ڕوو لە هەموو ئازادیخوازان و کوردانی تاراوگە بۆ ئاکسیۆنێکی جەماوەری

هەروەک ئاگادارن ژینا ئەمینی ناسراو بە مەهسا کچی لاوی کورد ئەمڕۆ بە دەستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە تاران گیانی لە دەست دا و بەم کارەساتە داخێکی گرانی تر خرایە سەر دڵی هەموو کورد بە تایبەتی و خەڵکانی ئازادیخوازی ئێرانی و جیهانی بە گشتی.
ئەمڕۆ ژینا بە دەستی ئەم ڕژیمە شەهید کرا، سەینێ دەکرێ دایک و خوشک و کچەکانی ئێمە بن. بێ دەنگی لە ئاست ئەم جینایەتە پشکدارییە لەم ژن کوژی و کورد کوژییە.
چوار گەنج، چوار ڕۆڵەی ئەو خەڵکە و لە پێناو ئازادی و مافەکانی ژینا و ژیناکان، لە پێناو گەلەکەیان ڕێ خەبات و پێشمەرگایەتییان هەڵبژارد، بەڵام ٦١ ڕۆژ لەمەوبەر لە لایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستگیر و بێ سەروشوێن کراون و بە پێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی تۆمەتی گەورە و ناڕەوای سیخوڕییان دراوەتە پاڵ.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش بۆ مەحکووم کردنی جینایەتی کوشتنی ژینا و سیاسەتە دژە مرۆییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و پارێزگاری کردن لە ژنان و کچان و ڕۆڵەکانی کورد بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە هەموو کوردستان ڕاگەیاندووە.
کەمپینی نا بۆ سیناریۆ سازی دژی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد، خۆی بە هاوخەمی بنەماڵەی جەرگ سووتاوی ژینا خانم و خەڵکی کوردستان بە گشتی و خەڵکی شاری سەقزی خۆشەویستی بەتایبەتی دەزانێت.
ئێمە وێڕای پشتگیری لە داواکارییەکەی ناوەندی هاوکاری، بانگەوازی بەڕێوەبردنی ئاکسیۆن و خۆپیشاندانێکی جەماوەری دەدەین ڕوو لە هەموو کوردانی تاراوگە لە سەرتاسەری ئۆرووپا بۆ مەحکووم کردنی جینایەتی کوشتنی ژینا ئەمینی و بێ سەروشوێن کردنی چوار پێشمەرگە و تێکۆشەری کوردستانی ڕۆژهەڵات.
بە زووترین کات، شوێن و کاتژمێری بەڕێوە بردنی ئاکسۆن و خۆپیشاندانەکانتان بە ئاگاداری دەگەیەنین.
کەمپینی نا بۆ سیناریۆسازی دژی چوار بەندکراوی سیاسی کورد
١٦ی سێپتەمبری ٢٠٢٢
٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١