دەسەڵات لەکوردستان بەرپرسی هەرە گەورەی ئەم نایەکسانیەلەکۆمەڵگا،نەک ناتوانێ ڕێگە چارە بێ،بگرە ڕێگە خۆشکەری و بنیاتنانی ئەو نەهامەتی ونایەکسانییە دژ بەژنان

0

پیرۆزبێت یادی ٨ی ئازار (مارس) ڕۆژی جیهانی هاوخەباتی ژنان وپیاوانی ئازادیخواز ویەکسانیخواز.ئەزیزان بۆ ڕێزگرتن لەم ڕۆژە ماڵپەڕی ئەلتەرناتیڤی شورایی  پرسیارێکی  ئاراستەی چەند کەسایەتێک کردووە بەم جۆرە (لەگەڵ ئەوەدا ساڵانە یادی هەشتی مارس (ئازار) کەڕۆژی جیهانی ژنە دەکرتەوە بەڵام ئازاردان وئەشکەنجە وکوشتنی ژنان وکچان بەردەوامە ،چارەسەر بۆئەمەچی یە لەئێستادا؟وەلامی هەریەکەلە بۆچوون و سەرنجەکانی هاوڕێ یان بۆئێوەی خوێنەر خراوەتە ڕوو:

نەسرین حسین ساڵح ( تەنیا) :

