با لەهەمبەر کوشتنی ژینای بێ تاوان بێ دەنگ نەبین!

0
جارێکی دیکەو ئەمڕۆ دیسان لەلایەن هێزەکانی سەرکوتکەری بەنێو «گشت ارشاد»ـی کۆماری تێرۆریستی سێدارەوە، ژینا ئەمینی گەنجێکی ٢٢ ساڵەی خەڵکی باژاری سەقز توشی جەڵتەی مێشک و دڵ بوو و لە ئاکامدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران گیانی لە دەست دا.
ئەو توندوتیژییە هەوسارپچراوەی کۆماری ئیسلامی وەحشیگەرییەکە کە ئەمڕۆ گیانی ژینای بێ تاوانی ئەستاند و سبەی ڕۆژ دەتوانێت بەرۆکی هەموومان بگرێتەوە هەر وەک چۆن دەزگاکانی سەرکوتکەری ڕژیمی تێرۆریستی ئێران کارنامەیەکی ڕەشیان لە جینایەت و قڕکردن بە تایبەت لە کوردستان هەبووە و لە داهاتووشدا دەخوڵقێنن.
هەر دۆینێ بوو کە پەرەپێدەرانی دیاردەی لۆمپەنیزم لەلایەن حوکوومەتەوە بۆنە هۆکاری نەمانی شلێر ڕەسووڵی بێ تاوان و ئەمڕۆ دەست و پەیوەندییەکانی هەمان دیاردە ئەوجار لە تاران ژینایان لێئەستاندین!
ماشێنی سەرکوتی کۆماری تێرۆریستی دژە ژن گیان، هەست و نەست و تەواوی بوونیانی کردۆتە ئامانج و ئەگەر هەر بەو شێوەیە درێژەی هەبێت دەبێ هەموو ڕۆژێ چاوەڕوانی جینایەت و مردنی منداڵەکانمان لە دەرەوەی ماڵ، ڕێگای زانکۆ، سەفەر، کار و هتد… بین.
کوشتنی ژینا ئەوەی پێشان داین کە دەزگاکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی تەنیا چالاکان و دژبەرانی خۆیی کە هەوڵ بۆ مافە سەرەتاییەکانیان دەدەن نەکردۆتە ئامانج!
بەڵکوو دەتوانێت لە ڕۆژی ڕووناکدا کچێکی ٢٢ ساڵە لە تەنیشت براکەی بڕفێنێت و دوای دوو کات ژمێر لەشی نێوەگیانی هەناردەی سەفەری بێ گەڕانەوە دەکات!
لە ئێستادا پێویستە کوشتنی وەحشیانەی ژینا ئیدانەو هاوکات پێویستە لەهەمبەر ئەو گرژییە ڕووتە دەنگ هەڵبڕین، لە هەمان کاتیشدا زەروورەتە کە ژنان و پیاوانی کوردستان و کۆی کۆمەڵگای ئیران بە تووندترین شێواز هەڵوێست بنوێنین تا پێش بە دەزگاکانی سەرکوتکەری کۆماری تێرۆریستی ڕژیم بگرێت و ڕق تووڕەیی خۆیان زۆر بە ڕوونی دەربڕن.
ناوەندی ژنانی کوردستان وێڕای ئیدانەکردنی وەحشیانەی کوشتنی ژینا ئەمینی و دەربڕینی هاوخەمی، پرسە و سەرخۆشی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵەی ناوبراو دەکات، و دواکاری خۆی ئاڕاستەی خەڵکی بەشەڕەفی کوردستان و ئێران دەکات و داواش لە ڕێکخراو و ناوەندگەلی مافی مرۆڤ دەکات تا لە هەمبەر کوشتنی ژینا ئەمینی دەنگ هەڵبڕن، یەکگرتوانە و هاودەنگ کۆماری ئیسلامی مەحکوم بکەن تا تێچووی سەرکوت و کپکردنی دەنگی هاووڵاتیان بۆ ئەو سیستمە ماوەبەسەرچووە پچێتە سەرێ!
ناوەندی ژنانی کوردستان ئێران
٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ هەتاوی
١٦ سێپتامبری ٢٠٢٢ زایینی
Leave A Reply

Your email address will not be published.