لە بارەی جێندەرەوە

0

محەمەد تەها حوسێن

هەوڵمداوە ئەوەندەی توانیبێتم لەگەڵ هەرا و هوریای ڕاگەیاندنەكان و میزاجە ناوەختەكان نەڕۆم و ڕایان لەبارەوە دەرنەبڕم، بەڵام ئەمجارەیان نەمتوانی لەم دەمەتەقەیە(نەك دەمەتەقێ) خۆ وەشێرم و وتم با سینگی بدەمەبەر.

ـــ ئەوەی لەم چەند ڕۆژە لە بارەی جێندەرەوە خوێندوومەتەوە و بیستوومە هیچیان ڕێك لەگەڵ سەرچاوە زانستی و ئەكادیمیەكان نایەنەوە. جێندەر دیاریكردنی جۆری كۆمەڵایەتی هەر لەدایكبوویەكە كە تا ئەودەم هەر لەنێو شوناسە بایۆلۆجیەكەیەتی و تەنها ئەوەندەی دیارە كە جۆرە سێكسیە ڕەگەزیەكەیەتی (نێر یا مێ) یە.

ـــ ئەركی جێندەر هەر لە سەرەتای كردەگەلی بەكۆمەڵایەتیبووندا بەرجەستەكردنی خەسڵەتە نێرینەییەكانە لە نێر و مێیینەییەكانیشە لە مێدا، واتە وەرگێڕانی بوونە بیۆلۆجیەكە بۆ بوونێكی كۆمەڵایەتی كە هیچ یەك لە خەسڵەتە بیۆلۆجیە بۆماوەییەكان لە ئەركی سرووشتیانەی خۆیان لانەدەن و مرۆڤ بەو پێیەی بەرهەمهێنی كولتووری خۆیەتی و لەو چواچێوەیەدا هەم شێوازی ژیانی تاكەكان و هەم شێوازی ژیانی كۆمەڵگە دیار دەكا،

پێویستی بەوەیە مێیەك لە بەرانبەر نێردا هەبێ و بە پێچەوانەشەوە، بۆ ئەوەی باكگڕاوندی تابلۆ ئینسانیە باڵاترەكە بە سرووشتی خۆی بدرەوشێتەوە، نەوەك بە گوێرەی هەندێ لە ترازانە بۆماوەی و بیۆلۆجیەكان ژیانی كۆمەڵایەتی و كولتوریمان لە سەر ڕیتمی سرووشتی و ئینسانی باڵای خۆی بترازێ.

ـــ كاتێ پەروەردەی كۆمەڵایەتی و كردەكانی جێندەڕایزكردنی جۆری سێكسی لەو كۆمەڵگە و لەم كۆمەڵگە بۆشاییان تێدەكەوێ و تاك تاكە مێیەك نێرانە بیردەكاتەوە یا ڕەفتار دەكا، یا نێرێك لە نێرایەتی خۆی دەترازێ و هەڵدەگەڕێتەوە، تەنانەت ئەگەر كەمێ خەتای هاوسەنگیە هۆڕمۆنیەكەشی تیا بێ، ئەوا ژینگە بە هەلومەرجە كۆمەڵایەتیەكانی نێویشیەوە توانای ئەوەی هەیە لە چوارچێوەی یاسای ئینسانی بەزەییانەدا هەوڵی ڕاستكردنەوەی ئەم خواروخێچیە جێندەریە بدات بەڵكو سەرەنجام وا لە كۆمەڵگە بكەین خۆی چارەی نەخۆشیە جێندەریەكانی خۆی بكات.

ـــ هەروەك چۆن هەندێ نەخۆشی هەن بەرۆك و یەخەی سێكس وەك جۆری ڕەگەزی دەگرن، نەخۆشی ئەوتۆش هەن یەخەی جۆری كۆمەڵایەتیمان دەگرن و ناچاری ئەوەمان دەكەن لە چارەسەركردنیان بگەڕێین نەك نیشانەی ترازانە جێندەریەكان بكەینە خەسڵەتی جۆری تازەی كۆمەڵایەتی كە جگە لە كۆتایی جۆری كۆمەڵایەتی لە لایەك و جۆری سێكسیش هیچی تر ناگەیەنێ.

ـــ دانانی یاسا لە زۆر لە وڵاتان بۆ ترازاوە جێندەریەكان، مانای بە ئاسایی ناسینی ترازانەكان نین، بەقەد ئەوەی بینینیانە وەك مرۆڤ، بەڵام ترازاو لە ڕەوتی گەشەی ئاسایی سێكسی و جێندەری،تا ئەو دەمەی بە مانەوەیان لەنێو كۆمەڵگە و لە باوەشی كۆمەڵگەدا، بەڵكو توانا كولتوریەكان ئەوەندەیان لەباردا بێ كەسە ترازاوەكان لەنێو پڕۆسەكانی كەڵچەڕایز كردندا جێندەڕایز بكەنەوە، واتە بە قودرەتی كولتوور هەڵە جێندەری و تەنانەت سێكسیەكانیش ڕاستەڕێكەنەوە، مادامەكێ ئەوەی ترازاوە جۆری ڕوانین و بیركردنەوەی كەسەكانە بۆ مەیلە نێرینە یا مێیینەكانیان، كەواتە زۆربەی كێشەكە لە بیركردنەوەكان قەتیسە، بیركردنەوەش فێریبووین، بۆیە ئاسانتر چارەیان دەكرێت.

ـــ لادانی جێندەری نە مانای گەشە و پەرەسەندنی كۆمەڵگە و نە چوونە فۆڕمی پێشكەوتووتری دەگەیەنێ، ئەوەی هەیە ڕۆڵە جێندەریەكان بە گۆڕانە كولتووری و مەعریفیەكان هەردەم لە گۆڕاندان، بەڵام نەك بەو ئاراستەی لە خەسڵەتە بیۆبۆماوەییەكان هەڵگەڕێینەوە. ئێمە تا ئێستا نەمانتوانیوە لە ئیرادەی بایۆلۆجیا بچینە دەر، هەر بۆیە ئەوەی بە عەقڵ پێماندەكرێ تەنها لەخۆگەیشتنمانە بە هەموو ئەوەی هەمانە و لەو سۆنگەیەشەوە لەخۆگەیشتن تەسلیمبوون نیە بۆ هەڵەبیركردنەوە و هەڵە پەیبردن، ئەم هەڵانە هەر بە بیركردنەوە ڕاست دەبنەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.