لەوڵاتانی پیشەسازی خانمان كاتێك كاریان دەكرد بڕێكی كەم پارەیان پێدەدرا و ئازار دەدران و دە چەوسێنرانەوە لەگەڵیدا ، ئەم هەڵوێستەی بەرامبەر خانمان وایكرد دژی ئەم ڕەفتارانە ڕابپەڕن و هەڵوێستیان هەبێت . ساڵی١٨٥٧دا و لە ڕۆژی هەشتی مانگی سێدا ئەو خانمانەی لە یەكێك لە كارگەكانی ڕستن و چنین لە نیویۆرك كاریان دەكرد ڕژانە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندانیان كرد بۆ زیادكردنی پارەی كاركردن و كەمكردنەوەی كاتی كاركردنیان بۆ كەمتر لە ١٠ كاتژمێر لە ڕۆژێكدا ، بەڵام لە كاتی ئەم خۆپیشاندانانەدا بەشێك لە خانمانی خۆپیشاندەر لە لایەن پۆلیسەوە لەو وڵاتە دەست بەسەر كران و هەندێكیان بریندار و هەندێكی دیكەیان لێ كوژران . ئەم خۆپیشاندانە بووە ڕۆژێكی مێژووی بۆ داواكردنی مافی تەواو و هاوشێوەی پیاوان لەو كاتەدا لەوڵاتە پیشەسازیە گەورەكان . ساڵًی ١٩١٠لە شاری كۆبن هاگن لە دانیمارك لەسەر ئەم بابەتە كۆنفرانسێك بەسترا بۆ دیاریكردنی ڕۆژێك تایبەت بە خانمان بەڵام نەتوانرا ڕۆژێكی تەواوەتی دیاری بكرێت و هەر وڵاتە خۆی ڕۆژێكی دانا بۆ خانمان و لە ساڵی ١٩٢١ ڕۆژی هەشتی مارس وەك ڕۆژێكی تایبەت بە خانمان لە جیهاندا ناسێنرا و ساڵی ١٩٧٨بە فەرمی لە لایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە ڕۆژی هەشتی مارس تایبەت بە خانمان دیاریكرا و لەو كاتەوە ئەم ڕۆژە دیاریكراوە بە بەرز ڕاگرتنی ماندوبونەكانی خانمان لە تەواوی جیهاندا ناسراوە یاد کردنەوەی ڕۆژی ٨ی مارس, وەبیر هێنانەوەو ڕێز گرتن لە خوێنی ڕژاوی ئەو ئافرەتانەیە کە بۆ وەر گرتنی مافەکانیان گیانیان بەخت کرد بەڵام ئەمە نەبوەتە چارەسەر بۆ نەهێشتنی توندو تیژی بەرامبەر ئافرەتانی بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەردەوام لە لایەن کۆمەڵگای نێر ساڵاری چەوسانەتەوەو لە ژێر فشاری دەروونیدا دەژین و سەرکوت کراون و دەکرێن من وەکوو ژنێکی خاوەن قەڵەم و ئازادی ئەم کۆمەڵگا هەمیشە وتومە کە ئەبێ ئەم کێشە لە ڕێگای وشیار کردنەوەی کۆمەڵگا , بە تایبەت ئافرەتان چارە سەر بکرێ پەروەردەی منداڵ چ نێر چ مێ لە ئەستۆی دایکدایە. دایکە کە هەر لە منداڵیەوە زیاتر گرنگی بە کوڕ ئەدات و هەموو ئازادیەکی پێ ئەدات و کچ دەچەوسێنەتەوە. دایکە کە کچ یا کچەکانی بە وشەی زەعیفەو عەیبە پەروەردە دەکات و باوەڕ بە خۆ بوونیان تێدا دەکوژێ و وایان لێدەکات نەتوانن خۆیان وەک مرۆڤێکی تەواو و خاوەن بڕیار بناسن ئەوەیە کە زۆربەی ئافرەتەکان بوونی پیاوێک لە ژیانیاندا بە پشتیوانی خۆیان دەزانن و وا تێگەیشتوون کە بە بێ پیاو ناتوانن بەرەنگاری کێشەکانیان ببنەوەو ژیانێک بۆ خۆیان درووست بکەن ئەمەیش دەبێتە سەبەبی ئەوە پیاوێکی دیکتاتۆر لە ژێر دەستی ژنێکدا بە ناوی دایک پەروەردە بێت و بە ناوی شەرەفەوە خۆی بە خاوەنی هەموو شتێکی خۆشک و هاوسەرو کچەکانی بزانێت. ئێمە ڕێکخراوەکان دەبێ بۆ وشیاری کۆمەڵگا , چالاکی و سمینارەکان ببەینە زانکۆ و مەکتەب و مزگەوتی گوندەکان و تێکەڵی خەڵکانی ئاسایی و ژنانی ماڵەوە بین , تاکوو بەم شێوە بتوانین لە داهاتوودا بە وشیار کردنەوەی دایکانی ئێستەو داهاتوو توندوو تیژی و دیاردەی قیزەونی مرۆڤ کوشتن بنە بڕ بکەین و یەکسانی و تەبایی و بوون و بەهاکانی مرۆڤایەتی بگەڕێنینەوە.

نافە:

