ئاوارەیی خەڵکی کوردستان ئاکامی چ فاکتەرێک بوو؟

عەبدوڵا مەحمود
خەڵکی کوردستانی عێراق، تەنها دوای مانگێک بەسەر خرۆشان و ڕاپەرینی جەماوەریاندا، لەگەڵ گەڕانەوەی سوپای شکستخواردوو وە قەسابی کراوی عێراقدا، ناچار بە کۆڕەوێکی گشتی و ملیۆنی بوون.هۆکارە سەرەکیەکانی ئەم ئاوارەییە، لەلایەکەوە هەڵکردنی گلۆپی سەوزی ئەمریکا بۆ رژێمی بەعس، درندەیی ئەزموونکراوی پێشوی سوپای عێراق، خۆشباوەری خەڵکی کوردستان بە ئەمریکا و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بوو.ئەمریکاو غەرب کاتێک بینیان بۆشاییەکی سیاسی لەئاکامی ڕاپەرینی خەڵکیدا لە بەشێکی فراوانی کوردستاندا پێکهاتووە، وەکو دەرچوون لە سیاسەت و نەخشەکانی خۆیان تەماشان کرد، چونکە لەڕوانگەی ئەمریکاوە یەکپارچە مانەوەی عێراق، لایەنیكی گرنگ لە نەخشە و پلانی جەنگیان بوو. بۆ بەرگرتن بە هەرەشە یان ئەگەری لێکدابڕانی بەشێک لەعێراق کە کوردستان بوو، گڵۆپی سەوزیان بۆ سوپاو رژیمی عێراق هەڵکرد، تا ئەو بۆشاییە سیاسیەی بەهۆی ڕاپەرینەوە دروست ببوو لەڕێگای گەڕانەوەی هێزەکانی عێراقەوە پڕی بکەنەوەو بەر بەهەر هەوڵ و ویستێکی جیابوونەوەی ئەو بەشەی کوردستان لە عێراقدا بگرن.هاوکات بەو هۆیەوە کە ئەزموونی رژێمی بەعس و سوپاکەی، تاڵاوێکی کەم وینەی لە رێگای دەیان سیاسەتی پاکتاوی قەومی، بەسەر خەڵکی کوردستان هێنا بوو، خەڵک لە ترسی تۆڵەی سوپای بەعس، لە بەرامبەر ڕاپەرین و خۆ بەستنەوەیان بە ئەمریکاوە، ناچار بەوە بوون گیانی خۆیان لەدەست سوپا و دەسەڵاتی بەعس رزگار بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش رێگای ئاوارەییان گرتە بەر.خۆشباوەری بە ئەمریکا و غەرب، بەوێنەی فریادڕەسی خەڵکی عیراق و کوردستان لەدەستی بەعس، وەکو ئاسۆیەکی زاڵ رای گشتی خەڵکی کوردستانی تەنی بوو، بە پشت تێکردنی ئەمریکا و دەست شلکردنی لەبەرامبەر بە سوپای عێراقدا، قەڵەمی دەست وپێی خەڵکی کوردستان و شکاو جارێکی تر هاواری ئەمریکا خیانەتی!! لێمان کرد، ئەو دەروازەیەی کردەوە کە خەڵک بێ پشت و پەنا خۆی ببینێت و، ناچار بێت خۆی لەدەستی دێوەزمە رزگار بکات.دیارە خۆشباوەی جەماوەری کوردستان بە بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، و دەستبردنیان بۆ ڕاپەرین لە ژێر سایەی ئاسوی سیاسی ئەوان، کە ئەوانیش ئاسۆی دوبارە هاتنەوە مەیدانیان بە سیاسەکانی ئەمریکاوە شەتەک دابوو، زەمینەکانی داڕمانی ئیرادەی جەماوەری ئامادەکردبوو.
بەو هۆیە زۆر سادانەو لەوەش زیاتر بەهۆی ئەوەی کە ڕاپەرین بەرهەمی خەباتی لە پێشتری خەڵکی کوردستان، لەدژی رژێمی بەعس نەبوو. لاواز بوونی بەعس، ئاکامی چوونە پیشەوەی هەنگاو بەهەنگاوی خەباتی سیاسی و جەماوەری و تەنانەت چەکداری حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی نەبوو، بەڵکو لاواز بوون و شکستی بەعس بەر ئەنجامی جەنگ و ملهوری و سیاسەتی ئەمریکا بوو.
لەم دۆخەدا کە ڕاپەرین لەهەر ناوەرۆکێکی شۆرشگێرانە و پێشکەوتنخوازانە خاڵی بوو، چاوەڕوانی لەوەی دەستکەوتەکانی بۆ جەماوەری ڕاپەریو بێت، لە وەهم زیاتر نەیدەتوانی زیاتر بێت. دیارە گروپ و ریکخراوەی چەپ و کۆمۆنیست بەشدار و ئامادەییان لە راپەرین و بەر لەراپەریندا هەبوو، بەڵام ئاسۆی زاڵ بەسەر شەقام و لە ئاستی گشتی و کۆمەڵایەتیدا، ئاسۆی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی بوو.
