بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مناڵانەوە

0

ئەمڕۆ 1_6 دوای ساڵانێکی زۆر لە چەسپاندنی مافەکانی منداڵان لە جیهاندا ، لەم ڕۆژەدا لە زۆربەی زۆری وڵاتان دوای بڕیاردان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان کەدەبێت توێژی منداڵانیش ڕۆژێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت ، هەروەها سەرەڕای ئەوەی بەردەوام باس لە دووپاتکردنەوەی ئەم ڕۆژە دەکرێتەوە بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی منداڵان لە جیهاندا ،

 

لە ڕووی پەروەردەو زانست وتەندروستی و هەلومەرج و پێداویستییەکانی سەردەم …بەڵام بەداخەوە منداڵان لە تەواوی جیهان بە شێوەی جۆراوجۆر پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت ، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر ئەم پێشێلکارییانە جیاوازە …بە تایبەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە هەژار نیشینەکان … هەر بە پێ داتایی خودی نەتەوە یەکگرتووەکان 218 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا ڕۆژانە کار دەکەن ،

کە تەمەنیان لە پێنج ساڵ بەرەوسەرەوەیە، 73 ملیۆن منداڵیان کاری زۆر قورس و تاقەت پڕوکێن دەکەن ، هەر لەو ئامارە 64 ملیۆنیان منداڵی کچن ، 88 ملیۆنیان منداڵی کوڕن ، هەروەها 152 ملیۆن منداڵ تا ئێستا لە خوێندن بێبەشن بە تایبەتی منداڵانی کچ ، لە قوتابخانە دەردەهێنرێن ، لە تەمەنێکی زۆر منداڵییەوە بەزۆر هاوسەرگیریان پێدەکرێت ، ساڵانە زیاتر لە 25 ملیۆن منداڵ بە نەخۆشییە زۆر سەرەتاییەکان گیان لە دەست دەدەن،

 

زیاتر لە 100ملیۆن خێزان ئاوی پاکی خواردنەوەیان نییە ، کە دەبێتە دروست بوونی دەیان نەخۆشی وەک سکچون وڕشانەوە …هتد بەداخەوە یەکێک لە پێشێلکارییەکانی تر توندوتیژی وئیهانەو سوکایەتییە بە مناڵان ، تا ڕادەی کوشتن وئەشکەنجەدان ..فشاری دەروونی وبەزۆر سەپاندنی بیروباوەڕی ئایدۆلۆژیی ومەزهەبی و گەورەسالاری فەرامۆشکردن وجیاوازی ڕەگەزی یەکێکی ترە لەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر مناڵان دەکرێت .

 

دەبینین زیاترلە 30ملیۆن منداڵ وەک کۆیلە لە نێو خێزانە دەوڵەمەندەکان کاریان پێدەکرێت ، زۆرجار ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە ، کە هەموو ئەم پێشێلکاری و توندوتیژیانە سەرچاوەو ڕەگ ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی سەرمایەداری کە لە پێناو زیاتر قازانج لە هێزی کاری منداڵان دەکات ، بۆ کەڵەکە کردنی سەرمایەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان ،کە سەرمایەکانیان بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت .

دیارە منداڵانی کوردستانیش بێبەش نین لەم ئامارانەی سەرەوە کە ڕۆژانە پێشێلکاری و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت .. لە نێو خێزانەکان ، لەناوەندەکانی خوێندن ، لە کۆمەڵگا بە گشتی، هەروەها کاری قورس ودەستفرۆشی وئیهانەو سوکایەتیان پێدەکرێت .

خۆشەویستان .. دایکان باوکان ..ڕێکخراوەکانی منداڵان و مرۆڤ دۆستان ..کەسانی ئازادیخوازو پەروەردکار … سەنتەری بەرگری لە مافەکانی مناڵانی کوردستان ،

وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی مناڵان لە سەرجەم منداڵانی کوردستان و جیهان دەکات ، هەروەها لەپاڵ دەربڕینی خۆشی وشادی و ئاهەنگ وڕێزگرتن لەم ڕۆژە ، دوپاتی دەکەینەوە کە پێویستە ئەم یادە بکەینە فرسەتێک بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵات و دامودەزگاو حکومەت ،لە پێناو باشترکردنی هەلومەرج و ژیان و گوزەران و باری ئابووری خێزانەکان لە کوردستان کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی و پەیوەندی هەیە بە ژیانی منداڵانەوە ،

هەروەها پێویستە منداڵان بەهرەمەندبن لە سەرجەم مافەکانیان ، وە یاسای پاراستنی منداڵان جێ بەجێ بکرێت، بە یاسا مافەکانی منداڵان بپارێزرێت ، وەدەستیان ڕابگات بە سەرجەم پێداویستییەکانی سەردەم ،لە پێناو دابین کردنی ئایندەیەکی گەش بۆ منداڵەکانمان ……

سەنتەری بەرگری لەمافەکانی مناڵانی کوردستان 2023_6_1

Leave A Reply

Your email address will not be published.