شۆڕشی کۆمۆنیستی

کارل مارکس
هەڵگێڕانەوەی ئەم حاڵەتە کۆمەڵایەتیەی ئێستاو هەڵوەشاندنەوەی ئەو موڵکدارێتیە تایبەتیەی لەگەڵیدا یەکێتیەکیان پێکهێناوە؛ کردەی شۆڕشی کۆمۆنیستیە .
لە هەموو شۆڕشەکانی ڕابووردوودا شێوازی چالاکی کۆن هەروەک خۆی ماوەتەوە بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانێکی بەسەردا هاتبێت .. شۆڕشی کۆمۆنیستی دژی شێوازی چالاکیەکانی ڕابووردووە، کاری کرێگرتە لەناو دەبات و بە هەڵوەشاندنەوەی چینەکانیش، سەروەرێتی هەموو چینەکان هەڵدەوەشێنێتەوە .. لەمەیشەوە ڕوون دەبێتەوە کە دەبێت گۆڕانکاری لە بلۆکێک لە مرۆڤدا ڕووبدات تا ئەو هۆشیاریەو ئەو گۆڕانەیشی کە پێویستە ڕوو بدات، بەشێوەیەکی فراوان دروست ببێت؛ بەڵام ئەم گۆڕانە ڕوونادات بەهۆی بزووتنەوەیەکی بەکردەوەوە نەبێت، بەهۆی شۆڕشێکەوە، ئەو شۆڕشەیش هەر تاکە ئامرازی پێویست نیە بۆ هەڵگێڕانەوەی چینی سەروەر، بەڵکو لە هەمانکاتدا پێویستیەکی تریشی ئەوەیە کە تەنها شۆڕشە دەتوانێت، بەر بۆ ئەو چینە واڵا بکات کە چینێکی تر هەڵدەگێڕێتەوە هەتا بتوانێت هەموو ئەو بۆگەناوەی سیستمی کۆنیشی پێوە ڕابماڵێت کە پێوەی بەستراوەو بەوەیش ئامادەکاری بکات بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەک لەسەر بناغەیەکی نوێ .
شۆڕش نەک ڕەخنە هێزی بزوێنەری مێژووە، ئەمە هەروەک چۆن هێزی بزوێنەری دین، فەلسەفە، وە هەموو تیۆریەکانی تریشە .. ڕەگەزەکانی شۆڕشێکی کامڵیش لە لایەکەوە هێزە بەرهەمهێنەرەکانی ئێستان، لە لایەکی تریشەوە پێکهاتنی ئەو بلۆکە شۆڕشگێریەیە کە نەک هەر دژی مەرجە تایبەتەکانی کۆمەڵگای ڕابووردوو، بەڵکو دژی (بەرهەمهێنانی ژیان) تا ئەوکاتە، دژی (هەموو چالاکیەک) کە بنچینەی ئەو بەرهەمهێنانە بووە، ڕادەپەڕێت .
هەر بەم پێیە ئەگەر ملیۆنان کەس لە پرۆلێتێرەکان، لە هیچ حاڵێکدا لە مەرجەکانی بژێویان ڕازی نەبن .. ئەوا هەرچۆنێک بێت، ئەو ملیۆنان پرۆلێتێرە، ڕایەکی جیاوازیان دەبێت لەم مەسەلەیەدا، ئەمەیش لە کاتی خۆیدا بە مێتودێکی بە کردەوە دەسەلمێنێت .. واتە بەهۆی شۆڕشێکەوە.
کۆمۆنیزم وەرگەڕانی مەرجەکانی ئێستایە بۆ مەرجی یەکگرتن. ئەو بارودۆخەی کۆمۆنیزم دروستی دەکات، ئەو بنکە ڕاستەقینەیەیە کە ئیتر ڕوودانی هەر شتێکی سەربەخۆ لە تاکەکان، دەکاتە مەحاڵ .
لە واقیعی حاڵیشدا ئەمە لەسەر بنەمای هیچ تیۆریەک ڕوونادات، بەڵکو لەژێر زەبری ناکۆکیە ماتریالیستیەکانی ژیاندا ڕوو دەدات .
// کارل مارکس، ١٨٤٦، The German Ideology
*بەسوپاسەوە لەفەیسبوکی ئەنوەر نەجمەدین وەرگیراوە