شۆڕشی «دژە-پیاوانەیی» لە مەریوان

0
پێشڕەو محمد
١. کورتەی چیرۆکەکە بەمجۆرەیە: ژنێک ڕەتیدەکاتەوە دەستدرێژیی سێکسیی بکرێتە سەر و لە نهۆمی دووەمەوە خۆی فڕێدەداتە خوارەوە و بەهۆی تێکشکانییەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنە کۆچی دوایی دەکات.
٢. مەریوان شارێکە مێژوویەکی گەشی شۆڕشگێڕیی هەیە. هاوینی ساڵی ١٩٨٠ تێکڕای خەڵکی مەریوان وەک ناڕەزایەتیی دژی کۆماری سێدارەی ئیسلامیی ئێران، شارەکە بە تەواویی چۆڵدەکەن و کۆچ دەکەن. جۆرێک ناڕەزایەتیی لە مۆدێرنترین فۆرمی خۆیدا کە ناوچەکەی ئێمە تا ئێستا بەخۆیەوە بینیبێتی. مۆدێلێکی نوێی هاوپشتیی و سۆڵیداریتیی.
٣. هەروەها مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢١ سەلەفییە ئیسلامییەکانی شارەکە، بە چەقۆ و قەمە هێرش دەکەنە سەر گەڕەکی دارسێرانی مەریوان، و دووکەس بریندار دەکەن و بیانووی هێرشە وەحشیگەرییەکەش ئەوەیە خەڵکی ئەو گەڕەکە ئەلکول دروستدەکەن، بەڵام ڕادیکاڵترین مۆدێلی بەرەنگاریی لە شارەکەدا ڕوودەدات:
ژنانی دارسێران بە کۆ خۆیان ئامادەی جەنگی دەستەویەخە دەکەن و دژی سەلەفیزەکردن و ئیسلامیزەکردنی پیلان بۆدانراوی کۆماری سێدارە، دەوەستنەوە و ئامادەن تا دوا هەناسەیان بۆ ئازادیی خۆیان بجەنگن. شۆڕشی کۆمەڵایەتیی لە خوارەوە هەر بەردەوامە.
ڕیشەی هەیە و شارەکە نایەوێت ڕیشە پێشکەوتووخوازییەکانی فەرامۆش بکات، ئەگەرچی کۆماری سێدارە بە پیلانی کۆڵۆنیالیستیی هەمیشە ویستوویەتی لەخوار هێڵی گەشەسەندوویی ڕایبگرێت و وزەی ئابووریی و ژیانی لێ ببڕێت.
٤. ڕاپەڕینی پیاوانی ئازادیخواز دژی «سەروەریی پیاوەتیی و نێرایەتیی» دژ کوشتنی شلێر ڕەسووڵی (بیرتان نەچێت ئەو خۆی نەکوشتووە، خۆکوشتنەکەی فۆرمێکی بەزۆر کوشتنە) ڕادەپەڕن و ڕەتیدەکەنەوە بە مانا نەریتییەکەی پیاو بن، ئەو پیاوەی پێیوایە سەروەری بوونەوەرانی دیکەیە و مافی دەستدرێژیکردنە سەر ژن و گروپەکانی دیکە و بوونەوەرانی دیکە بەخۆی دەدات. ئەوان دەیانەوێت چیتر ژن بە دوژمنە ناوەکییەکەی خۆیان نەزانن و ئەگەر بۆ کۆماری سێدارە و بیری کۆنەپارێز و ئایین و هتد ژنان هەم کارەساتی تێکچوونی بەها کۆنەکان بن و دەبێت بە پاشکۆیی بهێڵرێنەوە، ئەم ڕاپەڕینە تازەیە دەیەوێت چیتر بەشدار نەبێت لە درێژەدان بە ڕاسیزم و توندوتیژیی دژی ژنان.
ئەو پیاوە تازەیەی «تیۆری پیاوانەیی» ڕەتدەکاتەوە، تۆوەکانی کۆمەڵگەیەکی یەکسانتر و مۆدێرنتر و دیموکراسییخوازتر دەچێنێت.
٥. سێکسیزم و دژە-ژنبوون و شانازییکردن بەپیاوەتییەوە، ڕیشەی قووڵی لەناو بزووتنەوە کۆنەپارێز و فاشیستییەکاندا هەیە.
سەیرکەن موسۆلینی هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە کۆمەڵگەی مۆدێرن ژنی بەرهەمهێناوە و ئەو پیاوەشی هەیە هەر ژنە، بەڵام فاشیزم فەزیلەتی پیاوانەیی دەگەڕێنێتەوە.
ئایا ئێوە و ئێمەی پیاوان شانازیی بە فاشیزمەوە دەکەین یان دەمانەوێت ئێمەش مرۆڤ بین؟ سێکسیزم چەندە ژنان دەچەوسێنێتەوە، هێندەش ئێمەی «پیاوان» دەچەوسێنێتەوە و ئیهانە بە کەرامەتی مرۆڤبوونمان دەکات.
سێکسیزم و ئایدیۆلۆژیای باڵادەستیی پیاو، ئێمەی «پیاوان»ی کردووە بە کۆیلە و ئەڵقەلەگوێی خواستەکانی نەزم و هێزی کۆن و ڕژێمە گەندەڵەکان و وەک ئامێر هەموو ئەوانە لێدەخوڕێت کە ئەو باوەڕەی لادروستکردوون «پیاوبوون شانازییە» و «ژنبوون سووکایەتییە». سێکسیزم فۆرمەکانی سەرکوتکردن و چەوساندنەوە نەک لەسەر ژنان، بەڵکو لەسەر ئێمەش فراوانتر و زیاتر دەکات و عەقڵ و دەسەڵاتی کۆنەپارێزییش بەئەبەدیی دەکات.
٦. کەواتە ئەگەر دەمانەوێت کۆمەڵگەیەکمان هەبێت ڕێز لە کەرامەتی مرۆڤ بگرێت، با هیچ نەبێت وەک ئەو پیاوە ئازادییخوازانەی مەریوان ئێمەش دەنگ بەرزبکەینەوە. فێربوون لە بزووتنەوە بەرەنگارییەکانی دیکە، فەزیلەتە، نەک ڕەزیلەت.
Leave A Reply

Your email address will not be published.