گیانلەدەسدانی ( ژینا ئەمینی ) جوڵانەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی بەرینترو بەهێزتر دەکا

0
علی محمد
لە درێژەی ستەم و نادادی وسەپاندنی برسێتیەکی مەرگهێنەربەسەر گەلانی ئێران دا، بەردەوام هێزە سەرکوتگەرە تاوانکارەکان لەو وڵاتە سەرکوتی دڕندانەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان دەکەن و پۆل پۆل کەسانی ناڕازی و ئازادیخواز ڕەوانەی زیندانە تاریک و ئەشکەنجە ئامێزەکان دەکەن، ڕۆژو هەفتەو مانگ نیە کۆمەڵێک تێکۆشەر لەسێدارە نەدرێ ، یالەژێر ئەشکەنجەدا کۆتایی بەژیانیان نەهێنرێت، ڕژێمی ئەو وڵاتە ، بۆ بەڕێوەبردنی تاوانەکانی ، بەردەوام ، بیانو دوای بیانوو دادەڕێژێ، تاوێ بەبیانووی نزیکایەتی بە حیزب و لایەنە بەرهەڵستکارەکان، یا سیخوری بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل، تاوێکیش بە بیانووی پابەندنەبوون بە جل و بەرگ و پۆشاکی ئیسلامی و شکاندنی یاساو داب و نەریت، چنگی خوێناوی خۆی لە بەرۆکی سەدان و هەزاران کەس لەو ووڵاتە گیردەکات و بەندیخانەکانیان لێ سیخناخ دەکات و لەژێر ئەشکەنجەو ئازاردا، بەشێوازی جۆراوجۆر کۆتایی بەژیانیان دێنێ….
گرتن و ئەشکەنجەدانی ( مەهسا ئەمینی ) ناسراو بە ( ژینا )، بەبیانووی باڵاپۆش نەبوونی، دیسان لە درێژەی ئەو ستەم و زۆرداریەدایە ، کەلەو ووڵاتەدا بەڕێوەدەچێ و بە سەدان و هەزاران، بگرە ملیۆنەها ژن و پیاو لە بەین دەچن و کۆتایی بە ژیانیان دەهێنرێت …
گرتنی ژینا ئەمینی و گیانلەدەسدانی بەو شێوە دڕندانەیە، ڕاستە زۆر جێگای داخ و نیگەرانیە، بەڵام ناڕەزایەتی بەرینی خەڵک ، هەر لەساتەوەختی گرتن و گیانلەدەسدانیەوە، تا بەڕێکردنی تەرمەکەی بۆ گۆڕستان نیشانی دا، کە مەرگی ژینا جوولانەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی بەرینترو بەهێزترویەکگرتووترو بوێرتر دەکا، ئاسۆو ئامانجیان ڕۆشنترو ڕیشەیی تر و هەمەگیرتردەکا…
Leave A Reply

Your email address will not be published.