سامان کریم:بەبێ ڕێکخراوبوونی پڕۆلیتاریا،ناڕەزایەتی شەقام ئەنجامەکەی هەر بۆ بورجوازی دەبێت!

0

دیداری ئەم جارەی ماڵپەڕی ئەلتەرناتیڤی شورایی لەگەڵ زۆر بەڕێز (سامان کریم )

بابەتی گفتوگۆمان (سەبارەت بە ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان وبزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستان ونەخشە ڕێگای ئینسانی بۆ هێنانەدی کۆمەڵگایەکی باشتر و ڕێگاچارەی ڕزگاربوونی کۆمەڵگان  بە چۆنایەتی ڕێکخراوبوونی خەڵکی ناڕازی مەیسەر دەبێت و بەبێ ڕێکخراوبوونی پڕۆلیتاریا،ناڕەزایەتی شەقام ئەنجامەکەی هەر بۆ بورجوازی دەبێت!

گفتوگۆی ئەم دیدارەمانە لەگەڵ سامان کەریم.

ئەڵتەرناتیڤی شورایی: لەلایەک دەسەڵات تووشی بنبەستبوونی ئیداری بووە لەکوردستان، لەلایەکی تر عێراقیش خۆی بەپینەوپەڕۆ حکومەت و دەسەڵاتی ڕاگرتووە، لەهەمانکاتیشدا خەڵک لەگەڵ ئەوەی ناڕازییە، بەڵام بەلای خۆ ڕێکخراوبووندا ناچێت. بەبڕوای ئێوە لە کوردستاندا چۆن دەتوانرێت کۆمەڵگە بەرەوکۆمەڵگەیەکی باشتر بچێت؟

سامان کەریم: دەسەڵاتی بورجوازی کورد، ئەمرۆ لە لایەن بزوتنەوەی کوردایەتییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، دەرگیرە لەگەڵ بن بەستێکی فراوان و هەمەلایەنەدا. لەڕوانگەی منەوە قەیرانەکە هەمەگیرە  و گشت بزوتنەوەکانی دیکەی چینی بورجوازی گرتۆتەوە نەک تەنها لە کوردستان بەڵکو لە ئاستی جیهانیدا بەهەمان شێوەیە، واتە قەیرانەکە هەر دامێنی بزوتنەوەی کوردایەتی نەگرتووە بەتەنها، بەڵکو دامێنی بزوتنەوەی ئیسلامی-تەواوی هێزە ئیسلامیەکان- و لیبرالیزم و فۆرمە جیاوازەکانی و هەروەها ناسیونالیزم و فۆرمە جیاوازەکانی  گرتووە. مەسەلەکە ئەوەیە قەیرانەکە دامێنی بورجوازی گرتووە وەک چینێکی باڵا دەستی جیهانی. بۆیە بابەتەکە بن بەستی ئیداری نیە بەتەنها، بەڵکو زۆر لەوە قوڵتر و هەمەلایەنەترە و سەرتاپای سیستەمی سەرمایەداری گرتۆتەوە و کوردستانیش وەک ناوچەیەک بەشێکە لەم سیستەمە. هەلومەرجی حکومەتی عێراق لە دەسەڵاتدارێتی یەکیتی و پارتی باشتر نیە، ئەویش بەهەمان شێوە، دەرگیرە لەگەڵ قەیرانێکی سەرتاپاگیری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و شوناسدا.

بۆ ئەوەی بزوتنەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی چالاک و پشت بەستوو بە هێزی چینایەتی ڕێکخراو ببێت، کە دژ بە کۆی ئەم سیستەمە بێت ، پێویستە وە مەرجی یەکەم ئەوەیە کە کۆمەڵگەکە بناسیت، ناسینی کۆمەلگە هەر ئەوەنیە کە بڵیین چینایەتیە. هەموو کۆمەڵگەکانی دونیا چینایەتین و پرۆلیتاریا گەورەترین چینی جیهانی و مێژووە، بەڵام وتنی ئەم حەقیقەتە، هیچ ڕێکخراوێک دروست ناکات و شتێکی تازەمان پێناڵێت. کۆمەلگەی کوردستان دابەشبوون و قڵشتێکی گەورەی چینایەتی لە باوەشگرتووە. ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی بورجوازی، بورجوازی ئۆپۆزسیۆن نیە، ئەمە بەکردەوە هەزارەها جار تاقیکراوەتەوە، هەم لە کوردستان و هەم لە ئاستی جیهانیدا. سەرنجێک بدەین لە ئەوروپا کە ناشێ بەراوردی بکەین لەگەڵ کوردستاندا، لە باری خزمەتگوازی و مافەکانەوە تا ئێستا، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەوەمان بۆ دەردەخات کا ئاڵوگۆری نێو خێزانی بورجوازی و ئەمدەست و ئەو دەستکردنی دەسەڵاتی لە نێوان کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمریکا یان کۆنسێرڤەیتڤ و حزبی کرێکارانی بەریتانیا لە هەلومەرجی ئەمرۆدا شتێکی ئەوتۆ ناگۆڕێت بە قازانجی پرۆلیتاریا. ئۆپۆزسیۆنی بورجوازی گەمەی دیموکراتی جوانتر و ڕازاوەتر دەکات، زیاتر مەقبولیەتی پێدەدات لە نێو کۆمەڵگەدا و زیاتر خەڵکی پێ چەواشە و خۆشباوەڕ دەکرێت، سیاسەتێک وەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی. هەرچەند دوای پەلاماردانی کاپیتۆل لە ئەمریکا و داگیرکردنی، ئەو گەمەیەش زیاتر سوک و چروک بووە. هێزە بورجوازییەکان ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی بورجوازی نین، بەڵکو ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی بزوتنەوەیەکی دیاریکراو یان هاوپەیمانیەکی دیاریکراوی بورجوازین، بەم شێوەیە دەسەڵات لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە، ئەوەی کە پێی دەڵێن – الدولە العمیقە-لە شوێنی خۆیەتی، سوپا و پۆلیس و دەزگا نهێنیەکان و کۆمسیۆنە مەرکەزییەکان و … هەموو لەشوێنی خۆیانن ئەوەی دەگوڕێت بەرپرسەکانیانە، واتە وەزیر و  سەرۆک وەزیران و یان سەرۆک  و ڕاوێژکاری نیشتمانی  و بەرپرسی هەندی دەزگای ناوەندی. کەواتە دەسەڵات  ودەستور  لە شوێنی خۆیەتی و تەنها دەمووچاوی سەرکردەکانی دەگوڕێت.