چەو سانەوەو توندو تیژی لەهەر لایەنێک بێت ,من نەفرەتی لێ ئەکەم.زۆر دەمێکە لەسەر ئەم بابەتانە ئەڕۆین.ژنان خۆیان ئەبێت ئەم دەردە کوشندە چارە بکەن.ئەویش بە ووشیاری و بێ جیاوازی لەبەینی کوڕو کچ .پەروەردەی دروستی مناڵەکانیان بکەن بێ چیاوازی . تا ئەم دوو مرۆڤە لەسەر ئەرز بەبەختەوەری بژین.ئێمە ئێستا باس لە توندو تیژی ژنان ئەکەین .کە بەڕێژەیەکی زۆر لەو هەرێمە بچوکەی ئێمەدا هەیە.پێویستە خانمان زۆر ووشیارانە بەرەو ڕووی ئەم بارو دۆخە ببنەوە..مافەکانیانیان لەچیایە پێویستە زۆر بەزیرەکی و لەسەر خۆ بەدەستی بێنن .لەمافی خۆیان خۆش نەبن.بڕوایان بەخۆیان بێت.کارەکانیان بەخۆیان بکەن ..چاوەڕێیی پیاوان نەکەن بڵێن فەرموو ئەوە مافی تۆیە تا ئێرە..ئازادی و سەربەخۆیی بەووشیاری و زیرەکی بەدەست دێت.تکایە با ئێمەی ژن لەبەینی خۆمان ئەوەنە لەمل شکانی یەک نەبێن.تێکۆشین بۆ ئازادی ژنانی ژێر دەستە ..هەوڵ بەین کچانی بەهرە مەندو ووشیار هان بەین لەسەر ئەوەی کە ئەی زانن… لەدوای شەڕی جیهانی لە ئەڵمانیا هەموو ئەزانین کە ژنان بەڕێژەی زۆر مانەوە ..توانیان سەر لەنوێ ووڵات بنیاد بنێنەوە بیکەنە ئەم ووڵاتەی لەڕیزی پێشەوەی جیهان.وەئێستایش ژنان و کچانی کورد جارێکی کە سەلماندیان کەئەوانن زوڵم و ژێر دەستی قبوڵ ناکەن.داعشی تیرۆرستیان بەنەفرەت کرد .بوونە سمبوڵی ژنانی جەربەستە لە جیهان.ئەبێت پیاوان ئەوە باش بزانن ژیانیان بە ژنەوە جوانە..کار بکەن بۆ ئەو خانمانەی کەلەجوار دەوریانن ئەویش بە پێدانی خۆشەویستی و دوپات کردنوەی ڕۆژانە …ژن هەموو خۆشەویستیەک ئەبەخشێت .بەڵام لەهەمان کاتدا پێویستی پێ یەتی ئەگەر بەووشەیەکیش بوە بۆی بگەڕێتەوە….ژنان ژیانێکی دژوارو قورسیان هەیە لە هەرێمی کوردستان بەکۆمەڵێک سیاسەتی دژواردا تێ ئەپەڕێت بۆ چەواشە کردنی کۆمەڵگا ….لەگەڵ ئەوەیا ..ڕێمان داوە دوو کلتوری جیاواز بێتە ناومان جارێک ..بە سۆزانی کردنی ژنان و ..جارێک بە باڵا پۆشی.کە هەردوکیان نامۆن لە کوردستانی ئێمە.بەڕەئی من هەردوکی بەکار هێنانی ژنە وەک بوکڵەیەک بەدەست نێرینەوە..لەکۆتادا ئەڵێم ..ئازادی و سەرفرازی بۆ هەموان.ئێمە پێکەوە جوانین.

خاوەر احمدی :

زۆر سوپاس بۆ پرسیارەکەت.ئەم ڕۆژە لە هەموو مرۆڤێکی باش و مهرەبان وئازادیخوازویەکسانیخوازومرۆڤ دۆست  پیرۆز دەکەم،چونکە بەڕاستی مرۆڤ بوون لای من جێگای رێزەو گرینگ وبەبەیاخە، جا ئەو مرۆڤە پیاو بێت یان ژن جیاوازی نییە  بۆمن.من خۆم ئینسان بە ڕادەی تێگەیشتن و ویژدان و هەستی دڵسۆزی و مهرەبانی و هەق ناسی  و مرۆڤ پەروەری دەناسم ,نەک بەشێوازوجۆری دابەشکاری جیاوازی ڕەگەزی و جنسی و زمان و وڵات و ئاینی بێت. چونکە لە ئەساسدا مرۆڤ هەمووی  یەکە لەچوارچێوەی یاساکانی مرۆڤایەتی دا، تەنیا لە رەنگ و زمان و جوغرافیای جیاواز ژیان دەگوزەرێنن،خودی دابەشکاری وجیاوازی یەکانیش بەهۆی سیستەمە چەوسێنەرەکانی مێژووە بووە نەک بەجۆرێک سروشتی بووبن لەبوونی ئەم جیاوازی کاری یە ودوژمنایەتی کردنی یەکتری. دەنا هەموومان لە یەک مادە و کەرەستە دروست بووین بە ڕەنگ و قاڵبی جیاواز کە بەهەموومان دەگوترێت مرۆڤ. بۆ وەڵامی پرسیارەکەت پێش لە هەموو شت پێویستمان بە سیستەم و دامودەزگا و یاسایەکی کارامەو لێ هاتوو هەیە و دەبێت قانون سەروەر بێت و لە کاتی گونجاودا جێ بە جێ بکرێت، بۆ وەستانی توندووتیژی دژی هەر کەسێک جا ژن بێت یان پیاوبێت کەتوندوتیژی ئەنجام دەدات.

