١٣٨ ساڵ تێپەڕ دەبێ بەسەر میراتی شۆڕشگێڕانەی مارکس دا

0
ئاسۆ کمال 
“مارکس پێش هەر شتێک شۆڕشگێڕ بوو. ئەرکی یەکەمی ژیانی مارکس بریتیبوو لە بەشدارییەک، جا بە هەر شێوەیەک بێت، لە کۆتاییهێنان بە کۆمەڵگەی سەرمایەداری”
سەعات چارەک بۆ سێی پاشنیوەڕۆی ١٤ی مارس، مەزنترین بیرمەند لە بیرکردنەوە ڕاوەستا. تەنها دوو خولەک بە تەنیا بوو، کاتێک گەڕاینەوە بینیمان لەسەر کورسییەکەی دانیشتووە و خەوی لێکەوتووە، بەڵام خەوێکی ئەبەدی.
لەدەستدانی ئەم پیاوە، خەسارەتێکی کەم وێنەیە بۆ پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕی ئەوروپا و ئەمریکا، و بۆ زانستی مێژوو. ئەو بۆشاییەی کۆچی ئەم ڕۆحە مەزنە دروستی دەکات، هەر زوو دەردەکەوێت.
وەک چۆن (چارلز داروین) یاسای پەرەسەندنی سروشتیی ئۆرگانیی دۆزییەوە، مارکسیش یاسای پەرەسەندنی مێژووی مرۆڤایەتیی دۆزییەوە: ئەوەش خۆی لە حەقیقەتێکی سادەدا دەبینێتەوە، باڵادەستی ئایدیۆلۆژیا دەیەوێت ئەم حەقیقەتە بشارێتەوە کە مرۆڤ، پێویستە سەرەتا سکی تێر بکات و بخوات و بخواتەوە و بەرگێک بپۆشێت و جێگەیەک هەبێت تێیدا بحەوێتەوە، ئینجا دەتوانێت بایەخ بە سیاسەت و زانست و هونەر و ئایین و …هتد بدات. هەر بۆیە بەرهەمهێنانی ئامڕازە ماتریاڵییە پێویستەکان بۆ بژێوی، پاشان ئەو ئاستە پەرەسەندنە ئابوورییەی گەلێکی دیاریکراو یان لە ڕۆژگارێکی دیاریکراودا بەدەستهاتووە، بنەمایەک پێکدەهێنێت کە دامودەزگاکانی دەوڵەت و پێگە یاساییەکان و هونەر و تەنانەت بیروبۆچوونە ئایینییەکانی تایبەت بەو گەلەی لەسەر دادەمەزرێت. ڕاڤە و تەفسیرەکان دەبێت لەژێر ئەم ڕۆشناییەدا بن نەک بە پێچەوانەوە وەک ئەوەی باوە و دەبینرێت.
بەڵام ئەمە هەموو شتێک نەبوو. مارکس یاسای تایبەتی ئەو جوڵەیەی دۆزییەوە کە لەم ڕۆژگارەماندا مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و کۆمەڵگەی بۆرژوازی هەڵدەسوڕێنێت، ئەو کۆمەڵگەیەی هەر خۆی ئەو مۆدێلە بەرهەمهێنانەی خوڵقاندووە. دۆزینەوەی زیادەبەها، ڕاستەوخۆ ڕۆشنایی خستە سەر ئەو کێشەیەی دەمێک بوو هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەکانی تێگەیشتنی دەدرا، بەڵام تەواوی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی ڕابردوو، هەم لە لایەن ئابووریناسە بۆرژوازییەکانەوە، هەم لە لایەن ڕەخنەگرە سۆسیالیستەکانەوە، دەستەوەستان بوون لە ئاست دۆزینەوەیدا.
ئەم دوو دۆزینەوە گەورەیە، هێندە گرنگن کە تەنها خۆیان بەسن لە دەستکەوت و ژیانی کەسێکدا هەبن. بەختەوەر ئەوەیە کە شانازیی تەنانەت یەکێک لەم دووانەشی پێ بڕابێت.
سەرەڕای ئەوانەش، مارکس لە هەر بوارێکی کۆڵیبێتەوە (چونکە مارکس لە چەندین کایە و بواری دیکەی کۆڵیوەتەوە، لە هیچیشیاندا لێکۆڵینەوەیەکانی ڕووکەش و سادە نەبوون)، تەنانەت لە بواری ماتماتیکیشدا، دۆزینەوەی سەربەخۆی خۆی هەبووە.
ئەمە مارکس بوو، مارکسی پیاوی زانست. بەڵام ئەوە هێشتا نیوەی ئەم پیاوەش نەبوو. زانست لای مارکس، دینامیکیەتێکی مێژوویی و هێزێکی شۆڕشگێڕانەیە. چەندێک دڵخۆش دەبوو بە هەر دۆزینەوەیەکی نوێ لە زانستە تیۆرییەکاندا، بەڵام لەبەرئەوەی پڕاکتیک و جێبەجێکردنی ئەستەم بوو، کاتێک دڵخۆشییەکەی دەبووە دڵخۆشییەکی دیکە و گەورەتر، کە داهێنانە نوێیەکە گۆڕانێکی شۆڕشگێڕانەی ڕاستەوخۆی لەناو پیشەسازی و بە شێوەیەکی گشتی لەناو پەرەسەندنی مێژووییدا دروست دەکرد. بۆ نموونە لە نزیکەوە موتابەعەی پەرەسەندنە نوێیەکانی دۆزینەوە بەدەستهاتووەکانی بواری ئەلەکترتیک (کارەبا)ی دەکرد، کە دواهەمینیان دۆزینەوەکەی (مارسێل دۆبری) بوو.