 کەواتە چی ڕێکخراو بکریت یان چی خۆی ڕێکخراو بکات؟! پێویستە پرۆلیتاریا خۆی ڕێکخراو بکات. واتە مەسەلەی یەکەم پێش رێکخراوبوون، ئەوەیە، کە لێکدانەوەی چینایەتی جێگای لێکدانەوەی پۆپۆلیستی بورجوازی و لێکدانەوە سەرو چینایەتیەکان بگرێتەوە، لە ژێر ناوی جۆراوجۆری شەقام و مەیدانەکان و…. هتد. بەڵام لێکدانەوەی چینایەتی نەک لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، بەڵکو تەنانەت لە نێو کۆمۆنیستەکانیشدا کرچوکاڵە. بەڵام ئەمە مانای ئەوەیە، خەلک ناڕازی نابێت؟ ڕۆشنە کە خەڵک وە پرۆلیتاریا هەموو ناڕازین و خەبات دەکەن، بەڵام باسەکە ئەوەیە کە چی ڕێکخراوبێت تا خەڵک بتوانێت بەدەوریدا خۆی ڕێکخراو بکا و ڕێکخراو بێت جا با بۆ هەندی توێژی ناڕازی بەشێوەیەکی کاتیش بێت، چونکە بەبێ ڕیکخراو بوونی پڕۆلیتاریا خەڵک وە شەقام بە گشتی ڕیکخراو ناکرێت، … بەڵام ئەگەر پرۆلیتاریا ڕێکخراو بێت، ئەوکات ڕێکخراوکردنی شەقامی ناڕازی و خەڵک و.. توێژە جیاوزەکان کاریکی ئاسان دەبێت. لە نێو پرۆلیتاریادا، ئەو بەشەی کە تا ئێستا زۆرینەیە، پێویستە فۆکەسی بخرێتە سەر بۆ ڕێکخراو بوون، هێزی پرۆلیتاریا لەو بەشەدایە کە لەسەر کارە، نەک لەبەرئەوەی زۆرینەیە لە نێو چینی پڕۆلیتاریادا، بەڵکو لەبەرئەوەی کە پێگەی لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و هەڵسوڕانی کۆی ژیانی کۆمەڵگەدا بە‌‌هێزە و پلەی یەکەمی هەیە. واتە ڕیکخراوکردن، وە ڕێگای ئاسان بۆ ڕیکخراو بوون ، شوێنی کارو ژیانی کرێکارانە. ئەگەر نا زەمینەی ماددی ڕیکخراوبوون مانای نامێنێت. ئەگەرچی ئاڵوگۆڕی گەورە بەسەر پرۆسەی ڕیکخراوبوون و زەمینەو میکانیزمەکانیدا هاتووە لە ئاستە جیهانی و لۆکەڵیەکەیدا، کە لێرەدا جێگای باسمان نیە. کەواتە مەسەلەی یەکەم ئەوەیە بزانین چێ ڕێکدەخەین. تەنانەت بۆ کەسێک یان لایەنێک یان گروپ و حزبێکی سۆشیالیست کە بیەوێت شەقامی ناڕازی ڕێکخراو بکات، دەبێت لەو خاڵەوە دەستپێبکات، کە ئاماژەم پێدا. ئەمە هەنگاوی یەکەمەو بێ ئەمکارە، وە بە کردار دەرهێنانی لە نێو خەباتی هەمەلایەنەی چینایەتیدا، کارێکی ئەوتۆ مەیسەر نابێت، هەروەک تائێستا نەبووە. ئایا ئەم ڕوانگەیە مانای ئەوەیە واز لە بێکاران بهێنرێت؟! بێگومان نا وە هەزار جار نا. باسەکە باسی فۆکەسکردن و چڕکردنەوەی کاری سۆشیالیستیە، نەک پێویست بوون و یان نەبوونی مەسەلەیەکی گەورەی وەک بێکاران، کە زۆر ڕۆشنە پیوێستە ڕێکخراوبن و بەتایبەت لە گەڕەکەکاندا لەگەڵ هاوچینەکانی خۆیان دەتوانن ڕیکخراوی جۆراوجۆر پێکبهێنن، بەجیا لە خۆ  ڕیکخراوکردنی خۆیان وەک بێکاران.

