کاتێک ژنێک خاوەن ئابوری خۆی بێت، واتە کیان و بریاری خۆی ھەیە بەلام بەھۆی بێکارییەوە ھەموو نەھامەتییەک روو لە مرۆڤ ئەکات.
شاباز محمود هەڵسوڕاوی کۆمۆنیستی وکرێکاری لەکوردستان ، لە وڵامی پرسیاری ئایا لەقۆناغی ئێستادا بێکاری بۆتە کێشەیەکی گشتی لەکۆمەڵگای کوردستاندا ؟ ئەگەر بۆتە کێشەیەکی گشتی بۆچی خودی چارەسەری بێکاری نەبۆتە تێکۆشانێکی گشتی جەماوەری ؟ دەڵێت ، بەڵێ بێکاری ئێستا گەیشتۆتە ژمارەیەکی پێوانەی خەتەرناک لە کوردستان، بەداخەوە بەبڕوای من هەموو ئەوئامارانەی هەیە نادروستن .
ژمارەی بێکار لەکوردستان وعێراق زۆرلەوە زیاترە کەڕادەگەیەندرێت لەلایەن حکومەت ڕێکخراوەکانەوە، بۆ زانیاری زیاتر دەکرێ چاوێک لەم ئامارو داتایانە بکەین کە پێشتر ڕایان گەیاندووە ،دەسەڵات خۆیان یان ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی بڵاویکردۆتەوە لەسەر عێراق وکوردستان .
ئامارو داتاکانی عێراق و هەرێم بۆ بێکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ بە فەرمی ژمارەی دانیشتوانی عێراقی خستە ڕوو کە، ٤٠٫١٥٠٫٠٠٠ چل ملیۆن و سەدو پەنجا هەزار کەسە.
لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە زیادبوونی ڕێژەی بێکاری عێراقی کردووە، بۆ ٪١٦٫٣٧ کە ئەم ڕێژەیە ئاماژەیە بۆ تێپەڕاندنی ڕێژەی ستانداردی جیهانی بۆ سێ هێندەو نیو، کە زۆر مەترسی دارە.
هاوکات جیاوازی کردووە لە نێوان هەردوو ڕەگەزەکە ، لە نێوان تەمەنی پڕ لە وزەی کار . بۆ ڕەگەزی نێر ڕێژەکە لە نێوان ٪١٣ ستانداردی جیهانی سەدا ١٠ یە بۆ ڕەگەزی مێ ٪٣٠٫٥٩ ستانداردی جیهانی بۆ ڕەگەزی مێی لاو ٪٨ ئەگەر بەراوردی ئاماری ناو براو بکەین بە ساڵانی پێشو لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ – تا ئەم بەروارە دەبینین ڕێژەکان زۆر زیادی کردووە .
کە زۆر جێی مەترسی و جێی سەر سوڕمانە. ١٩٩٢ ٪٨٫٩ ٢٠٠٢ ٪٩٫٤ ٢٠١٠ ٪٨٫٣٤ ٢٠١٦ ٪١١ تێبینی دەکەین سەرەڕای خراپی دۆخی ئابوری و سیاسی عێراق لەو بەروارانەدا، ڕێژەی بێکاری نیو هێندە بووە، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بێ باکی و خەمساردی دەسەڵاتی سیاسی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
هاوکات ڕێکخراوی کاری نێو دەوڵەتی ڕوپێوێکی بۆ ڕێژەی بێکاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە لە مانگی ٤ی ٢٠٢٢، وەک نموزج لە ١٦٫٦٠٠ خێزان وەری گرتووە، ئاماژە بە زیاد بوونی ڕێژەی بێکاری لە عێراق ٪١٦ و هەرێم ٪١٨ دەکات. هاوکات جیاوازی لە نێوان ڕێژەی بێکاری لە نێوان پارێزگاکانی هەرێم دەکات، کە شاری دهۆک لەم ڕێژەیە بەرزترین ڕێژەیەو سلێمانی کەمترینە بە بەراورد بە پارێزگاکانی دی .
پارێزگای دهۆک ٪٢٤٫٦٥ پارێزگای هەولێر ٪١٧٫٧ پارێزگای سلێمانی ٪١١٫٩ بەبڕوای من بۆ ئەوەی بێکاران لەبزوتنەوەیەکی سەربەخۆ بێنەمەیدان پێویستیان بەخۆڕێکخستن و لەدەوری یەکبونێکی سەراسەری هەیە ، دەبێت لە تەواوی عێراق بزوتنەوەی بێکاران بەڕێبخرێت، دەکرێت سەرەتا لەدەستە کانەوە دەست پێبکرێ ،
لەشاروشارۆچکەکانەوە شێوازی بانگەوازو کۆبونەوە دروست کردنی دەستەی دواتر گرێدانەوەی شارەکان و هەڵبژاردنی نوێنەری بێکارانی دواتر دروستکردنی دەستەی گشتی بێکاران.
