دوو دەستەواژەی بەیەکەوە گرێدراو، ڕۆڵیان لە ناسنامەی سیستەمە سیاسیەکاندا!

0
هەڵاڵە ڕافع
Politisk identitet genom två sammanhängande begrepp!
1. ڕەگەز: (سێکس، جنسیەت) Sexuality بە سویدی Kön
2. جێندەر: Gender بە سویدی Genus
1. ڕەگەز – Sexuality
——————–
فاکتۆری بایۆلۆجی و بۆماوەییە، کە لەدایک دەبێت ناونیشانی ڕەگەزیی یاسایی بۆ دادەنرێت و لە ناسنامەدا دەنوسرێت (مێ، نێر). لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا تا ئێستاش تەنها ئەم دوو ڕەگەزە “دەبینرێت ” و بە ڕەسمی دەناسرێت، سەرەڕای ئەوەی جۆرەکانی تری ڕەگەزیش هەن و هەبوون. لە هەندێک لە وڵاتە پێشکەوتوەکاندا، بۆ نمونە لە سوید جگە لە دوو ووشەی جیاواز بۆ نێرو مێ هەیە HAN نێر، HON مێ.
لەم چەند ساڵەی دواییدا ووشەیەکی تر بۆ جۆرەکانی تری ڕەگەز (پەلکەزێڕینە) HEN زیادکراوە و بەکاردەهێنرێت، بەتایبەت لە نوسراوە فەرمیەکاندا.
بە پێی لێکۆڵینەوە و بەدواداچونە زانستیەکان زۆربەی زۆری جۆرەکانی ڕەگەز لە سروشتی ئینسانەوە سەرچاوە دەگرن و لە هەموو مێژوودا و لە ناو هەموو نەتەوە و ووڵاتێکدا هەن و دەبن. لە زۆربەی ووڵاتە ئەوروپیەکاندا لەدوای هەوڵ و خەباتی خۆیان (پەلکە زێڕینە) و بزووتنەوە ئینسانیخوازەکان و کۆمەڵگای مەدەنی، بە فەرمی و یاسایی مافەکانیان بۆ دەستەبەرکراوە و تا ڕادەیەکی زۆریش لەلایەنی کۆمەڵایەتیشەوە جێگای خۆیان گرتووە.
ئەوانەشی کە بەهۆی کارکردی کۆمەڵایەتی یان پەرچەکردارەوە کەوتونەتە ناوئەو چوارچێوەیە، لە ڕێگای دەزگای کۆمەڵایەتی جۆراوجۆرەوە کۆمەک و پشتیوانە بۆ چارەسەری گرفتیان، وەک هەر گرفتێکی تر وەردەگرن.
لێرەدا پێم باش بوو بەپێی نوێترین پێناسەی زانستی کە من خوێندبێتمەوە و لێی ئاگادار بم، جۆری ڕەگەز و مەیلە جنسیە جیاوازەکان بنوسم. (هەڵبەتە ئەم زانیاریە سەبارەت بە جۆرەکانی ڕەگەز پارساڵ لە بابەتێکی تردا بڵاوم کردوەتەوە).
1/ (مەیل بۆ ڕەگەزی بەرامبەر) Heterosexual زۆرینەی خەڵک پێکهاتەی جنسیان لەم شێوەیەدایە، واتا مەیلیان بۆ جنسی بەرامبەر هەیە.
2/ (هاوڕەگەز خواز) Homosexual ئەم بەشە 4-5% ی خەڵک دەگرێتەوە کە مەیلی بۆ هەمان ڕەگەزی خۆی هەیە چ ژن چ پیاو. زۆربەی کاتیش بنەمای سروشتی و بۆماوەیی هەیە و لەگەڵ لەدایکبونیایەتی. زۆر کەم ڕێک دەکەوێت بەهۆی هۆکاری کۆمەڵایەتی و پەرچەکرادارەوە لەگەڵ ڕەگەزی خۆیاندا ببن.
