دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی کوشتن و خۆکوژی هۆکارێکی گرنگی زیادبوونی کوشت وخۆکوژی یە لە کوردستان !
“دڵشاد جەباری هەڵسوڕاوی سیاسی دەڵێت “کە باس لەهۆکاری تیرۆر لە باشوری کوردستان ئەکەن هۆکار زۆرە سەرەتاش یەکێک لەهۆکارەکان ئەوەیە لەباشورەوە تەلبەندی ڕزگاری بڕدراوە هەر بۆیە دوژمنیش لەدەلاقەی بۆشایی تەلبەندەکەوە دەستی بە کوشتن و تیرۆر کردوە ئەگەر چی لەڕێگای جاشەکانی زۆربەی خەڵکیان بەس بەخۆراک ژاراوی لەناو بردو تیرۆریان کرد . بنبڕکردنی ئەم تیرۆرەش ئەبێت نەهێشتنی دەستی جاش بێت لەناوباشووری کوردستان.
سەوسەن سەلیم هەڵسوڕاوی سیاسی : تاوانەکانی کوشتن و خۆکوژی هەردوڕەگەز، بۆ زۆر هۆکار دەگڕیتەوە، بەلام بەرای من
لەهەرکۆمەلگایەکدا، ئەم دیاردەیە بەگشتی بەرئەنجامی ئەو بارودۆخەو سیستمەی حوکمڕانیە، کەئینسانەکان تێدا دەژین.
لەکوردستاندا گێژاوێکی سیاسی هەیە کەژایان و ئایدەی خەڵکی لەچاوەروانی و بێدەراتەنیدا راگرتوە، لەم گێژاوەدا قەیرانی سیاسی و حکومەتی وبێتوانای چینی دەسەلاتدار لەبەریوەبردنی کۆمەلگا و وەلامدانەوە بەپێداویستی و مەسەلەکانی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان وگیرۆدەبونیان بەبێکاری و گرانی ونەبونی ودەیان کێشەی تر، هاوکات خودی سیستەمێکی حوکمرانی کەئەحزابی میلیشیایی ودواکەوتوو وتێکەڵ بەئاین و فەرهەنگ و نەریتە کۆنەپەرست و دژە
ئینسانیەکان تێکەلە،
بەدوای خۆیدا ئینسانەکانی خستۆتە بەرامبەر بەیەکەوە وگیانی تۆلەسەندنەوەو رقەبەری کوێرانەی پەرەپێداوە، هەموئەمانەش لەکاتێکدا کە ئاسۆی خەبات وتێکۆشانە جەماوەریەکان، هێشتا لەوئاستەدانین کە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانە و بەدەستەوەگرتنی کۆمەلگا لەلایەن خەڵک خۆیانەوەی کردبیتە بەدیلێک بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، لە دۆخێکی وادا بەدڵنیایەوە تاوانی کوشتن وخۆکوژی وەک ڕیگایەکی فەردی لەبەردەم هەرمرۆڤێکدا دادەنێت وبەدوای خۆیدا کارەساتەکانی لێدەکەوێتەوە. لەسەرێکی تریشەوە ئەوە سروشتی خودی حزبەکانی دەسەلات، وەک حەزابێکی قەومی وداواکەوتوو، کەلە شەڕو کێشەکانی نیوانیاندا،
لەسەر بەرژەوەندیەکانی خۆیان، ئامادەن دەست بۆ قزەونترین شیوازی توندوتیژیو ئابروبردن و تیرۆر وسوکایەتی پێکردن بەرن، تەنانەت هانی ڕەوتە ئیسلامیەکان بدەن و دەستیان ئاوەلابکەن.. ئەمەش بەدوای خۆیدا فەزای کوشتن وکۆنەپەرستی وبەسەر کۆمەلگادا دادەسەپێنی و گیانی لێبوردەیی وڕزگرتن لەئیسان وهەوڵدانی بەکۆمەڵ، تەنانەت گەرانەوە بۆ یاسا، لەئاستەکانی خوارەوەی کۆمەلگادا، سەرکوت دەکا و"جەنگی هەمولەدژی هەموو" بەڕی دەخات.