مارکس پێش هەر شتێک شۆڕشگێڕ بوو. ئەرکی یەکەمی ژیانی مارکس بریتیبوو لە بەشدارییەک، جا بە هەر شێوەیەک بێت، لە کۆتاییهێنان بە کۆمەڵگەی سەرمایەداری و دامودەزگاکانی دەوڵەت، کە ئەمانیش هەر بەرهەمی سەرمایەداریین؛ هەروەها دەیویست دەستی هەبێت لە ڕزگاریی پرۆلیتاریای مۆدێرن، کە هەر مارکس خۆیشی یەکەم کەس بوو وەهای کرد ئەم چینە هۆشیار بێت بە پێگەی خۆی، بە پێداویستییەکانی، بە مەرجەکانی ڕزگاربوونی. لای ئەو خەبات و تێکۆشان مەسەلەیەکی بنەڕەتی بوو، هەر بۆیە بە عەشق و شێلگیری و سەرکەوتنەوە تێدەکۆشا، کەم کەس هەبوون لەم ڕووەوە شان لە شانی بدەن.
مارکس لە بواری چاپەمەنیدا لەم ڕۆژنامە و بڵاوکراوانەدا کاری کردووە:
– ڕاینشە زیتونگ: ١٨٤٢
– بۆ پێشەوە (Vorwarts)ی پاریسی: ١٨٤٤
– بروکاسلی ئەڵمانی:١٨٤٧
– نیو ڕاینشە زیتونگ: ١٨٤٨-١٨٤٩
– نیویۆرک تریبۆن: ١٨٥٢-١٨٦١.
جگە لەوانەش سەرپەرشتیی بڵاوکراوە خەباتگێڕییەکانی کردووە، هەروەها لە ڕێکخراوەکانی پاریس و بڕۆکسل و لەندەن کاری کردووە، کە دواجار بەرهەمی هەموو ئەوانە دروستکردنی فیدراسیۆنی پیاوانی کرێکاری ئینتەرناسیۆناڵ بوو. هەر ئەم کارەی، تەنانەت ئەگەر لەمە زیاتر هیچی دیکەشی نەکردبێت، بەسە بۆ ئەوەی ببێتە جێگەی شانازی بۆ مارکس.
لە ئەنجامدا، وەک باجی هەموو ئەوانە، مارکس یەکێک بوو لەو کەسانەی لە سەردەمەکی خۆیدا زۆرترین ڕق و کینە، زۆرترین بوختان و تۆمەتی بۆ دروستکراوە لە لایەن حکومەتە پادشایەتی و کۆمارییەکانەوە، هەر یەک لە وڵاتی خۆی دەریدەپەڕاند، بۆرژوازییەکان و کۆنزەرڤاتیڤەکان تا دەگات بە هەرە دیموکراتخوازەکان، کێبڕکێیان بوو کە کامیان تۆمەت و بوختانی زیاتری بۆ هەڵبەستێت و کەسایەتییەکەی لەکەدار بکات. وەک تەونی جاڵجاڵۆکە، لێرە و لەوێ مارکسیان دوور دەخستەوە. بەڵام مارکس هیچ بایەخێکی بەوانە نەدەدا، تەنها مەگەر زۆر ناچار بووایە، ئینجا وەڵام و کاردانەوەی دەبوو. مارکس کە مرد، خاوەن ڕێز و شکۆیەکی گەورە بوو، خۆشەویستی ملیۆنان کرێکاری شۆڕشگێڕ بوو، هەر لە کانەکانی سیبریاوە تا دەگات بە کالیفۆڕنیا، لە تەواوی ئەمریکا و ئەوروپا. دواجار ئەوەی گرنگە بگوترێت، مارکس وێڕای ئەو هەموو دووژمنەی هەیبوو، خودی خۆی یەک تاکە دووژمنئ شەخسیی نەبوو.
ناوی مارکس و کارەکانی لە هەموو سەردەمێکدا بە نەمری دەمێنێتەوە!
*
مارکس لە ١٤ی مارسی ١٨٨٣دا کۆچی دوایی کرد. پاش سێ ڕۆژ فرەدریک ئەنگڵس ئەم وتارەی خوارەوەی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر گڵکۆی مارکس پێشکەش کرد، کە لە گۆڕستانی هایگایت لە لەندەن نێژرابوو. وتارەکەی ئەنگڵس بە زمانی ئینگلیزی بوو، بەڵام وەک نووسراو بۆ یەکەم جار لە ڕۆژنامە ئەڵمانییەکاندا بڵاوکرایەوە، دواتر جارێکی دیکە لە ئەڵمانییەوە کرایەوە بە ئینگلیزی..لە سایتی هاوڕێیانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆشیالیستی وەرگێڕانەکەم وەرگرتوە..
Leave A Reply

Your email address will not be published.