3/ (دوو ڕەگەز) Binary ئەم بەشە بەتەواوی بۆماوەییە و لەگەڵ لەدایکبوندایە. دوو ڕەگەزە بەڵام مەیلی بەلای یەکێک لە ڕەگەزەکاندا زیاترە. گەر لە کۆمەڵگایەکدا بژی کە تیایدا ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێت،
ئەوا بێ کێشە خۆی لەسەر ئەو ڕەگەزەیان یەکلا دەکاتەوە کە بەئەندازەی زیاتر لەگەڵ هەستەکانی خۆیدا دێتەوە. گەر حاڵەتەکە پەیوەست بێت بە جەستە و کۆئەندامی سێکسیەوە بە نەشتەرگەری یەکلا دەبێتەوە، یان گۆڕینی ڕێچکەی ژیانی لەحاڵەتی نەبوونی هۆکاری جەستەیی.
4/ (ڕەگەزی گۆڕدراو Transsexual ( بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی سویدی و هۆڵەندی 0,3-0,5 %ی خەڵک لەم بەشەن کە هەستی ناوەوەیان پێچەوانەی ڕەگەز و شێوەی دەرەوەیانە بۆیە دەیانەوێ ڕەگەزیان بگۆڕن.
5/ (مەیلی جنسی دوانی) Bisexual ئەم بەشە لەخەڵک مەیلیان بۆ هەردوو ڕەگەز هەیە.
6/ (ئەوە نین کە ئێستا هەن) Not binary ئەم بەشە لە خەڵک هەست دەکەن ئەوە نین کە ئێستا هەن و بەڕەسمی دەناسرێن، بەڵکو لەسەرەتای دروست بونیانەوە گۆڕدراون.
2. جێندەر و یەکسانی جێندەری – Gender Equality
———————————————-
* جێندەر: Gender
بریتیە لە خوێندنەوە و پێناسە و پێوەر و تێڕوانینی کۆمەڵایەتی دروستکراوی جیاواز بەپێی ڕەگەزەکان.
پێویست دەکات ئەم ووشەیە بەتەنیا بەکار نەیەت بەڵکو هەمیشە لەگەڵ یەکسانیدا بێت (یەکسانی جێندەری)، دەنا خودی جێندەر خۆی بە تەنها بە مانای داسەپاندنی پێوەرە و تێڕوانینی جیاواز بۆ ڕەگەزی جیاواز دێت.
کاتێک دەڵێین تێڕوانین و پێوەری جیاواز بۆ ڕەگەز، بەو واتایە دێت کە کاتێک مرۆڤێک لە دایک دەبێت، نێر و مێ یان ڕەگەزی تر، هەموو گیانلەبەرن و جگە لە جیاوازیە جنسی و بایۆلۆجیەکەیان کە یەکێکیان (کۆئەندامی سێکسی مێینەی هەیە و ئەویتریان نێرینە، یان تێکەڵاو، یان …) وەک مرۆڤ هیچ جیاوازیەکی تریان نیە. بەڵام کاریگەری مامەڵەی سیستەمە سیاسیەکان بە سود وەرگرتن لە ئایین، دیاریکردنی ڕۆڵ و ماف و ئەرکی جیاواز بۆ ڕەگەزە جیاوازەکان، کارەکتەر و کەسایەتی جیاوازیان لێ پێکدەهێنن. بۆیە لە ئێستادا لە جیاتی تێرمی یەکسانی ژن و پیاو ،یەکسانی جێندەری بەکار دێت.
* یەکسانی جێندەری- Gender Equality
بەواتای ئەوەی کە ڕەگەزە جیاوازەکان (هەموو ڕەگەزەکان، ئەوانەی سەرەوە ڕیزم کردوون) هەمان ماف، ئەرک و دەرفەتی یاسایی، کۆمەڵایەتی و ئابوری هەمەلایەنە و لە هەموو ئاستێکدا هەبێت و لێی بەهرەمەند بن. هەڵبەتە دیارە بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازی بایۆلۆجی و جەستەییەوە.
* هەڵاواردنی ڕەگەزیی (نایەکسانی جێندەری) یەکێکە لە بنەماکانی سیستەمی سیاسی نەژادپەرست!