تۆ بیهێنە بەرچاوی خۆت کاتێک کەمامۆستا لەشەقامدا دەدڕیتەبەرشەق کاتێک داوای مافی خۆیدەکات، کاتێک کورانی بەرپرسان، بەچەک لەسەر بابەتێکی سادە لەخەڵ دەدەن وچەک لەکارمەندی مرور وئەوانەی لەواجب دا رادەکێشن، کاتێک گەنج وخویندکارێک لەسەر دەرمالە ودامەزاراندن ناڕەزایەتی دەردەبڕی ڕووبەڕوی گرتن دەبێتەوە، کاتیک ڕۆژانامەنوسیك هەواڵیک پەخشدەکات لێیدەدرێت، کاتیک مەلا وسەلەسفیەکان دەمی پیسیان لەسەرژنان دەکەنەوە وفتوای کوشتن دەدەن و هانی توندوتیژی دەدەن، کەچی دەسەلات نەک هەڵویستێک ناگرێ بگرە لەباوەشیان دەگرن، کاتێک ژنان دەکوژرین و بکوژان بەسزای خۆیان ناگەن،
کاتیك ژینەگەپارێزێک سێ بۆ شەش مانگ موچەکەی پێنەدرێ وکارمەندێکی تەندروستی دوای چەندین ساڵ کاری خۆبەخش دانەمەزرێ… ئیتر خەڵک چ متمانەیەکی بەحکومەت و یاساکانی بمێنێ وچ چاوەروانیەکیان لێ هەبێت.
لەیەک ووتەدا تاوان لەهەر کۆمەلگایەکدا هەیە بەلام کاتێک کە ئەو حکومەت و سیستمە کارامەیی خۆی لەبەرێوەبردنی کۆمەلگاو وەلامدانەوە بەویستەکانی هاولاتیانی ژێردەستی لەدەست دەدات و ئەو مەقبولەیەتەی کەپێشتر بویەتی نامێنی، خەڵک وهاوولاتیش بێ متمانەیی بەحکومەت و یاساو دەزگاکانی لەنێویاندا پەرەدەسێنێ و لەچارەسەرکردنی کێشەکانیاندا پەنای بۆ نابەن وڕێگای فەردی وزۆرجار سلبی دەگرنەبەر.. لەواها دۆخێکدایە توندوتیژی زیاد دەکا وبەدوای خۆشیدا
دیاردەی تاوان و خۆکوژی ڕولەسەر دەکات. بۆ نمونە ئەگەر گەنجێک وەیا ژنێک روبەڕوی فشار وغەدرێک بێتەوە ودوای چەند جار گەرانەوە بۆحکومەت ویاساو دەزاگاکانی بەلام نەیتوانیبێت بەچارەسەرێ بگات، ناچار دەبێت پەنا بۆ خۆکوشتن وەیا کوشتنی بەرامبەرەکەی بەرێت..
سەبارەت بە چارەسەر لەم بارەیەوە
سەوسەن سەلیم دەڵێت : ئەگەر ڕیشەی تاوان لەهەر کۆمەلگایەکدا، بەگەڕینینەوە بۆ ئەو سیستمە نایەکاسانەی کەلەسەر بنەمای دابەشبونی چینەکان، لەنیوان سەرمایەداران و کرێکارو خەلکی زەحمەتکێشدا دابەشبوون، ئەگەر سەرمایەداری بەسەرچاوەی هەمو نەهامەتی و هەلاواردن و جیاکاریەکی ڕەگەزی، پیشەیی، نەتەوەیی و.. وەربگرین ئەوا چارەسەر ئەوەیە ئەم نیزامە هەڵوەشیتەوە ولەشوێنیدا نیزامێک دامەزرێ کەلەخزمەتی خەلکی چەوساوەدابێت، نیزامێک کە
لەلایەن خەڵک خۆیانەوە بەریوەببرێت وبەدەخالەتی ئەوان ڕیکخراو بێ و یاساکانی بۆ دابنرێت وئازادی و یەکسانی وژیانێکی شایستەی ئینسانی بۆ هەموهاولاتیان فەراهەم بکات، ئەوا تاوانەکانیش کەم دەبنەوەو بەرەونەمان دەچیت. بەلام تاکاتێک خەڵک بەم ڕێگا چارەیە نەگەیشتوە، دەبێ خەباتی جەماوەری وخەلکی کۆمۆنیست و ئازادیخواز بتوانن ڕیگای گێرانەوەی ئومێد ویەکگرتوویی بۆ کۆمەلگا بگێڕنەوە، دەبێ هەمو تێکۆشانێک بگیرێتەبەر لەدژی چینی دەسەلاتدار،
یەکیەتی و هەوڵی بەکۆمەلی جەماوەر لەدژی هەردیاردەیەکی قیزەون یەکگرتوو ڕیکخراوبکات لەدژی دەسەلات، تا کۆمەلێک ڕیفۆرم داسەپێنی کەژیانیان باشتربکاو کاریگەری ئەو گێژاوەی کەتێیدا راگیراون کەم کاتەوە.