هێزە جیاوازەکانی بورجوازی بە ئاسانی دەتوانن ناڕازیبونی شەقام بەرن و ئابلوقەی بدەن. سەدان جار ئەمکارەمان بینی لە بزوتنەوەکانی بەهاری عەرەبیەوە بگرە تا دەگاتە ناڕەزایەتیەکانی کوردستان لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابوردوودا… بۆ دەتوانن؟ چونکە پێشتر ئەوان هێزی خۆیان ڕێکخستووە، لە دەوڵەتدا، وە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا. بورجوازی وەکو چینێک کۆمەڵگای مەدەنی خۆی پێکهێناوە و ڕیکخراویکردووە و خاوەنی نەریتێکی کۆمەڵایەتی فراوان و گەورەیە. ئەگەر نا بەتەنها بە سەرکوت هیچ هێزێک ناتوانێت ناڕەزایەتی گەورە و فراوانی خەڵک قووت بدات و بیخاتە سەر ڕێگەی خۆی، یان بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی بەکاریبهێنێت.

کەواتە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە هەنگاو هەڵگرێت بەرە و ئاستێکی باشتر لە ژیان و گوزەران و هەلومەرجی خەباتکردن، سەرەتا پێویستی بەوەیە، کە هێزی سەرەکی ناڕازی کۆمەڵگە خۆی ڕێکخراو کردبێت و ئاستێک لە ڕێکخراوبوون لە خۆی نیشانبدات. بەبێ جێبەجێکردنی ئەمکارە، ناڕەزایەتی شەقام ئەنجامەکەی هەر بۆ بورجوازی دەبێت. لە مەیدان و شەقامەکانی تونس و میسر و بەغداو ناسریەوە بگرە تا دەگاتە کوردستان، هەمووی ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێت.

ئەڵتەرناتیڤی شورایی : لەئێستادا باس لەهەڵبژاردن دەکرێت لایەنگرانی دەسەڵات بەڕێگا چارەی دەزانن بۆ دەربازبوونی کۆمەڵگا لەکێشەو قەیرانەکان بەڵام ئاشکرایە هەڵبژاردنی پەرلەمان کۆمەڵگا ڕزگار ناکات چونکە خۆیان کێشەوقەیرانەکانیان دروستکردووە ،بەڵکو زیاتر بەرەو کێشەوقەیرانی تری دەبات ،بەبڕوای ئێوە چ جۆرە نەخشە ڕێگایەکی ئینسانی دەتوانێت کۆمەڵگا ڕزگاربکات ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕێگای دروستی ئینسانی نەبێت؟

سامان کەریم: باسی هەڵبژاردن تەنها باسی لایەنگرانی دەسەڵات و دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و تەنات حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی بورجوازی نیە، بەڵکو باسی چینی بورجوازی و کۆی ئایدیا و عەقلیەتێکە کە لە ئاستی جیهانیدا، بە کوردستانیشەوە سەپاندویەتی و کردویەتی بە عەقلیەتی سەدان ملیۆن کەس لە ئاستی جیهانیدا. هەر یەکێتی و پارتی و ئیسلامیەکان و بزوتنەوەی گۆڕان  نین کە باسی هەڵبژاردن دەکەن، بەڵکو هەزارەها ڕۆشنبیر و هونەرمەند و ئەکتەر و مامۆستای زانکۆ و ژورنالیست و نوسەر و شاعیر و لاو ونەوەی تازە لە کوردستان، هەمان باسیان هەیە، تەواوی میدیا بە کەرتی تایبەت-ئەهلی- و حزبیەکانەوە هەمان باسیان هەیە… کەواتە عەقلیەتی زاڵی تا ئێستای کۆمەڵگەی کوردستان، دیسان هەڵبژاردنە وەک ئەڵتەرناتیڤێکی ناچاری، ئەلتەرناتیڤێکی نەگەتیڤ لە هەلومەرجی نەبینینی ئەلتەرناتیڤێکی شۆرشگێرانەی چینایەتی و مەلموسدا. تۆ سەرنج بدە ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیر و نوسەر وهونەرمەند داوای هەلبژاردنی پێشوەختدەکەن، واتە بە ڕێگا چارەسەری دەبینن. لایەنی کەم باسیان ئەوەیە کە لەکۆڵ ئەم کابینەیە ببنەوە کە تاقەتی مووچەدانی نیە!.

