لەیادی ڕاپەریندا پێویستەبەزووترین کات چاکسازی ڕاستەقینەبکرێت

0
بۆ ڕای گشتیی
جەماوەرى دلسۆزى کوردستان …
دۆست و کادیرو ئەندام و لایەنگرانى بزوتنەوەى نوێبوون …
نو ساڵ بەر لەئێستاو له‌ڕۆژی ( 5 / 3 ) بزوتنەوەى نوێبوونى کوردستان وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی نیشتمانی بەدرۆشمی ” سەربەخۆیی و دادپەروەری و پێکەوەژیان ” بڕیارى ڕاگەیاندنى خۆى دا ، کەهاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژى سەرهەڵدانى جەماوەرى تێکۆشەرى رانیەى دەروازەى ڕاپەڕین .. هەڵبژاردنى ئەو ڕۆژە هەر وا بەئاسانى نەبوو ، بەلکو بۆ ئەوە بوو تا هەموو کاتیک ئەندامان و دۆست و جەماوەرى بزوتنەوەکەمان هەر کاتێک ئیرادەى پۆڵایینى ئەو میللەتەیان بیر بێتەوە کەچۆن لە ( 5 / 3 ) لەدژى دام و دەزگا سەرکوتکارەکانى بەعسی فاشیزم لەڕانیە ڕاپەڕین دەستی پێکرد ، بەهەمان رۆحیەت لەپێناو پاراستنى دەسکەوتەکانى ڕاپەڕین بەشکۆ ڕاگرتنى ( 5 / 3 ) کەئەو ڕۆژە بووتە هەوێن بۆ سەرکەوتنى ڕاپەڕین لەگشت گوند و شار و شاڕۆچکەکانی کوردستان ، کەگەلەکەمان بەجیهانى راگەیاند کەئیدى گەل چیتر ژیانى ژێر دەستى و ستەم و زۆردارى قبوڵ ناکات و یەکگرتوویى ئیرادەى گەل لەهەموو چەک و جبەخانەیەک بەهێزترە ، بۆیە لەو یادە پیرۆزەى ڕاپەڕینى گەلەکەمان و دامەزراندنی بزوتنەوەى نوێبوونى کوردستان گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گشت چین وتوێژە جیاوازەکانی گەلی کوردستان دەکەین و ئومێدی سەرکەوتنی بەردەوام بۆ گەلە قارەمانەکەمان دەخوازین . هەر بەم بۆنە پیرۆزەوە سڵاو بۆ گەلەکەمان و بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدان و هێزه‌ شۆڕشگێڕه‌كانی كوردستان دەنێرین و جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کەپێویستە بەیەکگرتوویى و یەکگوتارى و یەکێتى و تەبایی یەکهەڵوێستی نەتەوەییمان گشت پیلان و پیلانگێڕیەکان پوچەڵ بکەینەوە و بەهەر نرخێک بێت ئەزموونى گەلەکەمان بپارێزین و گیانى یەکێتى نەتەوەیى لەسەر ئاستى هەر چوار پارچەى کوردستان بەهێز و پتەوتر بکەین و گەشەى زیاترى پێ بدەیین بەرەو سەربەخۆیی کوردستان هەنگاو بنێین ، بەتایبەتى لەو بارودۆخەى کەپرسى سیاسى و چارەنووسى نەته‌وەیى ونیشتیمانی گەلەکەمان سنوورى ووڵاتە داگیرکارەکانى بەزاندووە و بووتە پرسێکى نێونەتەوەیى ، لەهەمان کاتیشدا ئەمڕۆ گەلی کوردستان هێزێکى کاریگەر و کاراى هاوپەیمانى جیهانە لەدژى تیرۆر و تیرۆرستان و گەلی کوردستان لەسەر ئاستی زەمینی توانی تیرۆستانی داعش لەڕەگ و ڕیشەوە لەناوببەن و ببنە بەهێزترین هێز لەسەر ئاستی جیهان . بۆیەش ئێمە پێمان وایە لەو بارودۆخەى کەبزوتنەوەى رزگاریخوازى گەلەکەمانى پێ گوزەر دەکات ، گرێدانى کۆنگرەى نەتەوەیى و نیشتیمانى دەرمانى گشت دەردەکانمان دەکات بۆ ئاواکردنى ( یەکێتى نەتەوەیى و نیشتیمانى کوردستان ) ، کۆنگرەى نەتەوەیى دەتوانی وەڵام دەرەوەو میکانیزمێک بێت بۆ یەکخستنەوەى نێوماڵى کوردى کوردى و زاڵ بوون بەسەر کێشەکان و پاراستن و ڕزگار کردنى بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلەکەمان لەپارچە پارچە بوون ، کەئەمەش خەونى داگیرکەرانى کوردستانە ده‌یانه‌وێ گه‌لی كوردستان هه‌ر ئه‌وها پارچه‌ پارچه‌ بێت .
