لە ساڵيادی رۆناکبیر و ئازادییخوازی کارامە ”عەبدولخالق مەعروف”دا سيستەمی هزری پاوانخوازیی دینیی و دابونەریتە باوەکان درێژەی هەیە

0
ئاشتی شەهباز
عەبدولخالق مەعروف بەر لەوەی پەرتووکی ”ئادەميزاد لە کۆمەڵى کوردەواريدا” بنووسێ، چەند پەرتووکی دیکەی نووسيبوو، لەوانەش ئەنتينا و تەکنيككار و شيعری کلاسيك، بەڵام دوايين پەرتووکی لە ساڵی ١٩٨٤ بە ناوی ئادەميزاد لە کۆمەڵى کوردەواريدا دەبێتە هۆی تيرۆرکردنی لە ١٠ی نيسانی ١٩٨٥ و لە بەردەم ماڵەکەی خۆيدا لە گەڕەکی ئازادیی لە شاری هەولێر. نووسەر لە ١\١\١٩٣٥ لە گوندی (زەمزەم)ی سەر بە شاری هەولێر لەدايکبووە، لەساڵى ١٩٤٤ خراوەتە بەر خوێندنی مەلايەتی.
لە ساڵى ١٩٥٧ وەرچەرخانێکی هزریی و زانستی لە ژيانی عەبدولخالق مەعرووف روودەدا، ئەویش لە رووی زانستیی تەکنيككاریی و خۆپێگەياندنی لەو بوارە و چوونە دەرەوە بۆ فێربوون و چۆنيەتی دامەزراندنی ئێزگە، لە ساڵى ١٩٦٠ ئێزگەيەکی بچووک دروستدەکا و تاقیدەکاتەوە و بەهرەمەندییەکەشی لەو بوارەدا لە بەغدا پتر دەردەکەوێ، لە ساڵى ١٩٦٣ دەستدەکا بە خەباتی پێشمەرگايەتی و وەک ئەندازيار و سەرپەرشتياری تەکنيکیی رادیۆی دەنگی کوردستان لە ئەشكەوتی رەش لە ناوچەی ژاژڵە دەستبەکاربووە.
لە دوای رێکەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ دەگەڕێتەوە نێو شاری هەولێر و دووکانێك بۆ کاری تەکينکاریی دادەنێ کە لە پاڵیدا دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی رۆشنبيران و نووسەران لەو شارە، دوای ساڵێك دەستگير دەکرێ و بەرەو بەغدا راپێچدەکرێ و پاشان بۆ پارێزگای نەینەوا و دوای ماوەيەک ئازاد دەکرێ، بە هۆی شارەزايى لە زمانی عەرەبی وەک تابووشكێنی شاری هەولێر و کوردستان بە گشتیی دەستدەکا بە خوێندنەوە و لێکۆڵێنەوە لە ئايينی ئيسلام و بەرواردکاریی لە نەريتی کۆمەڵايەتی کوردەواريدا و پەرتووکی ئادەميزاد لە کۆمەڵى کوردەواريدا بەرهەمدەهێنی، نووسەر لە پێشەکيی پەرتووکەکەیدا ئاماژە بەوە دەکا کە بە پێویستی زانیوە هەندێك دەربارەی پەيوەندیی نێوان ژن و پياو لەبەر تيشكى دینی ئيسلام و کەسایەتیی هەر لايەکیان بە پێى قورئان و گوتەکانی محەمەد و کردار و رەفتارەکانی و قسەی (موجتەهيدەکان و ئيجماع) روونبکاتەوە، ئیدی باسێک لە بارەی قورئان و لێکدانەوەی لە بارەی تەڵاق، فەرموودەکان دەربارەی تەڵاق، مارەکردن و چەند ژنیی، فيقهی ئيمامی شافعی دەربارەی مارەکردن و پلە کۆمەڵايەتی ژن و لێدانی ژن بە ئايەت و ژمارە و تا ژن خۆی شەرمە (عەورەتە) بە پێى دينی ئيسلام.. هەر هەمووی لە دووتۆی پەرتووکەکەی خستۆتە بەر باس و لێكۆلينەوە. ئەو پەرتووکە دەبێتە هۆی ئەوەی زۆر لە سیخوڕەکانی رژێمی بەعس بابەتی جودا و نەشياو بە ناوی عەبدولخالق مەعروفەوە بڵاوبکەنەوە تا سەرەنجام لە لايەن دەستە چەکدارێکی سەر بە حكومەتی بەعس تیرۆر دەکرێ.
گیانبەختکردوو شارەزاییەکی زۆر باشى لەسەر زانستە دینییەکان هەبوو و لە بەغدا لە لايەن عەلائەدينی سوجادی و موحەمەدی قزلیيەوە پشتيوانیی لێكراوە، بەڵام لەبەرئەوەی لەو سەردەم و لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی ئەوها دڕندەدا پێنووس بەدەستە دەربارەکانی دیکتاتۆر توانای ئەوەیان نەبووە بە نووسین وەڵامیبدنەوە و هەر خودی فەرهەنگی سیستەمەکەش بڕوای بە لێکۆڵینەوەی هزریی و گفتوگۆکرن و لێکتێگەیشتن نەبووە هەربۆیە لە رێگەی ناوزڕاندن و بە شێوەی توندوتیژیی رووبەڕووی دەبنەوە و لە ١٠\٤\١٩٨٥ تیرۆری دەکەن.
