کاری مناڵان یەکێکەلە سیما هەرە دواكەوتووەكانی هەرێمی كوردستان ،دەبێ قەدەغەبکرێت ‎!!

0

ئەمڕۆ 12_6ڕۆژی ڕووبەڕووبوونەوەی کاری مناڵانە ئەگەرچی كاری مناڵان یەكێكە لە پێداویستیە ئابوورییەكانی كۆمەڵگای سەرمایەداری كە لە سەر بنەمای نایەكسانی ئابووری و باڵادەستی كۆمەڵایەتی، كەمایەتیەكی زۆر بچووكی كۆمەڵگاو لە سەر چەوسانەوەی چینایەتی دامەزراوە ، ڕۆژانە ملیونەها ئینسانی كرێكارو زەحمەت كێش دەبنە قوربانی ئەم سیستەمە، لەم نێوەشدا مناڵانیش بوونەتە ئامڕازێكی تری دەستی سەرمایەداری ، بۆ زیاتر كەڵەكە كردنی سەرمایەو سوودوەرگرتن لەهێزی كاری هەرزانی مناڵان ،لە كوردستان مافەكانی مناڵان لە فەرهەنگی دەسەڵات و یاسایی ئێستادا شتێكی هەرزانە، مناڵانیش لە خراپترین هەلومەرجی ژیان و گوزەراندا ژیان بە سەردەبەن و مافەكانیان بە ئاسانی لە ناو كۆمەڵگاو لەلایەن خێزانەكانیانەوە وەكو شتێكی ئاسایی وسروشتی پێشێل دەكرێت، بەڵام لەم نێوەدا ئەوەی كە زۆرترین زەحمەت و بێمافی و نەگبەتیەكانی ئەم وەزعەی لە سەر شانە، مناڵانی كرێكاران و خەڵكە زەحمەتكێش و كەمدەرامەتەكان و هەژارەكانن .

كاركردن بە مناڵان لە لایەن خێزانەكانیانەوە ،وەكو پێویستیەكی ئابووری بۆ پڕكردنەوەی كەمی داهاتی ڕۆژانەی خێزانەكان یەكێكە لە مەترسیدارترین پێشێلكاری كە بەرامبەر بە مناڵان دەكرێت ، مناڵان لە كوردستان وەكو كۆیلە بەزۆر كاریان پێدەكرێت و هاوكاتی كاركردنەكەش لەشوێنی کار دووچاری جنێو و سوكایەتی دەبنەوە ، هەروەها لە ڕووی تەندروستییەوە گەورەترین زیانیان پێدەگات و دوور دەكەونەوە لە خوێندن و ڕۆشنبیری و هونەری و هەموو جۆرە چالاكیەكی مناڵانە.

 

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی كاری مناڵان (٢١٨) میلۆن مناڵ لە سەرتاسەری جیهاندا كاردەكەن، هەروەها مناڵانی كچی تەمەن (١٥) ساڵ بە ڕێژەی ٢٠%زیادی كردووە، لەو ڕێژەیە (٧٣) ملیۆنیان کاری زۆر قورس دەکەن ، (٦٤) ملیۆنیان منداڵی کچن ،(88) ملیۆنیان منداڵی کوڕن ، دیارە کوردستان بێبەش نییە لەم ڕێژە زۆرەی کاری منداڵان کە لە جیهاندا بڵاو کراوەتەوە ..

لە ساڵی ٢٠١٣ كۆمپانیای سامسۆنگ بە ئاشكرا دانی بەوەدا ناوە كە ئەو ماددەی (قەسدیر) ە كە لە بەرهەم هێنانی تەلەفونە زیرەكەكان دا بە كاردەهێنرێت لە سەردەستی مناڵان بەرهەم دێت، ئەم مادە كانزاییە زۆر زیانبەخشە بۆ تەندروستی مرۆڤ و ژینگە ،كە ساڵانە زیاتر لە (١٥٠) هەزار مناڵ دەبنە قوربانی …

‎ئێمە لە سەنتەری بەرگری لە مافەكانی مناڵانی كوردستان ڕادەگەیەنین، كە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە فەرمی كاری مناڵان قەدەغە بكات. ‎هاوكاتیش ڕێگە لە هەر كەسێك بگرێت كەبەردەوامی بە كاری مناڵان دەدات.

هەروەها پێویستە ڕێكخراوەكانی مناڵان و ڕێكخراوە كرێكاری و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵەكانی خۆیان بدەن بۆ قەدەغە كردنی كاری مناڵان هاوكاتیش ئەركی پەرلەمانی كوردستانە كە بە یاسا كاری مناڵان قەدەغە بكات ‎.

سەنتەری بەرگری لە مافەکانی مناڵانی کوردستان

12/6/2023

Leave A Reply

Your email address will not be published.