“ڕک و کینە “

0

ڕێڤان جاف

ژەهرە وێرانکەرەکەی ئینسان دەردە کوشندەکەی ژیان هێزی ڕک و کینە مرۆڤ لە مرۆڤایەتی دەخات، دەیکات بە دڕندەیەکی بوغزاوییی و دەغەزاری ناکۆک و ڕق ئەستوور.

ڕک ئەو ژەهرەیە بە تاڵیی و ترسناکی خۆی، توڕەیی و تێڕوانینە نەرێنیەکان تۆختر دەکاتەوە و لە توانا و ماهیەتی تەمەن و جوانیی بەها مرۆییەکان و بیرکردنەوە و خەیاڵی دروست و ئەرێنی دەبات و پەرتەوازە و بزرییان دەکات.

هەر ئەوەندە خۆت ڕادەستی چارەگرانی و تێکدەری ئەم ڤایرۆسە قەڵس و جاڕسە کرد، زۆر بە هێواشی خۆت لە بەها جوانەکان و گووڕوتینی ژیانکردن بێبەش دەکەیت و ئامانج و مانای ژیان لە دەست دەدەیت و دەتکاتە تۆپەڵێک ڕقی بێزارکەر و ئاشوبگێڕ لەگەڵ خۆتدا دەکەویتە حاڵەتی ناکۆکی و تەنگەژە و ئاژاوە نانەوە، دەتکات بە کەسێکی هەراسانکەر و دەروون شێواوی شەڕانگێز دوور لە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری.

ڕق لە بری ئەوەی فێری ئەوەت بکات ژیان لە ئامێز بگریت، ژیانت ڕەتدەکاتەوە و لێیهەڵدێیت، ڕق لە بری ئەوەی فێری هونەری ژیانت بکات، فێری ئەوەت دەکات بە تووڕەیی و هەڵچوونەوە کات بەڕێبکەیت. هیچ بوونەوەرێک هێندەی ئەو مرۆڤانە بەدبەخت و ناشرین و ئێسک قورس نین کە ئەوەندەی تاڵاو و زووخاوی ڕق ئەخۆنەوە نیو ئەوەندە خۆشاو و شەکراوی خۆشەویستی ناخۆنەوە، زۆر بێ ئاگاییانە بە گرژی زەینەوە بە ئیرادەیەکی کز و لاوازەوە ڕێگە بە ڕقەکەی ناخیان ئەدەن لە بەخشینی خۆشەویستی گەورەتر بێت.

ئەم کەسانە دڵییان سیخناخ و لێوان لێوە لە بوغز و کینە و دەروونیان بارگاویە بە پشێویی و نەفرەت، ئەم کەسانە بە جۆرێک لاوازن ڕک و کینە ناخییانی خواردوە، بەرچاوییان تاریک و توانای بینینیان کزبووە، هەناسەیان لە ناو قووڵای دەریای تووڕەیی و بوغزدا نوقم بووە، میهرەبانی و بەخشندەیی و خۆشەویستییان لە ناخدا ناشتوە، ئەم کەسانە بەوپەڕی بەتاڵییەوە دەژین و بەوپەڕی بەتاڵیشەوە دەمرن.

ئەم کەسانە بەردەوام بە ئەستووری ڕقەوە بە خەبەردێن و شەپۆلێکی تووڕەیی تەنگییان پێ هەڵدەچنێت و غافڵانە بیر لە شکست و بەدبەختی ئەوانیتر دەکەنەوە و دەخوازن لە گۆلاو و چڵپاوی ژیاندا نوقم بن.

ئەم کەسانە بە نائاگامەندی و ناساغی خۆیانەوە دەست بۆ قسەی بێزارکەر و بریندارکەر دەبەن واتا بۆ خۆبەتاڵکردنەوەی خۆیان هەمیشە بە دوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن تا بکەونە هێرشکردن جا ئەو هێرشکردنە بە سووکایەتیکردن و تۆمەتبارکردن و تانە و تەشەری نەشیاو بێت یا بە کێشمەکێش و قیڕەقیڕ و بەدکرداری بێت کە ئەمەش ئەوەندەی لێدان و ئازاری سایکۆلۆجیە ئەوەندە جەستەیی نیە.

