بتەکانن کە دەبێت بشکێندرێن…
کمال قادر
سڵاوێکی کوردستانی، تیری ڕەخنەکانتان بگرنە، سەرکردایەتی حیزبەکان، مەکتبی سیاسییەکان و ئەوکەسانەی کە دەیناسن و دڵنییان کاسەلێسی سەرکردایەتی و مەکەتەبە سیاسییەکانن، ناوی ئاشکرا و ڕوون بنووسن، دەبێت درز بخرێتە نێوان خەڵکە باشەکە کە بەجۆرێک لە جۆرەکان لەسەر ئەوان حساب دەکرێن، ئەوان ئێستایش سپایەکی کوردستانین، پێویستە ھەوڵ بدەین لەدەرەوەی حیزبەکان ڕێکیانخەینەوە. گەل دوای ئەوەی نائومێد بووە لە سەرکردایەتی حیزبەکان و دەیان دەرفەتی پێدان بۆ خۆ ڕاستکردنەوە و ڕاستنەبوونەوە، ئیتر دەبێت، دیوارێکی دەروونی و ڕەفتاری، لە نێوان خۆیان و ئەم ( کەمینە) چەقاوەسووەدا، دروست بکات و زەینی خۆی لە کلتووری ئەوان (پاک)کاتەوە. ڕوو لە کوڕان و کچانی نیشتمانپەروەر بکاتەوە، تێکەڵاو بەوانیان نەکات و پێیان نەڵێ بڕۆن و مەیەنەوە!! * دڵتان دێت بە ھاوڕێ جەبارەکان و مامە ڕیشەکان بڵێن، بڕۆنەوە و مەیەنەوە؟!. من مرۆڤی وا دەناسم گیانی بەخشی، خۆی تامی گیانی دەدا. ئەو جۆرە مرۆڤە بوو، کە شەھید بوو، منداڵانی گوندیش بۆی گریان، ئەمەم بە چاوی خۆم بینی لە گوندی قزلەر، ھێمنی کوڕی کاک عەلی حاجی مەحموودی گەورەدێی، کە قوتابی من بوو لەپۆلی دووەمی سەرەتایی بوو، کاتێک ( ھاوڕێ جەبار) شەھید بوو، بەگریانەوە شەھیدبوونەکەی بۆ پۆلێک (چۆلکە) گێڕابووە. ئەو ڕۆژە، ھەموومان لە قوتابخانە دەگریاین، لە ڕاستیشدا ھاوڕێ جەبار، ئەو گیانە بوو، کە لە جەستەی ھەموومان ڕۆیشت و جارێکی تر نەگەڕایەوە بۆ ناو جەستەمان…. بتەکانن دەبێ بشکێندرێن… ھاوڕێ جەبار و مامەڕیشەکان، دەبێ سەرلەنوێ دروستبکرێنەوە، ئەوان ئەمجارە بێنەوە، لەبناری قەندیلەوە بۆ لوتکەکانی گارا… ھەڵدەکشێن، دڵشاد دەبن کە جێگای ڕاستەقینەی خۆیان دەدۆزنەوە و نەفرەت دەکەن لەو سەرکردایەتی و سەرۆک حیزب و پەڕۆ و بانگەشانەی گەلەکەی ئەوانیان دابەشکرد و بەناوی خوێنی ئەوانەوە، دەستی دوژمنانی کوردیان گرت و کوردستانیان کردە، پرسەخانەیەکی گەورە. بتەکان دەبێ بشکێندرێن… بتەکان دەبێ بشکێندرێن…بۆئەوەی خەباتێکی ھاوبەشی بنیاتنانی کوردستانی، دەست پێبکەین.