دووەم :کۆمەڵگای ئێمەی کوردستان، پێویستمان بە سەدان کەسانی شارەزا و پسپۆڕ هەیە لەم بوارانەدا: (دەروون ناسی کۆمەڵناسی ،گەنج ناسی ،ژن ناسی ،پیاو ناسی، جەستەی مرۆڤ ناسی، عەشائیر ناسی ).بۆ ئەوەی هەوڵی دلسۆزانەی خۆیان بدەن بۆ هوشیار کردنەوەی تاکی کوردستان، چونکە بەڕاستی تاکی کورد ستان شوناسێکی دیاری نییە .ئێمەی کورد تێکەڵەیەکین لە دەیان فەرهەنگ و کەلتوری جیاواز.

ڕاستە هەموومان دەڵێین کوردین بەڵام خۆمان شوناس و مرۆڤ بوون تێنەگەیشتووین پێویستە بەبەرزکردنەوەی ووشیارییمان تێبگەین لەفەرەهەنگ وپەروەردە وکردەوەی مرۆڤایەتی بوون.

سێ یەم: پەروەردە و فێر کردن ئەرکی هەموو دایک وباوک و مامۆستا و فێرکارێکە کە دڵسۆزانە بیروباوەڕ وهەڵسوکەوت وئاکارو ڕەوشتی  مرۆڤ بوون وڕاستگۆی ودەستپاکی وهەق ناسی و ڕێز و خۆشەویستی لە کێڵگەی مێشکی مرۆڤەکاندا فێربکات و بچێنێت و بە ئاوی زانست وزانیاری و ویژدانی زیندوو ئاودێر بکەن ،هەتا بە باشی  فەرهەنگ ویاساوئاکارەکانی مرۆڤایەتی گەشە دەکات ،لەئەنجامدا هەر تاکێک فێری ئەوە دەبێت  بەکردەوە کە ئەو مافەی بۆ خۆی قایلە و ڕازی یە وپێی خۆشە بۆ بەرامبەرەکەشی ڕازی بێت وبەدڵی بێت، ئەو کاتە توندوتیژی خۆی نامێنێت.

چوارەم :میدیا و دام و دەزاگای ڕاگەیاندن ،دەبێت هوشیار و بەر پرس بن .ئەمڕۆ ئەوەی زیاتر مێشکی تاکی کوردی داگیر کردوە میدیایە تاکی کورد پێی بزانێت یان پێی نەزانێت.میدیا کاریگەری ڕاستەخۆی هەیە لە سەر مێشک و بیرکردنەوەی هەر تاکێکی کۆمەڵگادا.