بەم پێیە، مەسەلەیەکی دیکەی گرینگ ئەوەیە چۆن پڕۆلیتاریا سنوری ڕۆشن وە قاتیعی خۆی دەکێشێت لەگەڵ دیموکراتی پەرلەمانیدا. دیموکراتی پەرلەمانی هیچ هەناسە و تروسکایەکی تێدا نەماوە بۆ پڕۆلیتاریا. دیموکراتیزم ئەمرۆ تەنها زنجیرەکانی پرۆلیتاریا توندتر دەکاتەوە و خۆشباوەریەکان برەو پێدەدات، لە ژێر ناوی ئازادی ڕەئی و هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا… کە هەمووی چەندین جارو جار تاقیکراوەتەوە، بەرژەوەندییەکی تێدا نیە بۆ پڕۆلیتاریا، واتە زۆربەری زۆری دانیشتوانی دونیا، یان هاووڵاتیان لە هەر وڵاتێکدا. نە دیکتاتۆری تاک حزبی و بنەماڵەیی بورجوازی وەک کۆریای باکورو ولاتانی کەنداو بەرژەوەندییەک بۆ پرۆلیتاریا دابین دەکەن، وە نە دیموکراسی ئەمریکا و بەریتانیاو فەرەنسا. هەردوو لایان دیکتاتۆر چینایەتی بورجوازین. خەباتی پرۆلیتاریا دەمێکە ئەو سەردەمەی تێپەڕاندەوە کە لە ڕیگای فراوانکردنەوەی دیموکراتیەوە لە شۆڕشی خۆی نزیک بێتەوە. لیرەدا باسی من بەراوردی ژیان و گوزەرانی پرۆلیتاریا نیە لە نێوان وڵاتانی دیکتاتۆری فەردی و بنەماڵەیی لە گەڵ ولاتانی دیموکراسی کە دیکتاتۆری چینی بورجوازی لە ڕێگەی نوێنەرانی چینەکەوە دابیندەکەن. لەم ڕوانگەیەوە، تەنها ڕیگە و یەکەم ڕێگە و دوا ڕێگە شۆرشی پرۆلیتاریایە و ڕێگەی دیکە نیە. جا لەم ڕێرەوە فراوان وپانوپۆڕەدا، بەرزی و نزمی هەیە و تاکتیکی جیاواز لەوانیە بێتە پێشەوە… بەلام نەخشە رێگایەک کە کۆمەڵگە ڕزگار بکات : تەنها شۆڕشی پڕۆلیتاریایە. واتە لە جیاتی سینارێۆی  هەلبژاردن و پەرلەمانی بورجوازی، ئێمە سیناریۆی شۆرشی پرۆلیتاریا  ودەسەڵاتی پرۆلیتاریامان هەیە.

ئەڵتەرناتیڤی شورایی: ئایا لەئێستادا لەمپەرەکانی بەردەم خەباتێکی چینایەتی چییە ؟بۆچی ناتواندرێت حیزب وڕێکخراوە کۆمۆنیست وشیوعییەکان کاریگەریان هەبێت لەئاراستە کردنی کۆمەڵگادا لەعێراق و کوردستان لەکاتێکدا باڵەجیاوازەکانی حیزب وڕێکخراوە بۆرژوازی وناسیۆنالیستی ودینییەکان پەریشانن وخەڵک لێیان ناڕازی یە ؟

سامان کەریم: لەمپەرەکانی بەردەم خەباتی چینایەتی هەمیشە ماددی و بابەتین. هەموو لەمپەرەکان بورجوازی وە کۆمەڵگەی مەدەنی دایدەنێت و وەگەریدەخات و دووبارە بەرهەمیدەهێنێتەوە، بەشێکیان برسێتی و بێکاری و کەمی کرێ، کەمی مافە سیاسی و ڕیکخراوەیەکان و جەنگ و ئابلوقە ئابوریەکانە، بەڵام ئەم بەشەیان، خۆی بەشێکە لە سروشتی سیستەمی سەرمایەداری و جیانابێتەوە لێی. کەواتە باسی من ئەو بەشەیە کە کۆمۆنیستەکان کەم تا زۆر دەتوانن ڕۆلێکی تێدا بگێڕن. لەم ڕوانگەیەوە گەورەترین لەمپەر وە لە ڕوانگەی منەوە تاکە لەمپەرێک لە هەلومەرجی ئێستادا، نائامادەیی فکری و سیاسی سۆشیالیستی پرۆلیتاریایە. دەڵێم لە هەلومەرجی ئێستادا، واتە بەدیاریکراوی باس لەم ساتەوەختە دەکەین کە تیایدا دەژین. بەڵام مەسەلەی فکر کە بناغەیەکی پتەوە بۆ جیهانبینی ودارشتنی سیاسەت، بە تەواوی مەسەلەیەکی بابەتیە. پەیوەندی نێوان کردار و تیۆر مەسەلەیەکە لە پرۆسەی پراتیکدا واتە لە کرداردا جێبەجیدەکریت و دەبینرێت. واتە فکرەیەک کاتێک دەبێتە ماددە، کە خەڵک هەڵگری بێت، کاتێک خەڵک فکرەیەکی دیاریکراو دەبێتە عەقلیەتی، کاری پێدەکات و پاش ماوەیەک دەبێتە بەشێک لە نەریت و قسەوباسی ڕۆژانەی، دەبێتە پراتیکی خەباتکارانەی و پاشان لەپرۆسەیەکی خەباتکارانەی بەردەوامدا بەرهەمیدەهێنێتەوەو تازەی دەکاتەوە. بەکورتی ئایا پرۆلیتاریای کوردستان دەتوانێت لە قامەتی چێنێکی یەکگرتودا خۆی نمایش بکات؟ جا با لەسەرەتاوە نمایشێكی لاوازیش بێت، یان بەشێکی کەمی پرۆلیتاریا بگرێتەوە. بە داخەوە تا ئێستا نەیتوانیوە. کەواتە لەباری کردارەوە چی بکرێت، یان پێویستە چی بکرێت کە کۆمەک بکات بە لابردنی ئەو لەمپەرانە؟. هیچ بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بێ تیۆرێکی شۆڕشگێرانە ناچێتە پێشەوە. لەم روانگەیەوە، خەباتێکی بێوچانی فکری و سیاسی دەخوازێت لە بەرانبەر بورجوازی و بیرمەندەکانیدا، بیرمەندە پلە یەک و سەرکردە سیاسیەکانی. لە کوردستان ناسیونالیزم و ئیسلام و لیبرالیزم وەک سێ بزوتنەوە لەمپەری کۆمەلایەتی گەورەن، لەبەردەم شۆڕشی پرۆلیتاریادا. کەواتە لە باری فکر و نەریتەوە پێویستە بیرمەندانی گەورەی ئەم ئاراستانەی بورجوازی وەڵامی پرۆلیتاریای ئەم سەردەمە وەربگرنەوە… ئەمە کۆسپێکی گەورەیە. بەبێ بوونی هەوڵ و تێکۆشانێکی مارکسیستیانەی لەم جۆرە، من گومان دەکەم، پرۆلیتاریا بتوانێت لەم هەلومەرجەدا خۆی ڕێکخراو بکات، چجا بگات بە  ڕێکخراوبوون لە شوراکاندا، چجا بگات بە ڕێکخستنی خۆی لە شۆرشی کۆمەڵایەتیدا. بۆ پێکهێنانی شورا پێویستمان بەوە هەیە کە فکرەو نەریتی شورایی لە ئاستێکدا بوبێتە عەقلیەت وە کاری پێکرابیت لە ئاستی کۆمەڵایەتی و لە جەرگەی خەباتی ڕۆژانەی پڕۆلیتاریادا دژ بە بورجوازی، ئەگەر نا هەر وتنەوەی دروشمە و نابێت بە کردار. 

