیی سیاسەتی تەعریب درێژەی پێدەدرێ، سەرمایەدارەکان ناچار بکرێن کارگە و کارخانەی جۆراوجۆری بەرهەمهێنان دروست بکەن؛ ئەگەر لە جیاتی گەمەی شاجوان و کچە مۆدێلەکان، هانی جووتیاران بدرێ تا زەویەکانیان دابچێنن و لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمەکانیشان، ڕێ لە هاوردەکردنی بەرهەمی بیانی بگرن، ئەگەر باجە جۆراوجۆرەکان کەم بکرێنەوە؛ لە هەمووی گرنگتریش، ئەگەر ڕێکخراوی بێکاران، شیان و توانای ڕێبەرایەتیکردنی تێکۆشانی هەبێ و ڕاستوێژانە بێتە مەیدان، زۆر بە خێرایی چارەی بێکاری دەکرێ و ژیانێکی باشتر بۆ خەڵک دابین دەکرێ.