لەگەڵ بیستنی هەواڵی گەڕانەوەی سوپای قەسابی کراوی بەعسدا، بەر لە خەڵکی ئەزموون دیدە بە دەسەڵاتی بەعس، سەرانی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و هێزە چەکدارەکانیان، ئەندازیارانی ڕاپەرین… بێ هیچ بەرگرییەک بەزینی خۆیان لەبەرامبەر بەسوپای بەعسدا، بە راکردن نیشاندا و خەڵکی کوردستانیش بەناچاری رێگای چۆڵکردنی شار و شارۆچەکەکانی گرتەبەر. لەماوەی چەند رۆژێکدا بە ملیۆنان ئینسان ئاوارەی سنورەکان و وڵاتە درندەکانی ناوچەکە بوون.ئاوارەیی خەڵکی کوردستان هێندە گەورە بوو، ئەگەر لە سەدا پێنج کەمتری ئەم خەڵکە ئیرادەی شۆرشگێرانەی هەبوایە نەک دەیتوانی بەرگری لە هاتنە پیشەوەی سوپای بەعس، بەڵکو دەیتوانی ئەو سوپایە تێک بشکێنیت و ئاوارەیەکیش روو نەدات. بەتایبەتیش کە سوپای عێراق پیشتر تێکشکابوو، بەڵام چونکە مۆتوری جوڵەو ئیرادەی جەماوەری بەدەستی ئەمریکا و غەرب و سەرانی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردیەتییەوە ئاراستە دەکرا، هەر ئەو واقعیەتە تاڵە دەیتوانی چاوەروان بکرێت.کارەساتی ئاوارەیی هێندە دڵتەزین بوو، کە سەرنجی رای گشتی دنیای بەدوای خۆیدا کێش کرد، بەڵام دوبارە ئەمریکاو غەرب لە جیاتی گرتنەبەری رێگا و نەخشەیەکی سیاسی بۆ کۆتاییهێنان بە دوبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە و مامەڵەکردنی لەگەڵی بە وێنەی پرسێکی سیاسی، بە هێنانی بریار ٦٨٨ ی کە بەهێڵی ٣٦ یان دژەفڕینی((No-fly zone ناسراوە، کێشەی سیاسی خەڵکی کوردستانیان هینایە خوارەوە بۆ کیشەی ئاوارەیی و بەرگێکی روتی ئینسانیان کردە بەری. بەمەش زەمینەو پایەکانی مانەوەی پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانیان بە چارەسەرنەکراوی هێشتەوە، کە تائێستاش خەڵکی کوردستان قوربانیەکەی دەدەن.لەناو جەرگەی ئاوارەیی ملیۆنی خەڵکی کوردستاندا و ئەو مەرگەساتە دڵ هەژێنانەی رویان دەدا، سەرانی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەلایەکەوە پێشوازیان لە بریاری ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد کە پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانی هێنایە خوارەوە بۆ پرسی ئاوارەکان و هاوکاتیش بەسەر مەرگی قوربانیانی ئاوارەییدا، کەوتنە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو رژێمەی چەند رۆژ لەوەبەر هێرشی هێنابووە سەر خەڵکی کوردستان، بەمەش بۆ چەندەمین جار ئەو راستییە سەلماوەیان خستەوە ڕوو، کە ئەمانە هێزی رەشن.حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ ئەوەدا بەشدار لەتاوانی ئاوارەیی خەڵکی کوردستان بوون و هاوکاتیش پیشوازیان لە بڕیاری لەباربردنی سیاسی بوونی ئاوارەیی ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد و کەوتنە گفتوگۆ لەگەڵ رژێمی بەعس، کەچی تا ئێستاش مامەڵە بە پرسی کارەساتی ئاوارەیی و سەرجەم تاوانەکانی تری دەستی بەعسەوە دەکەن و وەکو سەرمایەی سیاسی و کارتی سیاسی لە سات و سەوداکانیادا، بەدەستیەوە دەگرن.هیچ تاوانکارییەکی ئەمریکا و غەرب، بەعس و وڵاتانی ناوچەکە، لەدژی خەڵکی کوردستان و ئیرادەی سیاسیەکەی نییە، کە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی تیایدا هاوکار و بەشدار نەبووبن، کەچی هێشتا خۆیان بەپرسی سیاسی و حقوقی خەڵکی کوردستان هەڵواسیوەو بەمانەوەی ئەو پرسە سیاسیەش زەمانەتی مانەوەی خۆیان کردووە.زۆر دەمێکە کارنامەی دژە ئینسانی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، بۆ خەڵکی کوردستان، لەسەردەمی شاخ و شاریاندا، لەسەردەمی ئۆپۆزیسیۆن بوون و ٣٠ ساڵە دەسەڵاتی رەشیاندا، ئەزموون کراوە. بۆیە خواستی خەڵکی کورستان بۆ ڕاماڵینیان، بەئاراستەی بە کردەوە راماڵینیان بۆتە کردەی لەدوانەخستن نەهاتوو، کە بۆ هەمیشە ئەم جۆە لە دەعبای سیاسی لەکۆڵ جەماوەری ملیۆنی بکاتەوە و مۆدیلیکی تر لەدەسەڵات و سیاسەت، جێگای بگرێتەوە… کە ئینسان تیایدا بەهای خۆی هەبێت و مافی پارێزاو بێت و ئیرادەی ئینسان تیایدا میحوەر بیت و ئازادی و خۆشبەختی، بۆ هەموو تاکێک بەرجەستە بێت… ئەمەش کاری کۆمۆنیزم و چینی کریکاریی ڕیکخراوە.