دواکەوتنی بزوتنەوەکانی شەقام و مەیدانەکان ، نەریتی کۆمۆنیستی نیە و بەشی هەرە زۆری پڕۆلیتاریا کە کار دەکەن توانای پیادەکردنی نەریتێکی خەباتکارانەی لەو چەشنەیان نیە، کە چەندین هەفتەو تەنانەت مانگ لە مەیدانەکاندا بمێننەوە بێ ئەوەی ئاسۆیەکی ڕۆشنیان هەبێت، و لە جەرگەی شۆڕشێکدا ئەو فورمو نەریتە دەرکەوتبێت. خەباتی پرۆلیتاریا بۆ شۆرشی کۆتایی خۆی وەکو چینێک، هەمیشە ئالای پێشڕەوی لەدەستدایە و پاشکۆی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نیە، وەکو ئەوەی لە مەیدانی تەحریری بەغدا لە ساڵی پاردا بینیمان.

ئەوەندەی بگەرێتەوە بۆ ڕێکخراو و لایەنە کۆمۆنیستیەکان، بەداخەوە ئەوەی کە خۆی بەکۆمۆنیست دەزانێت، چ گروپ وە چ حزب لە سەری ئایدۆلۆجیاوە دەڕوانێتە خەباتی چینایەتی، ئایدۆلۆجیا وەک باوەڕێک بۆتە بناغە بۆ هەر کارێکیان… واتە خاڵی دەستپێکردن بەرژەوەندی پرۆلیتاریا نیە، کە چی پێویستە، بەڵکو ئەو باوەڕەیە کە فلان یان فیسار ڕێکخراو و حزب هەیەتی. لەمبارەوە، ئێمە پێشتر پرۆژەیەکمان پێشکەش بە زۆربەی لایەنە کۆمۆنیستە جیاوازەکانی کوردستان کرد، ناوەرۆکی پرۆژەکەی ئێمە ئەوەبوو، کە با ئیتر لەسەر ستراتژی سۆشیالیستی قسەبکەین، بابێین، دەست بکەین بە گفتوگۆیەک بۆ پێکهێنانی “کۆمەلەیەکی سۆشیالیستی” وە بێگومان ئەم کۆمەڵەیە لە پرۆسەیەکی خەباتکارانەدا، مانفێستی خۆی دەبێت. وتمان هەلومەرجی جیهان و کوردستان و عیراق ئەوە دەخوازیت… ئەمە لەمانگی تەموزی ساڵی پاردا بوو ٢٠٢٠، بەڵام بەداخەوە گوێگری نەبوو. وە تەنانەت جگە لە سێ لایەن ئەوانی دیکە تاقەتی وەڵامدانەوەشیان نەبوو. ئەمە هەوڵێک بوو، بۆ کۆکردنەوەی زۆربەی لایەنەکان بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک بتوێتەوە لەنێو ئەو کۆمەڵەیەدا، وە بەپێی پێشنیارەکە، هەموو لایەنەکان بەتەواوی سەربەخۆی خۆیان دەبوو، وە ئێمە تەنانەت لەسەرەتاوە پێشنیاریشمان نەنوسی، بەڵکو ناچاربووین کە بینوسین، وەکە نوسیمان، ئیمزای خۆمان لێنەدا، وتمان هی ئەوانەیە کە ئیمزای دەکەن، بەلام بێ ئەنجام ماوەیە. مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە ڕێکخراو و گروپ و حزبەکان هەموویان دوورن لە خەباتی ڕۆژانەی چینایەتیەوە، بەم پێیە، هیچ مۆتیڤێکی بابەتی نیە کە زۆریان لێبکات بۆ ئەوەی کە ئەگەر خەباتی سۆشیالیستی دەکەن، با لە پرۆسەیەکی خەباتکارانەی ڕۆشندا، هەوڵەکانیان یەکبخەن لە پێناو شۆرشی چینایەتی پرۆلیتاریادا. بە سادەیی چونکە خەباتی پرۆلیتاریا نەک بۆ شۆرش، بەڵکو بۆ خواستێکیش پێویستی بەکگرتووبونە سەرەڕای جیاوازی لە بیروڕادا.