جەماوەرى تێکۆشەرى کوردستان …
قه‌یرانه‌كان و كێشه‌ سیاسییه‌كان دۆخێکى سەختى بێ کارى و کێشەى کۆمەڵایەتى و دەروونى و تەندروستى دروست کردووە ، بەردەوام بوونیان دوور نیە دۆخێکى نەخوازراوى لێ سەر هەڵبدات ، کەکۆنتڕۆڵکردنەوەى ئەستەم دەبێت و ڕەنگە ببێتە هۆکارێک بۆ لەنێوچوونى ئەزموونەکەمان کەملیۆنان شەهیدامان بۆى کردۆتەوە قوربانى و ڕووبارێک خوێنمان بۆى ڕشتووە .. ڕوودانى ئەمەش کاریگەرى زۆر خراپی دەبێت بەسەر جولانەوەى ڕزگاریخوازى گەلەکەمان لەتەواوى بەشەکانى ترى کوردستان ، بەتایبەتى لەو بارودۆخەدا کەئەمرۆ هەرێمی کوردستان بووەتە هیوا و ئومێدێک بۆ سەرخستنى شۆڕشى گەلەکەمان لەتەواوى پارچەکانى کوردستان بۆیە داواکارین لەلایەنەکانی ناو دەسەڵات بەزووترین کات هەنگاو بەرەو چاکسازی ڕاستەقینە بنێن و چیتر نەیەڵێن گەلەکەمان بێ ئومێد ببێت و گەنجەکان کوردستان بەجێ بهێڵن و بەرەو هاندەران کۆچبکەن . سەربارى ئەو دۆخە نەخوازراوە و بڵاوبوونەوەى بێ متمانەیى و قەیرانەکانى ئابوورى و شه‌ڕی سایكۆلۆژی و سیاسى و شەڕى نێونەتەوەیى لەدژى تیرۆرستان و كێشه‌كانی كوردستان و حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئومێد ماوە ، لایەنەکانى دەسەڵات و دەرەوەى دەسەڵات ئەگەر یەکگوتار و یەک دەنگ و یەک ئیرادەى چارەسەریان هەبێت ، ئەوا دەتواندرێ بەسەر دۆخ و قەیرانەکان زاڵ بین و گەلەکەمان و پرسه‌ ڕه‌واكه‌ی لە مەترسى ڕزگار بکەین . بزوتنەوەی نوێبوونی کوردستان بەهەموو توانای خۆیەوە هەوڵی سەربەخۆیی کوردستان دەدات و ئەوەی پێی بکرێت بۆ ئەم مەبەستە پیرۆزە درێغی ناکات و پێی وایە سەربەخۆیی مافێکی ئاسایی گەلی تێکۆشەری کوردستانەو پێویستە گشت هێزو لایەنە سیاسیەکان پێکەوە هەنگاو بۆ سەربەخۆیی بنێن . بزوتنه‌وەی نوێبوون پاڵپشتی ته‌واوی خۆی بۆ پەرلەمان و حکومەت و یاسای چاكسازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌به‌ده‌ستكه‌وت و هه‌نگاوێكی باش وه‌سفی ده‌كات له‌پێناو ڕیشه‌كێشكردنی گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكاران .
حزب و لایەنە کوردستانیەکان لەسەر ئاستى کوردستانى مەزن ..
جەماوەرى دڵسۆز و خەباتگێڕى کوردستان ..
لەیادى ( 9 ) ەمین ساڵڕۆژى دامەزراندنیەوە بزوتنەوەی نوێبوون پاڵپشتى پرسى ڕەواو ئازادیخوازى گەلەکەمان دەکەین لە ( ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور ) ى کوردستان ،. هەروەها پاڵپشتى داوا و خواستەکانى گەلەکەمان لەباکوورى کوردستان دەکەین و پێویستە دەوڵەتى تورکیا پرۆسەى ئاشتى زیندوو بکاتەوەو بگەرێتەوە سەر مێزى گفتوگۆکان و کێشەکان لەڕێگاى ئاشتى و دیموکراتى و سیاسی چارەسەر بکەن ، وەکو هەنگاوى یەکەمیش پێویستە دەوڵەتى تورکیا و گشت زیندانیانى سیاسى و سەرۆک و ئەندام شارەوانیەکان و هاوسەرۆکان و پەرلەمتارانى HDP و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان ئازاد بکات و کۆتایى بەهێرشە ئاسمانیەکان و ئۆپڕاسیۆنەکان و وێرانکاری زیاترى شار و گوندەکانی کوردستان بهێنی و قەرەبووى زیان لێکەوتووان بکاتەوە ، له‌سەر ئاستی ڕۆژئاوای كوردستان ، وێڕای پاڵپشتیمان بۆ گه‌له‌كه‌مان له‌ڕۆژئاوای كوردستان ، بانگ له‌ولاتانی زلهێز و بڕیار به‌ده‌ست و ئاشتیخواز و دیموكراسیخواز و ئازادیخوازانی جیهان ده‌كه‌ین گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر توركیا واز له‌ئۆپڕاسیۆن و‌هێرش و تۆپباران و شه‌ڕفرۆشتن و په‌لاماره‌كانی بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان بهێنێت و چیتر هاوڵاتیانی ئه‌و هه‌رێمه‌ كۆمه‌لكوژ نه‌كات. لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى کوردستانیش پێویستە جیهان گوشارى زیاتر بخەنە سەر ڕژێمى ئێران کەبەزووترین کات زیندانیانی سیاسی کورد ئازادبکرێن و واز لەسێدارەدانى بەکۆمەڵى گەنجانى گەلەکەمان و هەڵسوڕاوانى سیاسى کوردو شەهیدکردنی کۆڵبەرەکان بهێنێت .. بۆ زاڵ و سەرکەوتنى ئیرادەى گەلەکەشمان گرێدانى کۆنگرەى نەتەوەیى و نیشتیمانى کوردستانى کاتى هاتووە لەپێناو ئاواکردنى یەکێتى نەتەوەیى کوردستان .
جارێکی تر پیرۆزبێت 9 ەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی بزوتنەوەی نوێبوون و ڕاپەرینی پیرۆزی گەلی کوردستان و هیوادارین گەلەکەمان هەمیشە تەندروست و سەرفرازو سەرکەوتووبێت و لەگشت نەخۆشیەکان پارێزراوبێت.
* سەرکەوێ یەکێتى نەتەوەیى کوردستان.
* نەمرى و سەرفرازى بۆ سەرجەم شەهیدانى رێگاى ئازادى و سەربەخۆیى کوردستان و مرۆڤایەتى.
* نەفرەت لەتیرۆر و تیرۆرستان و داگیرکاران ..
٭ بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان .
ئەنجومەنى سەرکردایەتى
بزوتنەوەى نوێبوونى کوردستان
5 / 3 / 2021 زايينى
Leave A Reply

Your email address will not be published.