ژنە بێ‌ نامووسەكان!

0
تەرزە جاف
من هێشتا منداڵ بووم كە( سەیران) ی دراوسێمان كوژرا
ژنەكان, پیاوەكان
كەس نەیپرسی
هیچ كەس لە هۆیەكەیشی نەكۆڵیەوە
چرپەیەك دەیگوت:
((سەیران بێ‌ نامووس بوو))
هەشبوو دەیگوت: ((سەیران نیوە شەوان دەچوە دەرێ‌))
تەنانەت هەبوو دەیگوت:
((سەیران ژوانی سووری بۆ مەسئوولەكان ڕێك دەخست))
سەیران ببووە پەندی گەڕەك
دێوەزمەیەك
كچی گەڕەكی پێ‌ دەتۆقێندرا !
لەدوای راپەرین
وەك ڕۆژی ڕووناك دەركەوت :
سەیران لەگەڵ چەند كچێكی سلێمانی خۆپیشاندانەكانی ڕێك دەخست
سەیران مەنشوراتی بڵاو دەكردەوە
شەوان بە شەڕواڵێكەوە , جامانەیەك بە سەر و گوێلاكیەوە شیعاراتی لەسەر دیوارەكان دەنووسی..
بەڵام ئەو كات حەیف (8)ساڵ بەسەر كوشتنی سەیران دا تێپەڕیبوو
حەیف: سەیران تازە حەیای چووبوو
پەندی گەڕەك
باوك و سێ‌ براكەی تەعزێیان بۆ نەگرت
دایكە كڵۆڵەكەشی
بەدزی دەچوە سەر قەبرانی
بەدزی قوڕی دەپێوا
بەدزی قژی خۆی دەڕنیەوە
خۆ تا ئێستاش
تا ویژدانێك دەڵێت سەیران شەهیدە
سەد بەدگۆ سوێند دەخۆن:
((سەیران بێ‌ نامووس بوو)).
بەعس ڕۆیشت..ڕاپەڕین هات
(رایدە) ش كوژرا
وتیان (رایدە) بێ‌ نامووس بوو
بەعس ڕۆیشت..ڕاپەڕین هات
(مەهاباد) سووتێندرا
وتیان (مەهاباد) بێ‌ نامووس بوو
بەعس ڕۆیشت..ڕاپەڕین هات
(شیلان) تەڵاق درا
وتیان شیلان بێ‌ نامووس بوو
بەعس ڕۆیشت..ڕاپەڕین هات
(تەورێز) خۆی كوشت
وتیان (تەورێز) بێ‌نامووس بوو
بەعس ڕۆیشت..ڕاپەڕین هات
(بەفرین) بە گوریس هەڵواسرا
وتیان (بەفرین) بێ‌نامووس بوو
تەنانەت(پەیمان ) ی نازدار
وتیان پەیمان بێ‌ نامووس بوو
ئەوان بوون
پیاوە باوەش گەرمەكان,
پیاوە دڕندە گوناحەكان..
رایدە لەسەر كڕینی ماكسیەك.
مەهاباد لەسەر چوونە بازاڕێك.
شیلان لەسەر جامێ‌ ئاو.
تەورێز لەتاو شەق و تێهەڵدان.
بەفرین لەسەر ماچێك
پەیمان یش بە گوللەیەكی وێڵی شەڕی براكوژی.
Leave A Reply

Your email address will not be published.