لە ڕووداوەكەی سۆران، دەبێت كێ‌ دادگایی بكرێت !

0
هیوا عومەر
ئەو ڕووداوە دابڕاونییە لە كۆی سەدان و هەزاران ڕووداوەكانی ئەم دواییانە لە كوشتن و دزی و تاوانە كۆمەڵایەتییەكان لەسەرتاسەری كوردستان كە راستەوخۆ گرێدراون بە هەڵكشانی بێكاری و هەژاری و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی و جیاوازییە چینایەتییەكان و رەچەتەكانی لیبڕاڵیەتی نوێ‌ و فۆرمەكانی ستەمكاری، ئەمەش بەشێكە لە لێكەوتەكانی قەیرانی گشتگیری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی .
دیوێكی تری ئەم ڕووداوە درێژكراوەی زهنیەتی خێلەكی ژنكوژی و كۆمەڵگای نێرسالارییە، لە لایەكی تر كەم تەرخەمی و شكستی دام و دەزگاكان و سیستەمی دادوەری و هێزە ئەمنییەكان بەڕوونی پیشان دەدات، هەروەك كەس و كاری بكوژەكە ڕایانگەیاند، ئەوان چەندین جار دادوەری ناوچەكەو هێزە ئەمنییەكانیان لێی ئاگەداركردۆتەوە كە براكەیان ساڵێكە یەكێك لە هاوسەرەكانی بەند (سجبن) كردووە و بەردەوام توندوتیژی دژی ئەندامانی خێزانەكەی بەكاردەهێنێت بەڵام هیچ بەدواداچوونێكیان نەكردووە،
لەگەڵ ئەوەشدا دوای 25ساڵ خزمەتی پێشمەرگایەتی لە هێزەكانی زێرەڤانی مووچەی بكوژەكەیان بڕیوە و بۆتە هۆی ئەوەی خێزانێكی هەشت كەسی هیچ سەرچاوەیەكی دارییان نەبێت و بكوژەكەش توشی بارێكی دەرونی تایبەت، ببێت. نابێت وا تەماشای ئەم كەیسە وەك حالەتێكی ناوازە بكەین، بەڵكو ژن كوشتن و توندوتیژی خێزانی دیاردەیەكی رۆژانەیە و بەردوامیش دووبارە دەبێتەوە، ئەوە لە كاتێكایە هەڵكشانی داتاكانی توندوتیژی پێمان دەڵێن تەواوی دام و دەزگاكان توشی ئیفلیجی بوون لە هەنگاوی چارەسەی، ئەوەش رەنگدانەوەی شكستی ئایدیاو ئەزموونی ئیتلافی حوكومرانانە. هەرچەندە زۆر لایەنی تری ئەو ڕووداوە پێویستی بە پشكنین و دەرخستن هەیە بەڵام نابێت وا بیربكەینەوە تەنها بكوژەكە دادگایی بكرێت هەروەك میدیاكان بانگشەی بۆ دەكەن!
پێش ئەوە دەبێت كۆمەڵگای نێرسالاری و سیستەمی سیاسی و ئابوری و ئەزموونی دەسەڵاتی ئیتلافی حوكومڕان، دادگایی بكرێت، دادگاییەك لە دەرەوەی پێوەرە و رەچەتەی سیستەمی دادوەری، دادگاكانی ئەمرۆ.
Leave A Reply

Your email address will not be published.