هەڵبەتە ئەمڕۆ لە سەردەمی زانست و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا بەربەستێكی کەم ماوە لەبەردەم دەستڕاگەیشتن بە زانست و زانيارییەکان، ئەوەش بۆ خۆی يەکێکە لە هۆکارە هەر سەرەکيەکانی بەرەوپێشچوون و تێڕامانی تاک لە ژيان و فەرهەنگ و ميژووی سەرلەبەری جیهان و وايكردوە هزری تاک و دەنگی تاک دروست ببێ و لە رسکانێکی خێردا بێ، لە پاڵ ئەوەش رێکخراوگەلێکی زۆری ناوخۆیی و ناوچەیی و جيهانیی لەسەر بنچینەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکانی تاک و رۆژنامەگەریی و ئازادییەکانی دیکەی دەربڕین و خۆدەربڕین دابمەزرێن و پاڵپشتیی دەنگ و رای ئازادی تاک و کۆمەڵ بکەن لەسەر ئاستی تێکڕای جیهان، بەڵام بە داخەوە ئێمە لە کاتێکدا یادی ئەو رۆناکبیر و ئازادییخوازەی گەلەکەمان (عەبدولخالق مەعروف) دەکەینەوە سیستەمێکی کۆنەپەرستانە بە ناوی دین و سيستەمی پیاوسالاریی و فەرهەنگی و باوی کۆمەڵايەتی لەو ناوچانەی خۆمان و بە تایبەتییش لە کوردستانيش خۆیان بەسەر تەواوی جومگەکانی ژیان داسەپاندوە، دەسەڵاتداریەتیی شکستخواردووی هەرێمی کوردستانیش کارەستگەلێکی زۆری بەسەر خەڵکدا هێناوە، هەرچەندە ئێستا کۆمەڵە دەنگێکی دلێر و بوێریش لێرە و لەوێ هەن و دژ بە ستەم و نادادییە کۆمەڵايەتییەکان لە تێکۆشاندان و تەنانەت هەندێک لە ماف و ئازادییەکانیش بە دەستوور و یاسا و رێسایەکان جێگیر کراون، بەڵام هێشتا داگیرکەرانی کوردستان و دەسەڵاتداران و حیزبەکانی باشووری کوردستان بە هەمان شێوەی سەردەمی بەعس خەریکی قۆرخکاریین و دەست لە ژیان و گوزەرانی خەڵک وەردەدەن و هەروەک چۆن لە رێگەی ناوزڕاندن و توندوتیژیی و تیرۆکردنەوە رووبەڕووی عەبدولخالق مەعروف بوونەوە بە هەمان شێوە کەوتوونەتە گيانی ئازاديیخوازان و بە بەندکردن و دادوەرییە کۆمیدییەکانیان تاوانی سەیرسەمەرە دەخەنە پاڵیان و بە شێوەیەکی گشتیی سەرکوتکارییەکی هەمەلایەنە لەسەر تەواوی جومگەکانی ژيانی هاوڵاتيان بەرێوەدەبەن، ئیدی ميللەتیان بە جۆرەک سەرکوت و برسیی و بێزار کردوە کە بە شێوەیەکی زۆر نەخوازراوانە داوای چوونە ژێر باڵى سيستەمی شیعەگەرایی و نەژادپەرستی عەرەبیی حكومەتی ناوەندیی عێراق بکەن، هەڵبەتە ئایدیۆلۆژيای ستەمکاریی و خۆسەپێنەرانە تەنیا لە باشووری کوردستان نییە بەڵکە لە تەواوی عێراق و پارچەکانی ديکەی کوردستان لە ژێر ناوی جودا جودا بەرێوەدەچن و بە پشتيوانیی بازرگانانی هەرێم لەسەر شێوازی لیبرالیزمی نوێی سستەمی سەرمايەداریی جيهانیی خەڵکی ناوچەکە و کوردستانیان لە هەژاریی و چەوساندنەوەی جۆراوجۆر نغرۆ کردوە.
لە کۆتاییدا لە ساڵرۆژی تيرۆرکردنی پێنووسێکی ئازاد و بە بڕشتی گەلەکەمان (عەبدولخالق مەعروف) داوای ئازادیی بۆ گشت ئازاديیخوازان و گيراوان دەکەين کە لە سايەی حوکمڕانی (پ. د. ک) و (ی. ن. ک) لەسەر ئازادییەکانی دەربڕین دەستگيرکراون و سزايان بەسەردا سەپاندوون و ساڵانێكی زۆرە خەريكى کپکردنی هەر جۆرە جوولە و دەنگێکی نارازیین کە لە پێناو ئازادییەکان و مافە یەکسانییخوازەکان تێدەکۆشن.
١٠ی نیسانی ٢٠٢١
Leave A Reply

Your email address will not be published.