ڕق تا کەڵەکە بکات کاردانەوەی بوغزاویی و کاری موخەنەتی و دوژمنکاری و تۆڵەسەندنەوەی گەورەتر و چڕتری دەبێت، زۆرجار هەڵگیرساندنی ڕقێک هەروا بە ئاسانی و خێرا کۆتای نایەت و دانامرکێتەوە، ڕەنگە لە ئەنجامدا بگاتە لە گرێژنە دەرچوونی کۆڵەکەکانی پەیوەندی و پچڕانی ڕایەڵەکانی کەسایەتیی و دۆستایەتی و ململانێ و کارەساتی دڵتەزێن و کاولبوون و لێقەومان و قوربانی لێبکەوێتەوە و بە بەڵا و موسیبەتێکی گەورەی چاوەڕواننەکراو دابمرکێتەوە.

هەر ئەوەندە بەدبەختیە کە تۆوی کینە و دڵ ڕەقیت لە ناخدا چاند و چەکەرەی کرد دوایی هێدی هێدی ڕەگ و ڕیشەی مانەوە دادەکوتێت و پەل و پۆ دەهاوێت و ناوەوەت داگیر دەکات، بە وێرانکردن خۆتت لێ ون دەکات و دەتکات بە کائینێکی ڕقاویی و دڵ ڕەشی بوغز لەسک، خۆ ئەگەر هەر زوو بە خێرایی و هۆشیارییەوە فریای خۆت نەکەویت و بە خۆتدا نەچیتەوە و ڕقەکەی ناخت فەرامۆش نەکەیت و لە جێگەیدا تۆوی خۆشەویستی نەنێژیت ئەوا دەکەویتە بەر هێرشی ئەم ڤایرۆسە نەگریس و سەربەگۆبەندە دوابڕاوە کە نەک بە تەنها خۆت وێران دەکات، تەواوی دەوروبەریشت لێ بێزار دەکات و لێت دەتەکێنەوە، ئەوەندە لاوازی دەستی خۆییت دەکات لە هەموو هەنگاو و کار و کردار و گوفتارێکدا ملکەچی حوکم و بڕیارەکانی خۆییت دەکات.

بۆ ئەوەی دڵ و دەروونمان بە زیندوویی بۆگەن نەبن و هاوسەنگی ژیان لەنگ نەکەین، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین لەرەلەر و تەکانی شەپۆلەکانی ڕک و کینە بە دڵ و مێشکماندا گوزەربکات و بەرەو شوێنە قووڵ و دوورەکانی بێ قەراریی و بەد خولقیی و بوغزممان بەرێت، بەرەو هەڵدێری تووڕەیی و توندوتیژیممان ببات، بەرەو پاشاگەردانی بەها و ڕەوشتی هەڵسوکەوت و لە دەستدانی هەیبەت و کەماڵی مرۆڤ و مرۆڤایەتیمان ببات، بۆ ئەوەی نەهێڵین بێزراویی و نەجاسەتی ناخە بیمار و چەپەڵەکان بە ڕک و کینە دونیامان پیس و بۆگەن بکەن؛ با ئەو ئەو دڵانەی پڕ لە قینن و بە ڕک و کینە ڕەش بوونەوەتەوە، لە خۆشەویستیدا خەبەرییان بهێنینەوە، بۆ ئەوەی بە دوای خۆشەویستیدا وێڵ بن و بیدۆزنەوە و هەستی پێبکەن و بیبەخشن و بگەنە ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان.

با خۆشەویستی و لێبووردەیی بکەینە دروشم و ناخمان لە ڕک و کینە و بوغزی کوێرانەی وێرانکار پاک بکەینەوە. با خۆشەویستی و میهرەبانی، گڕکانی توڕەیی و هەڵچوون و بارگرژی و شەڕانگێزی و تاڵیی و تفتی ئەو ژەهرە خامۆش بکات.

ئەم ژیانە لە کاروان سەرایەک دەچێت تەنها بە وزەی خۆشەویستی دەتوانین هەست بە تایبەتمەندی خۆت و بوونی خۆت و درەوشانەوەت بکەیت، تەنها گووڕوتینی خۆشەویستیە دڵی کەسایەتیەکی ساغ بە پێوە ڕادەگرێت، تەنها بە خۆشەویستی دەتوانین دەرەقەتی جەنجاڵی و جەربەزەییەکانی ئەم ژیانە ببینەوە کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر گەشەی توانا مروییەکان و نەشونمای ڕۆحی بۆ ئەوەی بگەینە ترۆپکی نەشئە و هەستکردن بە شادی و خۆشنوودی کەواتە بۆ پەیبردن بە خودی خۆت، خۆت لێوان لێو لە خۆشەویستی بکە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.