ئەڵتەرناتیڤی شورایی :ئایا لەقۆناغی ئێستادا دەتوانرێت لەناو بزووتنەوەیەکی جەماوەریدا ناڕەزایەتییەکانی کوردستان ڕێکخراو بکرێت بۆ هێنانەدی کۆمەڵگایەکی باشتر؟ ئەگەر دەتوانرێت چۆن وبەچ نەخشە ڕێگایەک دەتوانرێت ناڕەزایەتییەکانی کوردستان ڕێکخراوبکرێت؟

سامان کەریم: پرسیارێکە پر بەدڵی ئەم هەلومەرجەیە. دەبێت سەرەتا بپرسین ئەو بزوتنەوە جەماوەرییە کامەیە؟ کاتێک دەلێین بزوتنەوەی جەماوەری وەک چەمک بزوتنەوەیەکی سیاسیە و فۆرم و هەیکەلێکی دیاریکراوی هەیە و بە سیما و پێشڕەوانی خۆی دەناسرێتەوە. جا پێسڕەوەکەی ڕێکخراوێک یان حزبێک بێت یان چەند کەسێک بن. کامەیە ئەو بزوتنەوەیە؟ من بەڕاستی بزوتنەوەیەکی ئاوەها نابینم لە کوردستان، کە  ئیدعای سیاسی هەبێت و لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیدا خۆی نمایش کردبێت. ئەی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک؟ بەڵێ بزوتنەوەی ناڕەزایەتی بۆ خواستەکانی خەڵک و توێژە جیاوازەکان و پرۆلیتاریا هەیە و لە ماوەی ١٠ساڵی ڕابوردوودا بەشێوەی بەردەوام ئەم بزوتنەوە ناڕازیانە هەبوون وە بەردەوام دەبن. ئەم بزوتنەوانە بزوتنەوەی داواکاری و خواستی دیاریکراوی وەک: پێدانی مووچەی تەواو و لەکاتی خۆیدا، دامەزراندنی بێکاران و بەتایبەت دەرچوانی پەیمانگاو زانکۆکان، خواستی سوتەمەنی و کارەبای تەواو، خواستی کردنی گرێبەستی کاتی کارکردن بۆ گرێبەستی هەمیشەیی…. ئەمانە بەردەوام خواستی پرۆلیتاریا و تویژە مەحرومەکان بووە، وە بەردەوامیش دەبێت. بابەتی ناڕەزایەتی بابەتێکی ماددی و ئۆبجەکتیڤە و پەیوەندی نیە بە بوونی ئەحزاب و ڕێکخراوەو سەندیکاو….تا سەرمایەداری هەبێت لە بەرانبەریدا ناڕەزایەتی و ڕاپەڕین و شۆڕشیش، بە قەد خودی سیستەمی سەرمایەداری مەلموس وبابەتین. کەواتە پێویستە دوو بابەت وە دوو دیاردەی کۆمەڵایەتی بەتەواوی لە یەک جیابکەینەوە، بۆ ئەوەی بزانین چی دەکەین.

یەکەمیان بزوتنەوەی ناڕەزایەتیە بۆ داواکاری و خواستی دیاریکراو، وەک مووچەو خواستەکانی دیکە، ئەم ناڕەزایەتیانە بەردەوام هەیە و دەبێت و هەروەک ئاماژەم پێدا، پەیوەندی بەبوونی ئەحزاب و ڕێکخراو و شوراو سەندیکاوە نیە، دیارە بوونی ئەو ڕێکخراوانە ناڕەزایەتیەکان بەهێزتر و یەکگرتووتر دەکات. دووەمیان: بزوتنەوەی سیاسی جەماوەری، واتە ئامانجێکی سیاسی دیاریکراوی هەیە، بۆ نمونە، گۆڕینی دەسەڵاتی ئەحزابی بورجوازی کوردی و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی باشتر، یان جەماوەری، یان لەوەش لە خوارتر، بزوتنەوەیەکی جەماوەری لە پێناو ئاڵوگۆڕێکی دەستوریدا، یان لە پێناو ئازادی ڕیکخراوبووندا….ئەمانە ئاستی جیاواز و جۆراوجۆری بزوتنەوەیەکی سیاسی جەماوەرین… من بزوتنەوەیەکی لەم چەشنە نابینم لە کوردستان کە بیەوێت ئاڵوگۆڕیکی سیاسی لە فۆرمی دەسەڵاتی ئەحزابی کوردایەتیدا پێک بهێنێت، بە قازانجی زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستان. کاتێک باسی بزوتنەوەی سیاسییە، واتە بەدڵنیایەوە خاوەنی هەیە، کە پرۆلیتاریا نەبێت، ڕۆشنە هیزێکی بورجوازییە. خەڵک ناڕازییە، تا ڕادەی ڕوخان و ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتەی بورجوازی کوردی، وە دەیانەوێت کارێکی وابکەن؟ بەڵی ئەوە ڕاستە. بەلام ئەوە جیاوازی زۆرە لە بوونی بزوتنەوەیەکی سیاسی بۆ ئەم ئامانجە. بۆ نمونە، سەرەڕای جیاوازی هەلومەرجەکان، خەڵکی کوردستان دەیان ساڵ ناڕازی بوو بە دەسەلاتی بورجوازی بەعس، بەڵام هەرگیز نەیتوانی بزوتنەوەیەکی جەماوەری – نەک چەکداری- لە ئاستێکی فراواندا ڕیکخراوبکات لە شارەکانی کوردستاندا، بەلام هەمیشە ناڕازی بوو. ناڕازیبوون زەمینەی ماددی بزوتنەوەکانە، بەڵام هەموو ناڕازیبونێک بزوتنەوەیەکی سیاسیمان بۆ دەستەبەرناکات. بۆ ئەوەی ئەوە فەراهەم بێت پێویستی بە کرداری جیاوازی دیکە هەیە.   