تەنانەت دەکڕی لەم خەباتەدا خەڵک چاوەڕیی دەسەلات ویاساو دەزگاکانی نەکا و لەهەرشوێنێک ولەهەر بابەتێکدا بۆیان دەکرێ خۆیان ئیدارەی کۆمەلگا بەدەستەجەمعی بەدەستەوە بگرن ولەژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا دەخالەت بکەن وڕیگانەدەن کێشەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا بشکێننەوەو پەنا بۆ ڕیگا جارەی فەردی و تۆلەسەندنەوە وەیان خۆکوژی بەرن.
ابراهیم حمدامین عبدالرحمن ماستەر لە دەروونزانی پەروەردەیی/ بەزمانی زانستی باس لە هۆکاری توندوتیژیەکان و ڕێگاچارە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان دادەنێت، لە ووڵامی هۆکاری هەبوونی ئەنجامدانی تاوانەکانی کوشتن و خۆکوژی هەردوو ڕەگەز لە کوردستان چییە؟ دیاردەی کوشتن و خۆکوژی دیاردەییەکی جیهانییە و لە هەموو جیهاندا بەڕێژەی جیاواز بوونی هەیە، هەروەها لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر هۆکارەکان جیاوازن ، دەکرێ بەشێک لە هۆکارەکان هاوبەشبن لە نێوان ووڵاتان. کوردستانیش وەک ناوچەیەکی جوگرافی و ژینگەکەی بەدەر نییە لە دیاردەی کوشتن و خۆکوژی، بۆ ئەمەش بە هۆی نەبوونی سەنتەرێکی تایبەتمەند بە ئاماری تاوانەکان هیچ ئامارێکی دروست لە کوردستاندا لەبەردەست نین، تاوەکو بەووردی بزانرێت ساڵانە چەند کەس دەکوژرێت ،یان کاری خۆکوژی دەکات، وە جیاوازتر لەوانەش بوونی هەوڵی کوشتن وهەوڵی خۆکوژییە کە ڕێژەکەی زۆر زیاترە لە ڕێژەی کوشتن و خۆکوژی.
بەشێوەیەکی گشتی هۆکارێکی ڕوون و ئاشکرا نییە بۆ کوشتن و خۆکوژی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، چەند هۆکارێکی باومان هەیە کەدەکرێ ئەمانە بن:
– هۆکاری ئابووری : نەبوونی سەرچاوەیەکی دڵنییای داهات و ئابووری لای تاکەکان هۆکارێکی لەپێشینەیە بۆ پەنا بردنە بەر تاوانی کوشتن و خۆکوژی، لەهەمان کاتدا هۆکارە بۆ درووست بوونی چەندین گرفتی تری کۆمەڵایەتی و خێزانی.
– هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان : بارودۆخی خێزانی و ژینگەی کۆمەڵایەتی تاک دەگرێتەوە، کە تا ڕاددەیەکی زۆر لە کوردستاندا ئەم ژینگەیە جێگیر و سەقامگیر نییە.
– کەناڵەکانی پەیوەندی و ڕاگەیاندن : بینراوو بیستراو، کە هیچ سانسۆر و فلتەرێکیان لەسەر نییە، بەهۆی گواستنەوەی فەرهەنگی ناتەندروستی جیاواز و نا ئاشنا بە کلتور و فەرهەنگی ئێمە بۆ ناو تاکبەتاکی خێزانەکانی کۆمەڵگەی کوردی، ئەمەش بەپلەی یەکەم وەزارەتی ڕۆشنبیری و دواتر خودی خێزان بەرپرسیارن.
