ژنان و چەند ڕاستییەکی تاڵ لە سایەی سیستمی سەرمایەداریدا!
کامەران احمد
– تاکو ئێستا نزیکەی 2.4 ملیار ژن لەسەر تاسەری جیهان لە مافی یەکسانی ئابووری بۆ هەمان کارێک کە پیاوان ئەنجامی ئەدەن یەکسان نین.
لە ٨٦ ولاتدا ژمارەیەک کار سنووردارکراون بە پیاوانەوەو ژنان لێی بێبەش ئەکرێن، و لانی کەم لە ٩٥ وڵاتیش لە هەمان مافی مووچەو کرێی یەکسانی پیاوان بەهرەمەند نین، جیاوازی و نایەکسانییەک کە بە پێی ئاماری بانکی جیهانی ساڵانە خۆی نزیکەی $172.3 تریلیۆن دۆلار ئەدات.
– بە پێی ئاماری ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوە مرۆییەکان ڕێژەی هەژاری لە نێو ژنان بە بەروارد لەگەڵ پیاوان زۆر زیاترە، تەنها لە ساڵی ٢٠١٨دا لە ئەمریکا ڕێژەی هەژاری ژنان ١٢.٩% بووە لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە نێو پیاوان کەمتر لە ١٠% بووە. لە وڵاتانی هەژارنشیندا ئامارەکان چەند هێندەی تر لە سەرترن.
– بە لەبەرچاوگرتنی هەردوو کاری مووچەپێدراو ومووچەپێنەدراوی ژنان بۆمان ڕوون ئەبێتەوە سەعاتکاری ژنان ڕۆژانە زۆر زیاترە لە چاو پیاوان بە ئەندازەی ٤ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە ڕێژەی ١٩% ژنان زیاتر دووچاری مەترسییەکانی سەرکار ئەبنەوە.
– ژنان نەک هەر دوو لەسەر سێی نزیک بە ٨٠٠ ملیۆن نەخوێندەواری جیهان پێکئەهێنن بەڵکو ئاستی دەستڕاگەیشتنیشیان بە خوێندن ٤٠% کەمترە لە چاو پیاوان، لە ئەفغانستان ڕێژەی ژنانی پارێزەر تەنانەت پێش حوکمی تالیبانەکانیش ١٩%ی تێنەپەڕاندووە.
– وا بڕیار بوو تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ ڕیژەی هەژاری ژنان بە ڕاددەی ٢،٧% کەم بکات بەڵام بە پێچەوانەوە هەر لە کاتی پەتاکەوە ٩% تریش زیادی کرد. هەر ئێستا ٤٧ ملیۆن ژنانی تر کەوتوونەتە لێواری هێڵی هەژارییەوە ( بە ژیانکردنی دوو دۆلار کەمتر لە ڕۆژێکدا )
ئەمانە دڵۆپێک لە دەریای نایەکسانی حوکم و دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازین و لەم ڕۆژە تایبەتەی تێکۆشانی ژنان نەفرەت لە سیستمی جیاکاریی سەرمایەداریی!