Ojämställdhet och genus är en pelare av ett diskriminerande och rasistiskt politiskt system!
بە گشتی پرسی ژن و یەکسانی جێندەری، پرسێکی بەتەواوی سیاسیە و هەمیشە لە ململانێ سیاسیەکاندا یەکێک لە فاکتەرە یەکلاکەرەوە گرنگەکانی جۆری سیستمە سیاسیەکان بووە و هەیە.
سیستەمی سیاسی و یاساکانی، ئایین و کردەی سێکس وەک گرنگترین کۆڵەکەکانی ئایین، فاکتۆری سەرەکین لە دروستبون و دیاریکردنی جۆری نەریت و ڕێسا و تێروانینە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان کە هەندێک جار بە ڕاست یان هەڵە پێی دەوترێ (کلتور). ئەو ڕێسا و یاسایانە هەر لە چرکەی دوای لەدایک بوونی مرۆڤەوە کاری خۆیان دەست پێدەکەن، لە ناوەرۆک و شێوەی مامەڵەیانەوە بونەوەرەکان لەسەر ڕۆڵ و مافی جیاواز بەپێی ڕەگەزەکانیان پەروەردە دەکەن. تەنها چەند نمونەیەکی سەرەتایی (کچ جلی پەمەیی و کوڕ شین، کچ خۆی داپۆشێ و کوڕ فەخرو شانازیە (گونەکەی دەخوا)، کچ گوێڕایەڵ بێت و کوڕ ئازا، کچ ئیشی ماڵ و کوڕ کاری دەرەوە، ……. هتد) دەکرێت ئەو ڕیزکردنی جیاوازیانە هەر تەواو نەبێت تا دەگاتە ئەوەی کتێبی تایبەت لەسەر ژنانە و پیاوانە دەنوسرێت… کارکرد و ڕێسا و یاسای ئەو سیستمانە وادەکەن ئەو دووبونەوەرە سەرەنجام دوو کارەکتەر و کەسایەتی جیاواز لە هەست و نەست و تێڕوانینیان بۆ ژیان لێ دروست ببێت…. .
تا لە شوێنێکدا کاریگەریی لە شێوازی پەروەردە و ئاڕاستەکردنی جیاوادا دەگاتە ئەوەی ژن ڕۆڵی “قوربانی” و پیاو ڕۆڵی “سەرکوتگەر، تاوانکار” وەرگرێت، تا ئەو ڕادەیەی لەهەندێک کۆمەڵگادا ئەو هەڵاواردنە دەگاتە ئاستێک کە ژن کوشتن تیایدا ببێتە دیاردە و ڕۆڵ دابەشکردنەکان بەتەواوی جێبەجێ دەکرێن.
خۆ گەر باسی کاریگەری ئەو شێوازە لە پەروەردە لەسەر هاوڕەگەزخوازان و جۆرەکانی تر بکەین، گەر لە منداڵیەوە نیشانەیەکی جیاوازیان لێ دەرکەوێ هیچ گرنگی و مافێکیان پێ نادرێت بەڵکو دەشاردرێتەوە و دەچەپێندرێن، تا وای لێدێت تەندروستی دەرونیشیان دەشێوێ، لە گەورەییشدا نەک بە ڕەسمی ناناسرێن بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا گۆشەگیر دەکرێن، تا دەگاتە ئەوەی لە زۆرێک لەو ووڵاتانەدا هەڕەشەی کوشتنیان لەسەر دەبێت یان دەکوژرێن.
بە دڵنیاییەوە مامەڵەی جیاواز بەپێی ڕەگەزەکان یان (هەڵاواردنی ڕەگەزیی) کردەیەکی بچوک نیە، بەڵکو زۆریش گەورەیە و یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکان و ناسنامەی سیستەمە سیاسیە جیاوازەکان.