دیارە بزوتنەوەی سیاسی و جەماوەری لەکوردستان هەبوون، بەڵام ئەوانە بزوتنەوەی بورجوازی بوون وەکو ١٧ی شوبات. ١٧ی شوبات لە سەرەتاوە بگرە تا دواین ڕۆژەکانی خاوەنەکەی بزوتنەوەی گۆڕان و پاشان ئیسلامیەکان بوو، وە ئەمانجەکانی خۆی پێکا و ئەوان بە زۆرینەیەکی زۆرەوە گەیشتنە پەرلەمان و دەسەڵات لەو سەردەمەدا. بێ هۆ نیە لە سەرای ئازادی سلێمانی نوێژی هەینی دەکرێت و مەلاکانی یەکگرتوو وکۆمەڵی ئیسلامی دەبن بە ڕەوانبێژی “شۆرش”!!!!. کەواتە بزوتنەوەی سیاسی جەماوەری کە بیەوێت ئاڵوگۆڕیک لە ژیانی خەڵکدا بهێنێتەدی، پێویستی بەوە هەیە کە لە سەرەتاوە خۆی جیاکردبێتەوە لە بزوتنەوە بورجوازییەکان و هێزە جیاوازەکانیان. ئەمە ئەلف و بێی بزوتنەوەیەکە کە دەیەوێت بە پێچەوانەی ڕەشەباوە بجوڵێت.

ئەڵتەرناتیڤی شورایی :پێویستە چی بکرێت؟

سامان کەریم: لە سەرەوە ئاماژەماندا بەوەی کە ئەلتەرناتیڤی یەکەم و دووەم وکۆتایی شۆرشی پرۆلیتاریایە. من وا سەیر دەکەم کە چۆن ئەمکارە ئەنجامبدرێت؟. لەم ڕوانگەیەشەوە سەرنجدەدەمە هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی. بەم پێیە چ بزوتنەوەیەک بەهێز بکەین؟ ئەوەی بەردەم پاریزگاری سلێمانی کە لەم دوایەدا پەرلەمانتارەکانی گۆرانی تێدا گیران و زیندانی کران؟. یان بزوتنەوەی مەیدانی تەحریری بەغدا، کە کازمی بە پشتیوانی سیستانی و ئەمریکا کردە حکومەت؟. پێم وابێت ئەوە کاری سۆشیالیستەکان نیە، بێ هۆ نەبوو کە کرێکارانی عیراق-ئەفراد نالێم- بەشێک نەبوون لەو حەرەکەتەی مەیدانی تەحریر. کاتێک پەرلەمانتاری گۆران دەبێتە دەمڕاستی بزوتنەوەیەک، بێگومان دەبێت هەڵوێستەیەک بکەین، بوون بە دەمڕاستی بزوتنەوەیەک وە تەنانەت ناڕەزایەتیەکی بچوکیش، لە خۆوە نابێت، عەفوی نیە، بەڵکو دیاردە و ئەنجامێکە کە بە باڵای ئەو بزوتنەوەیە دەخوات، ئەگەر نا، قبوڵ ناکرێت و دەکرێنە دەرەوە. ئەو بزوتنەوەی دوایی لە پاڕیزگای سلێمانی بزوتنەوەیەکی سیاسی تەواو عەیار بوو کە ئاڕاستەکەی ڕوەو بەغدا بوو، وە بۆ فشار خستنە سەر پارتی بوو، بەبڕوای من تاڕادەیەک ئامانجی خۆی پێکا….پێم وابێت دەبێت وە پێویستە خەریکی کاری سەرەکی خۆمان بین.

پێویستە ئێمە کۆمۆنیستەکان بەهەر جیاوازییەک کە هەمانە، هەوڵی سەرەکیمان ببێت بە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی جەماوەرییەکان. بۆ ئەوەی پشتیوانی ئەوەبین کە جەماوەری ناڕازی وەک کتلە و بلۆکێکی ناڕازی بەرانبەر بە دەسەڵاتی ئەمرۆی ئەحزابی بورجوازی کورد نمایش بکات و داواکانیان بسەپێنن. کارێکی لەم چەشنە پێویستی بە ڕێکخراوبوون هەیە، ڕێکخراوبوون پێویستی بەلابردنی لەمپەرەکانی بەردەمی هەیە، وەک ئاماژەمان پێدا. بابەتێکی گەورە ئەوەیە بۆچی خەڵکی کوردستان وە پرۆلیتاریای کوردستان، لە ئاستی سەرتاسەریدا خواستی مووچە بەرزناکاتەوەو بەدوریدا خۆی ڕێکخراو  ناکات؟ هەموو سەروەت و سامانی کوردستان فرۆشرا، بۆ ناڕەزایەتیەکی بەهێزو سەرتاسەری نابینین دژ بە گرانبوونی کارەبا، وەک نمونە دەڵێم. دوا قسەی من ئەوەیە، ئەوەی کراوە، وە ئەوەی پێویستە بکرێت ئەوەیە، کە ئێمە بۆ شۆرشی پرۆلیتری لە ئێستاوە دەبیت چی بکەین؟ کارکردن وە زەمینە خۆشکردن، بۆ خێراتر پێگەیاندنی هەلومەرجی شۆرشگیرانە و خودی شۆڕش، دەبێت کارکردنی کرداری بێت لە نێو ئەو هێزەی کە بڕیارە ئەم شۆڕشە ئەنجام بدات: پرۆلیتاریا. لێرەوە خەریکی رێکخستنی ئەم ناڕەزایەتیانە بین، بە ئاسۆی ڕۆشنی شۆڕشی سۆشیالیستیەوە، رێکخستنی تەنانەت بەشێکی کەمی پرۆلیتاریا دەبێتە ناوکۆکەی هەر بزوتنەوەی سیاسی جەماوەریش ئەگەر بێتە پێشەوە.