 پێنجەم: دایکان و باوکان ،زیاتریش دایکان ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە سەر پەروەردە کردنی منداڵەکانیان .دایکان و باوکان پێویستە منداڵەکانیان فێر بکەن چۆن ڕێز لە خۆیان و ئەوانیتر بگرن فێریان بکەن هیچ شتێک گرنگتر نییە لە ڕاستگۆیی تەندروستی و دڵ خۆشی و شادی و ئازادی خۆیان فێریان بکەن. پارە و مادە هەموو شتێک نییە بۆ ژیان کوڕەکانیان فێر بکەن چۆن رێز لە مرۆڤ بونی خۆیان و ئەوانیتر بگرن ،کچە کانیان فێر بکەن شەخسییەت و کەسایەتی خۆیان بە پارە و جوانی بە دەست نایەت. بۆیە بە ڕای من تەنیا ڕێز گرتن و پیرۆزکردن لە هەشتی مارس چارەسەری کێشەکانی ژن و کۆمەڵگای ئێمە کورد بە تایبەت ناکات نییە.بۆیە دەبێت هەنگاوی دڵسۆزانە و زانستییانە ڕۆژانە بندرێت چونکە پیاوان توندوتیژی تەنیا بەرامبەر بە ژنان ناکەن بەڵکوو بەرامبەر بە خۆدی خۆشیان دەکەن ژنانیش هەموویان فریشتە نین ئەوانیش توندوتیژی ئەنجام دەدەن هەربۆیە پابەندبوونمان بەبیروباوەڕویاساوئاکارە مرۆڤایەتی یەکان زۆر گرینگ وپێویستە بۆهەموولایەکمان.

 ناهیدە محسین :

ئێمە کەسانی ئازادی خوازین هیوادارم ئەو ژنانە کە کۆیلەو ژێر دەستەن با ئەوانیش وەک ئێمە شەڕ بکەن تا بەو ئامانجەی خۆی بگا و لە ژێردەستەیی و ناعەدالەتی چەپەڵان بێنە دەرێ.

بێگەرد عزیز: 

ته نيا ژن به ئيراده و به متمانه به خؤى بوون ئەتوانێت له دژي توند و تيژي بوەستيت ، بير كردنه وه كؤن و بيروباوەڕی جەقبەستوو قه ت ناگؤڕێت. نابيت پشت به وه ببستى بەلام ژن ئەبێت له يەكه م هەنگاو خۆى ڕێز و گه وره یی بۆ خۆی دابنێت ،ڕێگا به هيچ پياوێك نه دات كەسايه تي و شعوري بشكێنێت خۆي ضعيف نيشان نەدات ڕێگا به هيچ كه س نه دات توند و تيژي به رامبه ر بكات.من ئەڵێم چاره سه ر له خۆدى ژناندایە، ئينجا ده ور و به ر .ئەبێت بتوانيت مێشكييان بگۆڕيت هه وڵ به دەيت ماندوو نه بيت له هه وڵ دان ضعيف و بي توانا نه بيت.

ڤیان کەریم :