بەم شێوازە دەکرێ ببنە خاوەنی ڕێکخراوی سەربەخۆی واقعی خۆیان دەکرێ بەمجۆرە خۆیان لەپێشدا ڕێکبخەن، پاشان دژی ئەم دیاردەیە بێنە مەیدانوو نایەکی پڕ بەگەروو دژی دەسەڵات بڵێن ، دەسەڵات ناچاری خواسی یان کار یان بیمەی بێکاری بکەن . بەداخەوە لەکوردستان وعێراقیش تاکو ئیستا ئەم بزوتنەوەی بێکاری خۆی ڕێکنەخستووە . دەکرێ کۆمۆنیست و کەسانی ئازادی خوازی عێراق دەست پێشخەری وەها بزوتنەوەیەکبن .
شاباز محمود لە وڵامی پرسیاری ، ئایا لەقۆناغی ئێستادا چۆن دەتواندرێت چارەسەری کێشەی بێکاری بکرێت ؟ دەڵێت ، لە م وڵاتە ، چ عێراق یان کوردستان، ئەرکی دەسەڵاتە هەلی کاری گونجاو یان دانی بیمەی بێکاری بۆ بێکارانی ئامادەبەکار بدات چونکە ئەوەندە ئیمکانات و پارە هەیە هەتا بتوانێ چارەی بێکاری بکات ، بەڵام بەبڕوای من نەدەسەڵات لەکوردستان ودەسەڵاتی عێراقیش ئەهلی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەنین ، ناشیانەوێ ژیانی خەڵک چاک بکەن ئەگینان لەکوردستان سەرەڕای ئەوهەموو داهاتە ، زیاتر لە ٣٠ساڵ دەسەڵات داریان بیان ویستایە حەتمە دەیان توانی بەکردنەوەی دەیان وسەدان کارگە و دامەزراوەی دەوڵەتی بەربەدیاردەی بێکاری بگرن .
بەبڕوای من تاکو کاتی کۆتای بەم دەسەڵاتەدێ ئەم بەڵای بێکاریەش بەردەوام دەبێت ،کۆتا یی هێنان بە زۆرێک لەم کێشانە لەگروەی کۆتای هێنانە بەم دەسەڵاتە دژە خەڵکیە .
کەژاڵ عبدالقادر بەرگری کار لە مافەکانی ژنان و چالاکوانی مەدەنی لەکوردستان . دەڵێت، بێگومان گەورەترین کێشە لەئێستادا لە ھەرێم بێکارییە، سوپایەک گەنجی بێ ھیواو بێکارمان ھەیە ئەمەش کاریگەری نەرێنی وراستەوخۆی لەسەر ژیانی خەلک ھەیە کەبۆتە ھۆی سەرھەلدانی ھەموو جۆرە کیشەیەک، بێگومان چارەسەری بێکاری لەم ھەرێمەدا قورسە، چونکە سیستەم ودامەزراوەکان حیزبیە ، لەخزمەتی کۆمەلێک کەسدایەو پلان بۆھیچ شتێک نییە ،جەماوەریش زۆر ھوشیار نییە، مرۆڤەکان برسی کراون لەلایەن حیزبەکانەوە .
کاتێ مرۆڤ خاوەنی خۆی نەبێت چارەسەری چۆن پێ ئەکرێت !
کەژاڵ عبدالکریم زیاتر لەسەر بێکاری دەدوێت و دەڵێت، لەم جۆرەکۆمەلگایانەدا ژن پلە دووە و دووجار چەوساوەیە ، جارێک لە خێزانداو جارێک لەلایەن خاوەن کارەوە ھەنێک جار بەرەو شتی زۆر ناخۆش ئەروات تەنانەت فرۆشتنی جەستەش ، کاتێک ژنێک خاوەن ئابوری خۆی بێت، واتە کیان وبریاری خۆی ھەیە بەلام بەھۆی بێکارییەوە ھەموو نەھامەتییەک روولەمرۆڤ ئەکات.
کێشەی بێکاری بە کردنەوەی کارگە و بەگەرخستنی کەرتی کشتوکال ودانی قەرز بەگەنجال وەکوپال پشتی گەنجان کە ووزەوداینەمۆن .
لەھەموو دنیادا گەنج ئەھێنرێتە پێشەوەو ئیشی بۆ دابین ئەکرێت ، چونکە توانای جەستەو بیرکردنەوی گەنج لەوپەری باشیدایە بەلام ئەوە سیستەمی سەرمایەداریە کەوادەکات لەم ھەرێمەی ئێمە گەنج چەکدار ئەکرێت بۆ پاراستنی خۆیان ومانەوەیان.