لێرەدا نایەمە سەر ئەوەی، بۆچی ئەم سیستەمانە وا دەکەن: بەکورتی داپڵۆسینی ئازادیە، قبوڵنەکردنی ئازادی هەڵبژاردنی ژیانە لە ڕێگای دورینی بەرگی جیاواز لە ڕۆڵ و ماف بەپێی ڕەگەزە جیاوازەکان. لە قاڵبە گەورەکەیدا جیاوازیکردن لە نێوان ئینسانەکاندا بەهۆی جیاوازی ڕەگەزیەوە (هەڵاواردنی ڕەگەزی) دژ وەستانەوە لەبەرامبەر (یەکسانی جێندەری)دا یەکێکە لە کۆڵەکەکانی سیاسەتی نەژادپەرستی (Racism) وەک جیاکاری (Diskrimination) نێوان (ڕەش پێست و سپی پێست، میللەتی جیاواز، ئایینی جیاواز و ڕەگەزی جیاواز).
( لە ئێستادا ئەو ململانێ و دژوەستانەوەیەی لەلایەن بزووتنەوە و حیزب و لایەنە ئیسلامیەکان و مەلاکان دەستی پێکردووە، ترسە لەم یەکسانیە ڕاستەقینەیەی نێوان ئینسانەکان، چونکە باسی یەکسانی جێندەری باسێکی ووردکراوە و هەمەلایەنەیە، بێ سڵەمینەوە جەخت دەکاتە سەر (مافی یەکسانی یاسایی و کۆمەڵایەتی سەرەرای هەر جیاوازیەکی ڕەگەزیی و بایۆلۆجی)، بۆیە ئەم باسە لە کرۆکی بزووتنەوە سیاسیە نەژادپەرست و دواکەوتوو و ئایینیەکان دەدات و بەڕە لەژێر پێیان ڕادەماڵێ.)
هەڵبەتە بزوتنەوەی ژنان لە شۆڕشەکانی ئەمریکا 1776 و فەڕەنسا 1789 وە هێواش هێواش تا ساڵەکانی 1800 دەرکەوتوە و دەستیپێکردووە، بەڵام وەک بزووتنەوەیەکی ڕێکخراو لە ساڵی 1850وە هاتوەتە مەیدان. لە ناو ئەم بزووتنەوەیەدا لێکۆڵینەوە و قوڵبونەوە لە بابەتی ڕەگەز، جێندەر و یەکسانی جێندەری زۆر کۆن نیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی نەوەدەکان، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا کە زۆر نوێیە.
ئەوەی ئێستا لە کوردستان ڕودەدات سەرەتای باس و ململانێکانە، سەرەڕای ترس و دژایەتی ئەوان ئەم ڕەوتە دەچێتە پێشەوە، هەر وەک چۆن کۆمەڵگا و ڕەوتە ئینسانیەکان بە درێژایی مێژوو خەباتیان لە دژی هەڵاواردنی نەژادی، قەومی و ئایینی کردووە. خەبات بۆ نەهێشتنی (هەڵاواردنی ڕەگەزیی) یەکێکە لە دیاردەکانی مێژووی خەباتی نوێی مرۆڤایەتی و هیچ شەرمێکی لەبەرامبەر هیچ کەس و ئایدیۆلۆجیایەکدا بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕاستەقینەکانی مرۆڤ نیە.
تێبینی:
——
1. من لێرەدا سێ ووشەم بۆ (ڕەگەز، سێکس، جنسیەت) بەکارهیناوە و بە زمانی جیاواز، چونکە لە ڕووە زانستی و زمانەوانیەکەیەوە زۆر دڵنیا نەبوم کامیان گونجاوترە. بەڵام من لەم نوسینەدا زیاتر ڕەگەز بەکار دەهێنم.
2. یەکسانی: بەواتای یەکسانی جێندەری بۆ هەموو ڕەگەزەکان “ژن، پیاو، جۆرەکانی تری ڕەگەز”، نەک بەمانای دادپەروەری کۆمەڵایەتی نێوان توێژ و چینەکاندا.
3. هەڵبەتە ئەم بابەتە تا ئێستاش گفتوگۆ و قسەو باسی زۆری لەسەرە و هەر لە بواری لێکۆڵینەوەدایە.
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.