سەرتا ٨مارس ڕۆژی خەبات و تێکۆشانی ژنان بەرز ڕادەگرم. هەموو ساڵێ یادی ئەم ڕۆژە دەکرێتەوە لەجیهاندا ، وە لە کوردستانیش لەلایەن هەندێ ڕێکخراوی ژنان یادی ئەم ڕۆژە کراوەتەوە بەشێوەی جیاواز. بەڵام توندو تیژی بەرامبەر ژنان و کوشتنی ژنان ڕۆژ بەڕۆژ لەزیادبوندایە، هۆکارەکەشی نەبونی یاسایەکی یەکسان لەنیوان ژن و پیاودا ، یاسا هەمیشە لەپشت پیاواندایە ئەگەر سزای پیاوەکه ش بدرێ، بەداخەوە بەسوڵحی عەشایەری و پارە تاوانباران ئازاد دەکرێ ئەمەش ڕێگە خۆشکەرە بۆ زیادبونی توندو تیژی بەرامبەر ژنان و کوشتنیان بۆ پاکردنەوەی شەرەفی خێزانەکان. بوونی چەندەها ڕێکخراوی ژنان سەر بە حزب و لایەنە سیاسیەکان کە لەخزمەت حیزب ولایەنەکەی خۆیاندا کاردەکەن کەژنانیان بێ ئومید کردووە کە بڕوایان بەهیچ ڕێکخراوێکی سەربەخۆ نەبێ ئەگەر چی بوونی ئەو ڕێکخراوەش لە ئێستادا نیە. بەداخەوە هەموو ڕێکخراوەکانی ئێستا سەر بەلایەنێکی سیاسین بە پێی یاساو ڕێسای حزبەکانیان کاردەکەن . ڕێکخراوەکانی ژنان لەکوردستان،تەنانەت ژنە پەرلەمانتارەکانیش تا ئێستا نەیان توانیوە کاریگەریان هەبێ بۆ گۆڕینی یاساکان و بەدەست هێنانی مافەکانی ژنان چونکە لەژێر سیاسەتی حزبەکانیان کار دەکەن بونی گۆڕستانی ژنانی بێ ناونیشان،سوڵحی عەشایەری ، نەبونی یاسایەکی توند دژ بەکوشتنی ژنان ڕێگە خۆشکەرە بۆ زیادبونی توندوتیژی و کوشتنی ژنان، بەداخەوە کە لەم سەردەمەدا کەدەبوایە باسی پێشکەوتن و یەکسانی ژنان لە هەمووبوارەکاندا بکرایە،،وەک هەلی کارو دانانی موچەی یەکسان و چەندەها بواری تر، بەڵام ئەبێ ئێمە باس لە کوشتنی ناموسی توندوتیژی بەرانبەر ژنان بکەین. دەسەڵات لەکوردستان بەرپرسی هەرە گەورەی ئەم نایەکسانیە لە کۆمەڵگا،، نەک ناتوانێ ڕێگە چارە بێ، بگرە ڕێگە خۆشکەری و بنیاتنانی ئەو نەهامەتی ونایەکسانییە دژ بەژنان. بۆیە ئەبێ ژنان و پیاوانی یەکسانی خواز لە ٨ مارسی ئەمساڵدا دەنگی ناڕازایەتیان دژ بەم هەموو چەوسانەوەو ژن کوشتنە بەرزکاتەوە .. نەفرەت لە ژن کوشتن لەژێر هەرناونیشانێک . بژی ٨ مارس ڕۆژی جیهانی ژنان.

تارا احمد :

سەرەتا زۆر سوپاس بە بڕوای من، بۆ چارەسەرکردنی ئەم بارو دۆخە سەختەی کە ژنان پێدا تێدەپەڕێت ئەکرێ دەست بۆ چەند شتێک ببرێت ، سەرباری ئەوەی ئاڵوگۆڕی بنچینەی لە گۆڕینی یاساکاندایە کە ژن وەک مرۆڤی پلە یەک پێناسە بکات لە کۆمەڵگادا ، ئەگەر ئەمە لە ئێستادا ناکرێت ئەوا ئەتوانرێت چەند بڕیارێکی خێرا بدرێت ، وەک توند و تیژی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەبێت ، گرتن و حوکمدانی ئەوانەی توندوتیژی دەکەن بەرامبەر بە ژنان یان دەستدرێژی و کوشتن ئەنجام دەدەن ، بێدەنگکردنی ئەو مەلا جوێنفرۆشانەی بە ناوی بانگخوازەوە ، هەمیشە قسەکانیان لەسەر کەمکردنەوە و بێحورمەتیکردنی کچان و ژنانە. کەس و کاری ئەو کچانەشی کە خوار هەژدە ساڵن و بە شودەدرێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت ، هەتا ڕادەی سزا دانیان لە دادگادا،. ئەو ژنانەی کە پیاوەکانیان باشنین لەگەڵیاندا و هاوکات منداڵیان هەیە و ماڵە باوک یان شوێنێکیان نیە ڕوی تێبکەن ، دەبێت لە خانەی پاراستنی ژنان زۆر تر کۆمەک بکرێن ، نەک ناچاری بکەن بچێتەوە لای مێردی ، لە کۆتایدا توندوتێژی زۆرتردەبێت.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.