– هۆکاری سیاسی : ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی کوردستان هەر لە دێر زەمانەوە تاوەکو ئێستا هەر لە جەنگە جیهانییەکانەوە تاوەک و جەنگە نێوخۆییەکان و دروست بوونی چەندین گرووپ و تاقمی وەک داعش و چەندانی تر، هۆکاری گرنگن بۆ ئاشنا کردنی تاکی کورد بە مردن و کوشتن و ئاسایی بوون و دروستبوونی ئەو هەستە لایان.
– دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی کوشتن و خۆکوژی هۆکارێکی گرنگی زیادبوونی ئەو دیاردەیەیە.
– هۆکارە دەروونییەکان : هەموو ئەو هۆکارانەی سەرەوەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەروونی تاک درووست دەکەن و فشاری دەروونی زۆری بۆ دروستدەکەن، ئەمەش سەرچاوەن بۆ چەندین گرفت و نەخۆشی دەروونی جیاواز، کە لەوانەیە تاکێکی ئاسایی و بێ پاڵپشتی بەرگەی نەگرێت.
– نەبوونی سزایەکی شایستە بە ئەنجامدانی تاوانی کوشتن و چارەسەرکردنی لە دەرەوەی دادگا و هەڵنەستانی دادگاکانیش بە ئەرکەکانیان بەشێوەیەکی یەکسان و بێ لایەنگیری.
ئایا ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە کاری لەسەربکرێت بۆ کەمکردنەوەی کوشتن و خۆکوژی و توندوتیژی لە کوردستان چییە؟
مامۆستا ابراهیم لەچەند خاڵێکدا ئەو هەنگاوانە ڕووندەکاتەوەو پێی وایە :
– سەقامگیربوونی بارودۆخی ئابوری و سیاسی.
– گەڕانەوە بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتتیە دروستەکان و کۆبوونەوەی خێزانەکان لەدەوری یەکتری و ڕەنگدانەوەی سۆزو خۆشەویستی لە نێوانیان.
– کارکردن لەسەر دەروونی تاک و بڵاوکردنەوەی زۆرترین وشیاری دەروونی و کۆمەڵایەتی.
– دروستکردنی سەنتەرێکی ڕاوێژکاری خێزانی کە بەرداوام کار بۆ وشیارکردنەوەی تاک و خێزان بکات ، لەگەڵ ئەوەشدا کار بکات بۆ پێدانی ڕێنمایی و زانیاری لەسەر ئەو نیشانانەی دەکرێ پێش وەختە لە کەسێکدا بناسرێنەوە، تاوەکو لەکاتی خۆیدا هاوکاری و ڕێنمایی پێویستی پێ بدرێت.
ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو توێژینەوە زانستی و بەدواداچوونانەی لە لایەنی پەیوەندیدارەوە بەدەست هاتوون کە ئاماژە بەوە دەکەن زۆربەی ئەوانەی هەوڵی کوشتن و خۆکوژی دەدەن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بیریان لێکردۆتەوە و باسیان لەو دیاردەیە کردووەو بێ ئومێد و نیگەرانبوون لە ژیان، ئەمەش لای خێزان و کەسە نزیکەکانیان هەستی پێدەکرێت و پێویستە هاوکاری بکرێن و بەر بەو تێڕوانین و بیرکردنەوەیان بگیرێت و چاودێری بکرێن و بەتەنیا جێنەهێڵدرێن.
– دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە ماددی و مەعنەوییەکانی تاک لە گۆمەڵگەدا.
– بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە ناو کۆمەڵگەدا بە بەردەوامی.
– تاکی کورد لاوازە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەکانی و چارەسەرکردنی، بۆیە پێویستە پڕۆگرامێکی تایبەت بە تەندروستی دەروونی و شێوازی ڕووبەڕوبوونەوەی گرفتەکان و چارەسەرکردنی بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی قوتابی هەبێت، کە ببێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی تاکێکی خاوەن متمانە و بەهێز.
– فلتەرکردنی سەرچاوەکانی ئەنجامدانی تاوان و کوشتن.