کەواتە نەخشەکار لەوەدا کورتدەبێتەوە کە: ناوکۆکەی سەرەکی هەر شۆڕش و ڕاپەڕین و بزوتنەوەیەکی سیاسی جەماوەی، لە ڕوانگەی سۆشیالیسەتیەوە، ڕیکخراوبوونە. ئەگەر نا لەوانەیە شۆرش ببێت، چونکە شۆڕش کردەو ڕوداوێکی تەواو بابەتیە، بەڵام بەبێ ڕێکخراوبوون بە دەوری ئاڵای سۆشیالیستیدا، ئەگەر سەرکەوتوش بێت ناتوانێت بمێنێتەوە وخۆێ ڕابگرێت لە بەرانبەر هێرشەکانی بورجوازیدا. کەواتە ڕێکخراوبوونی پڕۆلیتاریا بە دەوری ئاسۆی ڕۆشنی سۆشیالیستیدا، مەسەلەی یەکەمە. ئیمە چیمان لە دەست دێت بۆ ئەمکارە، ئێمە باسی خۆمان دەکەین، ئەگەر باسەکانمان وەڵام بێت بە پێویستی خەباتی پرۆلیتاریا ئەوە دڵنیام وەریدەگرن و دەیکەنە ڕێنوێنی بۆ کاری خۆیان، بەلام  باسی ئێمە لە ڕوانگەی منەوە پێویستە کۆمەک بکات بە لابردنی ئەو لەمپەرانەی کە باسمانکردن. لەباری کردارەوە، پێویستە دەستبەجێ، ئەوەندەی کە خەباتی ڕۆژانە و ناڕازی پرۆلیتاریا و توێژە مەحرومەکان، دەستەبەری کردوە، لە هەوڵی پێکەوە گرێدانی خەباتی بەشە جیاوازەکان ناڕازیاندا بین لە هەر فۆرمێکدا کە بۆ ئەوان دەگونجێ. مامۆستایان وەک نمونەیەک کە چەند ساڵە ناڕازین، بەڵام خەباتیان پەرت و بڵاوەو بورجوازی لە چەندین فۆرمدا ڕێکخراویکردوون بۆ ئابلوقەدان و ناکامکردنەوەی ناڕەزایەتیەکانیان. بەهەمان شیوە بێکاران و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، فەرمانبەران و کرێکارانی گریبەستی کاتی کە هەموو ڕۆژێک لە ژێر چنگی دەرکردندا دەناڵینن. کرێکاران لەهەموو بەشەکاندا کە بێ مووچەن و ساڵانە ئەگەر کۆیبکەیتەوە ٥ مووچەی تەواو وەرناگرن…ڕێکخراوکردنی ئەم ‌هێزە فراوانە لە سەرەوە ئەنجام نادرێت، کارێک کە هەموومان خەریکی بووین. واتە ئەمکارە بەوە بەئەنجام ناگات کە بێین بە ئیرادە چەند کەسێکی هەڵسوراو و ناسراو لەم گەرەک و ئەو شوێنی کار کۆبکەینەوە و لەسەر پایەی چالاکی یان چەپ و کۆمۆنیست بوونەوە کۆیان بکەینەوە، بەڵکو پێویستە ڕاستەوخۆ لە خوارەوە، لە نێو کارگە و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و دەزگا خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا و شارەوانی  و هەروەها گەرەکان، ئەمکارە لەلایەن پێشڕەوانی ئەو شوێنانەوە بە ئەنجام بگات . گەرەکەکان دەکرێت شوێنی ڕێکخستنی مامۆستایان بێت بەتایبەت لە هەر گەرەکێکدا چەند قوتابخانەیەک هەیە و دەکرێت کۆمیتە یان فۆرمێکی ڕیکخراوی تایبەت بەخۆیان هەبێت بەجیا لەوەی کە بەشێک بن لە ڕێکخراوای گەرەک…

بەبوونی چەندین ڕێكخراوی لەم چەشنە و بە دەوری خواست و داواکاری ڕۆشنی خۆیاندا، وەک: مووچەی تەواو و مانگانە لە کاتی خۆیدا، هەروەها یەککردنی ئەم خواستە و خواستەکانی تر بە خواستێکی سەرتاسەری و هەمەگیر… دەتوانێت زەمینەیەکی ماددی و کۆمەڵایەتی گونجاو بێت بۆ  بزوتنەوەیەکی ناڕازی جەماوەری فراوان بۆ بەدیهێنانی داواکارییەکان. لەهەناوی کارو خەباتێکی چینایەتی لەم چەشنەدا، زەمینەی دەرکەوتن و هاتنە پێشی دەیان پێشڕەوی پرۆلێتێری و جەماوەری دەڕەخسێت ولەهەمانکاتدا، بورجوازی ناچار بەملکەچ بوون دەکات بۆ ڕازی بوون بە داواکان.

٦شوبات ٢٠٢١

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.